عوسمان عبدلڵە گوڵپی
-
لە دنیای ئێمەدا سیاسەت و حیزبایەتی، بەمەبەست و پلان ناشیرین و ئاڵۆز و لێڵ كراوە، بۆیە دەبێت خۆمان و خەڵك تێبگەیەنین كە حیزبایەتی و سیاسەت ئەو وێنەیە نیە كە بەپلان بۆی كێشراوە، ئەمەش ئەركێكی قورسە و تەنها بە قسە كافی نیە، دەبێت هاوڵاتی ئاسایی ببینێت كە سیاسی ڕاوچی خراپ نیە تا لە ئاوی لێڵدا مەلە بكات، دەبێت خەڵك ببینێت چونكە باوەڕی بە قسە نەماوە،
ئەو خەڵكە ناحەقی نیە كە خەریكە بەتەواوی حیزبایەتی و سیاسەت بە دوژمن و تاوانباری سەرەكی تێكدانی ژیانی خۆی دەزانێ، ئەوان لەسەر حەقن كە متمانەیان نەماوە و بێ هیوابوون و هیچ دڵخۆش نین، چونكە زۆرێك، بەناوی پەیوەندی سیاسیەوە بونەتە جێبەجێكاری سیاسەتی ئەملاو ئەولا و پیاوی قونسوڵخانەكانیان، بەناوی سیاسەت و حیزبایەتیەكەوە كە خۆیان ڕەنگیان كێشاوە بونەتە بازرگان و ئەندامانی حیزبەكانیان وەك كاڵا مامەلە لەگەڵ دەكەن، بەناوی گۆڕانكاری و ڕزگاركردنی خەڵكەوە بوونەتە خاوەنی سەدان دەفتەر دۆلار بۆ داهاتووی خێزانیان، خەریكی پیس خۆرین و هەواڵ فرۆشیان كردۆتە پیشە، كێیان ویستوە بە تۆمەتی بێ بنەما تیرۆری مەعنەویان كردوە، زانیاریان لەسەر باشترین هاوڕێكانی خۆیانداوەتە شوێنان بۆ بەهێزكردنی پێگەیان یان مشتێك پارە، سیاسەتیان كردۆتە دوو ڕوویی و درۆ و بازرگانی.
بۆیە لە دۆخێكی لەو جۆرەدا كە حیزبایەتی و سیاسەتی لە ڕێڕەوەكەی خۆی لاداوە، ئەركی هەموانی قورس كردوە، دەبێت بەكردار حیزبایەتی و سیاسەت جوانكەینەوە، ئەمەش پێویستی بە ڕاستگۆی و بوێری هەیە، پێویستە دەست بخەینە سەر برینەكان و دیوارەكانی ئەو حیزبایەتیە ناتەندروستە بڕوخێنین، دەبێت نەترسین و قوربانی بدەین، ڕاست نەكردنەوەی هەڵەكان بە قازانجی سیاسیە بەرژەوەندی خوازەكانە و زیانی خەڵك
دەبێت بەردەوامبین تا حیزب و سیاسەت دەخرێتەوە خزمەتی خەڵك، تا جاسوسی و خیانەت و بازرگانی بە حیزب و سیاسەتەوە نامۆ دەكەین، دەبێت بەردەوامبین تا گەندەخۆرەكان ڕوویان نەیەت لە حیزب و سیاسەتدا بەناومانەوە قسەی قەبە قەبە بكەن
دەبێت پێكەوەبین و ڕاوێژبكەین و بوێرانە هەنگاو هەڵگرین تا بەكردار و دوور لە قسە، حیزبایەتی و سیاسەت دەخەینەوە خزمەتی كۆمەڵگە، دەبێت هەموان لە هەوڵی نابوتكردنی سیاسیە مشەخۆر و بەرژەوەندی خوازەكاندابین و پشتیوانی ئەوانەی كە ڕێگا دروستەكەی سیاسەت و حیزبایەتیان گرتوە، تا ئەوكاتەی حیزبایەتی و سیاسەت دەكەوێتەوە سەر سكەی ڕاستەقینەی خۆی
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق