هەواڵ
-
پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت کە پێشنیازیان کردووە هاتووچۆی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاسایی ببێتەوە و بەربەستەکان لە بازگەکان هەڵبگیرێن. لە رۆژی دووشەممەشەوە چێشتخانە و کافتریا و پارک و هۆڵە وەرزشییەکانیش دەکرێنەوە.
د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری رایگەیاند " ئێستا ئێمە لە دۆخێکی ئابووری سەختداین و وەکو پارێزگاری هەولێر و وەکو ژووری ئۆپەراسیۆن پێمانوایە ئێستا کاتی ئەوەیە ئاسانکاری و دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنین بۆ ژیان و گوزەران و کار و کاسبی خەڵک. لەسەر ئەم بنەمایە بڕیارماندا بەربەستەکانی بازاڕی گەورەی هەولێر لابدەین، پێشتر خەڵک تەنیا بە پیادە دەیانتوانی هاتووچۆ بکەن، لە رۆژی یەکشەممەوە خەڵک دەتوانێت بە ئۆتۆمبێل هاتووچۆ بکەن، بەڵام ئەوەی پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان نەبێت رێکاری یاسایی لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر".
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانییان لە سنووری پارێزگای هەولێر کە لە رۆژی دووشەممەوە چەند شوێنێکی دیکە لە ژێر رێنمایی و رێکارەکانی وەزارەتەکانی تەندروستیی و ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە لەوانە؛ "چێشتخانەکان، کافتریاکان، پارکەکان و هۆڵە وەرزشییەکان".
سەبارەت بە ئاساییکردنەوە هاتووچۆ لەنێوان پارێزگاکان و شارەکانی دیکە، پارێزگاری هەولێر دەڵێت: "ئێمە پێشنیازمان کردووە هاتووچۆ لەنێوان شارەکان وەکو جاران ئاسایی ببێتەوە و هیچ بەربەستێک لە بازگەکان نەمێنێت، بەڵام بێگومان ئەوە لە دەسەڵاتی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە کە ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن، تەنانەت لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراقیش میکانزمی گونجاوی تەندروستیمان داناوە، بۆ ئەوانەی لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە دێنە نێو شاری هەولێر ئەگەر نیشانەیەکیان هەبێت ئەوا پشکنینی کۆرۆنایان بۆ بکرێت و نموونەیان لێوەربگیرێت".
فرسەت سۆفی دەشڵێت "لەگەڵ وەزیری ناوخۆ بە پەیوەندی تەلەفۆنی قسەم کردووە و پێشنیازەکانی ئێمەیان بەهەند وەرگرتووە، بە دڵنیاییەوە ئەوانیش تاوتوێی پێشنیازەکانی ئێمە و پارێزگاکانی دیکەش دەکەن و دواتر بڕیاری پێویستی لەسەر دەدەن".
پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان پێشنیازی ئەوەشیان کردووە، کە "قەدەخەی هاتووچۆ لە کاژێر 7ی ئێوارە بۆ 12ی شەو هەڵبگیرێت، مارکێت و دووکان و بازاڕەکان بتوانن کار بکەن، بەڵام ئایا ئەم پێشنیازانەی ئێمە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ پەسند دەکرێت؟ ئەمە هێشتا ماوە، پێویستی بە بڕیارێکی ناوەندی هەیە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان".
فرسەت سۆفی تاکە مەرجی سەرکەوتن و دەربازبوون لەو دۆخە بۆ خۆپارێزیی هاونیشتمانیان دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت:"لەمەودوا هاونیشتمانیان خۆیان پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و واهەست نەکەن کە کۆرۆنا تەواو بووە، نەخێر ماوە. ئەوەی لەسەر شانی ئێمەش بووە لە قۆناخی رابردوو بە هاوکاری خەڵک و وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و زێرەڤانی و پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ توانیمان باش بیهێنین، بەڵام قۆناخی داهاتوو ئەرکی هەرە گەورە لەسەر شانی خەڵک خۆیەتی، چونکە شوێن و بازاڕەکان دەکرێنەوە و قەدەخەی هاتووچۆ نامێنێت".
وەزارەتی ناوخۆ لە 14-03-2020ـەوە لە هەرێمی کوردستان قەدەخەی هاتووچۆی راگەیاندووە، تاوەکو ئێستا چەند جارێک ماوەکەی درێژکراوەتەوە. چاوەڕواندەکریت لە دوای 11-5-2020 رێکاری نوێتر بگیرێتەبەر و قەدەخەی هاتووچۆ کۆتایی بێت
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق