چاوپێكەوتن
پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە دەڵێت، ئاکەپە نایەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات، چونکە ئەگەر بیویستایە ئێستا چارەسەر ببوو. هەموو هێز و بۆچوونەکان لەدەستی ئەواندان، بەڵام ئەوان وەکو هۆکارێكی بەهێزکردنی خۆیان نزیکی لەو پرسە بوونەوە. ئەمڕۆ هەر کەسێک باسی ئاشتی بکات، هێرشی دەکەنە سەر و دەیخەنە زیندانەوە. ئەمڕۆ ئاستەنگی هەرە گەورە لەبەردەم ئاشتییدا بەیەکەوەبوونی ئاکەپە - مەهەپەیە.
لەبارەی سیاسەتی هەدەپە، پەروین بوڵدان ئاماژە بەوە دەکات، سیاسەتی ئەوان سیاسەتی رکابەرێتی نییە. بۆ ئارامی گەلانی هەرێمەکە و ئازادی گەلەکەیان تێدەکۆشن. دەیانەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێتیی گەلان و زمان بونیادبنرێت، بەڵام هەرکەسە و بە رەنگ و زمانی خۆی ئەوە بکات.
پەروین بوڵدان دەسەڵاتداریی و حکومڕانیی کورد لە رۆژئاوای کوردستان وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو باسدەکات و باسی ئەوەش دەکات کە کورد لە تورکیا خاوەنی پارت، دامەزراوە، چاپەمەنییە. کورد رۆشنبیری هەیە و هونەری خۆی درێژە پێدەدات و ئێستا دەنگ و ئاوازی بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە. بۆ نموونە؛ مۆدێلی رۆژئاڤا، کە لەلایەن گەلی کورد بونیادنراوە لە جیهاندا نمونەیەکی بێ وێنەیە. ئەوەش هێرشکارەکەکان شێت و هار دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینی هاوسەرۆکی هەدەپە لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو
پرسیار: ئێستا تەنیا 14 سەرۆک شارەوانیتان ماون، ئەوانی دیکە هەموویان لە کار دوورخراونەتەوە و هەندێکیشیان گیراون. ئێوە وەکو سیاسەتمەدارێکی بەئەزموون، ئەو کارە چۆن دەبینن و دەربارەی دۆخی دیموکراسی تورکیا چی دەگەیێنێت؟
پەروین بوڵدان: بێگومان ئەو هەڵوێستە هێرشکارانەیە دەبێت بەشێوەیەکی بەرفراوان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت. لە راستییدا دژی ئیرادە و بوونی گەلی کورد ماوەی 100 ساڵە بێپچڕان هێرشی داگیرکاری درێژەی پێدەدرێت. ئەوە هێرشی لەناوبردنی کوردە. لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا ئەو هێرشانە بە رێبازی جیاواز و لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە بەڕێوە دەبرێن. ئاکەپە- مەهەپەی فاشیست بە رێگەیەکی تایبەت لە ساڵی 2015ـەوە ئەو هێرشانە لە بەرزترین ئاست و بە رێبازی نوێ بەرامبەر گەلەکەمان درێژە پێدەدەن و هەمان رێبازی شارک ئیسلاحییەتی ساڵی 1925 بەکاردەهێنن، هەمان موفەتیشەکانی ئوموومی ئەنجامدەدەن و هەمیش بە ناوی تێكشاندن ئەو هێرشانە دووبارە جێبەجێدەکەن. پرسەکە تەنیا هەدەپە نییە، تەنیا سەرۆک شارەوانییەکان نین، هەر کەسێک بەناوی گەلی کوردەوە هەنگاو بنێت، قسە بکات، ئیرادە نیشانبدات، ئەو عەقڵیەتەی دژی کورد ئەو کەسانە بەئامانج دەگرێت. هەربۆیە ئاکەپە لە هەمان کاتدا دژی رۆژئاڤا، دژی گشتپرسی سەربەخۆیی باشوور ئەو هێرشانەی درێژە پێدەدات. واتە بابەتەکە تەنیا ئێمە نین. پرسەکە بوونی کوردە لە هەر شوێنێکی جیهاندا، ماف و ئازادی گەلی کوردە، کێ پارێزگاری لەو ماف و ئازادیانە دەکات، ئەوکەسە دەبێتە ئامانج و رووبەڕووی هێرشی لەناوبردن دەبێتەوە.
هەڵبەتە ئەو هێرشەی قەییومەکان کودەتای ئاکەپەیە و لە هەمانکاتدا بەرامبەر خواستی گەلی کورد بێڕێزییەکی گەورەیە. لە ساڵی 2016 بەدواوە زیاتر لە 100 سەرۆک شارەوانی گەلی کورد لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە. ئێستا مانگانە جارێک، دوو مانگ جارێک هێرشدەکەنە سەر سەرۆک شارەوانییەکانمان. دەیانەوێت گەلی کورد لەسەر ئەوە رابهێنن، یان دەیانەوێت کورد گیرۆدە بکەن و بەنابەدڵی دەست لەوە بەردەن کە ئازادیان کردووە.
بەڵام ئەو هێرشانەی ئەوان نەک لەو پەڕی هێز و توانایانەوەیە، بەڵکو لە ناچاریانەوەیە. بڕوانن سەرەڕای هەموو هێرشەکان و هەموو کۆمەڵکوژییەکان، گەلی کورد ئەمڕۆ خاوەنی ئیرادەیە. لە پەرلەماندا، لە شارەوانییەکان نوێنەری خۆی هەیە. لە تورکیا خاوەنی پارت، دامەزراوە، چاپەمەنییە. کورد رۆشنبیری هەیە و هونەری خۆی درێژە پێدەدات و ئێستا دەنگ و ئاوازی بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە. بۆ نموونە؛ مۆدێلی رۆژئاڤا، کە لەلایەن گەلی کورد بونیادنراوە لە جیهاندا نمونەیەکی بێ وێنەیە. ئەوەش هێرشکارەکەکان شێت و هار دەکات. هۆکاری ئەو هێرشانە ئەوەیە. دەبینن گەلی کورد گەیشتووەتە ئاستی ئازادی، هیوا بە جیهان دەبەخشێت و بۆیە چاویان پێهەڵنایەت. بە رق و قینەوە لەگەڵ ئەو راستیە دەڕۆن، بەڵام نە گەلی کورد لەمڕۆ بەدواوە دەست لەو ماف و ئازادیانەی بەردەدات و نە ئاکەپەش دەتوانێت لەو رووەوە سەرکەوتووبێت. بینیمان سەدام حوسێن چۆن هێرشێكی کردە سەر کورد، بەڵام سەرنەکەوت. ئەو هێرشە بۆ ئێمە تەنیا هۆکارەکەی ئازادییە، تەنیا هۆکار بەرزکردنەوەی تێکۆشانە. وەکو دیکە هیچ واتایەکی نییە.
پرسیار: ئێستا لە پەرلەمانی تورکیادا هەوڵدەدرێت پارێزبەندی لەسەر هەندێک پەرلەمانتاری هەدەپە هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن، ناوی تۆش لەنێو لیستەکەدایە. ئێوە ئەو هەوڵانە چۆن دەبینن؟ ئایا ئەو هەوڵدانانە سەرکەوتوو دەبن؟
پەروین بوڵدان: هیچ جارێک لە سیاسەتدا بۆ ئێمە، بۆ سیاسەتمەدارانی کورد پارێزبەندی و پاراستنێک نەبووە. ئێمە 25 بۆ 30 ساڵە سیاسەت بە پارێزبەندی دەوڵەت ناکەین، لەبەرامبەر هێرش و تێگەیشتنی دەوڵەتدا بەردەوامی بە سیاسەت دەدەین. لە ساڵی 1994 پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمان بێبەشکران، هەڤاڵەکانمانیان 11 ساڵ بەدیل گرتن. دووبارە لە ساڵی 2016 بەدواوە هاوسەرۆکەکانی پێشووی ئێمە سەلاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ مافی پەرلەمانتاریان لێسەندرایەوە، هێشتا هەڤاڵەکانمان بەدیل گیراون. بڕوانن رۆژی جەژن سیاسەتمەدارانی کورد دەستگیرکراون و بە منداڵی سێ ساڵیەوە زیندانی کران. لە مانگی رەمەزان هێرشیان کردە سەر گۆڕستانی کورد. ئەو تێگەیشتنەی پێشتر دەیگوت "باشترین کورد، کوردی مردوون"، ئێستا دەڵێن "کوردی مردوو بۆ ئێمە مەترسیدارە". لە مردووەکانی کورد و لە زیندووەکانیشی دەترسن. رق و کینەیان بەرامبەر ئێمە هێندە زۆرە ئێستاش لە ئێمە دەترسن، ئێستاش دەزانن ئاستەنگ لەبەردەم فاشیزمی ئەواندا تەنیا هێزی ئێمەیە. دەتوانن جارێکی دیکە یاسا پێشێل بکەنەوە، دەتوانن جارێکی دیکە کورد لە پەرلەمان دەربکەن، بەڵام ئیتر ناتوانن 40 ملیۆن کورد بوەستێنن. کورد لە هەموو هەلومەرجێکدا ماف و ئازادییەکانی خۆی و دەستکەوتەکانی خۆی دەپارێزێت.
پرسیار: ئێوە ئێستا پشتگیریی خۆتان بۆ بەربژێرەکانی جەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019 چۆن دەبینن و ئایا بڕیارێکی ژیرانەبوو؟ چ بەرهەمێکی هەبوو؟
پەروین بوڵدان: ئەوە بە هەڵە پێناسە دەکرێت و هێشتا هەندێک دەوروبەر بە مەبەست ئەوە پێچەوانە دەکەنەوە. ستراتیژییەتی ئێمە لە 31ی ئاداردا پشتگیریکردنی هیچ سیاسەتێک نەبوو. ئێمە پشتگیریمان لە جەهەپە نەکرد یان لە پارتێکی دیکە. ئێمە پارتێکی خێرخوازییش نین، لەگەڵ ئەوەی گوایە هەندێک سیاستمەدار، مامۆستا، پسپۆڕ لەوە تێناگەن یان بە مەبەست شتەکان پێچەوانە دەکەنەوە، بەڵام گەلەکەمان ئەوە باش تێگەیشت. ئێمە پشتگیریمان لە هیچ پارتێک نەکرد، ئێمە ستراتیژییەکمان بونیادنا، بۆیە گەل پشتیوانی لەو ستراتیژییەی ئێمە کرد، چونکە ئەو ستراتیژییە لە بەرامبەر ئەو هێرشکردنەدا لێپرسینەوەیەک بوو.
ئێمە ئەوەمان نیشانی حکومەتدا لە هەموو هەلومەرجێکا دەتوانین لەم وڵاتە سیاسەت سەراوبن بکەین، ئێمە دەتوانین هاوسەنگی سیاسەت بگۆڕین. لە شوێنی ئاکەپە، ئەمڕۆ جەهەپە ئەو هێرشەی بکردبایە هەمان لێپرسینەوەمان لەگەڵ ئەویش دەکرد. ئێمە رووداوە مێژووییەکانیشمان لەبیر نەکردوون، بەڵام سیاسەتی ئێمە سیاسەتی رکابەرێتی نییە. بۆ ئارامی گەلانی هەرێمەکە و ئازادی گەلەکەمان تێدەکۆشین. دەمانەوێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا یەکێتی گەلان و زمان بونیادبنرێت، بەڵام هەرکەسە و بە رەنگ و زمانی خۆی ئەوە بکات. بۆیە بۆ ئێمە تێکدانی دەسەڵات سیاسەتێکی هەڵە نییە و ئێمە دەتوانین بۆ ئەوە پشتگیری لایەنەکان بکەین.
پرسیار: ئێوە و چەند پارتێکی دیکە لە باکووری کوردستان هاوپەیمانیەکتان دروستکردبوو بۆ دەنگدانەکەی ساڵی رابردوو، ئەو هاوپەیمانییە هەر ماوە؟ دەستکەوتەکانی چی بوون؟ لەبەرنامەتاندا هەیە ئەو هاوپەیمانییە بەهێزتر بکەن؟
پەروین بوڵدان: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ پارتە کوردییەکاندا پەیوەندییەکی ستراتیژییە و بۆ ماوەیەکی کورت نییە. دەمانەوێت لەنێو هەموو هێزە کوردییەکاندا یەکێتیەکی هەمیشەیی بونیاد بنرێت و ئەوەش بۆ هێزی کورد لەم سەدەیەدا پێویستیەکی مێژووییە. بە بۆچوونی ئێمە، یەکێتیی کورد ئاشتی و ئارامی لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا مسۆگەر دەکات. لەو رووەشەوە پێویستە هەموو کەسێک بە رەنگ و دەنگی خۆی، بەڵام بەیەکەوە بۆ ئازادی گەلی کورد خەبات بکات. ئەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ پارتە کوردییەکاندا دروستمانکرد هەرچەند بە دڵی ئێمەش نەبووبێت بۆ دوارۆژ هیوایەکە و چاوەڕوانییەکانمان گەشتر دەکات. ئێمە دەمانەوێت ئەو هاوپەیمانیە لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەنێوان هەموو هێزەکانی کورددا بەڕێوە بچێت. ئێمە بۆ ئەوە کاردەکەین و هەر فیداکارییەک بکەوێتە سەر شانی ئێمە، ئامادەین ئەنجامی بدەین. لەم قۆناخەی مان و نەمانی گەلی کورددا پێویستە هەموو هێز و لایەنەکانی کورد ئەو راستیە ببینن. هەڵبەتە هەموو پارت، لایەن و رێکخراوەکان خاوەنی تایبەتمەندی جۆراوجۆرن، دەبێت خاڵی سەرەکی و هاوبەشیان هەبن. دوژمنەکانی کورد هەموویان دەبنە یەک، ئەی بۆچی وەک کورد لە بەرامبەر ئەوان نابینە یەک؟ ئێمە ناتوانین ئەم سەدەیە بێ رێککەوتن بەڕێبکەین.
پرسیار: ئێستا هەوڵی جیدی هەن لە رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی هەموو پارتە کوردییەکان یەکڕیز بن. ئێوە وەکو هەدەپە ئەو هەنگاوانە چۆن دەبینن؟ کاریگەری ئەو هەوڵانە لەسەر دۆزی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە؟
پەروین بوڵدان: وەک ئەوەی من پێشتریش باسم کرد، ئەو هاوکاری، یەکێتیە بۆ ئێمە پێویستییەکی گەورەیە. ئێمە بە هەر هەنگاوێکی یەکێتی دڵخۆش، شاد و بەختەوەر دەبین، چونکە ئەو هەنگاوانەی بۆ یەکێتی دەنرێن ئەو هەنگاوەن کە بۆ ئازادی گەلی ئێمە نراون. پیرۆزبایی لەو کەسانە و دەوروبەریش دەکەین کە لەو هەوڵدانی دروستکردنی یەکڕیزییەدا کاریانکردووە. هەروەها پیرۆزبایی لە بەڕێز مەسعود بارزانی دەکەین و زۆر سوپاسی جەنابیان دەکەین و دەزانین لەو بارەوە خاوەن هەوڵدانێکی گەورەیە. ئێمە هیوادارن ئەو هەوڵدانانەی ئەو، لەمڕۆ بەدواوەش بەردەوامیان هەبێت.
ئەمڕۆ هێرشەکان بەرامبەر گەلەکەمان زۆرن، ئەوەش بەهۆی پارچەبوونی ئێمەوەیە. دژبەر و نەیارەکانمان لە پارچەبوونی ئێمە هێز وەردەگرن. دەیانەوێت بەگژیەکدیماندا بدەن. سیاسەتی پارچەکردنی کۆمەڵگە سیاسەتێکی داگیرکاری هەزاران ساڵەیە.
یەکێتیی ئێمە زیان لەو سیاسەتە ژێرپێخستنە دەدات، بەتایبەت ئەو یەکێتیەی لە رۆژئاوا بونیاد دەنرێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش و بۆ ژیانێكی ئازاد دەبێتە هیوا. گەلان چاویان لەسەر گەلەکەمانە لە رۆژئاوا و هەربۆیەش ئەو یەکێتییەی لەوێ لە هەموو شتێک بایەخدارترە. بڕوانن لە رۆژئاڤا کە بابەتی یەکێتی و یەکڕیزیی کورد کەوتە رۆژەڤەوە، هەموو هێزە دەسەڵاتدارەکان و داگیرکەران لەوە نیگەران بوون. مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێكیدا گوتی "ئێمە ناهێڵین کورد ببنە یەک، چەند لەدەستمان بێت ئێمە هەر هەوڵدەدەین رێگە لەبەردەم ئەوەدا بگرین".
پرسیار: ئێستا ئابووریی تورکیا زیانێکی گەورەی بینیوە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەک ئێوە دەزانن لەناوچە کوردنشین رێژەی هەژاری بەرزە، ئێوەش لەنزیکەوە چاودێری ئەو دۆخە دەکەن. ئێستا رەوشی ئابووری ئەو ناوچە کوردییانە چۆنە؟
پەروین بوڵدان: ئەو هێرشانەی ئاکەپە بە گشتی، تورکیا بەرەو بەهیلاکچوونێکی گەورە دەبات. قەیرانی ئابووری تەنیا بەهۆی کۆرۆناوە قووڵ نەبووەتەوە. شەڕ و هێرشەکانی ئاکەپە ئەو قەیرانە گەورەتر دەکات. ئێستا دەیانەوێت بە دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ ئەوە بکەن یان گەمارۆ بدەن. دەستبەسەر ماڵ و ماڵی خەڵکیدا دەگرن. دەوڵەمەندی رۆژئاڤا تێکدەدەن و دەستی بەسەردا دەگرن. دەیانەوێت گەلی کورد بە برسیکردن فێربکەن. لەو رووەوە هێرش بەرامبەر گەلی کورد هەمان کات هێرشێكی ئابوورییە. نەک ئەوەی گەلی کورد لە دۆخی ئابووریەوە زیانی بەردەکەوێت، بە مەبەست زیان بەگەلی کورد دەگەیێنن. تاوەکو ئێمە بەگشتی ئازاد نەبین و نەتوانین پڕ سکی خۆمان تێر بخۆین، ئەوەش راستییەکی ژێردەستەییە.
بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەژاری گەلەکەمان، ئێمە لەرێگەی شارەوانییەکانی خۆمانەوە تۆڕێکی هاوکاریمان دروستکردبوو، ئێمە کەمپینێكمان بەناوی "هەڤماڵی" دەستپێکردبوو بۆئەوەی لەنێوان پردی هاوکاری، دابەشکردن و پشتیوانی دروستبکەین، بەڵام لەسەرەتای بابەتی ڤایرۆسی کۆرۆنادا ئەوان سەرۆکی شارەوانییەکانمانیان دەستبەسەرکردن، کە هاوکاری خەڵکیان دەکرد. نەیانویست لەنێو گەلی کورد پشتیوانی دروستبێت، بەڵام ئێمە ئەوە باش دەزانین. ئێمە هۆکاری هێرشەکانیان و نیازی ئەوانیش دەزانین. دووبارە بەپێی توانای خۆمان هیچ جارێک گەلەکەمان بەتەنیا جێناهێڵین. ئێمە بۆ گەلەکەمانین.
پرسیار: ساڵی 2013 پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەبوو، بەڵام دوای دووساڵ بە کۆتایی هات و هەدەپە رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لە نزیککردنەوەی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا. ئێستا دەرفەت هەیە پرۆسەیەکی دیکە لەنێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورکیا دەستپێبکاتەوە؟
پەروین بوڵدان: پارتەکەی ئێمە پارتێکی ئاشتیانەیە، بەلای ئێمەوە دەبێت هەموو پرسە کۆمەڵایەتییەکان لە رێگە و رێبازی ئاشتییانەوە چارەسەربکرێن. ئێمە پارچەیەکی پرۆسەی ئاشتی بووین. بەهۆی ئەوەی ئێمە پارتی ئاشتین لە پرۆسەی ئاشتیدا نزیکی کۆمەڵگە بۆ ئێمە زۆر بوو. ئێمە لەو پرۆسەیەدا بینیمان دەردی ئاکەپە ئاشتی نییە، ئەوان ویستیان هێزی ئێمە بێکاریگەر بکەن و سەردەستەیی خۆیان بەهێز بکەن. ئاکەپە نایەوێت پرسی کورد چارەسەر بکات، چونکە ئەگەر بیویستایە ئێستا چارەسەر ببوو. هەموو هێز و بۆچوونەکان لەدەستی ئەواندان، بەڵام ئەوان وەکو هۆکارێكی بەهێزکردنی خۆیان نزیکی لەو پرسە بوونەوە. دەیانەویست لەو رێگایەوە رێبازی ئێمە لەناوبەرن و بوونی خۆیان بهێڵنەوە، بەڵام کە بینیان ئەو پرۆسەیە بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەوان نییە، هێرشیانکردە سەر ئێمە و پرۆسەکە. بڕوانن ئەمڕۆ هەر کەسێک باسی ئاشتی بکات، هێرشی دەکەنە سەر و دەیخەنە زیندانەوە. ئەمڕۆ ئاستەنگی هەرە گەورە لەبەردەم ئاشتییدا بەیەکەوەبوونی ئاکەپە- مەهەپەیە. تاوەکو ئەو عەقڵیەتە تێکنەچێت ئاشتی بەدەستنایەت.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق