ڕاپۆرت: به‌غدا ٨بژارده‌ى له‌ به‌رده‌مه‌ بۆ چاره‌سه‌رى قه‌یرانى دارایى‌

ليست هناك تعليقات

ڕاپۆرت

حكومه‌تى عێراق له‌ گفتوگۆكانى به‌رده‌وامه‌، بۆ دۆزینه‌وه‌ى توله‌ڕێیه‌ك بۆ رزگاربوون له‌ قه‌یرانى سه‌ختى دارایى، كۆبوونه‌وه‌ى ناوخۆییه‌كانى حكومه‌ت تا ئێستا نه‌گه‌یشتوون به‌ قسه‌ى كۆتایى و بڕیار له‌باره‌ى بژارده‌كه‌یه‌وه‌ نه‌دراوه‌، به‌ڵام چه‌ند بژارده‌یه‌ك گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراوه‌.

له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی نه‌وت، ئابوری عێراق رووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی قوڵی دارایی ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چه‌ند بژارده‌یه‌كی له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ تێپه‌راندنی قه‌یرانه‌كه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بژارده‌كانی به‌رده‌م حكومه‌ت بۆ په‌یسه‌ر ئاشكراده‌كات، به‌ڵام هیچ كام له‌و بژاردانه‌ش بێ مه‌ترسی نین ئه‌مه‌ی خواره‌وه‌ بژارده‌كانی به‌رده‌م به‌غدان.

یه‌كه‌م/
پاشه‌كه‌وتكردنی به‌شێك له ‌مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی عێراق، بۆ ئه‌مه‌ش وه‌زیری دارایی پێشنیارێكی پێشكه‌شی حكومه‌ت كردبوو به‌ڵام كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێنا، به‌ره‌چاوكردنی دۆخی عێراق، ململانێی سیاسی پێناچێت ئه‌م بژارده‌یه‌ سه‌ركه‌وتووبێت.

دووه‌م/
 چاپكردنی دیناری عێرقی، ئه‌مه‌ش هه‌ڵاوسان دروست ده‌كات و به‌های دیناری عێراق به‌رامبه‌ر دراوه‌كانی تر داده‌به‌زێنێت و نرخی كه‌ل و په‌لیش به‌رزده‌كاته‌وه‌.
سێیه‌م/
 ده‌ركردنی قه‌واڵه‌ و فرۆشتنی له‌بازاڕدا ره‌نگه‌ كڕینی ئه‌و قه‌واڵه‌نه‌ش له‌داهاتوودا بێ كێشه‌ نه‌بێت.

چواره‌م/
به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌های دۆلاری ئه‌مریكی به‌رامبه‌ر دیناری عێراق، به‌وه‌ش كورتهێنانی بودجه‌ی عێراق كه‌م ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام به‌های دارایی دیناری عێراقی داده‌به‌زێنێت.
پێنجه‌م/
وه‌رگرتنی قه‌رزی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی.

شه‌شه‌م/
 ده‌ستبردن بۆ یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی كه‌ بڕه‌كه‌ی 80 ملیار دۆلاره‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ش رێكاری ئاڵۆزی هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و یه‌ده‌گه‌ به‌های دیناری عێراق به‌رامبه‌ر دراوه‌كانی تر راگرتووه‌.

حه‌وته‌م/
كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجی و په‌ره‌پێدانی كه‌رته‌كانی تر بۆ ئه‌وه‌ی بكرێنه‌ جێگره‌وه‌ی نه‌وت.
هه‌شته‌م/
چاكسازی گشتی له‌ خه‌رجی و داهات

تا دوێنێ سێ شه‌ممه‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی عێراق، سێ كۆبوونه‌وه‌یان كردووه‌ و له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت، سه‌رۆك وه‌زیران، وه‌زیری دارایی، وه‌زیری نه‌وت و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بوودجه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی، به‌ڵام تائێستا کۆبوونەوەکان ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌.

لای خۆیه‌وه‌ غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، یه‌كێك له‌و كارانه‌ی ده‌یانه‌وێت بیكه‌ن ئه‌وه‌یه‌، كه‌ یاساكانی بواری په‌ره‌پێدانی پیشه‌سازی بگۆڕن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن كه‌رتی تایبه‌ت به‌شداری له‌ وه‌به‌رهێنان بكات.

روونیكرده‌وه‌:"بۆ ‌نمونه‌ عێراق چه‌ندین پاڵاوگه‌ی هه‌یه‌، ده‌تواندرێت یه‌كه‌كانیان زیاد بكرێت به‌ڵام حكومه‌ت پاره‌ی نییه‌ و ده‌تواندرێت وه‌به‌رهێنه‌ر بهێندرێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌ره‌ی پێ بدات. حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی نه‌وت په‌ره‌ به‌كێڵگه‌ غازیه‌كانی بدات".

زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌نین موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كه‌م بكرێته‌وه‌، دۆخى سیاسى عێراق و ململانێى هێزه‌كان یارمه‌تیده‌ر نییه بۆ ئه‌و بژارده‌یه‌. به‌ بڕواى غالب محه‌مه‌د، حكومه‌ت ده‌توانێت له‌یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی رابكێشێت كه‌ بڕه‌كه‌ی ٨٠ ملیار دۆلاره‌ جگه‌ له‌وه‌ی عێراق موڵك و ماڵی زۆری هه‌یه‌، پێده‌چێت حكومه‌ت بیر له‌ فرۆشتنی به‌شێك له‌ موڵكه‌كانی بكاته‌وه‌، هه‌تا دۆخه‌كه‌ باش ده‌بێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ڵێت:"دۆخی نه‌وت هه‌ر ئه‌م چه‌ند مانگه‌یه‌ و دواتر باش ده‌بێت به‌ڵام خه‌رجی عێراق زۆر زیادیكردووه‌، له‌ ساڵی ٢٠١٩ دا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ٤٠ تریلیۆنی بۆ موچه‌ پێویست بووه‌ ئێستا ٥٠ تریلیۆنی پێویسته‌ ئه‌وه‌ش كورتهێنانێكی گه‌وره‌ی دروستكردووه‌، ناكرێت به‌ته‌واوه‌تی پشت به‌ نه‌وت ببه‌سترێت".

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێك له‌ بژارده‌كان ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ پێى وایه‌، ناتوانن ده‌ست بۆ مووچه‌ به‌رن،"پێم وانیه‌ بتوانن پاره‌ چاپ بكه‌ن چونكه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و به‌های دینار ناهێڵێت، ده‌ركردنی قه‌واڵه‌یش بژارده‌یه‌كه‌. عێراق ناتوانێت قه‌زی ده‌ره‌كی بكات چونكه‌ زۆر قه‌رزداره‌ به‌ڵام ده‌توانێت له‌ناوخۆ قه‌رز بكات به‌نموونه‌ سندوقی خانه‌نشینی ١١ ملیار دۆلاری تێدایه .پێم وایه‌ له‌كۆتاییدا ده‌ست ده‌به‌ن بۆ یه‌ده‌گی بانكی ناوه‌ندی و به‌شێك له‌ قه‌رزی ناوخۆش ده‌كه‌ن، هه‌وڵ ده‌ده‌ن خه‌رجییه‌كانی كه‌م ده‌كاته‌وه‌، وه‌ باج له‌سه‌ر كۆمپانیاكان زیاد ده‌كه‌ن".

ڕاپۆرتی پەیسەر

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif