ئاسۆ عبدلتیف
-
ساڵانی رابردوو پریشكی ئه‌و جه‌نگه مه‌زهه‌بی و نهزعه دینییه كۆنزه‌رڤاتیڤ و كوشنده‌یه‌ی عێراقی نوێ، به‌ر كورد و كه‌ركووك و ناوچه جێناكۆكه‌كانی كوردستان كه‌وت، تا ئێستاش وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك ئه‌و نهزعه دینی و سێبه‌ره ناسیۆنالیزم و تائیفییه ماوه‌ته‌وه له‌لایه‌ن حه‌شدی شیعییه‌وه به‌رانبه‌ر به كوردستان و پێكهاته‌كانی ناوی، كه‌چی هه‌وڵ ده‌ده‌ین به ده‌ستی خۆمان هه‌رێمی كوردستان بخه‌ینه‌وه ناو ئه‌و دۆخه مه‌ركه‌زییه تائیفی و ئایدۆلۆژیه‌ی كه عێراقی نوێی له‌سه‌ر بنیادنراوه‌و ئومێدێك نابینرێت كورد ئازاد و سه‌ربه‌خۆبێت تیایدا.
ناسنامه‌ی تازه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌وه‌یه كه هه‌یه و ده‌بینرێت، ناكرێت وه‌ك سویسرا و كه‌نه‌دا ته‌ماشای بكه‌ین، شتێك نییه و نه‌ماوه له عێراق وه‌ك سێنتراڵ و مه‌ركه‌زێكی به‌هێزی دیموكراسی و ئابووریی هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌ته دیموكرات و فیدراڵ و كۆنفیدراڵهكانی جیهان تاوه‌كو هه‌رێمی كوردستان، پارێزگاكانی خۆی بۆ بكاته قوربانیی و لا مه‌ركه‌زیی یان حوكمی خۆجێیی، ئه‌مه به‌شێكی ده‌رهاوێشته‌ی حیزبی و ململانێی ئایدۆلۆژییه و وه‌ك شه‌پۆلێكی سه‌ركێش وایه و ناكرێت خۆمانی ته‌سلیم بكه‌ین، خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێك فهیسبووكهوان و شرۆڤه‌كاری ساده بۆ ئه‌م ره‌وشه وایكردووه، نه په‌رله‌مان ده‌بینێت و نه حكومه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی، نه قونسوڵگهرییهكان و هێزی هاوپه‌یمانان و نه نووسینگه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌مه‌ریكا و نه فڕۆكه‌خانه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌و جووڵه دیبلۆماسیانهش نابینێت كه رۆژانه له گه‌شتی مهكوكیدان و رووده‌كه‌نه ئه‌م هه‌رێمه و وه‌ك هه‌رێمێكی دیفاكتۆی هاوسه‌نگ سه‌یری ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌و خوێندنه‌وانه بۆ لامه‌ركه‌زیه‌ت و ئیداره‌ی لۆكاڵی ئه‌گه‌ر له رووی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیشه‌وه سه‌یری نه‌كه‌ین زۆر هه‌ڵه و سه‌رچیخ چووه، لامه‌ركه‌زیه‌ت له عێراق ئه‌وه نییه كه هه‌یه‌و جیهانی دیموكرات و لیبراڵ په‌یڕه‌وی لێده‌كه‌ن، ئێمه ته‌نها خۆمان هه‌ڵواسیوه به چه‌مك و كۆنسێپتێكدا كه له‌بنه‌ڕه‌تدا كراسێكه بۆ به‌ری عێراق ناشێت، ته‌نها خه‌ونێكه بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی ناسنامه و دیفاكتۆی هه‌رێمی كوردستان، راسته درزی ناوخۆیی و كه‌لێن له ناو گوتاری سیاسی كوردی هه‌یه و ده‌وڵه‌تانی جیرانیش به تۆپزیی كار بۆ زیادكردنی درزه‌كان ده‌كه‌ن به پوازی نه‌بوونی مووچه و شایسته داراییه‌كان، وه‌لێ ناكاته ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌رین بۆ ئه‌و كارته سیاسییه لاوازه كه ئه‌زموونی حوكمڕانی هه‌رێم سه‌رله‌به‌ر بخاته مه‌ترسی له‌ناوچوون و شووناسی میللیمان له‌كه‌دار بكات و كه‌رامه‌تی تاكی كوردی بخاته ژێر پرسیار و ئاڵای كوردستان نه‌ویی بكات، ئه‌مه تاقیكردنه‌وه و ڤێرژنێكی نوێی فاشیزمی ئایینییه نوخبه‌ی شیعه‌ی عێراقییه به رێككه‌وتنی ژێربه‌ژێری ئیقلیمی بۆ هه‌ندێ كارت و سه‌ودا و مامه‌ڵه، فشار و ههژموونگهرایهكی نوێیه به ئاراسته‌ی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی وزه و گازی سرووشتی وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی نه‌وت و گۆڕینی نه‌خشه‌ی دیموگرافی ناوچه‌كه، به‌دیوێكی تریشدا فشاره بۆ ملكه‌چكردنی هه‌رێم و فراكسیۆنه په‌رله‌مانییه‌كه‌ی به‌غدا تاوه‌كو به‌هه‌ندێ پرۆژه بڕیار رازی بكرێن، بۆ نموونه كردنه ده‌ره‌وه‌ی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا له عێراق كه كورده‌كان به نه‌خێر ده‌نگیان به‌م پرۆژه‌یه‌دا.
بۆیه ئه‌و تێزی حوكم و پره‌نسیپه‌ی ماوه‌یه‌كه گفتووگۆو مشتومڕی له‌سه‌ر دروست بووه له كوردستان به‌ناوی لامه‌ركه‌زیه‌تی پارێزگاكانه‌وه، یان فیدراڵیزمی هه‌رێم و ناوچه‌كان، هیچ نییه جگه له باس و خواسێكی تیۆریی و ئایدۆلۆژیی موجهڕهدو كاتی، هه‌ڵگرانی ئه‌م تێز‌و ته‌رحه، ئه‌وانه‌ن هێشتا نازانن پێگه‌و شوناسی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌زمونه‌كه‌ی چ قورساییه‌كی سیاسی و نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌و له‌كام هێڵكاریی و جیوپۆلهتیكدایه، ته‌نها له چاویلكه‌ی موچه‌و ئابورییه‌كی كاتیه‌وه ده‌ڕواننه ئه‌م پرسه‌و ده‌یانه‌وێت سه‌ری پارێزگاكانی هه‌رێم ببه‌ستنه‌وه به مه‌رجه‌عیه‌تی ئاینی بێسهرهوه له به‌غداده‌وه به‌ناوی دیموكراسی و سه‌ربه‌خۆیی ئابوریی و گه‌شه‌ی پارێزگاكانه‌وه، نازانن تیر ده‌رچوو له‌كه‌وان ناچێته‌وه شوێنی خۆی، ئه‌وه‌ی به‌ده‌ست هاتووه هه‌رگیز ده‌ستخستنه‌وه‌ی ئاسان نابێت، نه به‌غداد ئه‌و مه‌ركه‌زیه‌ت و سه‌روه‌ریه نیشتیمانیه‌ی جارانی ماوه تا كورد په‌نا بۆ ئه‌م رێگه‌چاره‌یه به‌رێت، نه ئه‌و پارێزگایانه‌ش كه تا ئێستا له خولگه‌ی مه‌ركه‌زیه‌تی به‌غدادن ئاسوده‌و روفاهن، بگره چه‌ندین پارێزگای گه‌وره‌ی وه‌ك به‌سره كه خاوه‌نی سامان و یه‌ده‌گێكی نه‌وتی زۆریشه، هێشتا ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵی به‌رپرسانی ئه‌و مه‌ركه‌زه‌وه كه ئێمه شه‌یدایانه و بێئاگایانه عاشقیان بووین و خه‌ریكی ریسكی خۆبه‌ستنه‌وه‌ین پێوه‌ی، ئه‌م پارێزگایه تا ئێستاشی له‌سه‌ر بێت ئاوی شیرینی خواردنه‌وه‌ی نییه‌و ئابورییه‌كی سفری هه‌یه‌و حكومه‌تی مه‌ركه‌زی نه‌یتوانیوه كه‌مترین خزمه‌تگوزاریان پێبگه‌یه‌نێت و ئه‌وه‌ی هه‌یانه موچه‌یه‌كی مانگانه‌یه كه ئه‌ویش له‌به‌رده‌م هه‌ره‌شه‌ی مان و نه‌ماندایه به‌ده‌ست ململانێی ئه‌و نوخبه حوكمرانهی به‌غداده‌وه كه به‌هۆی دهستێوهردانهكانهوه ئه‌وه ساڵێكه بۆشایی ده‌سه‌ڵات و حوكمرانی دروست بووه‌و نه‌یانتوانیوه یه‌ك به‌رپرس بده‌ن به دادگا‌و ته‌واوی دامه‌زراوه‌كان دوچاریی داخزان و داخوران بوون.
لایه‌نگرانی ئه‌م تێزه ده‌یانه‌وێت به چ پێودانگێك سلێمانی و هه‌ولێر به یاسایه‌كی وشكی حوكمرانی فاشی دوور له هه‌ر گره‌نتیه‌ك ببه‌ستنه‌وه به مه‌ركه‌زه‌وه به‌ناوی رێكخستنه‌وه‌ی یه‌كه كارگێڕیه‌كان و موچه‌دان و دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كان، پرسیارێكی زۆر ساده، ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و سلێمانیه‌ی كه خه‌ونی لامهركهزیهتیان جوڵاندووه له ئێستادا، چیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی ره‌مزی قوربانیانی گه‌لێك، وه‌ك پارێزگایه‌كی نوێ، سه‌ربه‌خۆبێت و دووربێت له هه‌ژموونگه‌ریی سلێمانی و هه‌ولێر، ئه‌م ماوه‌یه كه ئه‌م پارێزگا بێ پشت و په‌نایه بێ داهات و بێ بودجه‌یه، چیان كردووه تاوه‌كو به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه گه‌وره‌كان و مه‌رزه بازرگانیه‌كان و شارۆچكه‌كانی ده‌وروبه‌ری بخه‌نه‌وه سه‌ر هه‌ڵه‌بجه و ناوه‌ندی پارێزگاكه گه‌وره بكه‌ن و كارێك بكه‌ن به داهاته ناوخۆییه‌كانی له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت و ئاتاجی به سلێمانی نه‌بێت، ئایا رازی ده‌بن له‌كاتی ئه‌و لامهركهزیهتهی باسی ده‌كه‌ن ده‌سه‌ڵات و پاره‌و داهاتی خاڵه سنوریه‌كان و گومرگه‌كان و داهاته ناوخۆییه‌كان بخرێته‌وه خزمه‌تی و نه‌یه‌ته‌وه بۆ سلێمانی، چۆن چاره‌ی ده‌یان شاری وه‌ك هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ن له داهاتوو، ئێوه سێ ساڵه نه‌تانتوانیوه ئه‌وه بۆ هه‌ڵه‌بجه بكه‌ن چۆن چاوه‌روانی ئه‌وه‌ده‌كه‌ن مه‌ركه‌زێكی لاوازی عه‌ره‌بی و عێراقی و ناسیۆنال مه‌زهه‌ب بیكات بۆ پارێزگاكانی هه‌رێم، به‌راست ئه‌مه چ لۆژیكێكه؟
له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌و لامهركهزیهتهی باس ده‌كرێت رێگه‌یه‌كه بۆ هه‌نارده‌ی سه‌ربه‌خۆی گازی سروشتی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی ناوچه‌یی و مۆنۆپۆڵكردنی هه‌ندێك داهات بۆ هه‌ندێك گروپ كه كورد وه‌ك نه‌ته‌وه قازانجی لێناكات، هه‌رگیز ناچێته خزمه‌تی فه‌زیله‌تی تاكه‌وه، شه‌ڕه‌كه بۆ ئه‌وه نییه پارێزگاكان سه‌ربه‌خۆیی ئابوریی و كارگێڕییان هه‌بێت، رێك بۆ ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان هاوتا بكه‌نه‌وه به كه‌ركوك و یاسای عورفی به‌سه‌ردا بسه‌پێنن و بیخه‌نه‌وه سه‌ر بهغدادێكی نامه‌ركه‌زیی و له گه‌شه‌ی سیاسی و ئابوریی بخه‌ن به‌بیانوی نه‌بوونی موچه‌و ئه‌و دۆخه ئابورییه‌ی هاتۆته‌پێشه‌وه، ئه‌ی له‌م حاڵه‌دا ناپرسن دۆخی پێشمه‌رگه، چی لێدێت له‌كاتێكدا سه‌ربه‌خۆیی نه‌بێت بۆ جوڵه‌و بڕیاردان و ده‌بێت دواجار ئه‌مانیش بخه‌نه‌وه ناو مه‌نزومه‌ی سوپا‌و فه‌یله‌قه‌كان و ئه‌وكات ئیراده‌ی به‌رگریی و هێزی مانه‌وه له كوێدا ده‌بینین؟
ئه‌وانه ده‌بێت ئه‌وه بزانن، مێژووی عێراق له مۆدێلی شكستی ناسیۆنالیزمی سوننه‌ی به‌عسه‌وه بۆ مۆدێلی شكستی مه‌زهه‌بی و ناسیۆنالیزمی شیعه هیچ گۆرانێكی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، به هیچ جۆرێك نه‌یتوانیوه له مێژووی نوێی سیاسی حوكمرانی خۆی و له‌وپه‌ڕی به‌هێزی ئابوریی خۆیدا فیدراڵیه‌تی سیاسی هه‌رێم وه‌ك خۆی بچه‌سپێنێت، ئیتر چۆن ده‌توانێت له‌وپه‌ڕی داڕوخانی ئابوری‌دا فیدراڵیه‌تی پارێزگاكان جێبه‌جێ بكات، له ساته‌وه‌ختی كۆتایی مۆدێلی سه‌ددامه‌وه، وامان زانی جه‌سته‌كه ئارام ده‌گرێت و تێزه‌كه ده‌گۆرێت وه‌لێ هه‌مان كه‌لتوری سیاسی و فه‌زای رابردووی دوای مهلهكیهته بۆ قه‌ومیه‌كان و عارفه‌كان و سهلامهكان و بهكرهكان و به‌عسیه‌كان تا شپرزه‌یی ئێستا كه حكومه‌تێكی كاربهرێكهریی لاوازه‌و ئێمه‌ش داوا ده‌كه‌ین بچینه‌وه ژێر ئه‌و چه‌تره لاوازه.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق