وەزیری كشتوكاڵ: بەغداد لە نرخی گەنمدا غەدرمان لێ دەكات

ليست هناك تعليقات


هەواڵ
-
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەڵێت، ئەمساڵ زیاتر لە یەک ملیۆن تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام بەغدا 360 هەزار تۆن وەردەگرێت و ئەوەش غەدرێكە ساڵانە دووبارە دەبێتەوە.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ ‌و سەرچاوەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بە ڕووداوی راگەیاند، بەنیازن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی هەرێمی كوردستان شاندێك دروست بكەن دواتر بۆ فشار خستنە سەر حكومەتی عێراق سەردانی بەغدا بكەن ‌و گوتیشی "داوا لە بەغدا دەكەین ئەگەر بڕوایان بەو رێژەیە لە بەرهەم نییە، ئەوا خۆیان دەتوانن لیژنەی مەیدانی بنێرن هەرێمی كوردستان سەردانی زەوی جووتیارەكان بكەن ‌و بە چاوی خۆیان بەرهەمەكان ببینن".

لەبارەی ئەو پرۆژەیەشیان كە بەنیازبوون، خۆیان بەشێك لە بەرهەمی گەنمی جووتیاران بكڕنەوە بێگەرد تاڵەبانی گوتی "ڤایرۆسی كۆرنا هۆكاربوو بۆ ئەوەی ئێمە ئەمساڵ نەتوانین ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بكەین".

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دروێنەکردن جووتیارانی هەرێمی کوردستان دووچاری نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی زۆر دەبن لەبارەی چارەنووسی وەرگرتنی گەنمەکایان، ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق تەنیا 192 ملیار دیناری بۆ کڕینی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تەرخانکرد، کە بەم پارەیە تەنیا 354 هەزار 850 تۆنی پێکڕیوە. 

نرخی وەرگرتنی گەنم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە 

پلە یەک بۆ هەر تۆنێک 580 هەزار دینار
پلە دوو بۆ هەر تۆنێک 460 هەزار دینار
پلە سێ بۆ هەر تۆنێک 420 هەزار دینار 

رۆژی سێشەممە، عەلی حەمید وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێی راگەیاندووە دەرگای هەموو سایلۆکان کراوە دەبن بە رووی بەرهەمی ناوخۆیی، بەڵام جگە لە گەنمی ناوخۆیی، نابێت هیچ گەنمێکی دیکە وەربگیرێت.

حەمید نایف، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ئەمساڵ پلانی کشتوکاڵی ناردووە، هەرچەندە پلانەکەشی درەنگ ناردووە، بەڵام ئەوەی تێبینی دەکرێت نزیکەی دوو ملیۆن و 600 هەزار دۆنم زەوی خراوەتە پلانەکە، لە کاتێکدا پێشتر 500 هەزار دۆنم بووە، بۆیە زیادبوونێکی نالۆژیکی هەیە، بۆ ئەو مەبەستە لیژنەیەک پێکهێنراوە بەمەبەستی بەدواداچوون بەو ئەو زیادبوونە لە رادەبەدرە. 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەشڵێت، لە وەرزی ئەمساڵدا لە عێراق نزیکەی 9 ملیۆن دۆنم زەوی گەنم چێنراوە، پێشبینیدەکەن بەرهەمی ئەمساڵ لایەنیکەم شەش ملیۆن تۆن گەنم بێت، کە پێنج ملیۆن تۆن بەشی خۆبژێوی عێراق دەکات بۆ پسولەی خۆراک، ملیۆنێک تۆن گەنمی دیکە کۆگا دەکرێت بۆ ساڵی داهاتوو. لەکاتێکدا عێراق 550 هەزار تۆن گەنمی زیادەی هەیە، وێڕای ئەو زیادەیەی لە وەرزی ئەمساڵ دەیبێت.

ساڵانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 620 هەزار تۆن گەنمە، توانای کۆگاکردنی 618 هەزار تۆنی هەیە، تاوەکو ئێستاش حکومەتی عێراقی 557 ملیۆن دیناری پارەی گەنمی 2014و 2015 و 2016ی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی نەداوە. 

حكومەتی عێراق ساڵانە بە نرخێكی پاڵپشتی كراو گەنم لە جووتیاران دەكڕێتەوە، بەڵام وەك جووتیارانی هەرێمی كوردستان باسی دەكەن لەم رووەشەوە بەغدا خەدریان لێدەكات، لە زیاتر لە یەك ملیۆن تۆن گەنمی هەر 360 هەزار تۆن گەنم لە هەرێمی كوردستان وەردەگرێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif