نەوت پارە نەکات کوردستان و عێراق دەبنە خاوەنی ئابووری پێشکەوتوو

ليست هناك تعليقات
كورد پلات - بیروڕا

لەئەگەری ئەوەی نەوت پارەنەکات و ھەرێمی کوردستان نەتوانێت ھەناردەی بکات، چی روودەدات و دەبێت حکومەت و کەرتی تایبەت و خەڵک چی بکەن؟
 
ئەم گریمانەیە لەحەفتاکان و ھەشتاکانی سەدەی رابردوو کاری لەسەر کرا لەسەر ئاستی ھەموو ئەو دەوڵەتانەی کە زیاتر پشتیان بەنەوت بەستبوو، چونکە دەرکەوت نەوت ئەگەر بکرێت بەتەنھا سەرچاوە وەک ئێستای عێراق یان سەرچاوەی سەرەکی وەک ھەندێک وڵاتی عەرەبی ھەمیشە ئایندەی ئەو وڵاتە لەمەترسی داڕووخان و تەپیندایە.
 
چونکە نەوت لەلایەک کاڵایەکی ئابوورییە و لەلایەک کاڵایەکی سیاسی ئابوورییە، و پاش پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاش ھەمیشە بۆی ھەیە جێگرەوەی بۆ بدۆزرێتەوەو رۆڵی یان نەمێنێت یان زۆر کەمبکات ، وەک ئێستا ئەوە چەند ساڵێکە نەوتی بەردین یان لیتە یان لم دۆزرایەوەو بەردەوام پێشدەکەوێت، ھەروەھا وزەی پاک و ھاوڕێی ژینگە وەک وزەی خۆر و ھەوا و ئاو، بەردەوام لە پێشکەوتندان و رۆژێک دێت ھەموو دونیا دەستبەرداری نەوت دەبن.
 
بۆیە ئەو وڵاتانەی سیستەمی ئابووری وڵاتەکەیان دەستکاری کرد و جێگیریان کرد، زۆر پێشکەوتن و لەخەم و ترس دەرچوون، بەڵام ئەو وڵاتانەی دەستیانپێکرد و وەک عێراق پەشیمان بوونەوە ئێستا دووچاری گەورەترین قەیران دەبنەوە.
 
عێراق لەکۆتایی حەفتاکاندا پرۆسێسی گۆڕینی سیستمەکەی لەنەوتەوە بۆ کشتوکاڵ و پیشەسازی زۆر سەرکەوتووانە ئەنجامدا و درووشمی "کشتوکاڵ نەوتێکی ھەمیشەییە" ی راگەیاند و سەرکەوتنی بەدەستھێنا، گەیشتە ئەو ئاستەی بەروبوومی کشتوکاڵی کوردستان و عێراق ساڵانە دەگەیشتە کوەیت و ئیمارات و جووتیارەکان دەوڵەمەندبوون، کارگەکان زۆر گەشەیانکردو پێشکەوتن ، ھەندێک بەرھەمی پێویستی ژیان گەیشتە خۆبژێوی و ھەندێکی گەیشتە پرۆسەی ھەناردەکردن.
 
بەڵام شەڕی ئێران و عێراق ھەموو خورییەکەی کردەوە بە ریس و عێراق دەستیکردەوە بە نەوت فرۆشتن و وازی لەکشتوکاڵ ھێنا و لەسەر پارەی نەوتی ئایندە دەستیکرد بە قەرزکردن و نەوتی 25 ساڵی پێشفرۆشکرد. ئەوەبوو لەساڵی 2002 ئاستی قەرزەکانی عێراق گەیشتە 350 ملیار دۆلار، و خەڵکە ئیشکەر و بەرھەمھێنەرەکەی کردە سەرباز و سووتەمەنی شەڕ.
 
ئێستا فرسەتەکە دووبارە دەبێتەوە بۆ بووژانەوەی ئابووری گشتگیر ئەگەر ئەم ھەنگاوانەی خوارەوە بنرێت، (بەمەرجێک ئەگەر بەرمیلی نەوت ببێتە 200 دۆلاریش حکومەتی عێراق و کوردستان پەشیمان نەبنەوە لەوەی کەدەستی پێدەکەن) ئەم ھەنگاوانە بگرنەبەر:
 
- دوو سێکتەر بکرێتە بنەڕەتی ئابووری ، یەکەمیان کشتوکاڵ بەپێی پلانێکی زانستی دووەمیان پیشەسازی.
 
- بازاڕ و زانکۆکان زیاتر ببەسترێنەوە بەو دوو سێکتەرەوە.
 
- نەوت و غاز بەپلەی یەکەم بخرێتە خزمەتی ئەو دوو سێکتەرە بە نرخێکی رەمزی.
 
- غازی کوردستان (لەبری ئەوەی ھەر لەئێستاوە بیر لەوەبکەنەوە چۆن ھەناردەی بکەن و بیفرۆشن و کاشەکەی بگێڕنەوە)  بەرنامەو پلان دابنێن بۆ راکێشانی غاز بۆ ھەموو ماڵەکان و کارگەکان و جێگاکانی پەلەور بەخێوکردن و ھەرجێگایەکی خزمەتگوزاری یان بەرھەمھێن کە ئیش و کاری بە غاز دەڕوات.
 
- حکومەت سیستەمەکە واداڕێژێت کەھەر کەس و کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت بتوانێت پێداویستییەک بەرھەم بێنێت زەمانەتی بکات.
 
- حکومەت بۆ سەرکەوتنی سیاسەت و سیستمەکە و بۆ دڵنیایی کەرتی تایبەت کاتێک سیستمەکە دادەڕێژێت بیبەستێتەوە بە عێراقەوە بۆ ئەوەی ھەمیشە بازاڕێکی 40 ملیۆنی بەکاربەری ئامادە ھەبێت بۆ بەرھەمەکانی کەرتی تایبەت.
 
- حکومەت لە پێنج ساڵی یەکەمدا دەتوانێت گرێبەست بکات لەگەڵ دوو جۆر وڵاتدا بۆ پێشکەوتنی کشتوکاڵ و پێشەسازی بچووک و مامناوەند، یەکەمیان ئەو وڵاتانەی پارەدارن زۆر پێویستیان بە ئەمنی خۆراک ھەیە و دووەمیان ئەو وڵاتانەی کە تەکنەلۆژیای ئەو دوو بوارەیان زۆر پێشکەوتووەو گونجاون لەگەڵ ئێرە، ئەم باسی پێنچ ساڵی یەکەمە بۆ ئەوەی تا لەسەر پێی خۆمان دەوەستین و فێردەبین و قۆناغی یەکەمی خۆژیەنی تێدەپەڕێنین .
 
- عێراق و کوردستان بەئاسانی دەتوانن پێکەوە سیستمەکە داڕێژن و بەشی زۆری بەرھەمھێنانەکەش دەکەوێتە کوردستان بەتایبەت ، کشتوکاڵ و پیشەسازی کشتوکاڵ و، پیشەسازی کەرەسەی خانووبەرە.
 
- عێراق و کوردستان دەتوانن گەورەترین کارخانەی پترۆکیمیایی دامەزرێنن کە دەتوانێت زۆربەی پێداویستییەکانی کەرەسەی خاوی کارخانەکانی بچووک و مامناوەند بەرھەم بێنێت و لەدەرەوە ھاوردە نەکرێت، ئەوەش ئێستا بەھۆی تەکنەلۆژیاوە بەئاسانی دەکرێت و تێچووەکەشی وەک جاران نییە.
 
- پێویستە لەوە دڵنیابین کە ئەم کارە زۆر ئاسانە بەڵام بۆ کێ و بۆ کام حکومەت و دەسەڵات ؟
 
- حکومەت و دەسەڵات کاتێک سەرکەوتوو دەبێت و دەتوانێت ئەم جۆرە سیستەم و بەرنامە و پلانانە جێگیر بکات و  بیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بتوانێت و باوەڕی تەواوی ھەبێت کە نەوت و غاز فرۆشتن و گەڕانەوەی پارەکە و یاری بەکاش کردن ئابووری نییە و ئابووری دروست ناکات، ئەوە دەستبڕینە، ئەوە خەڵک و مرۆڤ لەکارخستنە، ئەوە بەردەوامبوونە لەسەر بەکۆیلەکردنی مرۆڤ بێ ئەوەی ھەست بەخۆی بکات، ئەوە ئایندە سووتاندنە، بەڵگەشمان ئەوەیە بۆ نموونە ئەگەر تا یەکساڵی دیکە نەوت پارەنەکات و کاش نەبێت بدرێتە مووچە، چی لەم وڵاتە روودەدات ؟ وەڵامی ئەم پرسیارە روونە لانیکەم تاکۆتایی ساڵەکە زۆرینەی خەڵک دەکەونە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە.
 
بۆیە ئێستا فرسەتەکە ھاتووە و دەبێت حکومەت و دەسەڵات ئازا و بەرچاوڕوون بن ، سڵ نەکەنەوە لە پەیڕەوکردنی سیستەمێکی ئابووری نوێ و تۆکمە و بەدڵنیاییەوە سەرکەوتن بەدەست دێت، وڵات دەگەشێتەوە، ھەلیکار زۆر دەبێت و ترسی برسێتی و قات و قڕی روونادات.
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif