پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو کازمی حکومەتەکەی رابگەیێنێت

ليست هناك تعليقات
كورد پلات - هەواڵ

دانوستاندن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق کۆتایی نەهاتووە، چونکە ناکۆکییەکان لەسەر وەزارەتەکان و پۆستە باڵاکان بەردەوامن، لەکاتێکدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو هەوڵی کۆکردنەوەی هەڵۆکانی لایەنە سیاسییەکان لە حکومەتەکەی دەدات بۆئەوەی بتوانێت رووبەڕووی قەیران و ئاستەنگەکان ببێتەوە، بەڵام ناڕەزایەتیی هاوپەیمانییەکانی سائیروون، دەوڵەتی یاسا و سادیقوون لەنێو ماڵی شیعە تائێستا رێگرن لەو هەوڵەی کازمی.
 
سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی لەوبارەیەوە دەڵێ، سەرەڕای ناکۆکییەکان، پێشبینی دەکەن هەفتەی داهاتوو کازمی حکومەتەکەی رابگەێنێت.
 
عەقیل ردێنی، سەرکردەی هاوپەیمانیی نەسر دەڵێ "دانوستاندنی چڕ و فراوان بەڕێوەدەچێ سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستە وەزاریەکان بەپێی دەستکەوتی هەڵبژاردن، وەکو لە خوولەکانی پێشوو هەبوو، سێ وەزارەت بۆ برایانی کورد، شەش وەزارەت بۆ برایانی سوننە، 11 وەزارەت بۆ برایانی شیعە دەبن و چەند پێکهاتەیەک دەستکەوتیان دەبێ، بۆیە بە دڵنیاییەوە پێشبینی دەکەین لە هەفتەی یەکەمی مانگی رەمەزان کازمی حکومەتەکەی رابگەیەنێت".
 
بەپێی راگەیێندراوی دوا کۆبوونەوەی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان، بەربژێر بۆ 17 وەزارەتی حکومەتی نوێ دەستنیشانکراون و ئەوەی ماونەتەوە و یەکلانەکراونەتەوە بریتین لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پیشەسازی، کۆچ و کۆچبەران و وەرزش و لاوان، هاوکات بە وردبوونەوە لە ناوی بەربژێرەکان ئاشکرا دەبێ، کازمی هەوڵی رازیکردنی هەموو لایەنە سیاسییە گەورەکانی شیعە و سوننە و کوردی داوە، بەڵام لایەنە سیاسییەکانی سوننە و شیعە هەریەکەو بەجیا لەنێو خۆیاندا لەسەر دابەشکردنی وەزارەتەکان ناکۆکن.
 
سەڵاح عەرباوی، سەرکردەی رەوتی حکیمەی نیشتمانی لە عێراق، سەبارەت بە بەربژێران بۆ وەزارەتەکانی حکومەتی نوێ رەشبینە و لە توویتێکدا لە هەژماری خۆی رایگەیاند "بەداخەوە حکومەتی پێشنیازکراو ئەگەر راستبێ و بەو شێوەیە بێ، بێهیوای کردین، لەگەڵ رێزمان بۆ بەشێک لەو ناوانەی کە تێیدان".
 
بەڵام زانیارییەکان دەڵێن ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکان تەنیا لەسەر وەزارەتەکان نییە، بەڵکو لەسەر پۆستە باڵاکانی دیکەشە، وەکو پۆستی جێگرانی سەرۆکوەزیران و ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرانی مەدەنی و سەربازیی نووسینگەی سەرۆکوەزیران.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی دەستووری عێراق، مستەفا کازمی تەنیا تاوەکو هەفتەی یەکەمی مانگی داهاتوو کاتی لەبەردەستە بۆ پێشکەشکردنی حکومەتەکەی بە پەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی متمانە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif