ئەمریکا: ئایینەكان لە هەرێمی کوردستان ئازادترن تاعێراق

ليست هناك تعليقات

کۆمیسیۆنی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی ناسراو بە (USCIRF) راپۆرتی ساڵانەی لەسەر ئازادی ئایینی لە جیهاندا بڵاوکردەوە. ئەو بەشەی کە پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، دەڵێت لە 2019دا کەمینە ئایینییەکان لە هەرێمی کوردستان ئازادتربوون بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە لە ساڵی 2019دا بارودۆخی ئازادی ئایینی لە عێراق لە هەندێ بواری گرنگدا گەشەیسەند، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بۆ ئەمریکا جێگەی نیگەرانی بووە.

راپۆرتەکە دەڵێت: "کەمینە ئایینیەکان لە دەشتاییەکانی مووسڵ و شەنگال رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەوە لە کاتی گەڕانەوەیان بە سەلامەتی لە کورتمەودادا، هەروەها لە بەردەوامیدان بە ژیانیان بە پارێزراوی لە دوورمەودادا."

کۆمیسیۆنی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی دەڵێت ئاوارەکان تا ئەندازەیەک هاوشێوەی ئەوانەی کە لە بنەڕەتدا لەوێن، لە هەرێمی کوردستان شوێنی خۆیان کردووەتەوە.

لە راپۆرتی کۆمسیۆنەکەدا هاتووە: "30% بۆ 50%ی کلدانی و ئاشووری و مەسیحییەکان کە بەهۆی شەڕی داعشەوە دەربەدەربووبوون گەڕانەوە ناوچەکانیان، ئەمانە لە هەولێر و لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی هەستیان بە سەلامەتی کردووە".

بەپێی راپۆرتەکە بەڵام هەندێک لە گرووپی حەشدی شەعبی لەوانەش بە تالیۆنی 50 (بابلیون) کە چەکداری مەسیحین و بەتالیۆنی 30 کە کوردی شەبەکن، کێشەیان بۆ هاتوچۆی ئەو ئاوارە مەسیحیانە دروستکردووە کە گەڕاونەتەوە شارەکانی دەشتی نەینەوا.

راپۆرتەکەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات هێرشی تورکیا بۆ سەر بارەگا و بنکەکانی پەکەکە لەناو شەنگال و نزیک قەزاکە ناسەقامگیری زیاتری بەدوای خۆیدا هێناوە. 

هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە: "لە ساڵی 2019دا بارودۆخی ئازادی ئایینی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک خۆی مایەوە بە بەراورد بە ساڵانی پێشتر، کە زۆرینە موسڵمان و کەمینە ئایینیەکانی دیکە تا رادەیەکی زۆر ئازادن بە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق". بەڵام راپۆرتە نایشارێتەوە کە مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان کێشەی موڵکداریان هەیە.

کۆمسیۆنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادی ئاینیی نێودەوڵەتی، کۆمسیۆنێکی سەربەخۆی دووانەیی حکومەتی فیدراڵی ئەمریکایە کە چاودێری مافی جیهانی بۆ ئازادی ئایینی یان بیروڕا لە دەرەوەی وڵات دەکات. ئەم کۆمسیۆنە پاڵپشت بە یاسای نێودەوڵەتی ئازادی ئایینی لە ساڵی 1998ەوە دامەزراوە. 



راسپاردەکانی کۆمسیۆنەکە بۆ حکومەتی ئەمریکا:

-عێراق بخرێتە ناو لیستی چاودێری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی بەشداریکردن یان رێگەدان بە پێشێلکردنی لە رادەبەدەری ئازادی ئایینی بە پشتبەستن بە یاسای ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی(IRFA) .

- وەک بەشێک لە پەیوەندییە دووقۆڵییە زۆر گرنگەکان، بەردەوام گوشار بخرێتە سەر عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەی کە خۆی دایڕشتوە بۆ سنوردارکردن یان کۆنترۆڵکردنی هێزەکانی حەشدی شەعبی، بە تایبەتی ئەو قەوارانەی کە بەردەوامن لە نانەوەی توندوتیژی تایەفی، ئاستەنگ دروست دەکەن بۆ گەڕانەوە و بووژاندنەوەی ئێزدییەکان و مەسیحییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە باکووری عێراق، یاخود دەستێوەردان دەکەن لە جوڵانەوەی ناڕەزایەتییەکان یان خۆپیشاندانەکان لە بەرژەوەندی خواستەکانی ئێران.

- سزای دیاریکراو بسەپێندرێت بەسەر ژمارەیەکی زیاتر لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کە میلیشیاکانیان ئاراستە دەکەن بۆ پێشێلکردنی ئازادی ئایینی ئەویش بە سڕکردنی سەرمایەی ئەو سەرکردانە یان رێگریلێکردنیان بۆ هاتنە ناو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە پشتبەستن بە دەسەڵاتەکانی ڤیزە و دارایی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ، کە تێیدا بە تایبەتی ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی ئازادی ئایینی کراوە.

- تیشک بخرێتە سەر ئازادی ئایینی لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح و سەرۆک وەزیرانی داهاتوو بە مەبەستی هاندانیان تاوەکو کاری لەپێشینەیان بریتی بێت لە بووژاندنەوە و پاراستن و نوێنەرایەتیکردنی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی وڵاتەکەیان کە زیاتر مەترسیان لەسەرە.

- هاوکاری پێشکەش بکرێت بۆ بەهێزکردنی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی عێراق لەڕێی نوێنەرایەتییە مەدەنی و سیاسیەکانیانەوە هەروەها لەڕێی سەرکردە ئایینیەکانیانەوە بۆ دەستپێکردن و پاڵپشتیکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، بۆ نمونە بەستنی گفتوگۆیەکی فراوان بۆ بەڕێوەبردنی خۆیان و دامەزراندنی چوارچێوەیەکی ئاسایشی نوێنەرایەتیکراو بۆ ناوچەی دەشتەکانی نەینەوا

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif