ڤاكسینی كۆرۆنا لە مانگی تەموزدا ئامادەیە

ليست هناك تعليقات

هەواڵ
-
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی گەیشتە قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا و چاوەڕێدەکات لە مانگی تەممووزدا ئامادەبێت بۆ بەکارهێنان.

ڤاکسینەکە لە لایەن کۆمپانیای مۆدێرنا دروستکراوە و یەکەمین پێکوتەبوو لەسەر ئاستی جیهان کە بچێتە قۆناخی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ.

کۆمپانیای مۆدێرنا لە راگەیێندراوێکیدا ئاماژەی بەوە کردووە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵدا یەک ملیار دانە لەو ڤاکسینە بەرهەمدێنێت.

هەروەها راشیگەیاندووە لە ماوەیەکی نزیکدا قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوەی پێکوتەکە لەسەر مرۆڤ دەستپێدەکات. بۆ ئەو مەبەستەش مۆڵەتی لە دەزگای دەرمان و خۆراکی ئەمریکا وەرگرتووە و لە مانگی حوزەیراندا قۆناخی سێیەم و کۆتایی تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکە دەستپێدەکات.

لە قۆناخی دووەمی تاقیکردنەوەکەدا، پێکوتەکە لە 600 کەس دەدرێت، هەندێکیان ئەوانە دەبن، کە تەمەنیان سەروو 55 ساڵە. لە قۆناخی سێیەمیشدا بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی پێکوتەکە، لەسەر ژمارەیەکی زیاتری خەڵک تاقیدەکرێتەوە.

پێکوتەکە بە ناوی زانستی mRNA-1273 پۆڵێنکراوە 17ی ئادار وەکو یەکەمین پێکوتەی دژە کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهاندا لە شاری سیاتڵی سەر بە ویلایەتی واشنتن لەسەر ئافرەتێک تاقیکرایەوە.

هەواڵە خۆشەکەی کۆمپانیا ئەمریکییە لە کاتێکدایە، پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی بەوە کردبوو تاوەکو مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو ڤاکسینەکە بەردەستنابێت بۆ بەکارهێنان.

ئێستا 100 گرووپی لێکۆڵەر لە جیهان خەریکی دۆزینەوەی پێکوتەیەکن، بەڵام تەنیا 12 لەوان گەیشتوونەتە قۆناخی تاقیکردنەوە لەسەر مرۆڤ. بەشێک لە لێکۆڵەران دەڵێن، بەشێکی ئەو هەوڵانە تەنیا ژمارەیان زیادکردووە و دەبنە ئاستەنگی هەوڵی دیکەی کۆنترۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا. "راستییە تاڵەکەش ئەوەیە هیچ پێکوتەیەک دڵنیایی ئەوەی نییە کە هێشتا کاردەکات".

لیانا وین، پرۆفیسۆرە لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی تەندروستی لە زانکۆی جۆرج واشنتن، دەڵێت: "دەیان پێكوتە لەسەر مرۆڤ لە جیهان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاقیکراونەتەوە، زۆری تاقیکردنەوەی دیکەش لێرە لە ئەمریکا بەردەوامە، بەهەمانشێوە لە بەریتانیا چین و وڵاتانی دیکە".

دکتۆر ئەنتۆنی فاوچی، گەورە شارەزای پزیشکیی ئیدارەی ترەمپیش پێشتر رایگەیاندبوو گەشبینە لە زستانی ئەمساڵدا شتێک بە شتێک بکەن: "گەشبینم، لەگەڵ تێپەڕینی کات لەو زستانەی بێت دەزانین کە پێکوتەیەکی کاریگەر و سەلامەتمان هەیە یان نا، پاشان ئاستەنگ و ئاڵنگاریی بەردەممان فراوانکردنیەتی بەگوێرەی پێویست تاوەکو بەپێی توانا دابەشبکرێت".

هەرچەندە هەوڵەکان بەردەوامن، بەڵام بەشێکی پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن، درەنگکەوتوون دەبوو زووتر شتێكیان هەبووایە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

شتێن ڤێرمۆند، راگری کۆلێژی یاڵ بۆ تەندروستیی گشتی ئاماژە بەوە دەکات: "دەبوو جیددیتر کاربکەین لەبارەی پێکوتەیەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەت لەکاتی سارس و مێرس، چونکە ئەگەر وابکرایە، ئێستا شتێکی دڵخۆشکەرمان دەبوو".

پێکوتەکان کارکردنیان لەسەر خێزانەکانی ڤایرۆس جیاوازە و لەسەر هەندێکیان باشتر کاردەکەن، بەڵام بۆ کۆرۆنا هێشتا هیچ شتێک نییە، لە ساڵی 2003 دا کاتێک زانایان هەوڵی دۆزینەوەی پێکوتەیان دا دژی سارس، جۆری دیکە خێزانی ئەو ڤایرۆسە کێشەی تەندروستی بۆ تاقیکردنەوە لەسەر ئاژەڵ دروستکرد، بەڵام کاتێک سارس نەما بودجەی پێکوتەش وشک بوو، بۆیە تاوەکو ئێستا پێکوتە دژی پەتای کۆڤید-19 تەنیا لە قۆناخی سەرەتایی تاقیکردنەوەدایە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif