وەزارەتی کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، سەروماڵی جووتیاران لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كەوتووەتە بەر ئاگری رق و كینە و "سووتاندنی گەنمی جووتیارانمان لە مەخموورەوە بۆ خانەقین بە پرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەزانین".
وەزارەتی کشتووکاڵ داوا لە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات سەروماڵی جووتیاران لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بپارێزن بەپێی گونجاوی شوێنەکان
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی کشتووکاڵدا هاتووە، بەرپرسیاریێتی پاراستنی بەروبوومی جووتیاران لە ئەستۆی وەزارەتی کشتووکاڵی حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانیان.
هەر لەبارەی پاراستنی بەروبوومی جووتیاران، وەزارەتی کشتووکاڵ ئاماژە بەوە دەکات، نوێنەریان لەگەڵ وەزارەتی كشتووكاڵی حكومەتی فیدرال داوای كردووە دەخلودانی جووتیاران لەو ناوچانە بپارێزرێت.
دەقی راگەیێندراوی وەزارەتی کشتووکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو
راگەیاندراوێك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
بەداخەوە سەرو ماڵی جوتیارانمان لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كەوتووەتە بەر ئاگری رق و كینە، سوتاندنی گەنمی جوتیارانمان لە مەخمورەوە بۆ خانەقین بە پرۆسەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەزانین، كە ساڵانە چەند بارە دەبێتەوە و رەنجی ئەو ساڵەیان بە هەدەر دەدرێت.
پێشتریش وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو داوامان لە وەزارەتی پێشمەرگە كردبوو سەرو ماڵی جوتیاران لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بپارێزن بەپێی گونجاوی شوێنەکان، بەڕێوەبەرایەتیەكانی كشتوكاڵیشمان داوایان لە یەكە ئیداریەكانی ئەو ناوچانە كردووە رێكاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیان و ماڵی جوتیاران.
هەروەها نوێنەرمان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی فیدراڵ داوای كردووە دەغڵ و دانی جوتیاران لەو ناوچانە بپارێزرێت.
لێرەشەوە داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی عێراق و ئیدارەی پارێزگای كەركوك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەین و بەرپرسیارەتی پاراستنی سەرو ماڵی جوتیارانیان لەو ناوچانە لە ئەستۆدایە، لەگەڵ قەرەبووکردنەوەى زيانەکان.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق