adv/https://www.facebook.com/MayorcaCity|https://blogger.googleusercontent.com/img/b/R29vZ2xl/AVvXsEgJT9fbiornOXHkXrGZUVrpdv-Lczq8UDHymSAG1FLaN3n3jZFWnu0it9lpwJHYd0VcIDtwocuKlnssNY-cCZ3HvTh1DeTd7PtbwtHmL9ZiETil6lUcWgNm_7AgC-oX565gM8BVnz-CZQPd-vR0u6WRRSDS2jgBBTJ1nV-3rFE-2XOJeKsNB82lQDVj/w631-h89/327891321_889983905377070_4693388700391347137_n.gif

بیروڕا

5/cate1/بیروڕا

ئابووری

6/cate2/ئابووری

ڕاپۆرت

6/cate3/ڕاپۆرت

چاوپێکەوتن

5/cate4/چاوپێکەوتن

گەلەری

3/cate6/گەلەری

هەمەڕەنگ

5/cate5/هەمەڕەنگ
adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif

وەرزش

5/cate1/وەرزش

ڤیدیۆ

3/cate6/ڤیدیۆ

نوێترین بڵاوکراوەکان

وەزیری دارایی عێراق: لە کاتی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجە بۆ حکومەت دەنێرین



وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027 رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.

فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگاکانی دیوانییە و سەلاحەدین کۆبووەوە، بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2027.

ئیخلاس دلێمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کە بەشدار بووە لە کۆبوونەوەکەدا راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی ستراتیژی بودجەی گشتی کرا".

بۆ یەکەمجار لە عێراق، شێوازی بودجەی بەرنامە و ئەنجام پەیڕەو دەکرێ کە خەرجییەکان بەگوێرەی سێکتەر جیا دەکاتەوە، نەوەک وەزارەتەکان. هەر سێکتەرێک خەرجی بۆ تەرخان دەکرێ و وابەستەی ئەنجامەکانی دەکرێ، کە دەبێت لە ماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێ بکرێ.

فالح ساری رایگەیاندووە، لیژنە و تیمەکان کار لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەکەن و لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا رادەستی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێ.

ئەو شێوازە نوێیەی بودجە کە بڕیارە لە کۆتایی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ رەوانەی پەرلەمان بکرێ، وەک قۆناخی یەکەم لە دوو وەزارەت و دوو پارێزگای عێراق جێبەجێ دەکرێ.

ئەمە لەکاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق لە 26ی ئاب رایگەیاند، دەستی بە رێکارەکانی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب کردووە.

ئێران: لە ساڵێکدا نرخی خۆراک و خواردنەوە زیاتر لە 127% بەرزبووەتەوە



بەپێی نوێترین راپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران، لە مانگی ئابدا رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لەو وڵاتە گەیشتووەتە 89% و لە ساڵێکیشدا تێکڕای نرخی خۆراک و خواردنەوەکان زیاتر لە 127% بەرزبووەتەوە.

بەپێی داتای ناوەندی ئاماری ئێران کە ئەمڕۆ میدیاکانی وڵاتەکە بڵاویانکردەوە، هەڵاوسانی خاڵ بۆ خاڵ لەو وڵاتە لەم مانگەدا کەیشتووەتە 89% و ئەمەش بەو مانایەیە کە خێزانەکان تێکڕا 89% زیاتر لە ئابی ساڵی رابردوو خەرجیان بۆ کڕینی هەمان کاڵا و خزمەتگوزارییەکان کردووە.

داتاکان دەریدەخەن لە ئابی ساڵی رابردووەوە تاوەکو ئابی ئەم ساڵ، بەرزترین رێژەی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ لە "تووتن و جگەرە"دا تۆمارکراوە کە نزیکەی 161% گرانتر بووە؛ لە پلەی دووەمیشدا "خۆراک و خواردنەوەکان" دێن کە لە ساڵێکدا نرخەکەیان 127.5% بەرزبووەتەوە.

هەر بەپێی ناوەندی ئاماری ئێران، کەرتی هۆتێل و چێشتخانە زیاتر لە 107% و کەرتی گواستنەوەش نزیکەی 105% بەراورد بە ئابی ساڵی رابردوو زیادیکردووە؛ هەروەها تێکڕای هەڵاوسانی ساڵانە لە 12 مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 69.9% و هەڵاوسانی مانگانەش بۆ مانگی ئاب 3.4% بووە.

ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە ئەمریکا هەڵمەتێکی گەورەی ئابووری بۆ سەر ئێران راگەیاند و داوای لە وڵاتان کرد کە بە هیچ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو وڵاتە نەکەن.

ترەمپ فەرمانی دا ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بۆ 'دەریاچەی ئەمریکا' بگۆڕدرێت



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی دا ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بۆ "دەریاچەی ئەمریکا" بگۆڕدرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ تووندکردنی جەنگە بازرگانییەکەی لەگەڵ کەنەدا، کە دەستبەجێ کاردانەوەی ئۆتاوای لێکەوتەوە.
رۆژی پێنجشەممە 27ـی ئابی 2026، ترەمپ بە واژۆکردنی فەرمانێکی سەرۆکایەتی بۆ گۆڕینی ناوی ئەو ئاوەی دەکەوێتە سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات، گرژییەکانی لەگەڵ کەنەدا زیاتر کرد.

بەڵام مارک کارنی، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بە خێرایی هەنگاوەکەی ترەمپی رەتکردەوە و گوتی، ئەو دەریاچەیە "لە رابردوو، ئێستا و بۆ هەمیشە" هەر بە دەریاچەی ئۆنتاریۆ دەناسرێت.

ئەم هەنگاوەی سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو دانوستاندنە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و کەنەدا لە دوایین خولەکدا شکستیان هێنا، ئەمەش وای لەو دوو هاوپەیمانە کرد پێناسی گومرگی بەسەر یەکدیدا بسەپێنن.

لەکاتی واژۆکردنی فەرمانەکەدا لە کۆشکی سپی، ترەمپ لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، "ئێمە دەستبەجێ ناوی دەریاچەی ئۆنتاریۆ بۆ دەریاچەی ئەمریکا دەگۆڕین."

لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێرێک لەبارەی ئەوەی کە بۆچی لەبری نەیارەکانی ئەمریکا سزای هاوپەیمانێکیان دەدات، ترەمپ گوتی، "بەرپرسانی کەنەدا زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ کردووین. ئەوان کەسانێکی بێزارکەرن."

کەنەدا وەڵام دەداتەوە

دەریاچەی ئۆنتاریۆ بچووکترین دەریاچەیە لە رووی رووبەرەوە لە نێوان پێنج دەریاچە مەزنەکەدا، کە دەکەونە سەر سنووری نێوان ئەمریکا و کەنەدا. هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی ئۆنتاریۆی کەنەدا و ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا.

ئەم ناونانەوەی دەریاچەکە هاوشێوەی ئەو بڕیارە تاکلایەنەیەی ترەمپە کە لە کانوونی دووەمی 2025 ناوی کەنداوی مەکسیکی بۆ کەنداوی ئەمریکا گۆڕی، کە ئەویش لەلایەن مەکسیکەوە رەتکرایەوە.

کارنی لە وەڵامدا گوتی کە ناوی دەریاچەکە تەمەنی 400 ساڵە و پێش دروستبوونی ئەمریکا و کەنەداش هەبووە، هەروەها لە وشەیەکی رەسەنی ناوچەکە هاتووە کە بە واتای "دەریاچەکە جوانە، دەریاچەکە گەورەیە" دێت.

لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا گوتی، "دەزانین کە ئەمریکا گۆڕانکاریی بەسەردا دێت." ئاماژەی بەوەش کرد، "کەنەدییەکانیش دەزانن کە داننان بە واقیعدا بە واتای ئەوە دێت کە پێی بگوترێت دەریاچەی ئۆنتاریۆ؛ لە رابردوو، ئێستا و بۆ هەمیشە."

فەرمانە سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ داوا لە وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا دەکات لە ماوەی 30 رۆژدا ناوی دەریاچەکە لە خزمەتگوزاریی فەرمیی ناوە جوگرافییەکان نوێ بکاتەوە و دڵنیابێت لەوەی حکومەتی فیدراڵی بە "دەریاچەی ئەمریکا" ناوی دەبات.

رێگای کاکێشان 11.8 ملیار ساڵ لەمەوبەر گەلەئەستێرەیەکی قووتداوە



توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێت، 11.8 ملیار ساڵ لەمەوبەر، رێگای کاکێشان گەلەئەستێرەیەکی دیکەی قووتداوە.
لەو کاتەدا رێگای کاکێشان تەمەنی تەنیا دوو ملیار ساڵ بووە، پاش تەقینەوە مەزنەکەی دەستپێکی گەردوون لە نزیکەی 13.8 ملیار ساڵ پێش ئێستا.

رێگای کاکێشان یان رێگای شیری ئەو گەلەئەستێرەیەیە کە کۆمەڵەی خۆرەکەی خۆمانی تێدایە.

ئەو گەلەئەستێرەیەی قووتدراوە، قەزەم بووە و ناوی LKHی لێنراوە؛ قووتدان لێرەدا واتە تێکەڵبوون. کاکێشان لەو گەورەتر بووە و خستوویەتیە ژێر رکێفی خۆیەوە.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری زانستیی Nature Astronomy بڵاوکراوەتەوە. د. داڤید مەساری، لە پەیمانگەی نیشتمانیی ئیتاڵیا بۆ فیزیای گەردوونی سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەیە.

د. مەساری دەڵێت، لەو باوەڕەدان رووبەری گەلەئەستێرە قەزەمەکە 25%ی کاکێشان بووە و خۆری تێدابووە 500 ملیۆن هێندەی خۆرەکەی خۆمان گەورە بووە.

توێژەرەکان بۆ گەیشتن بەو تێگەیشتنانە تێلەسکۆپە پێشکەوتووەکانی وەکو گایا و هەبڵیان بەکارهێناوە.

کاکێشان یەکەم جاری نییە

پێشتر زانراوە کاکێشان دوو گەلەئەستێرەی دیکەی قووتداوە (تێکەڵیان بووە)، یەکێکیان بەناوی GSE لە 10 ملیار ساڵ لەمەوبەر و ئەوەی دیکەیان بەناوی Sagittarius کە 6 ملیار ساڵ لەمەوبەر دەستیپێکردووە و هێشتاش بەردەوامە.

واتە تائێستا دەزانین کاکێشان لەگەڵ سێ گەلەئەستێرەی دیکەدا تێکەڵ بووە، هەموویان لەم بچووکتر بوون و بوونەتە بەشێک لە قەبارە و رووبەری گەلەئەستێرەکەی خۆمان.

هەموو ئەم تێکەڵبوونانە کاریگەرییان لەسەر پێکهاتنی کۆمەڵەی خۆرەکەی خۆمان و پەیدابوونی ژیان لەسەر هەسارەی زەوی هەبووە. د. مەساری دەڵێت، "لەبەر ئەمەیە کە پێموایە تێگەیشتن لە مەتەڵەکانی کاکێشان دەتوانێ وەڵامی ئەو پرسیارەمان بداتەوە: ئێمە لەکوێوە هاتووین؟".

گەردوون چەند فراوانە؟

گەردوون تاوەکو ئەو شوێنەی دەتوانین بیبینین و هەستی پێبکەین، دوو ترلیۆن گەلەئەستێرەی تێدایە. هەر گەلەئەستێرەیەک بەپێی قەبارەکەی دەکرێت لە 10 ملیۆنەوە تاوەکو 100 ترلیۆن ئەستێرەی تێدابێت (کاکێشان تاوەکو 400 ملیاری تێدایە). هەر ئەستێرەیەک، وەکو خۆرەکەی خۆمان، دەکرێت چەندین هەسارەی بە دەوردا بێت. هەر هەسارەیەکیش دەکرێت یەک یان چەند مانگی هەبێت.

ئێمەی مرۆڤ لەنێو دوو ترلیۆن گەلەئەستێرەدا کەوتووینەتە نێو کاکێشان. لەنێو کاکێشانیشدا ئەم کۆمەڵە خۆرەی کە دەیناسین. دەزانی چەند کۆمەڵەی خۆری دیکە لە کاکێشان هەیە؟ زیاتر لە 100 ملیار. ئەم زانیارییانە هێندە شۆکهێنەرە، مرۆڤ دەتوانێ ساڵانی ساڵ بیری لێبکاتەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: چەند درۆنێک وێستگەی زاپۆریژیایان کردە ئامانج



ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێ، ئەم هەفتەیە سێ هێرشی درۆنی کراونەتە سەر وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژیا لە ئۆکراینا. دوو فەرمانبەر لە ئەنجامی هێرشەکان بریندار بوون و مەترسیی نوێ بۆسەر وێستگەکەش دروستبووە.
یەکێک لە هێرشەکان رۆژی سێشەممە کراوەتە سەر ناوچەیەکی نزیک لە سیستمی فێنککەرەوەی وێستگەکە.

رۆژی چوارشەممەش، دوو درۆنی دیکە وێستگەکەیان کردووەتە ئامانج. یەکێکیان لە کۆگای پاشماوەی سووتەمەنییە ئەتۆمییەکان تەقیوەتەوە و ئەوی دیکەشیان لە سیستمی ئاوڕشێنی یەکەکانی بەرهەمهێنانی وزەی داوە.

رافایێڵ گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، هەر هێرشێک بۆسەر وێستگە ئەتۆمییەکان "قبووڵنەکراوە" و داوای لە مۆسکۆ و کیێڤ کرد "ئەوپەڕی دانبەخۆداگرتنی سەربازی بنوێنن تاوەکو رێگری لە روودانی هەر جۆرە کارەساتێکی ئەتۆمی بگرن."

وێستگەی زاپۆریژیا کە دەکەوێتە باشووری ئۆکراینا، لە ئاداری 2022ـەوە لەلایەن سوپای رووسیاوە کۆنترۆڵ کرا.

تیمەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئەیلوولی 2022ـەوە لەنێو وێستگەکەدا ئامادەییان بۆ چاودێریکردنی دۆخەکە هەیە.

هەر شەش کارلێکەری وێستگەی زاپۆریژیا، کە بەیەکەوە دەتوانن شەش گێگاوایت کارەبا دابین بکەن، لە ساڵی 2022ـەوە کوژێندراونەتەوە و کارکردنیان راگیراوە، وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە روودانی کارەساتی تیشکدانەوەی ئەتۆمی بەهۆی بەردەوامی مەترسییەکانی هێرشکردن بۆ سەر وێستگە ئەتۆمییەکە.

دەم پارتی: پێویستە مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بانگهێشتی تورکیا بکرێن



گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی چارەسەری و بەدیهێنانی هاوپەیمانیی مێژوویی لەنێوان کورد و تورک، پێویستە رۆڵ و پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان روونتر بکرێتەوە؛ هەروەها داوای کرد مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بانگهێشتی تورکیا بکرێن.
رۆژی هەینی، 28ـی ئابی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بارەگای سەرەکیی حیزبەکەی لە ئەنقەرە، هەڵسەنگاندنی بۆ سیاسەتی نێوخۆ، رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پێشهاتەکانی تایبەت بە تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا کرد.

دۆغان گوتی، ئۆجەلان پێگەیەکی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریدا هەیە و گوتی: "پێویستە دەرفەتی گونجاو بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان فەراهەم بکرێت تاوەکو رۆڵە مێژووییەکەی خۆی بگێڕێت. ئەمە تەنیا بۆ هاوئاهەنگیی چەکدانان نییە، بەڵکو بۆ بەردەوامیدانە بە هاوپەیمانیی مێژوویی نێوان کورد و تورک."

سەبارەت بە دۆخی سووریا، گوتەبێژی دەم پارتی پێشهاتەکانی ئەو وڵاتەی بە مێژوویی ناوبرد و رایگەیاند، تێکەڵبوونی هەسەدە لەگەڵ سوپای سووریا دوای مێژوویەک لە قوربانیدان بۆ تێکشکاندنی داعش، هەنگاوێکی گرنگە بۆ یەکگرتوویی و دیالۆگ؛ هەروەها داوای کرد مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد بە فەرمی بانگهێشتی تورکیا بکرێن.

دۆغان ئاماژەی بەوەکرد، تۆمارە دزەپێکراوەکانی کۆبوونەوەکانی ئیمراڵی دوورن لە راستی و هیوای خواست رۆژنامەڤانان و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بتوانن بە شێوەی راستەوخۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن.

ئەم لێدوانانەی گوتەبێژی دەم پارتی دوای ئەوە دێت، رۆژی 25ـی ئابی 2026 مەزڵووم عەبدی تێکەڵکردنی هەسەدەی لەگەڵ سوپا و دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا راگەیاند و مەزڵووم عەبدی وەک راوێژکاری سەرۆککۆماری سووریا دەستنیشانکرا.

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif