درێژە بە گەڕەلاوژەی سیاسی نادەین

ليست هناك تعليقات


كوردپلات - چاوپێكەوتن

-

زۆرینه‌ى ره‌هاى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سیاسى و جێبه‌جێکردنى هاوپه‌یمانیى به‌وته‌ى دکتۆر موئمین زه‌ڵمى له‌ ماوەی رابردوودا ده‌ستیانله‌کارکێشایه‌وه‌ و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران (په‌رله‌مان)ى هاوپه‌یمانیى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئه‌وحزبه‌ى راگه‌یاند.

له‌م چاوپێکه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى، د. موئمین زه‌ڵمى ئه‌ندامى پێشووى ئه‌نجومه‌نى سیاسى هاوپه‌یمانى که‌ پاش ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ى لە هاوپه‌یمانیى نیشتمانى قسه‌ له‌سه‌ر بارودۆخى ناوخۆیى هاوپه‌یمانیى ده‌کات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وه‌ى ئه‌وان کردوویانه‌ ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌ نه‌بووه‌ به‌ڵکو " ئینقاز بووه‌ بۆ رزگارکردنى گه‌نجان و هاودیدانى هاوپه‌یمانیى له‌ غه‌رقبوونیان له‌ گه‌ڕه‌ڵاوژێ سیاسییه‌کاندا".
هاوڵاتى: له‌ ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا هاوپه‌یمانى و نه‌وه‌ى نوێ دروست بوون هه‌ردو هێزه‌ نوێکه‌ بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌تان ده‌کرد که‌ نمونه‌یه‌کى جیاوازن له‌ یه‌کێتى و پارتی، به‌ڵام هه‌ردوو پارته‌که‌ ناکۆکى و که‌رتبونتان تێکه‌وت ئه‌مه‌ بۆچی؟
د. موئمین زه‌ڵمی: له‌ راستیدا بارودۆخى سیاسى کوردستان به‌ داخه‌وه‌ وه‌ک زۆربه‌ى کایه‌کانیترى ژیانى تاکى کوردی، بارودۆخێکى ناته‌ندروسته‌، ئه‌مه‌ش له‌ ده‌یه‌ى رابردوودا زیاتر هه‌ستى پێکرا، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو که‌ وایکرد گوڕو تینى جیاواز له‌ چه‌ند لایه‌که‌وه‌ وه‌گه‌ڕبخرێن بۆ هه‌وڵدان بۆ راستکردنه‌وه‌ى ئه‌و باودۆخه‌ سیاسیه‌. دڵنیام هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ش که‌ به‌م ئه‌رکه‌ هه‌ستاون، روئیاى جیاوازیان هه‌بووه‌، ئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر له‌ راگه‌یاندنى هاوپه‌یمانییه‌وه‌ رامانگه‌یاند نیازمان تێپه‌ڕاندنى دابه‌شکارییه‌کانه‌، چونکه‌ کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان دابه‌شبوونه‌که‌ى فراوانه‌ و سنوره‌ سیاسى و جوگرافى و کۆمه‌ڵایه‌تى و ئاینییه‌کان ته‌واو تۆخکراونه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ش ئێمه‌ به‌ نه‌فه‌سێکى نوێى گه‌نجانه‌ و به‌ ئامانجى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى و سیاسه‌ت و حیزبایه‌تییه‌کى ته‌ندروست و گێرانه‌وه‌ى متمانه‌ بۆ سیاسه‌ت و حیزب، هه‌نگاومان هه‌ڵگرت و به‌رده‌وامیماندا به‌ هاوپه‌یمانى و له‌م پێناوه‌شدا هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندییه‌ شه‌خسییه‌کانمان وه‌لاناو له‌ چوارچێوه‌ى هێنانه‌دى ئامانجه‌کان و چاکه‌ى گشتییدا کارمان کرد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌موو تواناى خۆمان خسته‌گه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى به‌ ئاراسته‌ى ئامانجه‌کانى هه‌نگاو بنێ و هیوا بگێریته‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ى سیاسیی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ست له‌ ئامانجى خۆى به‌لاڕێدابرا و له‌ برى پرۆژه‌یه‌کى نیشتیمانى سیاسی، ئاماژه‌کانى کردنى به‌ دوکانى سیاسیى لێوه‌ به‌ده‌رکه‌وت، که‌ ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى دیدگا و ئامانجى سیاسیى ئێمه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى باڵاى خه‌ڵکى کوردستانه‌، چونکه‌ بڕوامان وایه‌ ده‌بێته‌ بارگرانیه‌کیتر و جگه‌ له‌ زیادکردنى ژماره‌یه‌کیتر بۆ ژینگه‌ى حیزبى هیچیتر نیه‌. بۆیه‌ش بارودۆخى هاوپه‌یمانیى ناکۆکى ناوخۆیى نیه‌ ئه‌وه‌نده‌ى رۆڵبینینه‌ بۆ وه‌ستانه‌وه‌ دژى تاکڕه‌وى و ناشه‌فافیه‌ت و نارۆشنى دیبلۆماسییه‌ت و ناپه‌به‌ندییه‌ به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆوه‌.
هاوڵاتى: ماوه‌ى دوو ساڵه‌ چۆن ئیداره‌ى حزبه‌کاتان کردووه‌ له‌ روى داراییه‌وه‌، سه‌رچاوه‌ى داراییتان چى بوو؟ چۆن خه‌رج ده‌کرا؟ 
د. موئمین زه‌ڵمی: نارۆشنى پرسى دارایى و قۆرخکارى و ناشه‌فافییه‌ت و پابه‌ندبوون به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى حزب و کارنه‌کردن به‌ یه‌ک تیمى و ئاڵۆزى و پڕگرێوگۆڵى په‌یوه‌ندییه‌ حزبییه‌ ناوخۆیى وئیقلییمه‌ییه‌کان ئه‌و هۆکارانه‌بوون که‌ واى لێکردین راستییه‌کان بۆ هاودیدان و جه‌ماوه‌رى کوردستان روونبکه‌ینه‌وه‌ و بێبه‌ریبوونى خۆمان له‌هه‌ر هه‌نگاوێکى سیاسى دامه‌زرێنه‌رانى هاوپه‌یمانیى بگرینه‌به‌ر و پێمان وایه‌ روونکرده‌وه‌ى بارودۆخه‌که‌ بۆ هه‌موولایه‌ک قۆناغى گه‌شى هیوادارییه‌ بۆ ئینقازى گه‌نجانى ناو حزبه‌کان به‌و ئاقاره‌ سیاسییه‌ ناته‌ندروسته‌ى که‌ دامه‌زرێنه‌رانى ده‌یانویست ئاراسته‌یان بکه‌ن، ئێمه‌ هه‌وڵى زۆرماندا و چه‌ندین پرسیارمان کرد و وه‌ڵامى رۆشنمان ده‌ستنه‌که‌وت.
هاوڵاتى: بۆچى ده‌ستانله‌کارکێشایه‌وه‌ نه‌ده‌تانده‌توانى به‌پێى په‌یره‌وى ناوخۆ کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن؟
د. موئمین زه‌ڵمی: له‌ راستیدا کۆمه‌ڵێک هۆکارى بابه‌تى وایان لێکردین به‌م ساڵڤج و ئینقازه‌ هه‌ستین بۆ رزگارکردنى گه‌نجان و هاودیدانى هاوپه‌یمانیى له‌ غه‌رقبوونیان، و چیتر گه‌ڕه‌لاوژێ سیاسییه‌کان قبوڵ نه‌که‌ین و هاودیدان و راى گشتى ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌، له‌ پێش هه‌موویانه‌وه‌ به‌لاڕێدابردنى دیدگا و پڕۆژه‌ى نیشتیمانى که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌و ئامانجه‌ فراوانه‌ به‌رده‌وامیمان به‌ هاوپه‌یمانى دا، تاکو له‌ حزب فراوانتر بێت و بکرێته‌ هه‌وێنى خزمه‌ت به‌ خه‌ڵک و کارى پێکه‌ویى نیشیمانییانه‌.
هه‌روه‌ها ناڕوونى له‌ سیاسه‌تى هاوپه‌یمانى و پابه‌ندنه‌بوون به‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆ و پلانى ستراتیجى چوار ساڵى هاوپه‌یمانی. گرنگه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بده‌م که‌ ته‌واوى هاودیدان به‌ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سیاسیشه‌وه‌ خۆبه‌خشانه‌ و له‌سه‌ر گیرفانى خۆیان هاوپه‌یمانیان ڕاگرت، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا ناشه‌فافى له‌ سه‌رچاوه‌کانى دارایى حیزب که‌ دامه‌زرێنه‌رانى هاوپه‌یمانیى له‌ هه‌موو هاودیدانیان ده‌شارده‌وه‌ به‌ یاریده‌ده‌ر و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سیاسیشه‌وه‌.
به‌داخه‌وه‌ ده‌بێ بڵێم که‌ میکانزمى بڕیاردان له‌ ناو هاوپه‌یمانیدا به‌پێى بنه‌ماکانى کارى هاوپه‌یمانى نه‌بووه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌ى کارى پێکه‌وه‌ییه‌وه‌ بڕیار ده‌رکراوه‌، ئه‌مه‌ش وایکردووه‌ وێڕاى بوونى ناڕه‌زایی، چه‌ندین بڕیاڕى هه‌ڵه‌ى تاکڕه‌وانه‌ به‌سه‌ر هاوپه‌یمانیدا تێپه‌ڕێنرێت، له‌ لایکیتره‌وه‌ ئه‌گه‌رچى دروستکردنى په‌یوه‌ندى سیاسى و دیبلۆماسى به‌ پێى په‌یڕه‌وى ناوخۆ، یه‌کێک بووه‌ له‌ کاره‌ سه‌ره‌کییه‌کانى ئه‌نجومه‌نى سیاسیی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ هه‌نگاوه‌کان نراون.
هاوڵاتى: چاره‌نوسى ئه‌ندامه‌ وازهێنراوه‌کان چى ده‌بێت؟ پلان و به‌رنامه‌ى داهاتوتان چیه‌؟ ده‌چنه‌وه‌ نێو حزبه‌کانتان یان بیرۆکه‌ى ترتان هه‌یه‌، هیچ حزبێک په‌یوه‌نده‌ى پێوه‌که‌ردون دواى وازهێنانتان؟
د. موئمین زه‌ڵمی: بۆ پڕۆژه‌ى داهاتوومان، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانى خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان کارى سیاسى و مه‌ده‌نى خۆمان ده‌که‌ین و له‌ به‌ره‌ى خه‌ڵکدا ده‌بین و هیچ کات ناچینه‌ نێو به‌رژه‌وه‌ندى و ململانێ ناته‌ندروسته‌ حیزبییه‌ بچوکه‌کانه‌وه‌.
پێمانوایه‌ ئێمه‌ و هاوڕێکانمان ئه‌و سامانه‌ مرۆییه‌ین که‌ ده‌توانین ببنه‌ پایه‌ى سه‌ره‌کى به‌ره‌ى داکۆکى راسته‌قینه‌ له‌ خه‌ڵکى کوردستان و ئاماده‌یى خۆمان بۆ ده‌ستبارگرتن له‌گه‌ڵ دڵسۆزانى خه‌ڵک راده‌گه‌یه‌نین. له‌ داهاتووشدا تواناکانى خۆمان ده‌خه‌ینه‌ خزمه‌تى خه‌ڵکه‌وه‌، وه‌ک ئاماژه‌م پێکرد ئێمه‌ له‌ پێناو گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌ بۆ سیاسه‌ت و حزب له‌م وڵاته‌دا به‌رده‌وامیمان به‌ هاوپه‌یمانیدا و ئه‌م ئاڵه‌نگارییه‌ گه‌وره‌یه‌مان گرته‌ ئه‌ستۆ، بڕیارى ئێستاشمان هه‌ر له‌سه‌ر هه‌مان پره‌نسیپه‌ و له‌ سه‌ر بنه‌ماى گێڕانه‌وه‌ى متمانه‌یه‌ به‌ سیاسه‌تى ته‌ندروست و نیشتیمانیانه‌ ده‌ستمان له‌کارکێشاوه‌ته‌وه‌.




سازدانى: هاوڵاتى

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif