زانیاری ورد لەسەر نرخی نەوت و هۆكارەكانی دابەزینی بۆ سفر

ليست هناك تعليقات


كوردپلات
-
رۆژانی 20 و 21ی نیسان ئەو رۆژانەن کە بازاڕەکانی نەوت لە ساڵی 1983ەوە تائێستا بەخۆیەوەی نەبینیوە، کاتێک نرخی مانگی داهاتووی نەوتی ئەمریکا لە بازاڕەکانی بۆرسەی نیویۆرک بە 38 دۆلار خوار سفر مامەڵەی پێوەکرا و بۆ چەند رۆژێک لە خوار سفر مایەوە.

هیواکان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت رۆژانە بە بڕی 9.7 ملیۆن بەرمیل لە رێککەوتنی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی کە بە ئۆپێک پڵەس ناسراوە لە وانەیە فریای جێگیرکردنی بازاڕی نەوت نەکەوێت، چونکە زۆربەی ئەمباری بەکارهێنەران و بەرهەمهێنەرانی نەوت روو لە پڕبوونە.

یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت بەو رادەیەی ئێستا بەهۆی ئەوەبوو شوێنێک نەماوە بۆ ئەمبارکردنی ئەو نەوتەی بەرهەمهاتووە و بەرهەمدەهێنرێت. 

جگە لە پڕبوونی ئەمبارەکان مەترسییەکی دیکە بەرزبوونەوەی توانای دابینکردنی ئاسایش و تێچووی ئەمبارکردنی نەوتە، بۆیە زۆربەی کۆمپانیاکان هەر چەشنە نەوتێکی بەرهەمهاتوو رەتدەکەنەوە و ئەو گریبەستانەی کردوویانە بۆ وەرگرتنی نەوت لە داهاتوودا دەفرۆشنەوە بەکەمتر لەو نرخەی کە پێشتر لە بازاڕەکانی بۆرسەدا کڕیویانە. 

هەریەکە لە وڵاتانی سعودیە، کوەیت و ئیمارات بۆ فریاکەوتنی نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکاندا پێش ئەو وادەیەی دیارکراوە بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان، دەستیانکردووە بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، بەڵام لەوانەیە فریا نەکەون، چونکە نرخی نەوتی برێنت لە یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکاندا بە رێژەی 24٪ بەهاکەی لەدەستدا و بە دەورووبەری 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

ئەگەری ئەوە هەیە نرخی نەوتی ئەمریکا جارێکی دیکە لە خوار سفرەوە مامەڵەی پێوەبکرێت، ئەویش بەهۆی پڕبوونی ئەمبارەکانی نەوت و زیادبوونی خستنەڕوو بە بەراورد بە خواست بەهۆی راوەستانی جۆڵەی مرۆڤەوە، بەتایبەت لە وڵاتانی پیشەسازی و پێشکەوتوو. 

ئاداری ئەمساڵ تەنیا 15 هەزار فڕۆكە بە ئاسماندا فڕیون 

کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە راپۆتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی بلیتی گەشتکردن و رێکاری حکومەتەکانەوە بە بەهای 880 ملیار دۆلار زیان بەر کەرتی فڕۆکەوانی کەوتووە، ئەوەش کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر خواستی بەرهەمی پاڵاوگەکانی نەوت هەبووە. 

بەپێی راپۆرتێکی فۆربیس زیاتر لە 40 کۆمپانیای سەرەکی فڕۆکەوانی سەرجەم فڕۆکەکانیان لە زەویدان، کە دەکاتە زیاتر لە ٩٠٪ گەشتی ئاسمانی لە جیهاندا. ساڵانە لە مانگی ئادار لەنیوان 175 بۆ 180 هەزار فڕۆکە لە فڕیندابوونە لە ئاسمان، لەکاتێکدا لە ئاداری ئەمساڵ لە نێوان 10 بۆ 15 هەزار فڕۆکە بە ئاسمانەوە بوونە. 

لەلایەکی دیکەوە، بەپێی ئامارەكانی ئاژانسی وزەی نێوەدەوڵەتی EIA لەوانەیە هەندێک لە ئەمبارەکانی نەوت بە بەتاڵی مابێنتەوە بۆ مامەڵکردن بە نرخی داهاتووی نەوتی بەرهەمهاتوو لە بازاڕەکاندا. ئەمەش کێشەی بۆ نرخی نەوتی بەرهەمهاتوو دروستکردووە، دوای ئەوەی مەزەندەی شارەزایان بۆ توانای ئەمبارەکان هەڵە دەرچوو و دەرکەوت توانای ئەمبارکردنی نەوت لە ئەمریکا 10 ملیۆن بەرمیل زیاترە لەوەی پێشتر مەزەندە کرابوو. 

فریدرێک لورینس، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووری سەربەخۆی نەوتی ئەمریکا IPA پێیوایە "ئەوەی لە رۆژانی 20 و 21ی نیسان لە نرخی داهاتووی نەوتی ئەمریکا بینیمان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی دۆخەکە زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕێدەکرێت بەرەو خراپتر دەچێت". 

لەناوخۆدا بیسووتێنن باشترە لە هەناردەكردن 

کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت بەرهەمهێنەرانی نەوتیان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو نەوتەی ناردوویانە شوێنیان بۆ نییە یان ناتوانن وەریبگرن، ئەوەش بەو مانایە دێت کە دەبووایە زووتر بیریان لە داخستنی بیرەکان بکردایەتەوەو بۆ ئێستایان رانەگرتبا. 

ئاماژەکانی بازاڕی نەوت بەرهەمهێنەرانی تووشی بڕیاری قورس کردووە، وەک چۆن سەرچاوەیەکی تایبەت بە ئاژانسی رویتەرزی بەریتانی راگەیاندووە بەرهەمهینەرانی نەوتی رووسیا بۆچوونیان وایە "نەوتی بەرهەمهاتوو لە ناوخۆ بسووتێنن باشترە لەوەی هەناردەی بازاڕەکانی بکەن".

چاوەکان لەسەر رۆژانی داهاتوو بەتایبەت راپۆرتی چارەکی یەکەمی کۆمپانیا گەورەکانی بەرهەمهێنەری نەوت وەک ئێکسۆن، تۆتاڵ، شیڤرۆن، شێڵ و بی پییە، کە راپۆرتی چارەکی یەکەمی ئەمساڵیان لەبارەی قازانج و خەرجییەکان دەخەنەڕوو، کە چاوەڕێدەکرێت کەمکردنەوەی خەرجییەکانیان لە بەرهەمهێنانی نەوت لە ئاستی جیهان و چۆنیەتی رێکخستنەوەی پشکی کۆمپانیاکانیان لە خۆبگرێت، هەڵبەت پێشبینیکردنی ئەمە کارێکی هێندە قورس نییە چونکە پێنج کۆمپانیایە، کە بە پێنج خۆشکەکەی بواری نەوت ناسراون، لە مانگی رابردوو بە رێژەی ٢٠٪ خەرجییەکانیان کەمکردەوە، ئێستاش چەندی دیکە کەمیبکەنەوە ئەوەندە بەهای پشکەکانیان روو لە دابەزین دەبێت.

بەپێی راپۆرتی دارایی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی کۆمپانیای بی پی، کە رۆژی 28ی نیسان بڵاوکرایەوە، داهاتی کۆمپانیاکە لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ بە بەرداورد بە چارەکی یەکەمی ساڵی رابردوو، دوو لە سەر سێ کەمیکردووە. واتە داهاتی کۆمپانیاکە لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو 2.4 ملیار دۆلار بووەو کەمیکردووە بۆ 800 ملیۆن دۆلار. کۆمپانیای بی پی لە وەسفی دۆخی ئێستای کۆمپانیاکەدا لە بازاڕەکانی نەوتدا ئاماژە بەوەدەکات کە ئەم دۆخە " تووشی نادڵنیاییەکی بێ وینەمان دەکات" .

هارۆڵد هام ملێاردێری ئەمریکی خاوەنی کۆمپانیای CRI لە بواری نەوتدا رایگەیاندووە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی لەبواری بەرهەمهێنانی نەوت لە هەردوو ویلایەتی ئۆکلاهۆما و نۆرس داکۆتا لە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیەوە رادەگرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ناتوانێ نەوتی بەرهەمهاتوو بگوازێتەوە بۆ بەکارهێنەر. 

ملێاردێرەکەی ئەمریکا و چەندانی دیکە بڕوایان وایە ئەوەی روودەدا نەبینراوە و پێشبینینەکراوە، چونکە کاتێک گریبەستێک دەکرێت سەیری ئەزموونی 100 ساڵی رابردوو دەکرێت، بە رووداو و نۆرمەکانی ئەو ساڵانەدا گریبەستەکە دەکرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا لە دەرەوەی ئەو نۆرم و رووداوانەی رابردووە، بۆیە بەرهەمهێنەر و بەکاربەری نەوت دەچنە قۆناخیێکی نوێیەوە، ئازاد دەبن لە گریبەستکردن. 

لەوانەیە ئەوەی لە رۆژانی 20 و 21ی نیسان روویدا دووبارە نەبێتەوە، بەڵام ئەگەر دووبارە بێتەوە ئەوکات نرخی بوتڵێکی فڕێدراو لەسەر رێگەکان کە بەرهەمی نەوتە زیاتر بکات لە نرخی بەرمیلێک نەوتی بەرهەمهاتوو لە بازاڕەکانی بۆرسەدا.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif