بەرپرسێکی وەزارەتی کارەبا رایدەگەیێنێت بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە، خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ 4300 مێگاوات زیادی کردووە، بەڵام ئەوان تەنیا 2500مێگاوات کارەبایان هەیە، بەمەش ئێستا 1800 مێگاوات کارەبا کورتهێنانیان هەیە.
بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی سووتەمەنییەوە لە 3200 مێگاواتەوە بۆ 2500 مێگاوات کەمبووەتەوە.
کەمبوونەوەی کارەبا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر بێ ئاو بوون.لە هەولێر 40% دابینکردنی ئاوی بیرەکان کەمبووەتەوە کە دەکاتە 120 هەزار مەتر سێجا لە رۆژێکدا.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر کارەبا زیاددەکات، ئەمەش هێندەی دیکە کاریگەریی کەمبوونەوەی کارەبای زیاد کردووە و وایکردووە هاونیشتمانیان رووبەڕووی گرفت ببنەوە.
پێدانی کارەبا بە کەرتی تایبەت لەژێر چاودێری حکومەت، بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەت. بۆ چارەسەرکردنی پرسی کارەبا، وەزارەتی کارەبا پڕۆژەی پێدانی کارەبای بە کەرتی تایبەت ئامادەکردووە و دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران.
ئومێد ئەحمەد، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "وێستگەکانی کارەبا توانای بەرهەمهێنانی 6700 مێگاوات کارەبای نیشتمانیان هەیە، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی سووتەمەنی و کارکردن لە چەند یەكەیەكی وێستگەكانی غازی هەولێر و چەمچەماڵ، وەستانی وێستگەی كارەبای خەبات بەهۆی كۆرۆناوە، بەرهەمهێنانی کارەبا کەمیکردووە".
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمی کارەبا و خواستی بەکارهێنانی، بەڕێوەبەری کۆنتڕۆڵی کارەبای هەرێمی کوردستان، گوتی: "رۆژانە 2500 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێندرێت، ئێستا خواست لەسەر بەکارهێنانی 4300 مێگاواتە و بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا لەزیادبوونە".
بۆ چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانەی لە نێوان بەرهەم و خواست هەیە کە 1800 مێگاواتە. ئومێد ئەحمەد دەڵێت: "وەزارەتی کارەبا لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵە. بە تایبەتی بۆ گەڕانەوەی ستافە کۆرییەکەی وێستگەی كارەبای خەبات، کە بەهۆی لێکەوتەکانی کۆرۆناوە نەیانتوانیوە لە كۆریای باشوور بگەڕێنەوە هەرێمی كوردستان. هەروەها خەریکی چاكسازین بۆ ئەو وێستگانەی لەکارکەوتوون".
بەپێی راپۆرتی بانکی جیهانیی بۆ ریفۆرمی ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان. کۆی بودجەی ساڵانەی وەبەرهێنان و خەرجی کارەبا 3.25 ملیار دۆلارە، کە 2.5 ملیار دۆلاری خەرجی بووە.
لەبەرامبەر ئەم خەرجییەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا 250 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە.
لەنێوان 30% بۆ 50% کارەبای هەرێمی کوردستان بە فیڕۆ دەچێت، کە بەشێکی بەهۆی کۆنی تۆڕەکانی گواستنەوەیە و بەشێکی بەهۆی سەرپێچییە لەسەر تۆڕەکانی کارەبا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق