کورد، لەبەردەم هێرشی گروپی بێ ناسنامەدا

ليست هناك تعليقات

-
هەتا دێت هێرشی "چەکدارە نەناسراوەکان" بۆ سەر گوندە کوردنیشینەکانی ناوچە کێشەلەسەرەکان چڕتر دەبنەوە، گومانەکانی کوردیش سەبارەت بە ناسنامەی ئەو چەکدارانە لە زیادبووندایە، حکومەتی عێراق و هەرێمیش بەرامبەر بەو ڕووداوانە دەستەوەستانن.

کەم شەو هەیە، هێرشی چەکداری نەکرێتە سەر گوندە کوردنیشینەکانی کەرکوک و دیالە، بەهۆی ئەو هێرشانەوە، دەیان گوندنیشینی کورد کوژراون و برینداربوون، سەدان دۆنم دەغڵ و دانیش سوتێنراون.

شێخ عزەدین تاڵەبانی، کەسایەتی دیاری نێو کوردەکانی باشوری کەرکوک، بەدەنگی ئەمەریکای وت"شەوی ڕابردوو، هێرشی یەک لەدوای یەکیان کردووەتە سەر گوندەکانمان، زیاتر لە هەفتەیەکیشە، کوردانی دەوروبەری خانەقین کراونەتە ئامانج، دەیانکوژن و دەغڵ و دانەکانیان دەسوتێنن."

کەسایەتیە کوردەکەی باشوری کەرکوک، بەگومانە بەرامبەر بە ئامانج کردنی کوردەکان، گومانەکانی لەوێوە چڕتر دەبنەوە، کە گوندە عەرەب نیشینەکان بێ کێشە، ژیانی ئاسایی خۆیان دەبەنە سەر، وتی"دەغڵ و دانی کوردەکان دەسوتێنن، دەچن دەغڵەکانیان بکوژێننەوە، بۆمبیان بۆ دادەنێن، دەیانکوژن و دەیانڕفێنن، لەکاتێکدا عەرەبی گوندەکان بێ کێشە دەژین."

چەکدارانی داعش بە هێرشکردنە سەر گوندە کوردنیشینەکان تۆمەتبار دەکرێن، بەڵام لەو ناوچانەدا، دەیان گروپی چەکداری شیعە و سونە بوونیان هەیە، کە لە مەسەلەی فشارخستنە سەر کوردەکاندا، ئەو گروپانە خاوەن ئەجێندای هاوبەشن.

ئەنجامدانی ئەو هێرشە یەک لەدوای یەکانە بۆ سەر گوندە کوردنیشینەکان، لەکاتێکدایە لەسەر زەوی و زار و خاوەندارێتیکردنی ئەو ناوچانە، ناکۆکی و ململانێ لەنێوان کورد و "عەرەبی هاوردە" دا هەیە، ئەمەش گومانی زیاتری لای کوردەکان دروستکردووە.

چەکدارانی داعش نکۆڵی لەو هێرشانە ناکەن کە ئەنجامیان دەدەن، بەڵام بەرپرسیارێتی خۆیان لە زۆرێک لەو هێرشانە ڕانەگەیاندووە کە دەکرێتە سەر گوندە کوردنیشینەکان، هەروەک جۆری هێرشەکانیش جێ پەنجەی داعشیان پێوە دیار نیە، بۆیە کوردەکان گومانیان لەناسنامەی "هێرشبەرەکان" هەیە.

حکومەتی عێراق، ئۆباڵی تەواوی هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی چەکدارانی داعش، ئەو ڕێکخراوە بە قۆستنەوەی دۆخی سیاسی عێراق و قەیرانی کۆرۆنا بۆ ئەنجامدانی هێرشی زیاتر، تۆمەتبار دەکات.

شێخ عزەدین تاڵەبانی، وتی"ئەو هێرشانەی بەناوی داعشەوە دەکرێنە سەرمان، من ناڵێم داعش دەیانکات، بەڵکو بەشێکە لە پرۆسەی تەعریبکردنەوەی ناوچەکە، ئەو هێزە عێراقیانەش کە ناوی سەپاندنی یاسایان لە خۆیان ناوە، پرۆسەی تەعریب دەسەپێنن."

تەنها لەماوەی چەند شەوی ڕابردوودا، چەندین هێرشی چەکداری کراوەتە سەر گوندە کوردنیشینەکانی خانەقین، بەهۆی ئەو هێرشانەوە 6 کەس کوژراون و چەندین کەسی تریش ڕفێنراون و برینداربوون، تەواوی ئەو ناوچانەش هێرشیانکراوەتە سەر، لە ژێر کۆنترۆڵی هێزی عێراقیدان.

لیوا ئەحمەد حەمەساڵەح جێگری فەرماندەی میحوەری گەرمەسێری پێشمەرگە، وتی"سێ هێزی جیاواز لەناوچەکەدا هەین، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بەڵام هیچ هەماهەنگیەک لەنێوانماندا نیە."

وتیشی"کاتێک هێرش دەکرێتە سەر ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی حەشد یان سوپا، هێزەکانی تر، دەیانەوێت بچنە ناوچەکە، بەڵام ئەو هێزە بەبیانووی سنوربەزاندنی ناوچەکەیەوە، قەبوڵ ناکات."

لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکانی داعش دا، حکومەتی عێراق زۆرێک لە عەشایەرە عەرەبەکانی ڕۆژاوای کەرکوکی چەکدار کردووە یاخود بواری چەک هەڵگرتنی پێداون بۆ بەرگری کردن لە خۆیان، لەهەر هێرشێک گەر بکرێتە سەریان.

هەروەها بوار بە کوردەکانیش دراوە چەکیان هەبێت، بەشێوەیەک هەر ماڵێک نابێت لەچەکێک زیاتری هەبێت، لەکاتێکدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا، عەرەبە عەشایەرەکانی حەویجە، شانبەشانی هێزە عێراقیەکان ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامدا.

ئەحمەد خورشید ئەندامی ئەنجومەنی قەزای حەویجەی ڕۆژاوای کەرکوک، لەبارەی ئۆپەراسیۆنی عەرەبە عەشایەرەکانەوە، بەدەنگی ئەمەریکای وت"ئۆپەراسیۆنەکە تەنها بۆ لایەنی مەعنەوی و ڕاگەیاندن بوو، ئەگینا ئۆپەراسیۆنی فیعلی نەبوو."

وتیشی"عەرەبەکان خۆیان چەکیان کڕیووە، حکومەتی عێراق پێینەداون، چەکەکانیشیان چەکی هێرشکردن نیە، چەکی بەرگریە."

بەڵام شێخ غازی تاڵەبانی کەسایەتی دیاری کوردەکانی کەرکوک، جەختیکردەوە" حکومەتی عێراق عەرەبەکانی بەبیانووی شەڕی داعشەوە چەکدار کردووە، کە لەبنەڕەتدا مەسەلەکە بۆ کوردە نەک داعش، بۆیە بەڕاپۆرت، نیگەرانی خۆمان گەیاندووەتە حکومەتی عێراق."

هێرشە بەردەوامەکانی سەر کوردانی ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەکاتێکدایە هەڵوێستەکانی حکومەتی هەرێم و هێزە کوردیەکان، چوارچێوەی بەیاننامە و ئیدانەکردنیان تێنەپەڕاندووە، ئەمەش کوردەکانی تەواو بێ هیوا کردووە.

شێخ غازی تاڵەبانی، وتی"بەداخەوە، کە دەڵێین: کورد، مەبەستمان یەکێتی و پارتی یە، چونکە ئەوان دەسەڵاتدارن، ئەوانیش بە کێشەی خۆیانەوە ئاڵاون و کەرکوک و ئێمەیان لە بیرکردووە، هەر خەریکی بودجە و گومرگ و داهات و نەوتن، ناوچە کێشە لەسەرەکانیان لە بیرکردووە، زۆر زۆر بەداخەوە."

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif