ڕاوێژكاری ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق: كێشەی موچە كاتیە

ليست هناك تعليقات



چاوپێكەوتن

-
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراقە، دەڵێت، پێویستە بودجەی هەرێم و دارایی گشتی لە هەرێمی کوردستان و دارایی گشتی لە ناوەند هارمۆنیانە کاربکەن و دووبارە بوونیادبنرێنەوە. ئاماژە بەوەشدەکات، ئاگاداری رێکارەکانی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نین، بەڵام بڕیارەکە کاتییە.

پ: چۆن دەڕواننە قەیرانی دارایی کە ئێستا بەرۆکی عێراقی گرتووە و چارەسەرەکان چین؟

موزهر محەممەد ساڵح: وەک دەزانی سرووشتی ئابووریی عێراق سرووشتێکی تاکلایەنانەیە، واتا بەشێوەیەکی گشتی بودجەی گشتی و خەرجییەکانی پشت بە داهاتەکانی نەوت دەبەستێ، بە رێژەیەک رەنگە دەگاتە 90% یان 93%، ئەمەش دۆخەکەیە بە راشکاوانە، لە هەمان کاتدا خەرجییەکانی بودجەی گشتی نزیکەی 50%ی تێکرای خەرجییەکانی ئابووریی دەبن، واتا نزیکەی نیوەی تێکرای بەرهەمی ناوخۆ بەشێوەیەکی راستەوخۆ، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆش دەگاتە 80%، واتا هەموو چالاکییە ئابوورییەکان بریتین لە خەرجییەکانی حکومەت و داهاتەکانی نەوت، بۆیە ئەگەر داهاتەکانی نەوت کەمبوونەوە، خەرجییەکان کەمدەبنەوە و چالاکی ئابووریش کەمدەبێتەوە، واتا هاوبەستەی یەکن.

لە راستیدا بووەتە ستانداردێک، بۆیە ئەمڕۆ ئابووریی پشت بە چالاکی دەوڵەت دەبەستێ، چونکە چالاکی دەوڵەت ئێستا فاکتەرێکی گەورەیە، کێشەی ئەم خەرجییانە و گەورەترینی ئەم خەرجییانە، خەرجی نەگۆڕن، گەورەترینی ئەم خەرجییانەش مووچەیە، وەک دەزانی، ئەمڕۆ ئێمە لە عێراق، بەپێی خەمڵاندنی خۆم، نازانم ئەمە لە ژمارەکەی حکومەت نزیکە یان نا، بەلانی کەم 9 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی داهاتیان لە حکومەت هەیە، واتا وەک مووچە، گرێبەست، بەخشین بە کۆمپانیاکانی دەوڵەت، خانەنشینکراوان، چاودێریی کۆمەڵایەتی، دەزانی ئەمە ژمارەیەکی گەورەی دانیشتووانە، ئاسان نییە، ئەگەر هەر یەک لەمانە بەرپرس بێ لە چوار کەس، واتا زۆرینەی گەلی عێراق داهات لە حکومەت وەردەگرێ، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، ئەگەرچی داهاتەکەی کەم بێ یان زۆر، بەڵام ئەو بەشێکە لە خەرجییەکانی حکومەت، کە بریتییە لە مووچە، بۆیە لە راستیدا ئەمە گەورەترین کێشەیە ئەمڕۆ رووبەڕوومان دەبێتەوە، بە کەمبوونی داهاتەکان، گەورەترین کێشە پاراستنی مووچەی ئەوانەیە کە داهات لە کۆماری عێراق وەردەگرن.

پ: بە بڕیاری کێ ناردنی 453 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راگیرا؟

موزهر محەممەد ساڵح: لە راستیدا، سوێند بە خودا، ئاگاداری ئەم رێکارە نیم، وادیارە لەنێوان دارایی گشتی و هەرێمدایە، منیش تەنیا گوێم لێ بوو، لە راستیدا... بڕوانە، کێشەکە لە یاسای بودجەی گشتیی 2019 ـەوە سەریهەڵدا، ماددەی دەیەم چی دەڵێ؟ دەڵێ تێچوو یان زیانەکان بەهۆی پێنەدانی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمەوە بە ناوەند، دەبێ ببڕدرێن، ساڵی 2019 تێپەڕی و هەرێم 250 هەزار بەرمیلی رادەست نەکرد، بەڵام لە کاتی خۆی مووچەی وەرگرت، گەیشتینە 2020، لە 2020 بودجە نییە، بڕوانە ئەمە کێشەیە، بۆیە کە بودجە نییە، یەک لەسەر دوازدەی بودجەی 2019 خەرج دەکەین، داهاتەکانی 2019 وەک داهاتەکانی 2020 نین، بڕوانە هاوکێشەکە تێکچوو، بۆیە من پێموایە ئەم بابەتە، مووچەی خەڵکی پرسێکی مرۆیی و ئەخلاقییە و بێگومان دەوڵەت بێگومان لەبەرچاوی دەگرێ، بەڵام پێشنیاز دەکەن رێککەوتن بکرێ لەنێوان دارایی هەرێم و دارایی ناوەند، لێکتێگەیشتنێکی واقیعی و بەهێز و راشکاوانە، بۆ یەکخستنی دارایی گشتی بەشێوەیەکی دروست و لەسەر بناخەی کۆنکرێتی و لە ئاییندە پەیکەربەند دەکرێتەوە.

نابێ بە باری لەناکاو و شتی هاوشێوە چارەی بکەین و دووربکەوینەوە، ئەمە هەڵەیە، دەبێ چوارچێوەیەکی یەکگرتوو و هاوتا هەبێ بە دانانی دارایی هەرێم و دارایی ناوەند لەسەر یەک مێز، بۆ دۆزینەوەی چارەیەک بێگومان.

پ: هەڵوێستی د. عادل عەبدولمەهدی سەبارەت بە راگرتنی ناردنی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چییە؟

موزهر محەممەد ساڵح: پێموایە ئەمە پرسێکی کاتییە و بەندە بە دانوستاندنەوە، من پێموایە شاندێکی هەرێمی کوردستان دوو جار سەردانی بەغدای کرد، جارێکیان بۆ لێکتێگەیشتن سەبارەت بە بابەتی پشکی عێراق لە ئۆپێک و رێککەوتن کرا، لێکتێگەیشتن هەن، واتا بابەتەکە نەبڕاوەتەوە، بەڵام پێموایە پێویستمان با بڵێین بە رێککەوتنێکی بێگەرد هەیە، هەمووان پێی قایل بن، بەشێوەیەک ئێمە مووچەی هەرێم و ناوەند دابینبکەین و هەموو خەڵکی، لە سنووری بابڵێین ئەوەی بەردەستە، بەڵام ئەمە رێککەوتنی پێویستە لە نێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان، رێککەوتنێکی دارایی بەهێز، لەسەر بناغەی یاسایی و لەسەر بنەمای جێبەجێکردن، نەک تاقیکردنەوەی ویست و تەنیا تاقیکردنەوە بێ، نەخێر، لێکتێگەیشتنی بەهێز بن.

پ: هاوکات لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و لێکەوتە ئابوورییەکانی، هەموو وڵاتان هاوکاریی کەسانی پێویست بە هاوکاریی و کۆمپانیاکان دەکەن، ئاخۆ رەوایە لەم دۆخە مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان رابگیرێ؟

موزهر محەممەد ساڵح: با پێت بڵێم، ئەمە پرسێکی ئەخلاقی و مرۆییە، بەدڵنیاییەوە، بەڵام تۆ دەزانی ئەرکی دوو لایەن هەن و بودجەی ناوەندیش کورتیهێناوە، بودجەی ناوەند کێشەی هەیە، با بە راشکاوانە پێت بڵێم، پارە نییە، بۆیە ئێستا کێشەکە گشتییە، بەم شێوەیەیە، من پێموایە پێویستە لێکتێگەیشتن بکرێ، واتا مێزی لێکتێگەیشتن جیددی بێ و هەموو کاخەزەکانیش لەسەر مێزەکە دابنرێن، واتا دارایی هەرێم زۆر راشکاو بێ و دارایی ناوەند راشکاو بێ، ئەگەر کێشەی درێژخایەن هەن بە قۆناخ چارەبکرێن، کورتخایەنەکانیش دەبێ چارە بکرێن، بۆیە من پێموایە ئەمە هەلێکە، هەلێکە بۆ بونیاتنانی دارایی فیدراڵی راستەقینە.

پ: بەپێی زانیارییەکانمان، بۆ ئەم مانگە وەزیری دارایی واژۆی لەسەر ناردنی 453 ملیار دیناری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە، ئایا سەرۆکوەزیران رەزامەندیی لەسەر ئەمە داوە؟

موزهر محەممەد ساڵح: سوێند بە خودا ئاگادار نیم، چونکە ئێمە دوورین لە رێکارەکانی جێبەجێکردن، ئێمە راوێژکارین، نەخێر بەدواداچوونم بۆ ئەم بابەتە نەکردووە، برایان لە هەرێم پەیوەندییان بە ناوەندەوە هەیە سەبارەت بەم بابەتە.

پ: حکومەتی عێراق داوای چی دەکات بۆ بەردەوام بوون لە ناردنی ئەم بەشە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان؟

موزهر محەممەد ساڵح: بە بۆچوونی کەسی خۆم، ئەمە رای خۆمە، ئێمە پێویستمان بەوەیە دارایی گشتی لە کوردستان و دارایی گشتی لە ناوەند بونیاتبنرێتەوە لەسەر بناخەی راستەقینە، نەک لەسەر گومان، نەخێر، لەسەر بناخەی راستەقینە، هەموو داهاتەکان بچنە یەک شوێن و بەشێوەیەکی دروست دابەشبکرێن، بە رێککەوتنی روون و بێگەرد، بە ئاستێکی باڵای یاسایی، بۆ ئەوەی کێشەکە بۆ تاهەتایە چارە ببێ، بە ویستی خودا.

پ: پلانی راکێشانی هێڵی گواستنەوەی کارەبا لە تورکیاوە بۆ عێراق بە رێگەی هەرێمی کوردستان چییە؟

موزهر محەممەد ساڵح: بێگومان عێراق.. بڕوانە، عێراق هێڵی هەیە لەگەڵ دەوروبەری، بەستنەوەی پێنجی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، ئەمە پرسێکی ئاساییە بە رای من، زۆر ئاساییە، بۆ گۆڕینەوەی کارەبا، ئەو وڵاتەی زیاد لە پێویستی هەیە دەیفرۆشێتە ئەو وڵاتەی کە کورتهێنانی هەیە، لە ئەمریکا و کەنەدا، هەموو هەرێمەکانیان کارەبا دەگۆڕنەوە، پێموایە پرسێکی رەوا و ئابووریی و ئاقڵمەندانەیە. لە راستیدا پێداویستی نەوتە بەو شێوەیەیە، دەبێ عێراق لەڕووی ئابوورییەوە تەواوکاری خۆی بێ، واتا بۆ ئەوەی ئابووریی راستەقینە بونیات بنێی.

پ: دانوستاندن هەیە سەبارەت بە پێدانی گاز لە هەرێمی کوردستانەوە بە ناوچەکانی عێراق؟ ئەنجامی ئەم دانوستاندنانە تائێستا چییە؟

موزهر محەممەد ساڵح: بە پێچەوانەوە، گاز لە پێشترە، تۆ دەزانی ئێمە کێشەمان هەیە، گاز دەسووتێنین، بە راشکاوانە سووتاندنی گاز زیانێکی زۆر گەورەیە، لە کاتێک هەموو وێستگە نوێکانی کارەبا پشت بە گاز دەبەستن، بۆیە من بە رەوای دەزانم بەستنەوە هەبێ لەنێوان هەرێم و ناوەند لە پرسی گاز کە پرسێکی ئاقڵمەندانەیە و ئاساییە و لەسەر پلانی داڕێژراوی خۆی دەچێ بێگومان، من پێموایە ئەوەی روودەدات تەنیا هەرای بێبنەمان و بە ویستی خودا بە لێکتێگەیشتن کۆتاییان دێ.

پ: بە رای ئێوە، ئاخۆ پێویستە رێککەوتنێکی نوێ بکرێ لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە بودجە و نەوتی هەرێمی کوردستان؟

موزهر محەممەد ساڵح: پێشبینی ئەوە دەکەم و پێویستە، بە راشکاوانە، پێویستە بودجەی هەرێم و دارایی گشتی لە هەرێم و دارایی گشتی لە ناوەند بەیەک نۆتەی میوزیکی کاربکەن، واتا بە یەک هارمۆنی، چونکە دەزانی گومان بە راستی کێشە دروست دەکات، من پێموایە دەبێ درکاندنی تەواو هەبێ، دەبێ بێگەردی هەبێ و درکاندنی تەواو هەبێ و یاسا تەواو سەروەر بێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دارایی گشتی لە ناوەند و هەرێم، بۆ ئەوەی ژیان جێگیر بێ و پەیوەندییەکان جێگیر بن و لە راستیدا براوە و دۆڕاویش نەبێ، هەموو خەڵکی هەست بە دادپەروەریی بکەن، دادپەروەریی بێگومان گرنگە


دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif