ئێمە حیزبمان نییە

ليست هناك تعليقات


بەختیار عەلی
-
حیزب تەنیا کاتێک بوونی هەیە کە ئۆرگانەکانی ژێرەوە توانای کارکردن و بەشداریکردنیان هەبێت، حیزب کە فۆرمی يەکەیەکی سەربازی وەرگرت کە لەسەرەوە فەرمان دەردەکرێت و لە خوارەوە جێبەجێدەکرێت، دەبێتە پێکهاتێکی میللیتاری و سەربازی نەوەک حیزب.

من لە سەرەتای ساڵانی دوو هەزاردا قسەم لە مردنی حیزب کرد، ئەمرۆ ترۆپکی تەواوەتی ئەو مەرگە دەبینین، ئەوەی ئەمڕۆ هەیە تەنیا گروپی فاشیستیی و تۆپەڵ تۆپەڵ بوونی کۆمەڵگایە بەسەر چەند دەستەیەکی داخراو و دابڕاودا کە کۆمەڵێک سەرکردە بە گاڕانێکی فاشیستیی وەک خۆیانەوە گرێدەدات. ناونانی ئەم فۆرمە بە حیزب ئەو وەهمە گەورەیەی دروستکرد کە پێیدەڵێن «ئەزمونی دیموکراسی لە کوردستان».

مەرجی یەکەم بۆ خۆپاراستن لە خورافەت ئەوە بوو کە باوەڕ بەوە بهێنین کە ئێمە حیزبمان نییە وە هیچ ئەزموونێکی دیموکراتی یاخود پەرلەمانی لە ڕێگای کۆمەڵێک گروپی فاشیستی و خێڵی تاڵانکەرەوە دروست نابێت.

لەڕاستیدا باوک و دایکی راستەقینەی خورافەتی ڕیفراندۆم ئەوانەن کە چاوەڕێبوون لە رێگای دیموکراتییەوە، لە ڕێگای پەرلەمانەوە ژینگەیەکی سیاسی مۆدێرن دروستبکەن، چونکە هەر ئەو خورافەتە زەمینەسازی بۆ ئەوە کرد مرۆڤی کورد تا ئەو ئەندازەیە بخەڵەتێنرێت و پێی وابێت لە بەردەم روداوێکی مێژووی گەورەدایە کە بە رێگەچارەی دیموکراسی وڵاتی ئازادی خۆی دادەمەزرێنێت .
خورافەتی ئەزموونی دیموکراسی و رێگە چارەی پەرلەمانی خورافەتێکە خێڵە فاشیستییەکان خۆیان دروستیانکردوە، بە درێژایی بیست و شەش ساڵی ڕابوردوو چاندویانە.

لەم هاوکێشەیەدا پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن جیاوازییەکی رادیکال و گرنگیان لەگەڵ پارتەکانی دەسەڵاتدا نییە، کێشەی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن تائێستا دابەشکردنی دەسەڵات بووە، نەوەک گۆڕانکاری ڕیشەیی لە فۆرمی سیاسی و لە ڕوانینی کۆمەڵایەتیدا.

باوەڕهێنان بە مەرگی حیزب، بە نەبوونی ئەگەری ڕیفۆرمی ڕادیکال لەم پێکهاتە سیاسییەدا مەرجی یەکەمە بۆ باوەڕهێنان بە گەڕان بۆ فۆرمێکی دیکەی سیاسی. ئەو پارتانە کە هەمان کێشەی خێڵە فاشستییە گەورەکانیان هەیە، بە هەمان شێوە لە عیبادەتی سەرۆک و ئایدۆلۆژیای دینی و سیاسەتی تاکتیکی کورتبڕدا نوقمن، خۆیان خێڵی سیاسین لە قۆناغی دروستبووندا نەوەک ئەلتەرناتیڤی سیاسی بن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif