كۆتایی بە خوێندنی ئەمساڵ مەهێنن!

ليست هناك تعليقات


د. رەئوف كەریم مەحموود
-
وەك مامۆستایەكی زانكۆ، هیوادارم جەنابی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، بەڕێزان ئەنجومەنی وەزارەت كۆتایی بە خوێندنی ئەمساڵ (نەهێنن)، لەبەر چەندین هۆكار، لەوانە:

١. هێشتا سێ مانگ و پێنج رۆژ ماوە لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٩-٢٠٢٠، بە بێ ئەوەی هیچ رۆژێك لە ساڵی خوێندنی داهاتوو قەرز بكەین.

٢. ئەگەر كۆتایی بە خوێندنی ئەمساڵ بهێنرێت، ئەوا ئەو زانكۆ و كۆلێج و پەیمانگایانی سیستەمی بۆڵۆنیا و كۆرسات پەیڕەو دەكەن، بە تەواوی سمێستەری دووەمی خوێندن تێیاندا دوادەخرێت، بەو پێیەی كە هێشتا دەستیان پێ نەكردوە. مەبەستم وەرز و سمێستەری دووەمی خوێندكارانی قۆناغی یەكەمە كە درەنگ دەستیان بە خوێندن كردوە. لە راستیدا بۆ ئەو ئازیزانە هیچ بوارێك نیە بۆ هەژماركردنی نمرەی سمێستەری پێشتر چونكە دوو سمێستەری سەربەخۆن، واتە خوێندكارەكان نیوەی ساڵێكی خوێندنیان دەفەوتێت، لە كاتێكدا ئەگەر، بە رەچاوكردنی رێنماییە تەندروستیەكان، بە چڕی بیخوێنن دەتوانن لە ماوەی حەوت بۆ هەشت هەفتە ئەو سمێستەرە تەواو بكەن.

٣. پاشماوەی كۆرسەكانی دیكە دەكرێت بە رەچاوكردنی رێنماییە تەندروستیەكان، لە ماوەی سێ بۆ چوار هەفتەدا كۆتاییان پێبهێنرێت بە تاقیكردنەوەكانیشەوە، بە بێ ئەوەی خوێندكار روبەرووی نیگەرانی بكرێتەوە.

٤. زۆرێك لە بابەت و وانە تەواونەكراوەكان گرنگ و هەستیارن بۆ پڕۆسەی خوێندن و تەواوكردنی بازنەی خوێندن: بۆ نموونە ئەگەر بابەتێك تەرك بكرێت، دوور نیە دواتر لە بواری كاردا رەنگدانەوەی خراپی هەبێت لەسەر خودی خوێندكار. 

٥. كۆتاییهێنان بە ساڵی خوێندن و هەژماركردنی نمرەی پێشووتر زۆر گرفتی لێ دەكەوێتەوە لە چواندن و دابەشكردنی نمرە و یەكەی وانەكان و كێشەی دیكە كە لێرەدا پێویست ناكات بە وردی باس بكرێن. 

٦. كۆتاییهێنان بە پڕۆسەی خوێندن و نەگەڕانەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن و هەژمارنەكردنی خوێندنی ئەلیكترۆنی پاڵپشتیكار بۆ ناوبانگی كەرتی خوێندنی باڵا (كە بەداخەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە پێگەی باشدا نیە) و، لەوێشەوە بۆ كەسایەتی ئەكادیمی دەرچووەكان زیانی گەورەی دەبێت لە داهاتوودا.

بە هیوای گەیشتن بە باشترین بڕیار و بژاردە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بە كەمترین زیان.















ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif