حکومەتی هەرێم و بژاردەی سێیەم !

ليست هناك تعليقات

كوردپلات - بیروڕا
-
هاوكار عزەت
-
زیاتر لە چلوحەوت ڕۆژە موچەی فەرمانبەران نەدراوەو ناڕەزاییەتیەکی بەرفراوان لەنێو شەقامی کوردی و لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دروستبووەو حکومەتی هەرێمیش بەردەوام باس لەوە دەکات کەی پارەی موچە لە بەغداوە گەیشت ئەمان مووچە دابەشدەکەن و گیرفانی فەرمامبەران گەرم دەکەنەوە.

زیاتر لە دوومانگە بازاڕ و کار وباری بازارگانی و بگرە تا بچوکترین کاری سەربەخۆی هاونیشتمانیەکیش بەهۆی کۆرۆناو ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوە توشی وەستانێکی ترسناک بوون و سەرجەم سێکتەرەکانی ژیانی هاوڵاتیان نیمچە داڕماو بوون، ئومێدێک هەبوو بەوەی کە مووچە بدرێت و بازار و ژیان ئاسایی بێتەوەو ئەو مووچەیەی دەدرێت گەرمووگوڕییەک بخاتە بازار و وەک دەوترێت دەورانێکی ئابووری دروست ببێت بە پارەی فەرمانبەران و هەمووان لێی سودمەند بن، بەڵام ئێستا دەبینین حاڵەتیکی نەخوازراو دروست بوەو حکومەتی هەرێم وەک چۆن مووچەکەی نەداوە ناتوانێت هیچ هیوایەکیش بدات بە هاوڵاتیان و دۆش داماوەو ئەویش وەک منداڵی فەرمانبەرێک چاوەڕێی مووچەیە لە بەغدادەوە بێت، منداڵەکە چاوەڕێیە مووچە بدرێت و باوکی یەکێک لە هیواکانی بۆ بەدی بهێنێت و حکومەتیش چاوەڕێیە مووچەکە بێت و لەو ئیحراجییە ڕزگاری ببێت و چیدی ماوەی چەند ڕۆژێک بابەتی مووچە لە سەرزاری خەڵک نەمێنێت.

_ تەسلیمبوون بە بەغداد:
بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو حکومەتی ناوەند بەردەوام داوای سەرچاوەکانی داهاتی هەرێمی کردوەو حکومەتی هەرێمیش نکوڵی لە پێدانی ئەو داهاتانە کردوە، لە ساڵی 2019 دا ڕێککەوتنێک کرا کە حکومەتی هەرێم ڕۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت بنێرێتە بۆریەکانی بەغداد و حکومەتی ناوەندیش لە بەرامبەردا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات(  کە ژمارەکەیان لای حکومەتی ناوەند 640 هەزار فەرمانبەرە و لای خۆشمان زیاتر لە یەک ملیۆن و دووسەد هەزار)! .

حکومەتی هەرێم کەمترین پابەندی هەبوە بەو ڕێککەوتنەو بەردەوام مووچەو قوتی خەڵکی هەرێم لە ژێر هەڕەشەی برایانی عەرەبی دەسەڵاتداردا بوەو خولە یەک لە دوای یەکەکانی پەرلەمان و وەزیرەکان و سەرۆکایەتیەکان نەیانتوانیوە ئەم بابەتە یەکلایی بکەنەوەو چیدی ئێمەی کورد لە ژێر ڕەحمەتی سۆز و بەزەیی بەغداد نەبین،بەڵام مەیانتوانیوە یان نەیانکردوە ئەوە بابەتێکەو با بمێنێت بۆ کاتی خۆی، ئەوە گرنگە ئێستاش هەمان ئەنجاممان هەیەو ئێمەش و حکومەتیش چاوەڕێی ڕەزامەندی "بەڕێوەبەرێکی گشتی"ن کە مووچەکەمان بنێرێت.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەفدێکی باڵای هەرێم چوونە بەغداد و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی حزبی و حکومی عێراق کۆبونەوەو بێئەنجام هاتنەوە، ئەوەی دەستمان کەوتوە لە ڕێگەی قسەی چەند پەرلەمانتار و بەدواداچونی خۆمانەوە ئەوەیە کە بەغداد داوای سەرجەم داهاتەکانی هەرێمی کردوەو وەفدەکەش بێ قەید و شەرت ئامادەییان دەربڕیوە ڕۆژانە ئەوبڕەنەوتە بنێرن کە لە ڕێککەوتنەکە هەیە، بەڵام بەغدادیەکان وتویانە ئێستا نەوت هیچ ناکات و سەرجەم داهاتە ناوخۆیی و داهاتی فڕۆکەخانەو دەروازە نێودەوڵەتی و لاوەکەیەکانمان بۆ بنێرن لەگەڵ بەیاناتی فەرمانبەران و ئەوکات ئێمە موچە دەنێرین، دەوترێت عەبدولمەهدی کە هەموومان بە نزیکترین دۆستی کوردمان دەزانی و لەگەڵ سەرۆککۆمارە کوردەکەی عێراق هاوڕێی زۆر نزیکبوون زۆر دژی ئەوەبوە بەم حاڵەی ئێستاوە پارەی هەرێم بنێرن.

ئێستا ئەوەی کە هەیە حکومەتی هەرێم بژاردەی ئەوەی لەبەردەستە کە دەستبەرداری دەستەواژەی "ئابوریی سەربەخۆ"  ببێت و تەسلیم بە بەغداد ببێت و دۆخەکە قبوڵ بکات و لەگەڵ بەغداد پەیوەندیەکانی باشتر بکات و ڕێگای بەغداد بکاتە ڕێی نەجاتی خۆی و هاوڵاتیانی،کە بەدڵنیاییەوە بژاردەیەکی زۆر قورس دەبێت هەم لەڕوی سیادەو هەم لەڕوی سیاسی و نێودەوڵەتی و نێوخۆییەوە بەڵام چار نییەو دەبێت حکومەتی هەرێم وبەرپرسانی هەرێم ئەم بابەتە لەسەر مێزی گفتوگۆکانیان بکەنە تەوەری گرنگی باس و خواسەکانیان.

_ مانەوەی دۆخەکە وەک خۆی و ئیحراجیی زیاتر لە نێوخۆدا:
یەکێکی تر لە بژاردەکانی حکومەتی هەرێم ئەوەیە کە دەستبەرداری ئەوە بێت کە داوا لە حکومەتی ناوەند بکات پارەی بۆ بنێرن و خۆی هەوڵبدات بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی فرۆشی نەوت و یارمەتی هاوپەیمانان و هەر پارەو پول و سەرمایەیەک کە هەیەتی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات،کەئەم بژاردەیە لەوەی پێشووتر قورستر دەبێت بۆ حکومەت و بەرپرسانی هەرێم و ناتوانن بە ئاسان لە ژێر باری دەربچن چوونکە حکومەت خاوەنی یەک دیناری پاشەکەوتکراو و ژێرخانی ئابوری و سەرمایەی خەوێنراو نییەو هیچکات بیری لە هەبوونی ئیحتیاتی نەقدی نەکردوەتەوەو نەیتوانیوە خۆی ئامادەبکات بۆ دۆخێک کە هەمیشە ئەگەرێکی بەهێز بوە کە بێتە بەردەمی، حکومەتی هەرێم لە نمونەی گەنجێک بوە کە باوک و دایکی هەرچەندیان پارە پێدابێت ئەو ڕۆژە خەرجی کردوەو بیری لای ئەوە نەبوە سبەی چی بکات ئەگەر ڕۆژانەی دەستنەکەوت!.

لەم دۆخەدا حکومەتی هەرێم دەبێت بیر لەوە بکاتەوە "پارەی ژێر زەمینەکان" و "ملیارە دۆلارەکان" ی بەرپرسەکانی بهێنێتە دەرەوەو ئەگەر بە قەرزیش بوبێت لێیان وەربگرێت و دابەشی بکات بەسەر مووچە خۆراندا چونکە لەبەر ئەوەی دەوڵەتمان نییە سندوقی نێودەوەتی ئیعتباری قەرزاریشمان بۆ ناکات!.

_بژاردەی سێیەم:
لە کاتی هەبوونی سەرۆککۆمارێکی کورد و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دارایی وڵاتیدا کە کوردە لەگەڵ پەیوەندی چەندین ساڵەی سەرکردایەتی کورد لەگەڵ بەشێکی زۆر لە عەرەبەکان بە شیعەو سونەوە عەیبەیەکی گەورەیە دۆخی ئێمەی کورد لە حاڵی ئێستادا بێت ، بیرمان بێت ڕۆژگارێک هەبوو لە هەولێرەوە حکومەتەکانی بەغداد دروست دەکران و سەرکردەکانی کورد قسەی یەکلاکەرەوەیان دەکرد، دەکرێت ئێستا نێوماڵی خۆمان زیاتر لە هەمووکات یەک بخەین و واز لە ململانێی وەک زینی وەرتێ و مستەفا سەلمی و ئەو بابەتانە بهێنین و لە بری پەرلەمانتاری گەنج و ئیعفعالی و خۆ نمایشکەری سیاسی و وەزیری بێدەسەڵات و بەڕێوەبەری گشتی کۆیلەی پلەو پۆست، بێین و سەرکردایەتیەکی سیاسی بەهێز "ئەگەرچی وەک جارانیش نابێت" دروست بکەین و لەگەڵ سەرکردە دیار و بڕیار بەدەستەکانی شیعەو سونە دابنیشن و بابەتەکان یەکلایی بکەنەوە، ئاخر ئێستا پەرلەمانتار و وەزیر و بەرێوەبەرە گشتیەکانمان لە بەغداد هەریەکەو سەرقاڵن بەکار وبارێکەوەو ئەسڵی بابەتەکەیان بیرچۆتەوە کە بۆچی چوون بۆ ئەوێ!

چەندین ساڵە بوینەتە بەشێک لە پاراستنی سەروەری عێراق و یەکپارچەیی و بەهێزکردنی عێراقێکی یەکگرتوو، لەگەڵ ئەوەش هەمیشە کوردستان ماڵێکی ئاوەدان بوە بۆ سەرکردە عێراقیەکان و لە باشترین شوێنەکانی هەولێر و سلێمانی بەچەندین دۆنم زەوی تاپۆکراوە لەسەر بەرپرسانی عێراق کوڕەکانیان بۆ دروستکردنی دۆستایەتی بۆ کاتی پێویست، دەی ئێستا کاتە پێویستەکەیە.

پێویستە سەرکردەکانی کورد بڕۆنە بەغداد و لەگەڵ سەرکردە سیاسیەکانی شیعەو سوننە دابنیشن و تێیان بگەیەنن ئێمە بۆ ئەمە بەشداری بنیادنانەوەی عێراقێکی کاولبوو نەبوین کە دۆخەکە بگاتە ئێستا!
ئەم بژاردەیەش هیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە ئیدارەدان و سیاسەتی کابینە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێم خراپترین ئەزمونەو دەبوو ئێستا ئێمە نمونەیەکی جوانی حوکمڕانیی ناوچەکەو جیهان بین، دەکرا بەو هەموو داهاتەی کە لە ساڵانی ڕابردودا هاتۆتە دەستمان ژێرخانێکی هێندە بەهێزمان دروست کردبێت کە ئێستا بتوانین کۆنترۆڵی قەیرانەکان بکەین و ڕووبەڕووی نالەباریەکان ببینەوە.

بەداخەوە هێندەیان بندیوار دامەزراند و بودجەی وڵاتیان کردە ژێرزەمینەکان و بانکەکانی دونیایان پێ دەوڵەمەندکرد و دورگەو فڕۆکەی تایبەتیان پێ کڕی، ئێستا دەبێت دوای زیاتر لە چل و حەوت ڕۆژ فەرمانبەرێکی سلێمانی و هەولێر چاوەڕێی هاتنی مووچەکری بێت کە هی مانگی یەکەو ئێستا لە کۆتایی مانگی چوارەمی ساڵداین.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif