وەبەرهێنان: هەفتەیەك مۆڵەت دەدات بۆ دەستپێكردنەوە

ليست هناك تعليقات


هەواڵ
-
دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دوو بڕیار سەبارەت بە پرۆژەکانی وەبەرهێنان دەداتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەبەرهێنانی پارێزگاکان و یەک هەفتە مۆڵەتیان بۆ دادەنێت.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و كارگێڕی لە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند "بە فەرمانێک بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگاکانمان ئاگادارکردووەتەوە کە ئەو پرۆژانەی مۆڵەتی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە و دەستبەکار نەبوون، دەبێت لەماوەی یەک هەفتەدا دەست بە پرۆژەکانیان بکەن، ئەگەر لەو ماوەیەدا دەستبەکار نەبن، مۆڵەتەکانیان هەڵدەوەشێندرێتەوە".

لەبارەی خزمەتگوزاریی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونیش، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی و كارگێڕی لە دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: "ئەمەش فەرمانێکی دیکەیە و ماوەی 15 رۆژمان داوە بە بەڕێوەبەری گشتیی پارێزگاكان، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە نرخی خزمەتگوزارییەكانی ناو پرۆژەكانی نیشتەجێبوون بكرێت، و ھەمووی رێكبخرێت بەجۆرێك لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیاندا بێت".

موخلیس سەلیم ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کاتەی دایانناوە لە رۆژی دووشەممە 11-5-2020 دەستپێدەکات، بۆ دەستبەکاربوونی پرۆژەکان هەفتەیەک و رێکخستنی خزمەتگوزاری پرۆژەکانیش 15 رۆژیان داناوە.

لە دوای ساڵی 2006، کە یاسای وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسندکرا، تائێستا بە قەبارەی 52 ملیار دۆلار مۆڵەتی پرۆژەکانی وەبەرهێنان دراوە بە وەبەرهێنەرە ناوخۆیی و بیانییەکان. پێشتر هەر وەبەرهێنەرێک هەر پرۆژەیەکی هەبووایە، پێشکەشی دەستەی وەبەرهێنانی دەکرد و داوای مۆڵەتی لە دەستەکە دەکرد، بەڵام بەپێی پلانی 2020ی دەستەی وەبەرهێنان، لەوە بەدواوە دەستەکە خۆی پرۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەر کەرتێکدا دەستنیشاندەکات بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی کە خولیای سەرمایەگوزارییان هەیە لە هەرێمی کوردستان.

هەروەها رۆژی 3-5-2020 د. محەممەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا 1055 پرۆژەی وەبەرهێنانی راگەیاند، کە 461 یان لە بواری پیشەسازی، 227 گەشتوگوزاری ‌و 113 شیان كشتوكاڵین، هەروەها لە بواری خانووبەرەشدا دەستەی وەبەرهێنان پرۆژەی دروستکردنی 10 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی لە هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردووە.

و/ڕووداو

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif