ناوه‌نده‌کانى بڕیار که‌ى له‌ په‌یامى به‌غدا تێده‌گه‌ن؟!

ليست هناك تعليقات


کاوه‌ مه‌حمود
-
هه‌رچه‌نده‌ نوێنه‌رانى کوردستان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و له‌ حکومه‌تى به‌غدا چه‌ندین جار له‌ دیدارو ڕاگه‌یاندنه‌کانیاندا به‌ درێژایى ساڵى 2019 و سه‌ره‌تاکانى 2020 متمانه‌یان به‌ خه‌ڵکى کوردستان ده‌داو ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ ده‌کرد که‌ ناردنى به‌شێک له‌و موچه‌یه‌ى فه‌رمانبه‌رانى کوردستان که‌ له‌ لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ به‌پێى قانونى بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى 2019 دێت، و له‌ 2020 نابڕدرێت، و به‌رپرسانى حکومه‌تى کوردستان و ناوه‌نده‌کانى بڕیار له‌ حزبه‌ فه‌رمانڕه‌واکان ئه‌م بابه‌ته‌یان له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانى خۆیاندا ده‌باره‌ ده‌کردوه‌، و باسى ئاماده‌بوونى رێکه‌وتنیان له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق به‌پێى ده‌ستورو زامن کردنى شایسته‌ داراییه‌کانى هه‌رێمى کوردستانیان ده‌کرد، و له‌ هه‌مان کاتیشدا کۆبونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ماهه‌نگى سوپاى عێراق و هێزى پێشمه‌رگه‌ بۆ پاراستنى ناوچه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمى کوردستان ده‌کرا، به‌ڵام سه‌رجه‌م ئه‌و کۆبونه‌وانه‌و ته‌نانه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ى که‌ رێکه‌وتنى سه‌ره‌تایشى له‌ سه‌ر کرابوو، به‌شێوه‌یه‌کى کرده‌یى کارى پێنه‌کرا، وه‌زاره‌تى به‌رگرى عێراق هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نه‌هات، و له‌وه‌ش زیاتر کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى که‌ خودى سه‌رۆک وه‌زیرانى ئێستاى عێراق عادل عبدالمهدیى "دۆستى کورد" به‌ قه‌ولى حکومه‌تى هه‌رێم و هه‌ندێک له‌ هێزه‌ سیاسییه‌کان، به‌بیانووى ئه‌وه‌ى له‌ژێر فشارى ماڵى شیعه‌دایه‌ ئه‌و به‌شه‌ موچه‌یه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى کوردستانى ڕاگرت، و ته‌نانه‌ت به‌پێى بڕیارى ئه‌و "دۆسته‌ى کورد" هه‌نگاوه‌کانى ئاسایکردنه‌وه‌ى ڕه‌وشى ئه‌و ناوچانه‌ ڕاگیرا، ئه‌مه‌ش ماناى بوار نه‌دانه‌ به‌هیچ هه‌نگاوێک بۆ ئاسایکردنه‌وه‌ى ڕه‌وشى ئه‌و ناوچانه‌ که‌ تائێستا حه‌شدى شه‌عبى حوکمى ده‌کات و چالاکى تیرۆریستانى داعش تیایاندا به‌زۆرى سه‌رى هه‌ڵداوه‌.

ئه‌م هه‌نگاوه‌ى حکومه‌تى عێراق به‌رده‌وامبوونى هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ت و ڕێبازه‌یه‌ که‌ پێشتر حکومه‌تى مالکى و عبادى په‌یڕه‌ویان کرد، و ئه‌وه‌ بوو له‌ سه‌رده‌مى مالکى هێزه‌ دیجله‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌کردن له‌ کوردستان درووست کرا، و ئه‌و کاته‌ له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کى مالکى له‌گه‌ڵ هێزه‌ سه‌ربازییه‌کان عێراقدا داواى کرد که‌ کاتێک فڕۆکه‌ى ئێف شانزه‌یان وه‌رگرت ئه‌و کاته‌ شاڵاو به‌سه‌ر کوردستاندا به‌رپایکه‌ن، و دواتریش عه‌بادى موچه‌و بودجه‌ى خه‌ڵکى کوردستانى بڕى له‌کاتێکدا موچه‌ى بۆ ناوچه‌کانى ژێر ده‌ستى داعشى ده‌نارد، و پاشان شاڵاوى سه‌ربازى سوپاو حه‌شدى شه‌عبى له‌ ئۆکتۆبه‌رى 2017 دا به‌ چاوپۆشى و هه‌ماهه‌نگى ئه‌مه‌ریکا و به‌ریتانیا، به‌رپاکرد، و له‌ کۆتایشدا دواى موقاوه‌مه‌تى پێشمه‌رگه‌ و ده‌ستێوه‌ردانى هه‌ندێ هێزى نێوده‌وڵه‌تى کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ى به‌شێک له‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى کوردستان له‌ به‌غداوه‌ ڕه‌وانه‌ بکرێت.

هه‌ڵوێسته‌کانى ئێستاى حکومه‌تى عێراق به‌رده‌وامبوونى هه‌مان هه‌ڵوێسته‌و هه‌نگاوێکى دیکه‌یه‌ بۆ لاوازکردنى پێکهاته‌ى هه‌رێمى کوردستان له‌ گشت بواره‌کاندا، ته‌نانه‌ت بۆ کۆتایهاتن به‌ پێکهاته‌یه‌ک به‌ ناوى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ که‌ نه‌ک ته‌نها حکومه‌تى عێراق به‌ڵکو ئێران و تورکیاش پێیان وایه‌ هه‌رێمى کوردستان وه‌ک هه‌ڵه‌یه‌کى مێژووى درووست بووه‌. ئه‌م هه‌ڵوێست و هه‌نگاوانه‌ به‌ سوودوه‌رگرتنه‌ له‌ قه‌یرانى ئابورى جیهانى و دابه‌زینى نرخى نه‌وت و کارکردن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى کوردستان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بیر له‌ وه‌به‌رهێنانى نه‌وتى خۆى نه‌کاو هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو که‌ له‌ 2007وه‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران و حکومه‌تى عێراق پرۆژه‌ى یاساى نه‌وت که‌ بۆ رێکخستنى بوارى نه‌وت ئاماده‌کرابوو و ده‌سه‌ڵاته‌کانى هه‌رێمى کوردستانى دیاریکردبوو، نه‌یانخسته‌ بوارى ده‌نگدانه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ى که‌ به‌ ئاشکرا که‌سانێکى وه‌ک فتلاوى و نسێیف و خه‌ڵکى دیکه‌ له‌ دیدارى ته‌له‌فزیونیدا به‌ شانازییه‌وه‌ باسى ئه‌ویان ده‌کرد که‌ چۆن رێگایان له‌ جێبه‌جێکردنى مادده‌ى 140 گرتووه‌.

ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ زیاتر یارمه‌تى ئاڕاسته‌کانى حکومه‌تى عێراق ده‌کات ئه‌و که‌موکوڕى و هه‌ڵانه‌یه‌ که‌ به‌ گشتى له‌ دانانى سیاسه‌تى ئابورى کوردستاندا به‌دى ده‌کرێت به‌ تایبه‌تى سیاسه‌تى نه‌وت و نه‌بوونى شه‌فافیه‌ت و سروشتى ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ که‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان مۆرى کردوه‌و به‌شێکى زۆرى داهات بۆ کۆمپانیا و هێڵى گواستنه‌وه‌و خه‌رجى جۆراجۆر ده‌چێت، جگه‌ له‌ سیاسه‌تى ئابورى به‌رخۆر که‌ چه‌ندین جار سه‌ران و ناوه‌نده‌کانى بریار له‌ حکومه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌یان پێکردوه‌و باسى خۆده‌ربازکردن له‌ ئابورى به‌رخۆرو فره‌چه‌شنى بۆ په‌یداکردنى داهاتیان کردوه‌، به‌ڵام به‌ کرده‌وه‌ هه‌نگاوى له‌ به‌رچاو ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

که‌ڵه‌که‌بوونى ئه‌م هه‌نگاوانه‌ و خه‌ریک بوونى لایه‌نه‌کانى حکومه‌تى هه‌رێم به‌ کێشه‌ ناوخۆییه‌کانى خودى ئه‌وانه‌ى حکومه‌تیان پێک هێناوه‌، و به‌رده‌وامبوونى ململانێى لاوه‌کى که‌ تێکڕاى ئه‌مانه‌ نه‌ک ته‌نها بارگرژى سیاسى له‌ نێو هه‌رێم و دڵه‌ڕاوکێى بۆ خه‌ڵکى کوردستان به‌تایبه‌تى له‌ سه‌رده‌مى بڵاوبونه‌وه‌ى په‌تاى کۆرۆنا درووست کرد، به‌ڵکو به‌ڵگه‌یه‌کى باشى دایه‌ ده‌ستى ئه‌و که‌س و تاقمانه‌ى که‌ له‌ نێو خودى کوردستان و له‌ نێو هێزه‌ سیاسییه‌کانى عێراقدان که‌ هه‌رده‌م دژ به‌ ئابورى سه‌ربه‌خۆى کوردستانن، چونکه‌ ده‌زانن ئابورى سه‌ربه‌خۆ زه‌مینه‌ خۆشکه‌رى سه‌ربه‌خۆیى سیاسییه‌، و به‌مه‌ش ده‌یانه‌وێ نامه‌ى چه‌ندین جاره‌یان بۆ خه‌ڵکى ئازادیخوازى کوردستان بگه‌یه‌نن که‌ کوردستانیان ناتوانن حوکمى خۆیان بکه‌ن و هه‌رده‌م ده‌بێ وابه‌ستى عێراق بن نه‌ک وه‌ک شه‌ریک و هاووڵاتى به‌ڵکو وه‌ک وابه‌ستیه‌ک که‌ ده‌بێ هه‌رده‌م گوێڕایه‌ڵ بن و به‌ بچوکى بمێننه‌وه‌ و له‌ فه‌رمانى نه‌ته‌وه‌ى سه‌رده‌ست ده‌رنه‌چن.

پێم وایه‌ جه‌ماوه‌رى خه‌ڵکى کوردستان له‌ نیازى نه‌یارانى کوردستان و دژایه‌تییان بۆ مافه‌ سیاسى و ئابورى و کۆمه‌ڵایه‌تییکان، تێگه‌یشتوون که‌ له‌وه‌ته‌ى ده‌وڵه‌تى عێراق درووست کراوه‌ و پاشتر کوردستانى باشورى پێوه‌ لکێنرا ئه‌م سیاسه‌ته‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن، و هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وانه‌ دۆست نین و نه‌یارن، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌رپرسه‌ به‌رامبه‌ر ئاڵۆزى ئه‌م ڕه‌وشه‌ى که‌ دووچارى گه‌لى کوردستان ده‌بێته‌وه‌، و له‌ جیاتى سه‌قامگیرى سیاسى له‌ نێو کوردستان و یه‌ک هه‌ڵوێستی، دوو لایه‌نى هاوبه‌ش له‌ حکومه‌تدا له‌ زێنى و وه‌رتێ سه‌نگه‌ر له‌ یه‌کتر ده‌گرن، و باس له‌وه‌ ده‌کرى که‌ تا ئێستا هه‌ندێک به‌ قاچاخ نه‌وت ده‌فر‌وشن، و ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر کۆکردنه‌وه‌ى کۆمه‌کى هاووڵاتیان بۆ هاوکارى دژ به‌ کۆرۆنا کۆڕى ته‌له‌فزیۆنى له‌ سه‌ر ناعه‌داله‌تى له‌ دابه‌شکردنى ئه‌و کۆمه‌کانه‌ ده‌کرێت!

جگه‌ له‌مانه‌ تا ئێستا هه‌نگاوى ڕاسته‌قینه‌ و به‌رچاو له‌ بوارى چاکسازى نه‌نراوه‌ که‌ پێگومان به‌شى سه‌ره‌کى ئه‌و هانگاوانه‌ کۆتایهاتنه‌ به‌ دیارده‌ى دوو ئیداره‌ى و په‌له‌کردنه‌ بۆ به‌دامه‌زراویکردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش و رێکخستنى موچه‌ى هاوڵاتیان و پیاده‌کردنى شه‌فافیه‌ت و دابینکردنى به‌رچاوڕوونییه‌ بۆ خه‌ڵکى کوردستان.

کارکردن بۆ نه‌هێشتنى پێکهاتى هه‌رێمى کوردستان بۆ ئه‌وه‌ى گه‌لى کوردستان هه‌رده‌م له‌ دواڕۆژدا بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیى نه‌کاته‌وه‌ پلانێکى عێراق و ئێران و تورکیایه‌، و هێزى دیکه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش ڕازییه‌. ئیسلامى سیاسى شیعه‌ و سوننه‌ش نه‌ جاران و نه‌ ئێستا و نه‌دواڕۆژ دۆستى گه‌لى کوردستان بوونه‌ و ده‌بن. ئه‌و هێزانه‌ به‌و لۆجیکه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ کوردستان و گه‌له‌که‌ى ده‌که‌ن که‌ هه‌رده‌م وابه‌سته‌ بن و بۆیان بکرێت به‌ هه‌مان عه‌قلیه‌تى به‌عسى جاران مدیر ئه‌مه‌ن له‌ نه‌جف و که‌ربه‌لاو و دۆره‌و تکریته‌وه‌ بۆ سلیمانى و هه‌ولیر بنێرن، و بۆیان بکرێت ئه‌منه‌ سووره‌که‌ى سلیمانى و باڵاخانه‌ى مه‌نزومه‌ى حزبى به‌عس له‌ هه‌ولیر به‌ حشدى شعبى و حشدى وه‌ته‌نى ئاوه‌دانده‌که‌نه‌وه‌، و له‌ جیگاى هه‌وارى شار و پارگى سامى عبدالرحمن فڕۆکه‌خانه‌ى سه‌ربازى داده‌نێن، که‌چى حکومه‌تى هه‌رێمى خۆمان له‌گه‌ڵ یه‌کدا خۆخۆرن، و هه‌ر چه‌ند تنازلات بۆ به‌غدا بکه‌ن و هه‌موو دۆسێى نه‌وتیان ته‌سلیم بکه‌ن، ئه‌وان زیاتریان ده‌وێت و به‌ لۆجیکى " حَتَى یعگوا الْجِزْێه‌َ عَن ید وهم صاغرون"، مامه‌ڵه‌ ده‌که‌ن، واته‌ ده‌یانه‌وێ گه‌لى کوردستان به‌ دۆخى زه‌لیلى قایل بێت.
ئه‌مه‌ په‌یامى به‌غدا بۆ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، و خه‌ڵکى کوردستانیش ئه‌مه‌ قه‌بۆڵ ناکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif