كوردپلات - هەواڵ
-
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا هیچ بەڵگەیەکی بینیوە لەبارەی ئەوەی کە سەرچاوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیگەیەکی پەیمانگەی ڤایرۆسناسییە لە ووهان، گوتی "بەڵێ بینیومە".لێدوانەکانی سەرۆکی ئەمریکا دوای چەند کاژێرێک بوو لەوەی کە نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، باوەڕیان وانییە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەلایەن مرۆڤەوە دروستکرابێت.
دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گرت بەوەی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی چین دەکات و گوتیشی "رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەبێت شەرم بیانگرێت، چونکە ئەوان وەکو ئاژانسێکی پەیوەندیی گشتین بۆ چین".
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە باسی هاوکارییەکانی وڵاتەکەی بۆ رێکخراوەکە کرد و گوتی، ساڵانە نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاریان داوە بە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەکاتێکدا چین تەنیا 38 ملیۆن دۆلاری پێداوە؛ ئاماژەی بەوەش کرد "رێکخراوەکە شکستیهێناوە لە رزگارکردنی ژیانی خەڵکدا".
ترەمپ رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی بە ئیدارەدانی خراپ و شاردنەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمەتبارکرد و رایگەیاند "نابێت ئەوان بەهانە بهێننەوە کاتێک خەڵک هەڵەی مەترسیداری وا دەکەن کە دەبێتە هۆی مردنی سەدان هەزار کەس لە جیهاندا".
بە گوتەی سەرۆکی ئەمریکا، وڵاتەکەی هەرگیز ناتوانێت سەرکەوتن بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا رابگەیەنێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوشتووە، دەشڵێ، کاتێک کۆرۆنا نامێنێت و ئابووری گەشەدەکاتەوە، ئەوە بە سەرکەوتن هەژماردەکەن.
تاوەکو ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دەگوترێت سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی شاری ووهانە لە چین، لانیکەم لە 187 وڵات و هەرێمی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بەهۆی ڤایرۆسەکەوە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا زیانێکی زۆری ماددی و گیانییان بەرکەوتووە.
کۆرۆنا لە جیهاندا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 234 هەزار کەسی کوشتووە کە نزیکەی 64 هەزاریان لە ئەمریکا و زیاتر لە 130 هەزاریشیان لە وڵاتانی ئەوروپان.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق