adv/https://www.facebook.com/MayorcaCity|https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEgJT9fbiornOXHkXrGZUVrpdv-Lczq8UDHymSAG1FLaN3n3jZFWnu0it9lpwJHYd0VcIDtwocuKlnssNY-cCZ3HvTh1DeTd7PtbwtHmL9ZiETil6lUcWgNm_7AgC-oX565gM8BVnz-CZQPd-vR0u6WRRSDS2jgBBTJ1nV-3rFE-2XOJeKsNB82lQDVj/w631-h89/327891321_889983905377070_4693388700391347137_n.gif

بیروڕا

5/cate1/بیروڕا

ئابووری

6/cate2/ئابووری

ڕاپۆرت

6/cate3/ڕاپۆرت

چاوپێکەوتن

5/cate4/چاوپێکەوتن

گەلەری

3/cate6/گەلەری

هەمەڕەنگ

5/cate5/هەمەڕەنگ
adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif

وەرزش

5/cate1/وەرزش

ڤیدیۆ

3/cate6/ڤیدیۆ

نوێترین بڵاوکراوەکان

ترەمپ لە دانیمارک تووڕەیە وهەڕەشەی باج لە ئەورووپا دەکات



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە جارێکی دیکە هەوڵەکانی بۆ کڕینی دوورگەی گرینلاند تووندتر کردەوە، هەڕەشەی لە چەند وڵاتێکی ئەورووپی کرد کە پێناسی گومرگییان بەسەردا دەسەپێنێت، ئەگەر هاوکاریی نەکەن بۆ کڕینی ئەو دوورگەیە.

هاوکات، هەزاران کەس لە شاری نووکی پایتەختی گرینلاند خۆپێشاندانیان دژی هەوڵەکانی ترەمپ کرد.

ترەمپ تووڕەیی خۆی ئاراستەی دانیمارکی خاوەنی گرینلاند و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورووپی کرد لەسەر ئەوەی کە بەم دواییانە سەربازیان ناردووەتە ئەو دوورگەیە.

ترەمپ گوتی، لە مانگی شوباتەوە، باجی 10% دەخاتە سەر هەموو ئەو کاڵایانەی کە لە دانیمارک، نەرویج، سوێد، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا و فینلاندەوە دەڕۆن بۆ ئەمریکا.

ئەگەر دانیمارک رازی نەبێت بە فرۆشتنی گرینلاند، ئەوا لە مانگی حوزەیرانەوە باجەکە بۆ 25% بەرز دەکاتەوە.

ترەمپ گوتی، ئەم وڵاتانە "یارییەکی زۆر مەترسیدار دەکەن" و بۆ "پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهان" دەبێت رێوشوێنی تووند بگیرێتەبەر.

خۆپیشاندانەکان

• لە گرینلاند: هەزاران کەس، بە سەرۆکوەزیرانیشەوە، ئاڵای دوورگەکەیان بەرزکردەوە و درووشمیان دەگوتەوە. زۆریان کڵاویان لەسەر بوو کە لەسەری نووسرابوو "ئەمریکا بڕۆ دەرەوە"، وەک گاڵتەکردنێک بە درووشمەکەی ترەمپ کە دەڵێت، "ئەمریکا مەزن دەکەینەوە."

• لە دانیمارک: لە کۆپنهاگن، خەڵک ئاڵای دانیمارک و گرینلاندیان بەرزکردەوە و هاواریان دەکرد "گرینلاند بۆ فرۆشتن نییە."

بۆچی ترەمپ گرینلاندی دەوێت؟

ترەمپ چەندین جار گوتوویەتی کە ئەمریکا بۆ "ئاسایشی نیشتمانیی" خۆی پێویستی بە گرینلاندە. هەروەها دەڵێت، دانیمارک ناتوانێت ئاسایشی دوورگەکە بپارێزێت، بەتایبەتی لە چین و رووسیا.

بەڵام دانیشتووانی گرینلاند چییان دەوێت؟

راپرسییەکان نیشانی دەدەن کە 85%ی دانیشتووانی گرینلاند دژی ئەوەن وڵاتەکەیان ببێتە بەشێک لە ئەمریکا و تەنیا 6%یان لەگەڵیدان.

شاندێکی ئەمریکی کە سەردانی دانیمارکیان کردبوو، رایانگەیاند کە هەڵوێستی ترەمپ هەڵەیە و زۆربەی ئەمریکییەکان پشتیوانیی لێ ناکەن.

ئیکۆ عێراق: کورتهێنانی بودجە 24 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە

 

روانگەی "ئیکۆ عێراق" ئاشکرای دەکات، کورتهێنانی دارایی عێراق تاوەکو مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 2025 گەیشتووەتە زیاتر لە 24 تریلیۆن دینار، سێ چارەکی داهاتی وڵاتیش بۆ مووچە دەڕوات. پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، "حکومەت ناچارە دەست بە خەرجییەوە بگرێت."
روانگەی "ئیکۆ عێراق" بۆ کاروباری ئابووری لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و زیادبوونی خەرجییە گشتییەکان، قەبارەی کورتهێنانی دارایی لە عێراقدا رووی لە هەڵکشان کردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، تاوەکو کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، بڕی کورتهێنان گەیشتووەتە 24 تریلیۆن و 680 ملیار دینار.

بەپێی داتاکانی "ئیکۆ عێراق،" هاوکێشەی داهات و خەرجییەکانی عێراق بەم شێوەیە بووە:

کۆی خەرجییەکان: 128.2 تریلیۆن دینار.

خەرجییە بەردەوامەکان (مووچە و خزمەتگوزاری): 96.3 تریلیۆن دینار (ئەمەش دەکاتە نزیکەی 75%ی کۆی خەرجییەکان).

کۆی داهات: 103.5 تریلیۆن دینار.

داهاتی نەوت: 93.2 تریلیۆن دینار.

داهاتی نانەوتی: 10.3 تریلیۆن دینار.

روانگەکە هۆشداری دەدات لەوەی پشتبەستنی تەواوەتی بە داهاتی نەوت "مەترسیی دارایی" دروستکردووە، بەتایبەت کە داهاتی نانەوتی (باج، رسومات و گومرگ) هێشتا لە ئاستێکی نزمدایە. بۆ چارەسەرکردنیش پێشنیاز دەکات سیستمی باج و گومرگ رێکبخرێتەوە.

جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "نزیکەی 90%ی داهاتی عێراق لە فرۆشی نەوتەوە سەرچاوەی گرتووە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، داهات بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و ئێستا خەرجی لە داهات زیاترە، ئەوەش کورتهێنانی گەورەی دروستکردووە."

ئەو ئەندامەی پەرلەمان کە لە دوو خولی رابردوودا ئەندامی لیژنەی دارایی بووە، جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە حکومەت داهاتی نانەوتی زیاد بکات و چاکسازیی گەورە بکات تاوەکو بتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابین بکات.

سەبارەت بە بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی خەرجییەکان، جەمال کۆچەر گوتی، "حکومەتی عێراق ناچارە ئەو کارە بکات و لە داهاتوودا رێکار و بڕیاری دیکەش دەدات بۆ دەستپێوەگرتنی دارایی."

ئەردۆغان بۆ شەرع: پاککردنەوەی تەواوەتیی خاکی سووریا لە تیرۆر بۆ ناوچەکە گرنگە



سەرۆککۆماری تورکیا، بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سووریا قسەی کرد و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و دوایین پێشهاتەکانی سووریا تاوتوێ کران.

بورهانەدین دوران، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان بەڕێزان ئەردۆغان و شەرع، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیا و سووریا و دوایین پێشهاتەکانی سووریا تاوتوێ کران."

هەروەها نووسیویەتی: "سەرۆککۆمارمان، جەختی لەوە کردەوە تورکیا گرنگی بە یەکپارچەیی خاک، یەکێتی، تەبایی، سەقامگیری و ئاسایشی سووریا دەدات." هەروەها رایگەیاند، پاککردنەوەی تەواوەتیی خاکی سووریا لە تیرۆر، هەم بۆ سووریا و هەم بۆ تەواوی ناوچەکە پێویستە."

لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: "سەرۆککۆمارمان، ئاماژەی بەوەشکرد، پشتیوانییەکانی تورکیا بۆ سووریا لە زۆر بواردا، بەتایبەتی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، بە شێوەیەکی بەردەوام زیاد دەکات."

 

ڕۆژئاوا لە نێوان وێرانبوونی وەهم و پێویستی خۆپێناسەکردنەوە ڕۆژئاوا


دکتۆرە سارا موحسین
پەرلەمانتاری کوردستان
-
 ئەمڕۆ لە قۆناغێکدایە کە وەهمەکان دەڕووخێنێت و ڕاستییەکان خۆیان دەسەپێنن. ئەوەی لە دوو هەفتەی رابردوودا ڕوویدا، بۆ هەندێک شۆک بوو، بەڵام بۆ ئەوانەی مێژوو، سیاسەت و بنەمای دەسەڵات لەم ناوچەیەدا دەناسەن، ئەمە تەنها گەڕانەوەی سیناریۆیەکی دووبارە نووسراو بوو. 

ڕۆژئاوا نە یەکەمجارە، نە دوایینجارە کە دەبێتە قوربانی گۆڕانکارییە گەورەکان. ئێمەی کورد زۆر نیگەرانین، نە لەبەر ئەوەی هێزمان نییە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی زۆر جار لە مێژوودا بە کارت و ڕێکەوتن فڕێدراوین. هەموو ئەو قسە بریقەدار و بەڵێنە درۆیانەی سەبارەت بە یەکگرتوویی، سەقامگیری، لە بیرمان نەچووە، بگرە زۆرجار بەسەر خۆماندا بە زوڵم و سڕینەوە کۆتاییان هاتووە. 

واقیعی ڕۆژئاوا لە دڵی شەڕ، شکستی دەوڵەت و دابەشبوونی ناوچەی نفوز دروست بوو. ئەم واقیعە نە بە وتار، نە بە ڕێکەوتن و نە بە هێزی سەربازی بە تەواوی ناسڕدرێتەوە. ئەوەی هەندێک پێی دەڵێن “کۆتاییهاتن”، لە ڕاستیدا سەردەمی گۆڕینی شێوەی بوونە، نەکو سڕینەوەی بوون. ڕۆژئاوا ئەگەر ناوی گۆڕانکارییەکان بگۆڕێت، خۆی ناگۆڕێت. 

 "کورد دەبێت لە وەهمی ئەوە دەرچێت کە دەتوانرێت ماف بە بێ ئامادەیی سیاسی، یاسایی و نەتەوەیی پارێزراو بێت"

فەلسەفەی سیستەمی دەسەڵاتی ناوەندی لەم ناوچەیەدا سەلمێنراوە: هەر کاتێک دەوڵەت هەموو شتێکی بۆ خۆی دەوێت، کۆمەڵگە دەکوژێت. چونکە ژیان لە جیاوازییەوە دروست دەبێت، نە لە یەکڕەنگی. ئەو سیاسەتانەی کە ماف، ناسنامە و ئیرادەی گەلان دەکەنە قوربانی “سەقامگیری”، لە کۆتاییدا نە سەقامگیری دروست دەکەن، نە یەکگرتوویی؛ تەنها قەیرانێکی نوێ دروست دەکەن. 

ئەم قۆناغە، قۆناغی ڕزگاربوون لە وەهمەکانە. کورد دەبێت لە وەهمی ئەوە دەرچێت کە دەتوانرێت ماف بە بێ ئامادەیی سیاسی، یاسایی و نەتەوەیی پارێزراو بێت. دەبێت لە وەهمی ئەوەش دەرچێت کە هەر ناوچەیەک دەکرێت بە هەمان شێوە بەڕێوەببرێت، بێ ئەوەی بنەمای کۆمەڵایەتی و ناسنامەیی لەبەرچاو بگیرێت. 

ڕۆژئاوا ئەمڕۆ پێویستە خۆی پێناسە بکات، نە وەک کارتی کاتی، بەڵکوو وەک بەشێکی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە. ئەگەر قۆناغەکە بە هۆشیاری تێپەڕێت، ڕۆژئاوا دەچێتە قۆناغێکی نوێی مێژوویی، هەرچەندە پڕ لە قوربانی و تاقیکردنەوە بێت. سەبارەت بەو “یەکگرتن” ەی جۆلانی وەک سەرکەوتنێک بۆ هەموو سوورییەکان ناوی دەبات لەراستیدا شێواندنی واقیعە. سەرکەوتنی ڕاستەقینە لەوەدایە کە هێزەکانی (هەسەدە ) بەدەستی هێنا کاتێک داعشی تێکشکاند و ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنیی پاراست لەکاتێکدا دەوڵەت ئامادەنەبوو..

 قوربانیدانی هەزاران شەهید ناتوانرێت بسڕدرێتەوە، و ناتوانرێت ئیرادەی رۆژئاوا بە ڕاگەیاندنی سیاسی یان ڕوماڵی میدیایی پووچەڵ بکرێتەوە. هەر سەقامگیرییەک کە لەسەر ئینکاری و سەپاندنی ئیمتیازێک بە هێز بنیات بنرێت، سەقامگیرییەکی درۆینە و پێشەکییەکی دڵنیایە بۆ نوێبوونەوەی ململانێ. دکتۆرە سارا پەرلەمانتاری کوردستان

نەوەی نوێی یەكێتی


ره‌حمان غه‌ریب
-
واقیعەكە ئەوەیە، یەكێتی دەیەوێ پارتی رابگرێت، ئیتر بە هاوپەیمانی كورت مەودا یان درێژ مەودا بێت. بەڵام نەوەی نوێ دەیویست هەردووكیان لە یەك كاتدا رابگریت. بۆ یەكێتی گەڕان بوو بۆ پردی پەڕینەوە، بەڵام بۆ نەوەی نوێ دووڕیان بوو لە نێوان دەنگدەران و بەرەی (ی.ن.ك)، بەمەش جوڵانەوەی نەوەی نوێ، ململانێ سیاسی لەگەڵیاندا سڕ كرد، ئاماژەكانی تەحالوفی گوندی ئەڵمانی/3، ئەم وێنەیەمان پیشاندەدات.

‎"گرنگیدان بە سیاسەت، چ لە بیركردنەوە و چ لە كرداردا، بەر لە هەموو شتێك پێویستی بە خوێندنەوەی مێژوو هەیە، چونكە ئەوانەی نازانن پێش لە دایكبوونیان چی ڕوویداوە، مەحكومن بە درێژایی تەمەنیان بە منداڵی بمێننەوە" ئەوەی لە نێوان كەوانەدان قسەی من نیین، محمەد حەسەنێن هەیكەل، وەك ئاماژەیەكی گرنگ بۆ فێربوون، خستیە بەردەست ئەوانەی حەزیان بە وانەكانی مێژووە.

‎لە ململانێی ناڕەواو بێ ئەنجامدا، سەنگەری زۆر فرۆشران، ئاو كرایە ژێر سەنگەر و مێژووی كۆمەڵێك سەركردوە و گروپی ئەملا و ئەولاتان، كە دونیا گۆڕا و یەكێتی و پارتی گەڕانەوە سەر مێزی دابەشكردنی پۆست و پارە، ئەوانی تر وێنەكانیان لە ئەلبووی سیاسەتدا تەڵخ بوو، ئێستا زەینێكی ووردی گەرەكە تا بناسرێنەوە.

‎نەوەی نوێی یەكێتی، دوای هێرشەكەیان بۆ سەر لالەزار، ئەمە گەورەترین پەلەكردنیان بوو، بە ئامانجی كۆنترۆڵ و هەژموونی سیاسییان، مێژووی نزیكیشیان لە ئەرشیفی(میم سین) لە بەردەستە، دەزانن سەنگەر گواستنەوە و سەنگەرگرتن لە یەكدی، دەستبادان و دەستشكاندن و ملشكاندن و ملكەچكردنی ئەویدی بۆ ئەجێندای یەك لایەن، لە رابردوو و مێژووی زۆر نزیكدا پارتی ئەنجامیدابێت یان یەكێتی، سەلماندویەتی ئەمە گەمەیەكە ئەوەندەی تر ناوچەگەری تۆخكردەوە.

‎دەربازبوون لە قەیرانەكان و نۆژەنكردنەوەی ماڵی كوردستانی، وەك هەنگاوێك بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوە شەرعییەكانی، تەكتیكی دەستبادانی سیاسی و هەوڵی ملكەچكردنی ئەوی دی، لە رابردوودا شكستخواردوو بووە، لە داهاتویشدا سەری دەكێشی بە بەردی واقعێك كە ناومان لێناوە سنوری دێگەڵە، بڕیاردەر و سەركردەكانی ئێستا و رابردووی یەكێتی و پارتی لەم راستییە تاڵە، تێدەگەن.

‎هەقە پارتی پێش یەكێتی، ئەو راستییە بزانێت، زۆرینەی هاوڵاتیانی كوردستان، پسپۆرن و بڕوانامەی بەرزیی تێگەیشتنیان لە تاكتیك و نامە سیاسییەكانتان بۆ یەكتر هەیە. دڵنیان پاش سەدەیەكیش ناكۆكی، ئێوە دەچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ئەوانی تریش دەبنە عەترێك ئەگەر لە سنوری ژووری كۆبوونەوەكان تێپەڕی، خەڵكی رەشوڕووت دەست بە لوتییانەوە دەگرن.

‎نەخشە ڕێگای ئەم پرۆسەیە بە لووتبەرزی پارتی، دروستكردنی میحوەری گوندی ئەڵمانی3ی یەكێتی، بێ ئاكامە، پارتی بەر لە یەكێتی نەیتوانی بیكاتە پرۆژە، كاتی خۆیەتی پەنا ببرێت بۆ رێوشوێنی سیاسی روون، نەك بەیاننامە و لێدوانی كەموكورت و رێكەوتنی نەزۆك و بێ ئەنجام و نمایشی میدیایی، یان رێكەوتن لەگەڵ حوكمدراوێك كە بەر لە (48) سەعات لە زیندانی نەوی نوێ یەكێتی بوو، بەدبەختە فریا نەكەوت یادەوەری زیندانمان بۆ باسبكات

ڕێککەوتننامەی دیمەشق و هەسەدە: ئاشتییەکی مێژوویی یان تەڵەیەکی ستراتیژی بۆ توانەوەی کورد؟

 تانیا طاهر
-
لە کاتێکدا جیهان چاوی بڕیوەتە گۆڕانکارییەکانی ناو جەرگەی دیمەشق و سەرکەوتنی "ئەحمەد شەرع" وەک پیاوی بەهێزی نوێ، بڵاوبونەوەی دەقی ڕێککەوتننامەی نێوان حکومەتی نوێ و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) شەپۆلێکی گەورەی لە مشتومڕ و گومان دروستدەکات.

 ئایا ئەمە سەرەتای کۆتاییهاتنی مەینەتییەکانی کوردە لە سوریا، یان تەڵەیەکی سیاسییە کە بە وردی بۆ بێهێزکردنی قەوارەی کوردی چنراوە؟ - یارییەکە لەژێر پەردەی "یەکپارچەیی" ڕێککەوتننامەکە لە ڕوکەشدا بۆنی سەقامگیری و ئاشتی لێ دێت، بەتایبەت کاتێک باس لە "دانپێدانان بە مافە کولتوورییەکان" و "چارەسەری کێشەی بێناونیشانەکان" دەکات. بەڵام کاتێک بە وردی دەچیتە ناو ناوەڕۆکی بەندەکان، هەست بە عەقڵییەتێکی ناوەندگەرای توند دەکەیت.

 داواکاریی "کشانەوەی هەسەدە بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات" و "تێکەڵکردنی تاکەکەسی لەناو سوپا"، لە ڕاستیدا هەوڵێکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو مۆدێلە سەربازییەی کە کورد لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا بە خوێن دروستی کردووە. - ئابووری وەک چەکێکی بێدەنگ یەکێک لە مەترسیدارترین خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە، ڕادەستکردنی کێڵگە نەوتی و گازییەکان و دەروازە سنوورییەکانە. ئەحمەد شەرع، کە نەتەوەپەرستێکی عەرەبی توندڕەوە، دەزانێت کە کورد بەبێ سەرچاوەی دارایی ناتوانێت هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی یان کارگێڕی بەڕێوە ببات.

 لێرەوە، کورد لە "هاوبەشێکی سیاسی"یەوە دەگۆڕێت بۆ "فەرمانبەرێکی ناوەند"، کە بۆ هەموو مووچە و بودجەیەک دەبێت چاوی لە دەستی دیمەشق بێت. - متمانە لە نێوان تیرۆر و نەتەوەپەرستیدا گەورەترین نیشانەی پرسیار لەسەر "کەسایەتی" ( ئەحمەد شەرعی کۆیلە - دکتاتۆر) بەرامبەرەکەیە، چۆن دەکرێت متمانە بە ڕێککەوتننامەیەک بکرێت کە لایەنێکی واژۆکارەکەی پاشخانێکی توندڕەوی هەیە؟ مێژووی سوریا پڕە لەو بەڵێنانەی کە بە کورد دراون و دواتر لەژێر ناوی "ئاسایشی نیشتمانی"دا پێشێل کراون.

 "واژۆکردنی ئەم دەقە لەلایەن سەرۆکێکی خاوەن بیری نەتەوەپەرستی عەرەبی و تیرۆرستێکی ڕەگ داکوتاو، زیاتر لە "تەسلیمبونێکی ڕێکخراو" دەچێت نەک "ئاشتییەکی دادپەروەرانە"

 ئایا خاڵی ١١ (مافە کولتوورییەکان) تەنها "ئەسپێ تەروادە" نییە بۆ ڕازیکردنی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوەکو شەرعییەت بدەن بە دەسەڵاتی نوێ؟ - کورد بەرەو کوێ؟ ئەم ڕێککەوتننامەیە کورد دەخاتە سەر لوتکەی هەڵدێرێک ئەگەر جێبەجێی بکات، دەبێت دەستبەرداری هێزی سەربازی و ئابووریی خۆی بێت لە بەرامبەر "بەڵێنێکی نووسراو" کە هیچ گەرەنتییەکی یاسایی ونێودەوڵەتیی جێگیری لەپشت نییە.

 ئەگەر جێبەجێشی نەکات، ڕووبەڕووی شەڕێکی سەختی سوپای نوێی سوریا و فشاری تورکیا دەبێتەوە. لە کۆتاییدا، واژۆکردنی ئەم دەقە لەلایەن سەرۆکێکی خاوەن بیری نەتەوەپەرستی عەرەبی و تیرۆرستێکی ڕەگ داکوتاو، زیاتر لە "تەسلیمبونێکی ڕێکخراو" دەچێت نەک "ئاشتییەکی دادپەروەرانە". کات دەری دەخات ئایا کورد توانیویەتی لەم قەیرانەدا کەمترین ماف بپارێزێت؟ یان ئەمە دوا قۆناغی توانەوەی کورد بوو لەژێر چەتری سوریایەکی نوێ،بە عەقڵییەتێکی شۆڤێنیزمی عەرەبی پشتگیری کراو.
adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif