تاڵی ئاوریشمی (شار)

ليست هناك تعليقات


دكتۆرە ئاڤێستا كمال
-
تاڵی ئاوریشمی
زنجیرە(٤)
-
( شار ) ئەو کۆبوونەوە مرۆییەیە ، کە لە شوێنێکدا نیشتەجێ دەبن و لەوێوە دەستدەکەن بە ڕێکخستنەکانی ژیان، بەڵام هەموو ڕێکخستنێک شار نییە و هەموو کۆبوونەوەیەکیش نابێتە دروستبوونی شار ، دەکرێت ڕێکخستنێکی ستەمکارانە هەبێت و مانای شاری تێدا ونبووبێت یاخود کۆمەڵێک لە شوێنێکدا کۆببنەوە بەڵام هیچ بەهایەکی شاریان پراکتیزە نەکردبێت و تەنها لە شێوەی ئۆردوگایەکی هەڕەمەکی یان خێوەگەیەکی خۆبۆخۆیی بێت ، کەواتە شار کاتێک شارە ،کە بنەمای شارستانیەتی تێدابێت ، کە قسەکردن هەبێت لەسەر فەزیلەتەکان و ڕەزیلەتەکان وەک یەک ، کاتێک شار بوونی هەیە ، کە بیرکردنەوەی جدی و وەستان و تێڕامان و هەڵوێستەکان هەبن خۆ ئەگەر ئەمانە نەبوو ئەوا ئەو کات کۆبوونەوە مرۆییەکان زیاتر لە جەستەیەکی شوێنراوی قەڵەو دەچێت ، کە بەردەوام لە گەورەبووندایە ،بەڵام بێهەودا و بێئامانج بۆ نموونە شارەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بە ئۆردووگایەکی گەورەدەچن ، کە پانەگەشەیەکی ناسروشتیان کردوە ، تێدا لادێ و شار سنووریان نەماوە و ژیانیان ئەو تام و چێژەی نییە ،کە لێکیان جیا بکاتەوە ،لە ناو کرۆکی "شار" دا هیچ گفتوگۆیەکی جدی نییە لەسەر سیاسەت وڕێکخستنی شار تەنانەت ڕۆژانە چەندین "شیکاری سیاسی " لەم "شار"انە دێنە دەرەوە و شرۆڤەی ڕووداوە "سیاسیی"ەکان دەکەن ، بەڵام لەڕاستیدا ئەم شرۆڤانە نەیانتوانیوە ببنە دیبەیتی جدی و شارستانی و باسکردنی ڕێکخستنی شار و گەڕانەوەی شارستنییەت هێندەی وەک شیکارێکی ڕاگەیاندن دەردەکەون ، کە خۆیان بە ڕووداوە ساتە وەختییەکانەوە سەرقاڵ دەکەن و جەوهەری بابەتەکانیان بیرچووە باشترین نموونەش بۆ ئەمە وتارەکەی سەرۆکی حکومەتە بە بۆنەی هاتنی جەژنەوە !! ئەمڕۆ و چەند ڕۆژێکی تر دەبێتە جێی مقۆمقۆ و چەند شیکارییەکی لەسەر دێتەدەرێ و دواتریش لە غەڵبەغەڵب و دەنگەدەنگەکاندا بیردەچێتەوە و "حکومەت"یش کارەکانی خۆی وەک ئەوەی دەیەوێت دەیکات ،چونکە لە کۆتایدا نە توانیومانە شار دروستبکەین و نە توانیویشمانە سیاسەت بکەینە کایەکی جدی لە فەزا گشتییەکەیدا و ئەوەی هەیە تەنها (دیاردەیەکی دەنگییە) نەوەک کۆمەڵگای شارستانی و شار .
٭نوسەرێکی عەرەب بەو ناونیشانە پێناسەی عەرەب دەکات ( العرب ظاهرة صوتية)

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif