ئاشتی بۆ دەروونی ماندووی خەڵك

ليست هناك تعليقات



تانیا تاهر
-
هیچ كەس و هێز و لایەنێك ناتوانێ نكۆڵی لە هەبوونی قەیرانی گەورەی دارایی و ئیداری بكات لە هەرێمی كوردستان، هەمووشمان بە ئەندازەی بوونمان لە دەسەڵات و حكومڕانی رابردوو بەرپرسیارین تەنانەت بۆ یەك سەعات و یەك پۆستیش بووبێت، بۆیە بە رەوای نابینم لە ژێر هیچ ناو و پاساوێكدا بە ئامانجی خۆدزینەوە لەبەرپرسیارێتی یەكتربخەینە ناو بازنەی گەندەڵی و تۆمەتەوە.
ئەوەی وام لێدەكات جیاوازتر و پێچەوانەی زۆر كەس ئەم بابەتە بنووسم گەڕانەوەیەكی زۆر خێرا و سەرنجێكی بابەتیانەیە بۆ مێژووی سیاسی و ئیداری هەرێمی كوردستان.
ئەگەر قۆناخەكانی حكومڕانی لە هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئیداری دابەشبكەین بۆ سێ قۆناخی گرنگ، قۆناخی یەكەم بە راپەڕینی مەزنی 1991 دەستپێدەكات ، كە بە دروستكردنی حكومەتی دیفاكتۆ ناسرا، قۆناخی دووەم كە 2003 یە و بە رووخانی رژێمی فاشیستی بەغدا ناسرا، قۆناخی عێراقی نوێ و بە فەرمی ناساندنی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی كوردستانە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا. قۆناخی سێیەم و لەهەمووان دژوارتر قۆناخی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی خەڵكی كوردستانە. دیارە لە هەموو ئەم قۆناخانەدا گەلی كورد تووشی چەندان قەیرانی سیاسی و ئابووری سەخت بووەتەوە. قسەم لەسەر قۆناخی یەكەم نییە لەم بابەتەدا، چونكە كەسایەتی نێچێرڤان بارزانی، سەركردەیەكی سیاسی و كەسایەتی ناو خودی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە بۆیەش هەڵسەنگاندنی ئەو قۆناخەی كاری من نییە، كە من بۆ چركەیەك نە ئەندام و نە لایەنگری پارتی نەبووم، تاوەكو قسە لەسەر كار و بەڕێوەبردنیان بكەم.
بەڵام لەهەردوو قۆناخەكەی دیكە و دەركەوتنی نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان مافی هەر هاونیشتمانییەكە بە باش و خراپەكانییەوە قسەی لەسەر بكات. بەڕای من تەنیا پێویستە قسەكانمان بابەتی بن و دووربن لە شتی تایبەتی خۆمان. ناكرێت ئەوەی ئێستا وەك دەرەنجامی مێژووی 29 ساڵەی ئەزموونی حكومڕانی لە كوردستان كەوتووەتەوە، هەموومان خۆمانی لێ بێبەری بكەین و بیخەینە ئەستۆی خۆی و ستافەكەی و خۆشمان وەك فریشتەی ئاسمانی سیاسی ئەم هەرێمە نیشانبدەین. دەبێ ئەوە بزانین ئیدارەدانی هەرێمێك لەسەر ئاستی واقعی دوو هەرێمی جیاواز، ئەو هەموو ململانێ سیاسی و كێشە ناوخۆیی و دەرەكییە هێندە سادە و سانا نییە و پیاوی خۆی دەوێت .
لەگەڵ ئەمانەشدا لەماوەی كاری ئەواندا هەموو ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاری و پشتیوانی گەنجان و میدیا و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و مافەكانی ئافرەتان ومنداڵ و . لە پاڵیشیدا لەسەر ئاستی دیپلۆماسی و پەیوەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هەروەها راگرتنی باڵانسی سیاسی و پەیوەندی نێوان هێزە ناوخۆییەكان ناكرێت و رۆڵی بەڕێزیان پەراوێز بخەین. گوتنی ئەم شتانە مانای ئەوە نییە كە رەخنە و گلەییمان لە كاری نەبێت، بەڵام ئەوەش لەبەرچاو بگرین خۆیان و كابینەكەیان هەرچەند درەنگ بوو، بەڵام بە ئامادەكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی و ناردنی بۆ پەرلەمانی كوردستان دانیان بە هەموو هەڵەكانی رابردوودا نا لە بەڕێوەبردن و حكومڕانی .
لەم قۆناخە هەستیارە دا كە بەڕاستی مەترسی گەورە لەسەر تێكچوونی شیرازەی نێوماڵی كوردی هەیە و سەرتاپای پەیوەندییەكان هەر لە پەیوەندی نێوان حیزبەكانەوە بگرە تاوەكو حكومەت و پەرلەمان، خەڵك و حكومەت لەوپەڕی خراپیدایە سەرباری خراپی دۆخی ئابووری و مەترسی سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و پەتای كۆرۆنا. لەنێو خودی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانیشیدا بەبێ گوێدانە هەستی بریندار و هەژاری خەڵك خەریكی دروستكردنی جۆرێك لە نائارامی و ترس و دڵەڕاوكێ و سڕینەوەی یەكترن كە ئەگەر هەرچی زووە فریا نەكەوین دۆخەكە لەدەست دەردەچێت .
بۆیە لە رێگەی ئەم وتارەوە داوا لە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كورستان دەكەم بە حوكمی پێگەی یاسایی و سیاسی و حیزبی و توانای تایبەتی خۆیان و هەموو ئەو دەلیلانەی باسمكردن بە رۆڵی گرنگی خۆیان هەستن و لە رێگەی پڕۆژەی فراوانی ئاشتەوایی و تەبایی لایەنە سیاسییەكان لەنێو خۆیان و لەگەڵ حكومەت و پەرلەمان رێكبخاتەوە و، ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایەتی و یاسایی و سەقامگیری دەروونی بۆ خەڵكی كوردستان بگەڕێنینەوە و ئومێد و هیوای داهاتوویەكی باش و گەش بداتەوە هاونیشتمانیانی ماندوو و خاوەن قوربانی كوردستان، من دڵنیام ئەمە تەنیا بە بەڕێزیان دەكرێت، پێموایە نێچیرڤان بارزانی بەشێوەی بیركردنەوەكەی خاوەنی مانیفێستی چارەسەری سەرجەم كێشەكانە. 
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی سۆسیالیست*

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif