لە نێوان نەیار و لایەنگرانی «لامەرکەزییەت»ـدا

ليست هناك تعليقات


هادی حمەڕشید
-
لەناو بێ متمانەییەکی بێ ئەندازەی ڕای گشتییدا، یەکێتیی هەنگاوە کردارییە سەرەتاییەکانی بۆ ئەو پرسە دەست پێکرد، یەکێتیی سەدان پاساوی هەیە بۆ ئەوەی جدیی بێت لە وروژاندنی لامەرکەزییەتدا، بەڵام هێشتا زۆربەی خەڵکی ئەم دەڤەرە بە مراوەغە و مانۆڕی سیاسیی لێیئەڕوانن، چونکە ئەگەر یەکێتیی پاساوێك شك ببات بۆ ئەم هەنگاوە، ئەوا خەڵکیی چەند بەرامبەری ئەوە پێویستیان بە لامەرکەزییەتە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە کە یەکێتیی بە سوارچاکی ئەو پرۆسەیە نازانن!

بە هەرحاڵ یەکێتیی چەند هەنگاوێکی هەڵگرتووە، لۆبیی و سەپۆرتیی میدیایی و بازاڕخستنی تا ئاستی ئامادەکردنی ڕای گشتیی، وروژاندنی لە ئەنجوومەنی پارێزگا و پشتگیریی یاسایی، سەردانی لایەنەکان و داوای پاڵپشتیی هەنگاوەکەیان(هەرچەندە وەفدەکەیان زۆر قەرەباڵغ و بێ سەرەوبەرە دیار بوون)!

پێئەچێت یەکێتیی درێژە بە ئەم مانۆڕە بدات تا چەند قۆتاغێکیتر، بەڵام هێشتا جدیی نەبێت لە دەرئەنجامەکەیدا، بە پێچەوانەشەوە ئەکرێت میکانیزم چەندە لاواز و فشەڵ بێت، بەڵام جدیی بێت لە تەحقیقکردنی ئامانجەکەدا.

بۆ خۆم خۆشحاڵم کە نووسەران و چاودێران بەشداریی کارا بکەن لە ڕەنگڕێژکردنی ئەم بابەتەدا، لەو سۆنگەیەوە پێمخۆشە چەند سەرنجێك تۆمار بکەم:

یەکەم/ ئەوانەی کە لایەنگری لامەرکەزییەتن، مەنزور و مەبەستیان جیاوازە لەو ڕوانگە و دیدگایەی یەکێتییەوە، کاتێك کە زۆرێك لەم ئایکۆنانە ساڵانێك لە کاتی خۆیان بەخشیی بەم پرۆسەیە، یەکێتیی لەگەڵ پارتیی هاوپەیمانیدا ناوەندێتی توند(المركزية المطلقة)ی لە کوردستان سەپاند و ئەنجوومەنی پارێزگاکانیان داڕنی لە دەسەڵات.

بۆیە کە ئێستا دەرفەتێك هاتووەتە پێشەوە، نابێت بە هیچ بیانوویەك دژایەتی پرسەکە بکەن، هەروەك نابێت کۆی پرۆسەکەش جێبهێڵن بۆ یەکێتیی و حیزبەکان، بەڵکو دەستەبژێری نووسەران و رۆشنبیران پێویستە بەشداربن لە دیزاینی ئایندەی ئەم ناوچەیەدا.

دووەم/ یەکێتیی بە حوکمی قەڵەمڕەویی حیزبییان ئاساییە پێشڕەوایەتیی ئەم قۆناغە بکەن و ڕێگا بەخۆیان بدەن سەردانی لایەنەکان بکەن، بەڵام بەر لەوە ئەبوو «هاوسەرۆکان» ـی یەکێتیی بوێرانە بۆ خۆیان شەفافانە بێنە ناو خەڵکەوە و لۆبی بۆ پێشنیارەکەیان بکەن، ڕوونی بکەنەوە کە مەبەستیان لە لامەرکەزیی چییە؟!

حکومەتی هەرێم بۆ خۆی بەرهەمی لامەرکەزییەتە و لەناو دەوڵەتێکی فیدراڵدایە، ئەگەر مەبەستی ئەمان لامەرکەزییەت بێت لە چوارچێوەی لامەرکەزییەتدا، ئەمە ئەبێت بەڵام دەرمانی دەردی ئەم دەڤەرە ناکات، چونکە دەمێکە حکومەتی هەرێم خۆی پێ دەسەڵاتێکی کراوە و دیموکراسییە و کەچی واش نییە، کەواتە ئەکرێت پێناسەکەی خۆی هەمووار بکاتەوە بۆ دەسەڵاتێکی کراوە و دیموکراسیی و لامەرکەزیی...تاد بەڵام هەمان سروشت و ناوەڕۆکی جاران!

لەبەرامبەردا ئەکرێت مەبەستیان لە لامەرکەزییەت، گەڕانەوە بێت بۆ فۆڕمی بریمەریی یان دروستکردنی هەرێمی سۆران، کە ئەوکات بەگوێرەی پرۆژەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیی پارێزگای سلێمانیی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین و تەنانەت کۆیەش بگرێتەوە.
بەکورتیی ئەجێنداتان ڕوون نییە، تا خەڵك ڕۆڵی دیار بێت!

سێیەم/ چەندە دنیا ڕوو بە لامەرکەزییەت و کرانەوەی زیاترە و لایەنە ئەرێنییەکانی لامەرکەزییەت زۆر زیاترە لە دیوە نەرێنییەکەی، دیارترینی ئەو خاڵانەش بریتییە لە نزیکیی بەرپرسان لە خەڵك و خێرایی لە گەیاندنی خزمەتگوزاریی، واوەتر خەڵکی ئەم دەڤەرە خوازیارن کۆتایی بێت بەو ونبوونی بەرپرسیارییەتەی کە خەڵکی ئەم ناوچەیە گیرۆدەن بە دەستییەوە، ئێستا چۆن پارتیی یەکێتیی بە کەمتەرخەم ئەزانێت و یەکێتییش پارتیی بە مۆنۆپۆلیست ئەزانێت، لەوەها بارێکدا ئیدی ئەم یارییە کۆتایی پێدێت.

چوارەم/ یەکێتیی پێویستە تێبگات کە پرسی دروستکردنی هەرێمێك بۆ ئەم ناوچەیە، پێداویستییەکە ئەخوازێت فراوانتر لێی بڕوانرێت، وەك لەوەی پرسێکی حیزبیی ڕووت بێت و پێویستی بە گفتوگۆی حیزبەکان بێت، پێویستە بهێنرێتە ناو دەزگا فەرهەنگیی و کەلتورییەکانییشەوە.

یەکێتییەك کە لە ناوەڕاستی نەوەدەکان بەدواوە سەرۆکایەتیی بەرەی «هاوپەیمانیی دیموکراسیی کوردستان»ـی کرد، لایەنەکانی ناو ئەو هاوپەیمانێتییە لەسەنگەری یەکێتییەوە دژ بە پارتیی شەڕی بەرەییان ئەنجامدا، بەڵام لەپرۆسەی ئاشتەواییدا یەکێتیی جێهێشتن و خۆپەرستانە ئەوانی تەنیا کردەوە، لە ئێستادا دیسانەوە لە بەردەم بارەگای ئەو حیزبانەدا چاوەڕێی پاڵپشت و هاوبەشییانە لە لامەرکەزییەتدا، لایەنەکانییش هەر یەکەیان و بە وەرەقەیەکی ئامادەکراو لە داواکاریی حیزبیی و کەسیی، ئایا باری لامەرکەزییەت گرانتر ناکات؟

ئایا ئەم تایپە پێشکەوتووەی فەرمانڕەوایی ئەکرێت بەم پێودانگە ناشیاوە ئیدارە بدرێت؟!

پێنجەم/ دیسان بەو پێیەی کە یەکێتیی خاوەنی قەڵەمڕەویی سەربازیی و ئەمنیی و تەنانەت بیزنس و بازاڕیشە، گرنگە چەندە ئەو دیدگا و مەنزوری خۆی بۆ لامەرکەزییەت بخاتەڕوو، بە هەمان ڕەهەند دیدی خەڵکیش لەم بارەیەوە بزانێت؛

خەڵکیی ئەم دەڤەرە ماندوون بەدەست ئیدارەدانی پارتییەوە، پارتیی لە هەولێرەوە بە تۆپزیی هەموو بڕیارێکی خۆی سەپاندووە، کەلتورێکی سەردەست کردووە کە بە ئاشکرا دژە بەم ناوچەیە، لەناو میدیا و دەستەبژێری میدیاکار و نووسەر و تەنانەت هونەرمەندانیشییدا کەلتورێکیان باڵادەست کردووە کە سووکایەتیی بە هەموو پیرۆزییەکانی ئەم ناوچەیە ئەکرێت.

بۆیە خەڵکیی خوازیارنین دەسەڵاتداری ئایندەی ئەم دەڤەرە، هەمان کۆپیی دەسەڵاتەکەی هەولێربن، کورد وتەنی لە دەستی گورگ ڕزگار بکرێن و بدرێنە دەست رێوی!

لە ئێستادا ئەندامی مەڵبەندێك خۆی پێ گەورەترە لە قایمقام و دەزگای حکومیی، ئایا ئەم جۆرە لە دەسەڵات کۆپیی هەمان دەسەڵاتی هەولێر نابن؟!
ئەم تایپە لە سیاسەت و ئیدارەدان ئەگۆڕێت، یان لە دۆزەخێکی فراوانترەوە ئەگوێزرێینەوە بۆ دۆزەخۆچکەیەکی تەسکی حیزبییتر؟!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif