رۆژی 21ـی شوباتی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە رۆژی جیهانیی زمانی دایك دیاریکراوە و هەموو گەلانی جیهان بە چالاكیی جۆراوجۆر ئەو رۆژە بەرز رادەگرن. لەم رۆژەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات لەبارەی زمانە هەڕەشە لەسەرەکان و دەڵێت، 40٪ـی خەڵکی جیهان بە زمانی دایکیان لە ناوەندەکانی خوێندن ناخوێنن.
یادکردنەوەی رۆژی زمانی دایک سەرەتا لەلایەن بەنگلادیشەوە دەستپێشخەری بۆ کراوە و لە ساڵی 1999 دا لە کۆنفرانسی گشتیی یونیسکۆ پەسندکراوە و لە ساڵی 2000ـەوە لە سەرتاسەری جیهان یادی دەکرێتەوە.
بەکارهێنانی زمانی دایک لە پەروەردەدا
فێرناند دی ڤارێنس، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی کەمینەکان دەڵێت: "دەبێت وڵاتان زیاتر گشتگیر بن لە مامەڵەکردن و بەکارهێنانی زمانە کەمینەکان و رەسەنەکان. زمانەکان ئامرازێکی سەرەکین بۆ پەیوەندی و هاوبەشیکردنی زانیاری و یادەوەری و مێژوو، بەڵام کلیلی بەشداریکردنی تەواو و یەکسانیشن. یەکێک لە کاریگەرترین رێگەکانی بەهێزکردنی کەمینەکان و گەلانی رەسەن، گەرەنتیکردنی بەکارهێنانی زمانەکەیانە لە پەروەردەدا. بە تایبەتی وەک سەنتەری فێرکردن. هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دەرفەتی دامەزراندن بەم زمانانە گرنگە".
زمانی دایک، زمانی یەکەم یان زمانی زگماکی پێویستە بۆ فێربوون وەک بەشێک لە توانای هزری.
نۆوام چۆمسکی، زمانەوان و مێژوونووسی ئەمریکی لەبارەی زمانی دایکەوە دەڵێت: "ئەو زمانەی کە منداڵ لە سەرەتادا بەشێوەیەکی سروشتی بەدەستی دێنێت، دەتواندرێت بە زمانی دایک هەژماربکرێت. هەموو منداڵان پلەیەکی یەکسانیان لە لێهاتوویی لە زمانی دایکیاندا هەیە و لە بەکارهێنانیدا تەواون". زمانی دایک هاوکات، یارمەتیی منداڵ دەدات لە گەشەکردنی دەروونی و رەوشتی و سۆزداریدا.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێستا لە جیهاندا نزیکەی شەش هەزار زمان هەن کە قسەیان پێدەکرێت. لەو ژمارەیەش 43٪ـیان هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە. بەجۆرێک، وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان باسیدەکات، "هەر دوو هەفتە جارێک زمانێک نامێنێت و تەواوی میراتێکی کولتووری و هزری لەگەڵ خۆیدا دەبات." نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت، تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە 50٪ـی ئەو زمانانەی ئێستا قسەیان پێدەکرێت مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەردەبێت.
بەگوێرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە، زانست و کولتوور -یونیسکۆ، "تەنیا چەند سەد زمانێک لە سیستمی پەروەردە و شوێنی گشتیدا پەرەیان پێدەدرێت و کەمتر لە 100 زمان لە جیهانی دیجیتاڵیدا بەکاردەهێنرێن."
بەکارهێنانی زمانی دایک "ژیری زیاد دەکات"
توێژینەوەکان دەریدەخەن، ئەو منداڵانەی کە بە بناخەیەکی تۆکمە لە زمانی دایکیاندا دەچنە قوتابخانە، توانای خوێندەواریی بەهێزتریان پەرەپێدەدەن. بە گشتی توێژینەوەکان زۆر روون و ئاشکران سەبارەت بە گرنگیی زمانی دایکی منداڵان بۆ پەرەپێدانی کەسایەتی و پەروەردەیی.
جیم کەمنس، توێژەری زمانەوانی لە زانکۆی تۆرۆنتۆی کەنەدا دەڵێت: "کاتێک دایکان و باوکان کات لەگەڵ منداڵەکانیان بەسەر دەبەن و چیرۆکیان بۆ دەگێڕنەوە یان چەند پرسێکیان لەگەڵدا باس دەکەن بەشێوەیەک کە پەرە بە وشەسازی و چەمکی زمانی دایکیان بدات، منداڵان بە باشی ئامادەکاری بۆ فێربوون و سەرکەوتن لە رووی پەروەردەییەوە دێنە قوتابخانە."
رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەشەکردنی هزریی منداڵان "زۆر پەیوەستە بەو زمانەی کە قسەی پێدەکەن؛ ئەگەر بە زمانی دایکی فێر بکرێن، زیرەکییان گەشە دەکات."
یونیسکۆش دەڵێت، کاتێک منداڵان لە رێگەی زمانی دایکیانەوە فێر دەبن، ئەوا چەمک و لێهاتوویی هزری فێر دەبن کە "بە یەکسانی پەیوەندییان بە توانای کارکردنیانەوە هەیە لە هەموو ژیانیدا."
ئەو زمانانەی زۆرترین ژمارەی قسەکەرانیان هەیە
ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا- CIA دەڵێت، هەریەکە لە عەرەبی، چینی (مەندارین)، ئینگلیزی، فەرەنسی، رووسی و ئیسپانی کە بە شەش زمانە فەرمییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێن، زمانی دایک یان دووەمی 49.6٪ـی کۆی دانیشتووانی جیهانن و زمانی فەرمیی نیوەی وڵاتانی جیهانن.
بەپێی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی بۆ ریزبەندیی زمانە جیهانییەکان، لە جیهاندا 100 زمان زۆرترین خەڵک وەکو زمانی یەکەمیان قسەی پێدەکەن، لەنێویشیاندا زمانی ماندراین کە زمانی چینییەکانە 955 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و لە ریزبەندیی یەکەم زمانی جیهانی دایە، لەدوای ئەویش زمانی ئیسپانی دێت کە 405 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن و زمانی ئینگلیزیش 360 ملیۆن کەس قسەی پێدەکەن. هاوکات، 310 ملیۆن کەس بە زمانی هیندی و 295 ملیۆن کەسیش بە زمانی عەرەبی قسە دەکەن.
هەرچی زمانی کوردییە؛ بەگوێرەی ریزبەندیی ئینسکلۆپیدیای نیشتمانیی سوێدی، لە ریزبەندی 59یەمین زمانی جیهاندایە و 21 ملیۆن کەس وەکو زمانی یەکەمیان بەکاریدێنن کە دەکاتە 0.27٪ـی دانیشتووانی جیهان.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا، زۆرترین قسەکەر زمانی ماندارین وەکو زمانی دایکیان (یەکەمیان) بەکاردێنن کە رێژەکەی 12.3٪ـە. زمانی ئیسپانی 6٪، ئینگلیزی 5.1٪ و عەرەبیش بە رێژەی 5.1٪ وەکو زمانی دایک قسەی پێدەکرێت.
ئەم رێژانە دەگۆڕدرێن کاتێک دێتەسەر ئەوەی خەڵکی دەتوانن بە کام زمان وەکو زمانی یەکەم، دووەم یان سێیەم قسە بکەن. بەگوێرەی ئاژانسە ئەمریکییەکە، لەم رووەوە زۆرترین زمان کە لە جیهاندا خەڵکی دەتوانن قسەی پێبکەن، زمانی ئینگلیزییە، کە 18.8٪ـی کۆی دانیشتووانی جیهان دەتوانن بە ئینگلیزی قسە بکەن. 13.8٪ـی دانیشتووانی جیهان دەتوانن بە زمانی مەندارین چینی قسە بکەن، 7.5٪ـی خەڵکی دەتوانن بە زمانی هیندی قسە بکەن، 6.9٪ـی خەڵکی دەتوانن بە ئیسپانی قسە بکەن و 3.4٪ـی خەڵکیش دەتوانن بە زمانی فەرەنسی قسە بکەن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق