شاعیرێكی سپی، جوانیەكان ئەنوسێتەوە

ليست هناك تعليقات


لە نێو شپرزەیی و جەنجاڵییەکانی ئەم جیهانە نەسرەوتەدا، هەمیشە زمان توانیویەتی جوانییەکان لەم دنیایەدا بنوسێتەوە و تەواوی سەرنجەکانیش بەلای خۆیدا ڕابکێشێت.

لێرەدا قسە لەسەر ئەو زمانە نییە کە دەخوازێت زان ناشرین بکات، بەڵکو ئەو زمانەیە کە جوانبینی و ڕەهەندەکانی ژیان و مرۆڤ دۆستی دەنوسێتەوە.

ھـەرچـەن نیگـای
بـە سـاڵا چــووم
ڕەنگـەکــانــی لا شـــێـواوە
نـە ھـەسـتی مـن
سـاتـێ گـۆڕا
نـە وێـنــەکــەی تـۆ گــۆڕاوە

شاعیر بەردەوام خەونی خۆی دەنوسێتەوە، پرسیاری گەورە و نوێ لای خوێنەرانی دروست دەکات، ئەو پرسیارانە دەوروژێنێت کە ئێمەی خوێنەرانی بۆ خۆوە سەرقاڵ دەکات، شاعیر کاتێک دەنوسێت، بە خۆی بزانێت یان نەزانێت، ئێمەی خوێنەر دەکاتە بەشێکی دانەبڕاو لە پێکەوەگرێدانی هەموو ئەو شتانەی لەو واڵاییەدا دەمانهێنن و دەمانبەن.

من لە دڵتام
مەیشارەوە
دنیاش تۆی دیوە لە چاوما
نەگریم ئەی چۆن
بۆم دێتە دەر
ئەو گڕەی وا لە ھەناوما

شاعیر لە هەر شوێنێکی ئەم گۆی زەویەدا بێت، هەر هەمان ئەو شتانە دەبینێت کە ئێمەش دەیبینین، وەلێ نوسینەوەیان جیاوازە، ئەم جیاوازییەش دەکەوێتە سەر ئەزموون و خوێندنەوەکانی خودی شاعیرەکە. ئەگەریش بە هەڵەدا نەچووبم، لێرەوە شاعیری باش و خراپ دەردەکەون؛ باش بەو مانایەی تێکستەکان چ بەشدارییەکیان دەبێت لە فراوانکردنی پانتاییەکانی بیرکردنەوەدا، خراپیش بەو مانایەی ڕەشکردنەوەی لاپەڕەکان چەندێک دوورن لە خەڵک و خەون و دنیابینیەکان.

من زۆر گریام
کاتی کۆچت
دنیایەک ڕوخا بەسەرما
جەستەیێ بـووم
نەمویسـتبــوو
ڕووح بێنیتەوە بە بەرما

یەحیا بەرزنجی، یەکێکە لەو شاعیرانەی ناخوازێت کۆتوبەندەکانی خود، بە مانای "من" بنوسێتەوە، ئەم شاعیرەمان کە دەکەوێتە نوسینەوەی خەونەکانی، ناسنامەی خود دەگۆڕێت بۆ هەمووان، لە سۆنگەی پاراستن و داکۆکیکردن لە بەها جوانەکان، لە بنەما هاوبەشەکان لە نیشتمانەکەی خۆیدا کە بێ هیچ چەندوچوونێک ئەو نیشتمانە دەبەخشێت بە دیدی هەموومان و پێمان دەڵێت؛ نا ئازیزان نا، مەرج نییە دەقە شیعرییەکان لێوانلێۆ بکرێن لە ئەفسانەکان، لە ناوە بریقەدارەکان، پێمان دەڵێت شیعری ڕەسەن، جا هەر کێیەک نوسیبێتی و بە هەر شێوازێکیش نوسرابێت، دەشێت باڵ بگرێت و بەم واڵاییەدا بفڕێت و شوناسی خۆی ببەخشێتەوە.
دەنگی ئەمریكا

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif