كاتی دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكان دیاریكرا

ليست هناك تعليقات
هەواڵ
-

وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی خوێندن و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان رایگەیاند کە راپۆرتێکیان پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە کە کارەکانی شەش مانگی رابردووی وەزارەتەکەی تیادا روونکراوەتەوە، بەتایبەت لە میانی ١٥٤ رۆژدا چی کراوە و راشیگەیاند کە توانیوویانە سێ ھەزار و ٢٩٩ ھەلی کار لە ناوەندەکانی ناحکوومەی بڕەخسێنن.
ئالان حەمە سەعید وتی: ''لە ٢٥ی شوبات بڕیاردرا کە پڕۆسەی خوێندن تەواو بکرێت، بۆ ھەر قۆناغێک پلانێکمان داناوە، ھەر بۆیەش بڕیارمان دا خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی پێشکەش بکەین و بۆ ئەو مەبەستەش قوتابخانەی ئەلیکترۆنی دانراوە، بەپێی داتا جیھانییەکان تا ئەمرۆ زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن قوتابی لە ١٩١ دەوڵەت بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە خوێندن دابڕاون و لەو رێژەیەش ٦٨ی وڵاتانی جیھان خوێندنی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدەن''.
وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وتیشی: ''لە ھەرێمی کوردستانیش کە سیستەمی ئەلیکترۆنیمان دەست پێکردووە تا ئێستا شەش ھەزار قوتابخانە و یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار قوتابی و ١٤٩ ھەزار مامۆستای تیادا تۆمارکراوە، بۆ ئەو سیستەمەش دووەم گرێبەستی ئەلیکترۆنی لەسەر ئاستی کوردستان لەناو وەزارەتی پەروەردە ئەنجامدراوە و ھەموو وانەکان بە ئەلیکترۆنی کراوە، ئێستا لە قۆناغی دووەمدا نووسراوەکان بە ئەلیکترۆنی دەگەن بە وەزارەتی پەروەردە و لە قۆناغی سێەمیشدا نووسراو بە ئەلیکترۆنی لە قوتابخانەکانەوە بۆ پەروەردەکان و دواتریش بۆ وەزارەتی پەروەردە، ئێستاش ھەموو قوتابیان ناسنامە و و کۆدی خۆیان ھەیە. داتا سێرڤەرێکمان ھەیە کە ١٦ ھارد لە خۆی دەگرێت و تێچووی پڕۆژەکە سەرجەمی بە خۆبەخشی کراوە''.
ئالان حەمە سەعید لەبارەی خوێندنی وانەکان وتی: ''لەگەڵ ئەوەی کە تا ئێستا سەدا ٧١ی ھەموو وانەکان لە قوتابخانە و سەرجەم قۆناغەکان خوێندراون، ھەروەھا ھەموو وانەکانیشمان تۆمارکردوون و بەھەموو زمانەکانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بۆ قوتابیان دەستەبەرکراوە. ئەرکی کردنەوەی وانەکان تێچووی ئینتەرنێتیی نییە چونکە پلاتفۆرمی خۆمانە و کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت ھاوکاریمان دەکەن و ئەوەیشی جێگای دڵخۆشییە وەرگرتنی سیستەمەکە زۆر کارایە تەنھا لە میانی نۆ رۆژدا، ٥٤٧ ھەزار مامۆستا و قوتابی ئەکاونتەکانیان کارا کردووە''.
وەزیری پەروەردە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئالان حەمە سەعید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە ڤیدیۆی تایبەتی فێرکارییان داناوە و وتی: ''تەلەڤیزیۆنی پەروەردەییمان لە لۆکاڵییەوە کردە سەتەلایت کە ٢٤٣ ھەزار دۆلاری تیادا خەرجکراوە و رێکخراوی یونیسکۆ پارەکەی تەرخانکردووە".
ئالان حەمە سەعید وتیشی: ''لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٠ تاقیکردنەوە وزارییەکان ئەنجام دەدەین ئەگەر رەوش بەرەو باشبوون بڕوات"

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif