ئاستەنگەكانی بەردەم كابینەكەی كازمی

ليست هناك تعليقات


عوسمان عبدلڵە گوڵپی
-
 دوای ململانێیەكی زۆری نێوخۆیی و دەرەكی، مستەفا كازمی وەك چاوەڕوان دەكرا قۆناغی ڕاسپاردنی تێپەڕ كرد و متمانەی پەرلەمانی بەدەست هێنا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق، كابینەكەی كازمی لە بەردەم ئاستەنگی زۆر و قەیرانی قوڵی جەماوەری و سیاسیدایە، ئاسان نیە بتوانی نوقڵانەی سەركەوتنی كابینەكەی لێ بدەیت، فاكتەرەكانی شكستیش كەم نین، كابینەی نوێی عێراق لە ڕووی جەماوەریەوە لەبەردەم خەڵكێكی توڕەی كەم خزمەتی پەراوێزخراودایە، بۆیە چاوەڕوانی خەڵك لە حكومەتەكەی مستەفا كازمی كەم نیە، بەتایبەت بۆ حكومەتێك كە گیرۆدەی ململانێی نێوخۆیی و دەرەكی بێت ئاسان نەبێ، بەتایبەت لە دۆخێكی ئابووری ناسەقامگیری ڕوو لە لێژی وەك ئێستا

یەكێك لە ئاستەنگەكانی بەردەم كابینەكەی كازمی، ناكۆكی ناوخۆییە و هێزە سیاسیەكان بەشێكی زۆریان بە ناچاری ئەم كاندیدەیان قبوڵكردوە و دڵخوازی ئەوان نیە، ئەمەش وا دەكات هەمیشە لەبەردەم ئەوەدابێت هەندێك لە هێزە نێوخۆییەكان بەدوای شكستی كابینەكەیەوەبن، ئەگەرچی نەتوانن بە ڕوونی بیڵێن بەڵام لە كرداردا شكستی كابینەكەی كازمی بەسەركەوتنی خۆیان دەزانن و دەیانەوێ بە پشتیوانانی نێوخۆ و دەرەكی كازمی بڵێن حكومەتێك ئێمە پشتیوانی نەبین ناتوانێت سەركەوتووبێت .

یەكێكیتر لە ئاستەنگەكانی بەردەم مستەفا كازمی بوونی ململانێی نفوزی ئێران و ئەمریكایە لە عێراق، ئەم دوو وڵاتە هەریەك ئەجێندا و پلانێكیان بۆ عێراق هەیە و زۆرترینی هەنگاوەكانیشیان دژ یەكن و تەریب نین، ئەوەی ئەمریكا دەیخوازێت لە مستەفا كازمی، ڕێك پێچەوانەی ئەوەیە كە ئێران دەیخوازێت، بۆیە كابینەكەی مستەفا كازمی لە بەردەم قۆناغێكی سەختی خواستەكانی ئەمریكادایە كە لەم قۆناغەدا دەیەوێت هێرشبەربەر و یەكلاكەرەوەی نفوزبێت لە عێراق و بە پچەوانەوە، ئێران لە قۆناغی بەرگریكردنە لە مانەوەی نفوزی خۆی لە عێراق، بەڕوونی ئەوەی دیارە و خوێندنەوەی بۆ دەكرێت ئەوەیە كە ئەمریكا دۆخی ئێران بە فرسەت دەزانێت بۆ ئەوەی بەتەواوی لاوازی بكات لە عێراق، یەكەم هەنگاویش كە چاوەڕێ دەكرێت مەسەلەی حەشدی شەعبیە كە چارەسەری بكات و كۆتایی پێ بهێنێت، حەتمەن هەندێك لە هێزەكانیان نەك هموی، مانەوەیان بەهێڵی سوری ئەمریكا دادەنرێت و پێی وایە بوونیان بوونی ڕاستەو خۆی سەربازی ئێرانە لە عێراق و پێشی وایە بەشێك لەو هێزانەی حەشدیان پێكهێناوە دەتوانرێ مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە،

بە پێچەوانەوە ئێران خواستی ئەوەی هەیە لەم قۆناغەدا حەشدی شەعبی و ئەو هێزانەی بە نفوزی ئەو دادەنرێن بیانپارێزێت و بیانهێڵێتەوە و نەهێڵێ لاواز ببن، چونكە لاوازیان بە لاوازبوونی پێگەی خۆی دەزانێ، بۆیە ئێستا ئێران و دۆستەكانی لە خۆپارێزی و بەرگریدان و بەم ئامانجەش نەرمیان نواند لە پێكهێنانی كابینەكەی كازمیدا كە خواستی ئەمریكا و ڕەد نەكراوەی ئێران بوو

بۆیە ئەوەی لەبەردەم كازمیدایە قۆناغێكی سەختە و تێپەڕ كردنی ئاسان نیە، سەركەوتن بەسەر قەیرانی دارایی و داخوازی خۆپیشاندەرانی عێراق و ناكۆكی ئەمریكاو ئێران و چارەسەری كێشەی هەرێم، كابینەكەی كازمی لە سەركەوتنی خوازراو دوور بخاتەوە، چونكە ئەمریكا نایەوێ كابینەكەی كازمی شكست بخوات و هەوڵی سەركەوتنی دەدات و بۆ ئەمەش دەبێت عێراق چاوڕێی باجدان بكات

سەركەوتن لای ئەمریكیەكان بۆ ئەم قۆناغە لاوازكردنی حەشدی شەعبی و ڕێكخستنەوەی هێزە جۆراو جۆرەكانی عێراقە بە جۆرێك كە بڕیاری ئێران تیایاندا لاواز بێت و نەتوانێت هیچ هێز و گروپێكی چەكدار بكاتە مەترسی و هەڕەشە لە سەر بەرژەوەندیەكانی لە عێراقدا، ئەمەش سەردەكێشێ بۆ لاوازی هێزە سیاسیە نزیكەكانی ئێران، كاتێك پشتیوانی سەربازی هەر هێزێك لاواز دەبێت لە عێراقی پڕ لە ململانێدا، ئەوا تاكە پشتیوانی بمێنێتەوە هەستی مەزهەبی و ئاینیە و ئەمەش بەهۆی نەبوونی یەكڕیزی ماڵی شیعی  ئەوەش نابێتە فاكتەری مانەوە بەبەهێزی وەك ڕابردوو، چونكە لە هەمان قوماشی مەزهەبی و ئاینی ئەمریكاش قاتێكی بۆ خۆی دووریوە

یەكێكیتر لە قەیرانە نزیكەكانی بەردەم حكومەتەكەی مستەفا كازمی، هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، كەمن پێم وایە دەبێتە هەڵبژاردنی پاش وەختە و عێراق ناچێتە هەڵبژاردنێكەوە تا هەندێك گۆڕانكاری ئەنجام نەدات كە لە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پێشوو دووری بخاتەوە، واتە هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێت هاوكێشەی سیاسی بەجۆرێك بگۆڕێت كە جارێكیتر پارسەنگی هێز بگۆڕێتەوە، بەجۆرێك كە هێزەكانی هەشت ساڵی ڕابردووی تێدا بەبەهێزی نەمێننەوە، ئەمەش پێمان دەڵێ هەڵبژاردن بەر لە ئەنجامدانی، عێراق دەخاتە بەردەم هەندێك گۆڕانكاری بەناوی چاكسازیەوە وەك ئامادەسازی بۆ گۆڕانكاری پارسەنگی هێز لە دوای هەڵبژاردنی چاوەڕوانكراو كە بڕیاری لێدراوە، لەولاشەوە ئێران هەوڵی تەواو دەدات كە هەڵبژاردنی داهاتوو هێزە دۆستەكانی پاشەكشە نەكەن

بۆیە قۆناغی ئێستای عێراق، بەرزبونەوەی باڵانسی خواستی ئەمریكایە و پێكهێنانی كابینەی نوێش یەكەم هەنگاوی ئەو باڵانسەبوو، ئەگەرچی ئێران نەیویست قەیرانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق لەوە زیاتر درێژە بكێشێت و تاڕادەیەكیش خواستی هێواش كردنەوەی توندیەكانی نێوان خۆی و ئەمریكای لە عێراق هەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif