پەیكار عوسمان
(٢)
- دابەشکردنی عەقڵ، بۆ عەقڵی بچوك و عەقڵی گەورە، جیاکاری و دوولەتکردن و ڕەشوسپیکردنێکی تری دنیاکە نیە. ئەوەنیە کە من سەربە عەقڵی گەورەو تۆش سەربە عەقڵی بچوك بیت، کە ئەمە دابەشکارییەکی تەواو فاشستانەو عەقڵبچوکانەیە! بەڵکو عەقڵی گەورەو بچوك، هەردوکی لەناو خۆماندایەو وەکو هێڵکاریی دڵ، هەموومان بەردەوام، دێینە خوارەوە بۆ لای عەقڵی بچوكی خۆمان و سەرئەکەوینەوە بۆ لای عەقڵی گەورەی خۆمان.
یەعنی شتەکە، پرۆسەیەکی کەسی و ناوەکییە، نەك پرۆسەیەکی دەرەکیی سیاسی و کۆمەڵایەتی کە دنیای پێ دابەشبکەین و چینایەتی و جیاکاریی پێدروستبکەین لەنێوان مرۆڤەکاندا.
- شتەکە پرۆسەیەکی بەردەوامە هەروەکو هەناسەدان و فەرقەکەیان هەر ئەوەیە کە، ئەگەر هەناسە بوەستێنی ئەمریت. بەڵام ئەگەر عەقڵ بوەستێنیت نامری، بەڵکو دێیتە خوارەوە بۆ لای عەقڵی بچوكی خۆت. کاتێکیش کە ئەیخەیتەوە ئیش، سەرئەکەویتەوە بۆ لای عەقڵی گەورەی خۆت. بەمشێوەیە پرۆسەکە بەردەوامەو هەمیشە هەموومان لەبەردەم ئەگەری عەقڵبچوکی و عەقڵگەورەییشداین و هیچمان بێبەش نین لە عەقڵگەورەیی و هیچیشمان بەدەرنین لە عەقڵبچوکیی!
- هەموو شتێك سیحری خۆی هەیەو هەموو سیحرێکیش لوتکەی خۆی هەیە. کاری عەقڵیش بەئاگابوونە لە سیحری شتەکان، لە هەموو کاتێکداو بەتایبەت لەو کاتەدا، کە سیحری شتەکە ئەگاتە لوتکەی خۆی!
- کە سیحری شتێك ئەگاتە لوتکە، ئیتر تۆ خۆت نابینی و هەموو تیرەکانت ڕوو لەوە. ئەمەش ڕێك ساتی فاشیزم و ساتی جەهلە. ئاخر جەهل هەرئەوەیە کە لە خۆت بێئاگایت و فاشیزم هەر ئەوەیە کە ئەو تیایدا سەنتەرە!
- ئەگەرچی زۆریش دڵم لایانبوو، بەڵام لە گەرمەی شەڕی داعشدا بابەتێكم نوسی، کە لێدانبوو لە سیحری پێشمەرگەو لە گەرمەی شەڕی ڕۆژئاواشدا، ڕەخنەم لە سیحری شۆڕشی چەکداریی ئەگرت!
چونکە لەو دوو ساتەدا، سیحری چەك گەیشتبووە لوتکەو لوتکەی سیحریش، ڕێك ئەو شتەیە کە عەقڵ ئەوەستێنێ و هۆشیاریی بەتاڵئەکاتەوە.
لەئێستاشدا کە "دوکتۆر" لە کارێکی جیهانیی گەورەو ڕێزلێگیراودایە، بەدیوێکی تردا، سیحری ئەو، لە لوتکەی خۆیدایەو لای منەوە ئیتر شایەنی بەتاڵکردنەوەیەو کاتەکەشی ناوەخت نیەو ڕێك کاتییەتی بە تەوقیتی سیحرو ئیگۆ!
- هەموو کارێك ڕێزلێگیراوەو دوکتۆریش تەنیا لەناو کارەکەیدا دوکتۆرە. لەدەرەوە هاوڵاتییەکی ئاساییە. بەڵام لای ئێمە ئەمە وانیەو دوکتۆر لە دەرەوەی کارەکەشی هەر دوکتۆرەو ئیگۆیەکی زەبەلاحی هەیەو "دوکتۆریی" جگە لەوەی پیشەیە، پێگەیەکی کۆمەڵایەتیشە! ئەو هەرئەونەی کە دوکتۆرە، ئیتر بڕێك خۆی بە سەرتر ئەزانێ و ئەوانیتریش هەر وای ئەبینن، کە ئەمە هەڵەیەکی دوولایەنەیە!
- جا ئێمە هیچ مەجبورنین لەسەر ئەساسی ئەو ئیگۆیەو هەر لەبەرئەوەی کە کابرا دوکتۆرە، پێشوەخت بڕیاربدەین کە ئەو لەسەر حەقە! لەڕاستیدا هەر کێشەیەك کە لەنێوان دوکتۆرێك و نادوکتۆرێکدا ڕووئەدا، چەنێك بۆی هەیە خەتای ئەمیانبێ، ئەونەش بۆی هەیە کە خەتای ئەویانبێ و هیچیان بەرائەتی پێشوەختیان نیەو هیچیان تاوانباری پێشوەخت نین و مەسەلەکە ئەبێ یاساو عەدالەت و حەق و "بڕیاری نەزانراوی پاشوەخت" یەکلای بکاتەوە، نەك "بڕیاری پێشوەختی زانراو" لەسەر ئەسای پێگەو عینوانی کەسەکان!
- بەداخەوە بڕێك لە غروری ستەمکارانەی مەسولەکان، لەناو هەنێ لە دوکتۆرەکانا هەیەو بڕێك لە شەقاوەیی شەقاوەکانیش لەناو هەنێ لە پۆلیسەکانا هەیە!
ئەسڵەن دوای معاش، ڕەنگە پاڵنەری دووەمی پشت پۆلیسیی، هەر ئەوەبێت کە بتوانی لەو ڕێگەیەوە بڕێك شەقاوەیی بکەیت و هەنێ شەق و دار بوەشێنیت!
دوای دەرەجەی بەکالۆریش، ڕەنگە پاڵنەری پشت هەڵبژاردنی کۆلێژی پزیشکی، هەر ئەو ئیگۆو پێگەیەبێت، کە دوکتۆر لە کۆمەڵگادا هەیەتی، نەك حەزو خۆشەویستی پیشەی پزیشکیی!
لێرەشەوە ئیتر ئەم دووانە هیچیان بە ماناو بە ڕۆح و بە ناوەڕۆك پزیشك و پۆلیس نین و کاتێکیش کە بەو حاڵەوە بەریەك ئەکەون، هەرئەوەی لێدەرئەچێ کە بینیمان.
- لەڕاستیدا نێوانی عەدالەت و ستەمکاریی هەوێ یە. عەدالەت لەوێدا دەرئەکەوێ کە شتەکان ڕووتکەینەوە لە هەر ناسنامەو ئیعتبارێك. ستەمیش لەوێدا ئەکرێ، کە ئەم ڕووتکردنەوەیە ڕوونەداو دەس بە هەوێ و ئیعتبارەکانەوە بگرین، لەسەر حیسابی عەدالەت و ڕاستی!
- لە هەر کەیسێکدا، ڕاستی و عەدالەت گرنگە نەك هەوێ و عینوان و پێگەی کەسەکان. هەرکەس بە قەت خەتاکەی ئەبێ سزا وەرگرێ و هەرکەس بەقەت موستەحەقیی، ئەبێ مافی بۆ بگەڕێنرێتەوە. ئیتر نە دوکتۆریی شەهادەی مەعسومییە لە هەڵەو تاوان. نە پۆلیسیی مۆڵەتی شەقوەشاندنە لە ئینسانەکان!
- کەرامەتیش هەر لە شەقەوە ناشکێ و شەقوەشاندن تەنیا دیوە دیارەکەی کەرامەتشکاندنە. کەرامەتشکاندن دنیایەك شێوازی تری نادیاری هەیەو ئەسڵەن دیوە دیارەکان، تەنیا نەتیجەو دەرکەوتەی دیوە نادیارەکەن. ئەوانەشی کە دێنە ناوچەی کەرامەتشکاندنی دیارەوە، هەرئەوانەن کە بە ناوچەی کەرامەتشکاندنی نادیاردا ڕۆشتوون!
- کەرامەتشکاندن هەر شەقی شەقوەشێنێك نیەو ئەشێ کۆی عەقڵیەتی کۆمەڵگاکەبێت. ئەشێ پەروەردەی وەعزی و فوتێکردنی مامۆستاو بچوککردنەوەی قوتابی بێت. ئەشێ تەندروستی قوچەکی و زلکردنی دوکتۆرو بچوککردنەوەی نەخۆش بێت. ئەشێ سیاسەتی هەرەمی و بەخواکردنی سەرکردەو گرگنکردنی ئەندامەکان بێت. ئەشێ ئابووری چەتەیی و دروستکردنی کۆیلەی نان بێت. ئەشێ تیجارەتی دین و گەورەکردنی کەهەنەبێ لەسەر حسابی بچوککردنەوەی شوێنکەوتووەکان. ئەشێ عەقڵیەتی پیاوسالاری و نابەرابەریی ڕەگەزیی بێت.. کە ئەمانە هەمووی شەقەو لە ڕۆحی ئینسان هەڵئەدرێ و هەر ئەمانەشە ئەبنەوە بە شەقی جەستەیی.
- بە گشتی پەیوەندی ستونیی ڕەگی کەرامەتشکاندنەو پەیوەندی ئاسۆیی، فەزای کەرامەتمەندییە.
ئاخر لە پەیوەندی ستونیدا، مرۆڤەکان لەسەر شان و ملی یەك ئەوەستن و دروستبوونی هەریەکێك لەسەر شکاندنی ئەویتر وەستاوەو لێرەشەوە خودی کۆمەڵگا بریتییە لە "کەڵەبوونی شکاویی"!
- بەڵام لە پەیوەندی ئاسۆییدا مرۆڤەکان لەسەرپێ ی خۆیان ئەوەستن و لەدەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆئەبنەوە. کەرامەتمەندیش هەرئەوەیە کە لەسەرپێ ی خۆتبیت و لەسەر شانی ئەو نەبیت. ئەمە کەرامەتە بۆ هەردوکتان و کە پەیوەندیەکانیش وابوو، ئیتر کۆمەڵگا بریتییە لە "کەڵەبوونی کەرامەت".
جا تا شتەکان ئاسۆیی نەکەینەوە، حاڵی کەرامەت باش نیەو باسکردن لە کەرامەتیش لەناو پەیوەندی ستوونیدا، وەکو ئاوبێژانەوە وایە.
- لەڕاستیدا کاری دوکتۆرو پۆلیس و پێشمەرگەو هەر پیشەیەك، تا ئەوێ ڕێزلێگیراوە، کە ئەوانیتر بینرخێنن. لەو شوێنەدا کە ئەوان، خۆیان نرخ لەسەر کارەکەیان دانێن و پێمانی بفرۆشنەوە، ئیتر ستۆپێك زەرورە! چونکە لێرەوە جۆرێك لە جیاکاری و سواربوون و چەمانەوە دێتە گۆڕێ، کە لایەق بە کەرامەتی ئینسان نیەو شتەکە لە ڕێزگرتنی پیشەکانەوە، ئەبێتە بێڕێزیکردن بە مرۆڤەکان.
- لەڕاستیدا ئینسانی ئێمە بە خوێنەوارو نەخوێنەوارەوە، ئەبێ جارێکی تر پەروەردە بکرێنەوە لەسەرئەوەی کە ئەوان مرۆڤن و هیچی ترنین. کەمتر لە مرۆڤ نین و زیاتریش لە مرۆڤ نین.
جا تا ئەو کاتەی ئەمە ئەبێتە هۆشیارییەکی گشتی و ئەچێتە ناو خێزان و قوتابخانەو باوی کۆمەڵگاوە، کارەکە فەردییەو ئەبێ هەرکەسەو خۆی بیکات.
- یەعنی ئەبێ دوکتۆرێك، ڕۆژی سەدجار بە خۆی بڵێ من مرۆڤم، نەكئەوەی ڕۆژی سەدجار بەخۆی بڵێ من دوکتۆرم. کە بە خۆتت وت من دوکتۆرم، دواتر ئینجا بەوانیتر ئەڵێ ی من دوکتۆرم. ئەوانیش ئاسایی جارێك و دووان ئەڵێن سەرچاومان دوکتۆری، بەڵام لە جاری سێیەم و چوارەمدا، ئیتر پێتئەڵێن دوکتۆری دوکتۆرنیت هەردو چاوت دەرئەهات. ئەمەش بۆ هەموو پیشەکان وایەو هەموویان لەوێداو "لە من مندا" بەر ئەوانیتر ئەکەون و ئاسایشی دەروونیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی تێکئەدەن. بەڵام لە مرۆڤبووندا، هەموومان ئەکەوینە ناو ئاشتی و ئارامییەوە.
- ئینجا بەوپەڕی ڕێزو بە چەپکێك گوڵەوە، بە دوکتۆرەکانمان ئەڵێم: ئێوەی ئەزیز بەبێ هیچ هۆکارێك و هەر بە سروشتی کۆمەڵگاکە، ئیگۆیەکی گەورەتان هەیە،، لەئێستاشدا کە چاوی دنیا لە دەستی ئێوەیە، بێگومان ئیگۆکەتان فڕیوەو بەقەت یەك باڵۆنی لێهاتووە! ئەمەش خۆی کێشەیەو ئاسایی کێشە بۆ خۆتان و بۆ ئێمەش دروستئەکات.
جا ئەگەر "بەخۆشەویستییەوە" دەرزییەکی پیاکەین و فشیبکەینەوە، هیچ خراپ نیە، ئەگەرچی عەزێتیشتان بدا. وەکچۆن ئێوە بە خۆشەویستییەوە، دەرزیمان لێئەدەن و ئازاریشمان ئەدەن و باشیشەچۆنی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق