كوردپلات - چاوپێكەوتن
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، بەغدا پارەی پێویستی نییە بۆ مووچەی فەرمانبەران و دەشڵێت، فشار هەیە کە ئەم مانگە مووچەی فەرمانبەرانی عێراق خەرجبکرێت، بەڵام بۆ مانگی داهاتوو رووننییە و رەنگە تاوەکو حکومەتی داهاتوو پێکنەهێندرێت باسی دابەشکردنی مووچە نەکرێت.
بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق بەشداری بووڵتەنێکی هەواڵەکانی کرد کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکەشی دەکات و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی کێشەکانی عێراق و پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و پرسی مووچە دایەوە.
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە مووچەی مانگی داهاتوو فەرمانبەرانی عێراق چۆن دەدرێت؟ بەنگین رێکانی دەڵێت "لە مانگی داهاتووەوە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراقیش دەبێتە كێشە، رەنگە باسی کەمکردنەوەی مووچەش بکرێت".
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ بەگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق
رووداو: پێدەچێت موستەفا کازمی هاوشێوەی عەدنان زورفی و محەممەد تۆفیق عەللاوی کێشەی هەبێت لە دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان، دوایین زانیاری لەسەر پێکهێنانی حکومەت و دۆخەکە لە بەغدا چییە؟ بۆچی شیعەکان لیستی وەزیرەکانی کازمیان رەتکردەوە؟
بەنگین رێکانی: ئەوەی باستانکرد هەمووی دروستە جگە لەوە من دەمەوێت یەک شت بڵێم. کازمی کە بەربژێریانکرد یەکێک لە مەرجەکان کورد و سوننە ئەوەبوو هیچ وەزیرێکی کۆن ئەوانەی عادل عەبدولمەهدی لە کابینەکەی ئەودا دووبارە نەبێتەوە، بەربژێرەکانی هەموو دەبێت هەموو تازەبن. تەنیا قسەکەی ئەوەبوو تەنیا وەزیری تەندروستی دەمێنێتەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی کێشەی تەندروستییە لەبەر کێشەی کۆرۆنا جێدەهێڵت. گوتیشی، لاری لەسەر ئەوە نییە وزیرێکی کورد بەجێ بمێنێت، ئەوانەی دیکە هەموو دەبێت بەربژێری تازە بن. ئەوەی شیعەکانی رەتکردوەوە. شیعەکان میکانیزمەکەیان رەتکردەوە. چونکە کورد و سوننە پێشوازیان لە کازمی کرد و دەستنیشانیان کرد ببێتە سەرۆکوەزیران ئەوەش بەو واتایە دێت هەردووکیان لێی رازین.
شیعەکان دەڵێن؛ دەبێت یەک میکانیزم بۆ کورد و شیعە و سوننە لە هەمانکاتدا بەکاربهێنێت. نابێت خۆی وەزیرەکان دەستیشان بکات و رێگە بە کورد و سوننە بدات خۆیان بەربژێری وەزیرەکانیان دەستنیشان بکەن. تەنیا یەک لایەنی شیعە تێبینی لەسەر یەکێک لە بەربژێرەکانی کورد هەبوو، لایەنە شیعەکانی دیکە باسیان لە میکانزیمەکە دەکرد.
رووداو: مستەفا کازمی بۆ لەگەڵ کورد و سوننە دیاریکردنی بەربژێرەکانی داوەتە دەست خۆیان؟ بەڵام لە شیعەکان دەبێت خۆی دیاری بکات، ئەمە بۆچی؟
بەنگین رێکانی: چونکە شیعەکان بەکۆدەنگی لەسەری پێکهاتن و ئەویان دەستنیشان کرد. سەرپشکیشیان کردبوو خۆی کابینەکەی دروستبکات، بەڵام شیعەکان دەڵێن سەرپشککردنی ئێمە بۆ کازمی بەمەرجێک بوو هەمان سەرپشککردن لە سوننە و کوردیش وەربگرێت. دەسەڵاتی ئێمە کراوەنەبوو بەڵکو مەرجدار بووە.
هەروەها کازمی هەندێک ناوی هێنابوو بۆ بەربژێرکردن، کە لە راستیدا لەنێو شەقامی عێراقی و لایەنە سیاسییەکانیشدا جۆرێک لە هەستیاری بەرامبەر ئەوانە هەیە کە لەدەرەوەی عێراق دێن. زۆربەی ناوەکانی کازمی پێشکەشی کردبوون ئەوانەبوون کە لە درەوەی عێراق دەژین. ئەوەش هەندێک شیعەکانی ناڕەحەت کرد.
رووداو: لەدەرەوەی عێراق واتە چی؟
بەنگین رێکانی: واتە ئەو عێراقییانە بوون کە لەدەرەوە دەژین، ماوەیەکی درێژە و زیاتر لە 15 بۆ 20 ساڵە لە دەرەوەی عێراق دەژین. لایەنە شیعییەکان و هاووڵاتیانیش تێبینیان لەسەر ئەو عێراقییانە هەیە کە لەدەرەوەی عێراقن. بیانووشیان بۆ ئەمە ئەوەیە ئەوان لە دەرەوەن و زۆر باشتر لە دۆخی ناو عێراق ئاگادارنین. بەڵکو پێویستە کابینەکە هەموو ئەوانە بێت، کە لەناو عێراق ژیاون و دۆخی عێراق بە وردی دەزانن چۆنە.
رووداو: ئەو قسەیان دروست نییە؟
بەنگین رێکانی: من نازانم، رەنگە دروست بێت، ئەزموونیش وادەرکەوتووە ئەوانەی لێرە ژیاون ئەوان زیاتر لە کێشەکان و هاووڵاتیانەوە نزیکن. لەگەڵ ئێمەش لەگەڵ کورد ئەوانەی لێرە ژیاون زیاتر دەتوانین تەفاهومیان لەگەڵ بکەین و زیاتر نزیکی ئێمەن.
رووداو: ئێستا کازمی لەبەردەم دوو ئەگەردایە، یان ئەوەتا پۆستەکانی کوردیش خۆی دەستنیشانیان بکات یان ئەوەتا شیعەکانیش خۆیان پۆستەکانیان دیاری بکەن، کازمی دەبێت کامەیان بکا؟
بەنگین رێکانی: هێزە سیاسییە شیعییەکان پێیانگوت بگەڕێوە و جارێکی دیکە لەگەڵ کورد و سووننەکان قسە بکەوە. هیچ مەرجێک لەسەریان بێت. بەوەشەوە کە پێیانگوتووە نابێت وەزیری سەردەمی عادل عەبدولمەهدی دووبارە ببێتەوە.
شیعەکان پێیانگوتووە هیچ مەرجمان نییە تەنیا ئەوە نەبیت بۆ دیاریکردنی هەموو کاندیدەکان یەک شێواز هەبێت. یانیش پێیان بڵێ خۆیان بەربژێر دیاری بکەن و لە پەرلەمان بزانین کامەیان دەنگ دەهێنیت. یانیش لیستێکی مەرج دابنێ بۆ هەموو لایەنەکان و هەموویان لەسەر هەمان مەرج بڕۆن.
ئەوەی من دەیبینم ئەوەیە کە دەبێت خۆی گفتوگۆ لەگەڵ هەموو هێزەکان بکات. چونکە ناتوانێت سەرکەوتووبێت، تەنانەت ئەگەر خۆشی وەزیرەکان دەستنیشان بکات لە پەرلەمان زۆر زەحمەتە دەنگیان لەسەر بدەن ئەگەر هێزە سیاسییەکان لەسەر لیستەکە رەزامەند نەبن.
رووداو: مەبەستم ئەوەبوو کازمی بەداواکاری کورد و سوننە رازی دەبێت ئەوان بەربژێرەکانیان دیاری بکەن یان دەچێتە ژیر باری داواکاری شیعەکانەوە؟ چونکە دوێنێ لەماڵی هادی عامری پێیان گوتووە یەکێک لە رێکارەکان هەڵبژێرێت، بۆ بۆچوونی تۆ کامەیان هەڵدەبژێرێت؟ بۆ ئەو ئاسانتر چییە.
بەنگین رێکانی: ئاسانتر ئەوەیە بچێت لەگەڵ هەموویان دابنیشێت و گفتوگۆیان لەگەڵ بکات و ناوی بەربژێرەکان لە ئەوان وەربگرێت، لە کورد و سوننە و شیعە. دەتوانێت مەرج لەسەر بەربژێرەکان دابنێت ئەوانەی داوای دەستەی دەستپاکی لەسەر هەبێت یان کێشەی لەسەر هەبێت دەتوانێت ئەو بەربژێرانە قەبوڵ نەکات. کێشەیەکی دیکەش لەناو شیعەکاندا هەیە. کازمی دەیەوێت هەندێک لە بەربژێرەکانی خۆپێشاندەران بەشداری کابینەکەی ببن کە رەنگە داواکارییەکی خۆپێشاندەرانیش بێت. لە حکومەتی پێشوو 11 یان 12 وەزیرەکانی شیعە لەسەر لایەنە سیاسییەکان دابەشکرا، ئێستا دەبێت لە پشکی ئەوان کەمبکاتەوە و هەندێک خۆپشاندەران بەشداری حکومەتەکە بن.
رووداو: واتە بەو ئاسانیەی چاوەڕواندەکرا، کازمی ناتوانێت حکومەتەکەی پێکبهێنێت؟
بەنگین رێکانی: ئەوەنییە بگوترێت ناکرێت، بەڵام ئاسانیش نییە. هەموو شێک لە عێراق زۆر زەحمەتە، ئیدارەی حوکم لە عێراق شتێکی زەحمەتە و دەبێت ئەوەی حوکم دەکات بەوردی هەموو شتێک لە عێراق بزانێت، هەر لە پێکهاتەکانییەوە بگرە تاوەکو هێزە سیاسییەکانی و دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە.
ئێستا دوو کێشەی دیکەش زیادبوون، کە دۆخی ئابووری و پرسی کۆرۆنایە. بەو هۆیەشەوە زۆر رێگاکە لەبەردەم کازمی ئاسان نییە، بەڵام ئاستەمیش نییە. چونکە تاوەکو ئێستا پیاوێکی سادەیە و هیچ کێشەیەکی لەسەر نییە. دەتوانێت قەناعەت بە هەموو پێكهاتەکان بهێنێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەبوو پێکهاتەکان زۆر دەترسن لەوەی چارەنووسی خۆیان بدەنە دەستی یەک کەس.
رووداو: بە بۆچوونی ئێوە لە رۆژانی داهاتوو کێشەکان لەبەردەم کازمیدا گەورەتر نابن؟
بەنگین رێکانی: بەڵێ کێشەکان گەورەتردەبن، سەبارەت بە ئێمەی کورد، هەندێک لایەنیش هەن تەنانەت لە کوردیش هەوڵدەدەن دۆخەکە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی هەندێک دەستکەویان دەست بکەوێت، لەسەر حیسابی هێزە سیاسییەکان و لەسەر حیسابی کورد و کوردستان. هەندێک لایەنی کورد لە بەغدا لاوازن هەوڵدەدەن خۆیان بەهێز بکەن، ئەوانیش هەندێک کێشە بۆ کازمی دروست دەکەن.
رووداو: پێشبینی دەکەن کازمیش بەدەری محەممەد تۆفیق عەلاوی و عەدنان زورفی بچێت؟ یان بەهێزترە و ئەگەری تێپەڕاندنی کابینەکەی لە پەرلەمان بەهێزە؟
بەنگین رێکانی: ئیرادەی سیاسی هەیە و بەشێوەیەکی گشتی حەز دەکەن ئەو حکومەتە بچێتە رێوە. چونکە ئەوە سێیەمین بەربژێری رەسمییە و ماوەی پێنج مانگە عێراق بەبێ حکومەتێکی کردەییە، کە هەموو دەسەڵاتەکانی هەبێت. ئیرادە هەیە بەڕێوەی بەرن بەڵام دەبیت لەسەر حیسابی مەبدەئـ نەبێت. ئەگەر کازمی مەرجەکانی جێبەجێ نەکرد زۆر زەحمەتە.
رووداو: پرۆسەی سیاسی بەرەو کوێ دەڕوات؟
بەنگین رێکانی: زۆر گرنگە ئەوەی بەربژێربێت بۆ ئەو پۆستە کۆدەنگی شیعە یان زۆرینەی شیعەی لەسەر هەبێت. محەممەد تۆفیق عەلاوی لەگەڵ لایەن و پێکهاتەکانی دیکە لەسەر میکانیزمەکە هەڵەبوو.
بۆچوونەکە لەبارەی عەدنان زورفی بوو کە لە ماڵی شیعە دەرنەچووە. هێزە سیاسییەکان لەسەری رەزامەند نەبوون. سەرۆککۆمار لەلای خۆیەوە دەستنیشانیکردووە. نە لەسەر زورفی و نە لەسەر شەخسیش بوو، بەڵكو لەسەر دەستنیشانکردنی عەدنان زورفی بوو. لەو حاڵەتە دیسان دوو حاڵەت دێتە پێش، یەکەمیان ئەوەیە عادل عەبدولمەهدی بمێنێتەوە و دەسەڵاتەکانی بۆ بگەڕێندرێتەوە. ئەگەری دووەمیش ئەوەیە کەسێکی دیکە دەستنیشان بکەن، کە ئەوەش زۆر زەحمەتە و کاتیشی پێدەچێت. ئەگینا هەموو لایەنەکان پاڵ بە کازمییەوە دەنێن بتوانێت حکومەتێک دروست بکات و هەموویان لێی رازی بن و دەنگی پێ بدەن.
رووداو: پێمخۆشە باس لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکەم، ئەو راگرتنەی شایستە داراییەکان کەوا هەرێمی کوردستان پێی نایاساییە و ئێوە لەو بارەوە چی دەڵێن؟
بەنگین رێکانی: نایاساییە، چونکە ئەوەی هەندێک لە پەرلەمانتاران لە میدیا و سۆشیاڵ میدیا باسی دەکەن لە عێراق، راستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2019ـەوە نەوتەکەی رادەست نەکردووە، بەڵام هەمان ماددە دەڵێت؛ ئەگەر نەوتەکە رادەستنەکرا پارەی نەوتەکە لە شایستە داراییەکان دەبڕدرێت. لە ماوەی ساڵی 2019 حکومەتی عێراق پارەی 250 هەزار بەرمیل نەوتەکەی بڕیوە و باقیەکەی ناردووە.
رووداو: واتە، ئەو پارەیەی نێردراوە هەمووی نەبووە؟
بەنگین رێکانی: نەخێر هەمووی نەبووە و پارەی 230 هەزار بەرمیلەکەی لێ بڕیوە. دەبێت لەسەر هەمان ئەو سیستەمە بڕوات، بەڵام ئیستا کە هاتووەتە پێشەوە لە پەرلەمان و لەلایەن لایەنە سیاسییەکانیشەوە دەبێت ئەو بابەتە کۆتایی پێ بهێنرێت. دەبێت نەوتەکە رادەست بکەن. چونکە پارە نییە زۆر باسی ئەوە دەکەن و زۆر مەترسیش هەیە. دەزانی ئێستا ئەگەر حیسابات بێت رێی تێدەچێت نەوتی عێراق داهاتەکەی سفر بێت.
راستە 14 و 15 دۆلار هەندێک دەکات، بەڵام ئەو پارەیەش بەشێکی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتەکەیە. چونکە هەمووی بۆ بودجە نایەت، بەڵکو بەشێكی بۆ بەرهەمهێنان و بەشێکیش بۆ هەناردەکردنیش دەڕوات. ئەوەشی هاتووەتە پێشەوە پەیوەندی بە پێکهێنانی حکومەتی تازەوە هەیە. هەتا عادل عەبدولمەهدی چونکە بە عەمەلی خۆی مۆڵەتی داوەتە خۆی و سەرپەرشتی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ناکات. نایەوێت ئەو بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆ بگرێت. دەیەوێت حکومەتێکی تازە پێکبێت تاوەکو ئەو کێشەیە بگەیێندرێتە ئەنجامێک لە مەلەفی نەوت.
رووداو: عادل عەبدولمەهدی لەسەر بابەتی راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی چییە؟
بەنگین رێکانی: ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ یاسای بودجەی 2019 هەر شتێک خەرجدەکرێت بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت بە واژووی سەرۆکی حکەمەت بێت نەک وەزیری دارایی. هەر شتێک سەرفکراوە بە رەزامەندی و واژووی عادل عەبدولمەهدی کراوە. ئێستاش لەگەڵ ئەوەدانییە پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ببڕێت.
رووداو: ئەی کێ پارەکەی راگرتووە؟
بەنگین رێکانی: کێشەکە تازەیە و کەوتووەتە ژێر فشارێکی گەورە، لە بۆچوونیشیان وابوو پێنجشەممەی رابردوو دەنگ لەسەر حکومەتێكی تازە دەدەن و مەلەفەکە بۆ حکومەتی تازە جێ دەهێڵن.
رووداو: ئێستا کێ پارەکەی راگرتووە؟
بەنگین رێکانی: پارەکە ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگرتووە، ئەوەش بەپێی ئیدارەی مالی و داواکاری پەرلەمانتاران پارەکەیان راگرتووە.
رووداو: سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقیش نامەیەکی بۆ ئەمیندارێتی گشتی عێراق ناردووە پارەکە خەرج بکەن و نووسراوەکەیان رەتبکەنەوە. بۆ تاوەکو ئێستا ئەوە نەکراوە؟ کەی فەرمانی خەرجی پارەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەردەچێت؟
بەنگین رێکانی: تائیستا ئەو بابەتە لەنێوان پەرلەمان و سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی و لایەنەکان ئەو بابەتە لە گفتوگۆ دایە و بەشێوەکی کۆتایی چارەسەر نەبووە.
رووداو: گفتوگۆیەکان بەرەو باشین بۆ هەرێمی کوردستان، یان ئەوان هەر سوورن لەسەر راگرتنی پارەکە؟
بەنگین رێکانی: وابزانم کەس بڕیار نادات و هەموویان چاوەڕوانی هاتنی حکومەتی تازەن کە ئەوەش کاتێکی دیاریکراوی نەبووە و بەبۆچوونی خۆیان ئەمڕۆ سبەی هەیە، بۆیە کەس ئەو بەرپرسیاتێتییە لە ئەستۆناگریت لەو دۆخەی کە تەنگە و کێشکان زۆرن، نایانەوێت ئێستا بڕیار بدەن.
رووداو: واتە بۆ حکومەتی داهاتوو هەڵدەگیرێت؟ ئەمە زۆری پێناچێت، کە فەمانبەرانی هەرێمی کوردستان هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە. بۆ 45 رۆژ دەچێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە لە هەرێمی کوردستان، مەزەندە دەکەن بچێتە حکومەتی داهاتوو؟
بەنگین رێکانی: لە حکومەتی عێراق هێندە پارە نییە، بای ئەوەندە پارە هەیە کە بەشی ئەو مانگە دەکات. بۆ مانگی داهاتوو حکومەتی عێراقیش هێشتا پارەی پێویستی نییە. ئێستا گفتوگۆ هەیە و فشاریش هەیە وەکو فەرمانبەرانی عێراق ئەو مانگە هەمووی وەربگرن و ئەوەی داهاتوو بۆ حکومەتی داهاتوو بمێنێت.
واتە مانگی داهاتوو فەرمانبەرانی عێراقیش ئەوانیش دەکەونە کێشەوە؟
بەنگین رێکانی: لە مانگی داهاتووەوە هی فەرمانبەرانی عێراقیش دەبێتە كێشە، زۆر پێشنیاز و گفتوگۆش هەیە چۆن چارەسەردەکەن، باسی کەمکردنەویە مووچە دەکەن.
رووداو: چاوەڕوان دەکەین حکومەتی عێراق بەرەو ئەوە بچێت کە مووچەی فەرمانبەرانی کەم بکاتەوە؟
بەنگین رێکانی: پێیان ناکرێت بیدەن، پارەیان نییە بیدەن و هەتا قەرزیشیان پێناکرێت، کەس قەرز بەکەس نادات بۆ دانی مووچە. قەرزدەدەن بۆ پرۆژەکان و بۆ وەبەرهێنان، بەڵام قەرزدان بۆ مووچە زۆر زەحمەتە. فەرمانبەرانی عێراقیش ئێستا شەش ملیۆن و نیو فەرمانبەرن زۆر زۆرن و دانی پارەکەی زەحمەتە.
بۆیە دەبێت چارەسەرێک بدۆزنەوە، گفتوگۆی زۆر هەیە بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە و هەموو هەفتە دوو بۆ سێ جار لەوبارەوە دادەنیشن. زۆر لە شارەزایان و زۆر لە لیژنە ئابوورییەکان پێشنیاز پێشکەش دەکەن، بەڵام کە پێتگوتن ئەو بابەتە هەمووی بۆ حکومەتی داهاتوو دوا دەکەوێت. چونکە هەموویان دەڵێن ئەوە سبەی یان دوو سبەی دەردەچین و ئەوانەی دێن با ئەوان ئەو بڕیارە بدەن.
#
ئەم چاوپێكەوتنە لە گەڵ رووداو ئەنجامداراوە
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق