هەواڵ
-
لە بەرنامەی فەرمانبەر و موچەی شەوی ڕابردووی ٢/٥/٢٠٢٠ی ئێن ئاڕتی دا كە ژمارەیەك لە مامۆستایانی بەشدار و جالاك لە ناڕەزاییەكان بەشدار بوون باس لە كێشەكانی پەروەردە و نەبوونی موچە و كاریگەریەكانی و دۆخی خراپی هاوڵاتیان كرا، لە بەرنامەكەدا
مامۆستا ئاری یەكێك لە بەڕێوبەرە ناڕازیەكان وتی: ئەوەی ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات حكومەت نیە و گوناحە پێی بوترێت حكومەت، ئەمانە كۆمەڵێك سیاسی ناشارەزان كە بە عەقڵیەتی شاخ مامەڵە لەگەل شاردا دەكەن، بەداخەوە هەمان دەمووچاوەكان ٣٠ ساڵە ئەم وڵاتە بەڕێوە ئەبەن و شكۆی پەروەردە و مامۆستاو خوێندنیان شكاند.
هەر لە بەرنامەكەدا مامۆستا بێستون هەورامی وتی: حكومەتی هەرێم نەلە ڕابردوودا كردویەتی و نەلە داهاتوشدا دەتوانێ گۆڕانكاری بكات بەتایبەت لە كەرتی پەروەردە، چەند ساڵی ڕابردوو دەسەڵات باكی بەكەرتی پەروەردە نەبوە بەهیچ شێوەیەك، بەداخەوە ئەم دەسەڵاتە دڵسۆز نیە گەر دڵسۆز بونایە دەبوو لە گیرفانی خۆشیان بوایە موچەیان بدایە بۆ ئەوەی مەكتەبەكان دا نەخرێن، بۆیە ئەم دەسەڵاتە جگە لە بەرژەوەندی گیرفانی خۆیان نەیانتوانیوە كار لەسەر دروشمەكانی خۆشیان بكەن كە دەوڵەت بونە و بناغەی دەوڵەت بوونیان دروست نەكردوە ، گەر دەسەڵات لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا مانگانە پاشەكەوتێكیان بكردایە ئێستا ئەم ئەزمانە چارەسەر دەكران،
سادق هەڵەدنی ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی وتی: چیتر گوناهمان دەگات داواكاریمان لەم حكومەتە هەبێت چونكە نایەوێت هیچ بكات، باوەڕم بەوە نیە پارە نیە بەڵكو پارە هەیە بەڵام ئیرادەی خزمەتكردنی خەڵك سفرە و نیە، بەو پارەیەیی كە لە ژێر زەمینەكاندا هەلیان گرتوە دەتوانن تا دەساڵیتر موچە بدەن، بەلام نایدەن
مامۆستا ئازاد یەكێك لە بەشداربوانی ناڕەزاییەكان و خاوەنی (معاشەكە و جوانە) كە كورتە ڤیدیۆیەكی دەنگدەرەوە بوو دەڵێ: ئەم حكومەتە ١٨ موچەی منی لایە و ئێستاش ناتوانێ یەك موچەی من بدات كە خانەنشینم، بەڵام موچەی پەرلەمانتارێك كە جەدوەلی زەڕبی لەبەر نیە شەش ملیۆنە، بۆیە دەبێت موچەی پلەباڵاكان كەم بكرێتەوە و بارگرانی لەسەر موچە لاببرێت و گەر ئەو موچانەی كە زیادە و بارن بەسەر موچەوە كەم نەكرێتەوە كەس ناتوانێ موچە وەك خۆی بدات، بەداخەوە ئێستاش كێشەی دوو موچەییان چارەسەر نەكردوە و خەڵك هەیە دوو موچە و سێ موچەی هەیە،
هەر لە درێژەی بەرنامەی موچە و فەرمانبەراندا، تارق تاهر ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی وتی: دەسەڵات بە مەبەست سوكایەتی بە كەرتی پەروەردە دەكات بۆ ئەوەی ئیرادەیەك نەمێنێ گۆڕانكاری بكات، نەوەی تازە پێگەشتوو كاتێك كە شەق لە مامۆستا هەڵدەدرێت و كاتێك مامۆستایەك دەبێنێت كە كار دەكات تا بژێوی خۆی پەیدابكات و خوشك و براكانی دەبینێ دەرچوی زانكۆن و لەماڵەوە بێكارن بێ هیوا دەبێت، بەتایبەت كە دەبینێ خەڵكیتر هیچ ئاستێكی خوێندنی نیە و لە باشترین ژیانیدایە بەهۆی حیزبەكەیەوە، ئەمە كاریگەری خراپ دروست دەكات لەسەر داهاتووی كۆمەڵگە
هەر لە درێژەی قسەكانیدا تارق تاهر وتی: منداڵی بەرپرسەكان لە خوێندنی ئەهلین و خوێندنیشیان نەوەستاوە، بەڵام مناڵی خەڵكی ئاسایی و هەژار وەستاوە و لە مەترسیدایە، ئەمە یەكێكە لە هۆكارەكانی پشتكردنە خوێندنی گشتی و شكست بخوات
م ئاوات ئازاد كە ئەندامێكیتری ئەنجومەنەكەیە وتی: ناڕەزاییەكانی ڕابردوو كاریگەریان هەبوە بەڵام وەك پێویست نەبوە، وە گەر تەواوی چین و توێژەكان پشتیوانی یەك بونایە كاریگەڕی باشتری دەبوو
لە درێژەی قسەكانیدا ئاوات ئازاد ئاماژەی بەو توندوتیژیانەدا كە لە ناڕەزاییەكانی ڕابردوو بەرامبەر بە هاوڵاتیانی ناڕازی و مامۆستایانی خۆپیشاندەركراو وتی: بەداخەوە لە ناڕەزاییەكاندا مامۆستایان دەستگیركران و ئازار دران و گازی فرمێسكڕێژیان بەرامبەر بەكار هێنرا.
سامان علی مامۆستای ناڕازی لە بەرنامەكەدا وتی: بەداخەوە زاراوەی موچەخۆران بەكار دەهێنرێت و هەموو ئەوانەش دەگرێتەوە كە بندیوارن، ناكرێ فەرمانبەرێك بەردەوام دەوام بكات و ئەركی خۆی جێبەجێ بكات لەگەڵ بندیوارێك كە هیچ ناكا یەكسانیكەیت و بە هەردوكیان بڵێی موچەخۆر، دەبێت بوترێت فەرمانبەران.
لە كۆتایی قسەكانیدا پرسیارێكی بۆ دەسەڵات جێ هێشت و وتی: كەس نازانێ فەرمانبەرانی هەرێم چەندن و بوە بە مەتەڵ، بەس پێمان بڵێن چەند فەرمانبەرمان هەیە، چونكە هەریەكەی ڕەقەمێك دەڵێ.
مامۆستا هاوڕێ ئەحمد ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی لە بەرنامەكەدا وتی: ئەوانەی حكومڕانی ئەم هەرێمە دەكەن كاریان لەسەر لاوازكردنی ئیرادەی تاك كرد و تاكیان ڕووخاند، هاتن و چونە نێو جومگەكانی پەروەردە و وێرانیان كرد، لە بەرێوبەری باخچەیەكەوە تا سەرۆكی زانكۆ هاتن ئەوانەیان دانا كە وەلائی بۆ حیزب هەبوو و لەناو حیزبیشدا بۆ شەخس هەبوو، هاتن كاریانكرد تاكی كورد دابماڵن لە ئیرادە ، تەنانەت ئەوەشی دەنگی دلێری هەبوو لە ناوحیزبەكانی خۆشیان، دژی بوون و تیرۆری مەعنەویانكرد،
بێخاڵ علی مامۆستای ناڕازی لە بەرنامەكەدا وتی: بەداخەوە ئەم دەسەڵاتە وانەی لە پێش خۆی وەرنەگرتوە و وامان لێهاتوە بڵێین ڕەحمەت لەكفن دزی پێشوو
سەبارەت بە كێشەی خوێندنی ئۆنلاینیش وتی: گەورەترین گرفتی دروستكردوە بۆ دەرەوەی شارەكان بەتایبەت گوندەكان ، زۆربەی خوێندكارەكانی گوندەكان نەك خەتیان نیە بەڵكو موبایلی زیرەك لە ماڵەكەیاندا نیە، بەداخەوە سلكی پەروەردە وەك مشكی مختەبەری لێ هاتوە و هەر وەزیرەی دێت و سیستەمێك پەیڕەو دەكات و تاقی دەكاتەوە
مامۆستا نجمدین ساڵح لە بەرنامەكەدا وتی: هیچ ئومێدێكم بەم دەسەڵاتە نیە بەگشتی كە چاكسازی بكات، هەر لە بەنامەكەدا مامۆستا سروشت هاواری وتی: بەداخەوە حكومەت بەدەم هاوڵاتیانەوە نایەت، حكومەت دەتوانێ موچە بدات بەڵام نایدات، چونكە ئەوان بەس خۆیان دەبینن و گیرفانی دڕاوی خۆیان لە بیرە و پڕیش نابێ، مامۆستا سامان تاهر بە هەمان شیوە وتی:داهاتی وڵات لەدەستی ئەمیندا نیە گەر بكەوێتە دەستی دڵسۆز و ئەمین سێ هەرێمی پێ بەڕێوە دەبات، بەداخەوە هیچ دڵسۆز نین. و باكیشیان نیە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق