كۆرۆنا پاسكیلی لە بازاڕ نەهێشت

ليست هناك تعليقات

هەواڵ
-
بازرگانان و خاوەن پیشانگاكانی فرۆشتنی پایسکل دەڵێن، ڤایرۆسی كۆرۆنا تێڕوانینی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بۆ لێخوڕینی پایسکل گۆڕی. لە ماوەی 40 رۆژی قەدەخەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و دوای هەڵگرتنی قەدەخەکەش خواست لەسەر بەكارهێنانی پایسکل بە رێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە، بە جۆرێک بازاڕی هەندێک جۆری پاسكیل بە رێژەی 200% زیادبووە.

پایسکل، ئامرازێکی گواستنەوەیە و بە دۆستی ژینگە ناسراوە، بەهۆی سوودەكانی بۆ تەندروستیی مرۆڤ و ئاسانی بەكارهێنان و هەرزانی لە نرخدا، لە بەشێك لە وڵاتان وەك یەكێک لە ئامرازە سەرەكییەکانی گواستنەوەی ناوخۆ بەكاردێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هێشتا نەبووەتە جێی بایەخی خەڵك.

هەژار و دەوڵەمەند پایسکلیان کڕی

محەممەد ئەحمەد حاجی، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بایك كە ساڵانە 200 هەزار پایسكل هاوردەی هەرێمی كوردستان و عێراق دەكات، دەڵێت: "ڤایرۆسی كۆرۆنا تێڕوانی خەڵكی بۆ لێخوڕینی پایسکل گۆڕی. پێشتر خەڵكانێك پێیان شەرم بوو پاسكیل لێبخوڕن، بەڵام لە ماوەی چل رۆژی قەدەخەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێلدا، خەڵكانێكی زۆر لە چینی دەوڵەمەند و هەژار پایسکلیان دەکڕی، بە جۆرێك فرۆشی هەندێ جۆری پایسکل بە رێژەی 200% زیادیكرد".

پێشتر لە هەرێمی كوردستان زۆرترین فرۆشی پایسکل، لە جۆری قەبارەی بچووك بە تایبەت منداڵان بوو، بەڵام لە ماوەی رابردوودا زیاتر خواست لەسەر پایسکلی قەبارە 26 بە سەرەوە بوو كە بە پایسکلی گەوران ناسراوە.



محەممەد حاجی، دەڵێت: "لەكاتی ئاسایی پایسکلی قەبارە 12 تاوەكو 20 كە بە پایسکلی منداڵان ناسراوە، زۆرترین خواستی لەسەرە، بەڵام بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل، زیاتر خواست لەسەر پایسکلی گەوران بوو، بە جۆرێك لە ماوەی چل رۆژی كەرەنتیندا ئێمە بە هەزاران پایسکلی قەبارە 26 بەسەرەوەمان فرۆشت و كۆگاكانمان چۆڵ بوون".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif