كوردپلات - بیروڕا
-
پەیمان. عیزەدین
-
چاکسازی و گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسی و حوکمڕانیدا ئەگەرچی لەهەندێ واتا و لێکدانەوەدا دەچنەوە ناو خانەیەک کە دەستکاریکردنی ئەو سیستمەیە ، بەڵام لە خاڵێکی گرنگدا جیاوازن ، بەوەی گۆڕانکاری کار لەسەر گۆڕینی دۆخ و شێوازێک دەکات بۆ دۆخ و شێوازێکی تر لە ڕێی دەستبردن بۆ گۆڕینی بناغە و بنەماکانی حوکمڕانی، هەرچی چاکسازیشە هەمان شێوە، کار دەکات لەسەر دەستکاریکردنی سیستمەکە و بەرەو باشتر بردنی بەڵام بەبێ دەستبردن بۆ بناغە و بنەما جێگیرەکانی حوکمڕانی ، بە نمونە کاتێک چاکسازی لە خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا و ڕێگاوبان دەکەیت ،کارت بەسەر حوکمی بنەماڵە وشێوازی دەستاودەستکردنی دەسەڵاتەوە نیە .بە مانایەکی تر، چاکسازی لە دەسەڵاتێکدا ئەکرێ گەندەڵی بە ئەنقەستی تیا نەبێ و ئیرادەش هەبێ بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و پێویستت بە هەڵتەکاندنی بناغەیەکی شکستخواردو نەبێ .
لەم بوارەشدا پارتی لە هەمو حیزبەکانی تر باشتر و زیاتر پێشوازی لە چاکسازی ئەکات ، چونکە بە باشی سروشتی دەنگدەری کوردستان و پارتە سیاسیە ڕکابەرەکانی دەناسێت و دەزانێت چۆن هەموان لە خەیاڵی چاکسازیدا بهێڵێتەوە و بەهۆیەوە دیکتاتۆریەتی خۆی پسەپێنێ.
پارتی لە سلێمانیدا زیاتر لە دوو هەڵبژاردنە شەڕی دەنگ و کورسی ناکات، نەهێنانی کورسی ساردی ناکاتەوە لە سلێمانی و توشی نیگەرانی ناکات، چونکە ئەو گرەوی لەسەر ئایندەیە ، پارتی ئەزانێت دەنگدەری سلێمانی بۆ هەتاهەتایە و بێ مەرج وەلائی بۆ هچ کەس و حیزبێک نیە ، سلێمانی لەگەڵ هاوسۆزی سیاسی و نەتەوایەتیدا خۆش خەیاڵ نیە و دروشم و خەیاڵپڵاوی تاسەر نایبات ، بەڵگەش بۆ ئەوە هیچ حیزبێک لە سلێمانیدا نەیتوانیوە بێخەم بێ و دەنگدەرانی شارەکە بۆ هیچ حیزبێک ئەو بێپایە نەبون کە تا سەر هی خۆیان بن .
، بۆیە پارتی لێرەوە کار بۆ ئایندەی خۆی دەکات لە سلێمانی، ئەوەی ئەشیکاتە براوە لەم پلانەیدا پاشاگەردانی سلێمانیە، پارچەپارچە بونی یەکێتی و ناڕۆشنیی گۆڕان و نەبونی ئۆپۆزسیۆنە لەم ناوچەیەدا .
پارچە بون و فرەیی بەرژەوەندی و بەرژەوەندخوازانی یەکێتی زوو یەکێتی کردە ڕکابەرێکی لاواز لەبەرامبەر پارتیدا، ناڕۆشنی گۆڕان و دودڵی و ڕاڕایی لەنێوان گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و هەوڵی چاککردن و باشکردنی ئەم حوکمڕانیە شکست خواردوە ، تەواو ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی لاواز و نزیک لە نەمان خستەوە و ترسیی حیزبی رکابەری لای پارتی ڕەواندەوە.
لەسەرو هەموشیەوە نەبونی ڕابەرایەتیەکی دیار بۆ دەنگدەری ناڕازی لە هەرێمدا و نەبونی پەیام و داواکاری جددی بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی سیاسیدا، بەتەواوی گۆڕەپانی سیاسی لەبەردەم پارتیدا خستۆتە سەر پشت.
بۆیە پارتی بە بەردەوامبونی لەسەر تەرکیزخستنە سەر پڕۆژە خزمەتگوزاریەکانی هەولێر و دهۆک و فەرامۆشکردنی سلێمانی جگە لەوەی دەڵێ پارتەکانی سلێمانی پارتی حوکمڕانیی نین لە هەمان کاتیشدا نمونەی ئاوەدانیی زیاتری هەولێر و دهۆک وەک بەڵگەی سەرکەوتنی خۆی پێشکەش ئەکات .
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق