سەرۆكی ئەمریكا: پەرستگاكان ئارامی دەرونی دەبەخشن

ليست هناك تعليقات


سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە کەنیسە، مزگەوت و پەرستگەکان ئارامی دەروونی بە خەڵک دەبەخشن، بۆیە دەبێت دووبارە بکرێنەوە، سەرەڕای ئەوەی کە هێشتا وڵاتەکەی بە سەختی بەدەستی کۆرۆناوە دەناڵێنێت. 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای لە حاکمی ویلایەتەکان کرد کە دەبێت بە زووترین کات دەست بە کردنەوەی هەموو شوێنەکانی خواپەرستی بکەن. 

ترەمپ لە کۆشکی سپی قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، رایگەیاند، "داوا لە هەموو حاکمەکان دەکەم رێگە بە کردنەوەی کەنیسە و شوێنەکانی خواپەرستی بدەن، ئەگەر وا نەکەن، من بە پێچەوانەی حاکمەکان بڕیارێک دەردەکەم".

بەشێک لە حاکمەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەڵێن، هێشتا زووە بۆ ئەم هەنگاوە، چونکە پێیانوایە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر لەنێو کەنیسە و مزگەوت و پەرستگەکان کۆببنەوە، بەوەش مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر دەبێت.

جەی رۆبێرت پریتزکەر، حاکمی ویلایەتی ئیلینۆی ئەمریکایە، دەڵێت، "هیچ گومانێکی تێدا نییە کە گرنگترین شت بۆ ئێمە ئەوەیە ئەوانەی سەردانی شوێنەکانی خواپەرستی دەکەن نەخۆش نەکەون، چونکە پیاوانی ئایینی ئەوان کۆدەکەنەوە. هیوادارین پیاوانی ئایینی بەردەوامبن لەسەر پەیڕەوکردنی ئەو شێوازەی خواپەرستی کە بەشێکی زۆریان بەکاریانهێناوە، ئەویش بریتییە لە ئەنجامدانی خواپەرستی بە ئۆنلاین و هەندێ جاریش بە رێگەی جیاوازی دیکە وەکو ئەنجامدانی خواپەرستی لە دەرەوەی پەرستگەکان یان لەنێو ئۆتۆمبێل". 

هاوکات بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەمریکا پێشوازییان لەو بڕیارەی ترەمپ کرد، بەڵام هەندێکی دیکەیان پێیانوایە دەبێت حاکمەکان خۆیان بڕیاربدەن کەی سەلامەت دەبێت بۆ کردنەوەی پەرستگەکان.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە ملیۆنێک و 645 هەزار تووشبووی کۆرۆنا لە ئەمریکا تۆمارکراون و لەو ژمارەیەش سەرووی 97 هەزار و 655 کەس گیانیان لەدەستداوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif