ڕاستیی تاڵ و درۆی شیرین

ليست هناك تعليقات

جهانگیر گوڵپی
-
هاوڕێیه‌كم  كه‌ خۆی موچه‌خۆره‌، شاره‌زایه‌كی باشی بواری دارایی و ئابوورییه‌ و چاودێرێكی ورد و به‌رده‌وامی ئه‌و بابه‌تانه‌یه‌، ئاگاداری هه‌ڵوێست و بڕیاره‌كانی ناوه‌نده‌كانی ده‌سه‌ڵا‌ته‌، ڕاستگۆ و ڕاشكاویشه‌.
 هه‌موجارێك پێم ده‌ڵی كێشه‌ی من له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌م ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌م هه‌مو خه‌سڵه‌تانی من ده‌زانێ، به‌ڵام له‌گفتوگۆكانماندا له‌باره‌ی دۆخی داراییه‌وه‌ هه‌میشه‌ دان به‌ ڕاو بۆچونه‌كانی مندا نانێت و هه‌ر ڕاو بۆچونه‌كانی باجی ئافتاوی دراوسێمانی لا په‌سه‌نده‌.
ئه‌و ئه‌ڵی بۆنمونه‌: له‌ساڵی 2016 له‌باره‌ی دۆخی موچه‌و داراییه‌وه‌ گفتوگۆمان ده‌كرد، من ده‌مویست به‌لێكدانه‌وه‌ی خۆم و هه‌واڵی میدیاكان و ڕای به‌رپرس و كاربه‌ده‌ستان و دۆخی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ریم و به‌غدا و چه‌ند خاڵێكیتر بۆی بسه‌لمێنم كه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌ له‌چه‌ند مانگی داهاتودا دۆخی دارایی و موچه‌ باش ببێت، به‌ڵكو پێویسته‌ خه‌رجی و داهاته‌كانمان زیاتر رێكبخه‌ینه‌وه‌ و به‌دوای چاره‌سه‌ری تردا بگه‌ڕێن، به‌ڵام ئه‌و هه‌ر ده‌یوت( جا با ئێوه‌ هه‌ر وابڵێن.. وه‌ڵا باجی ئافتاوی دراوسێمان ده‌ڵی له‌سه‌ری مانگه‌وه‌ موچه‌و دۆخی دارایی باش ده‌بێته‌وه‌).
به‌شێكی زۆری خه‌ڵك هه‌میشه‌ حه‌زی له‌بیستنی درۆیه‌كی شیرینه‌ نه‌ك ڕاستیه‌كی تاڵ.
- كاتێك ئاشتی هه‌ورامی ووتی ئه‌گه‌ر نرخی به‌رمیلی نه‌وت بگاته‌ سه‌د دۆلاریش طالما به‌م مساره‌ بڕۆین به‌شمان ناكات، له‌ناو میدیاو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و كۆڕو كۆبونه‌وه‌كاندا كرا به‌فلیم، له‌كاتێكدا ئه‌و ڕسته‌یه‌‌ ڕاستترین قسه‌یه‌، چونكه‌ كێشه‌ی ئێمه‌ چه‌ندی په‌یوه‌ندیی به‌قه‌باره‌ی داهاته‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌و زیاتریش په‌یوه‌ندیی به‌شیوازی خه‌رجكردن و دابه‌شكردنی ته‌رخانكراوه‌كان و بودجه‌وه‌ هه‌یه‌.
- كاتێك مه‌لابه‌ختیار ووتی ئه‌گه‌ر یه‌كیه‌تی له‌هه‌ڵبژاردندا یه‌ك كورسیش بێنێت هه‌ریه‌كیه‌تیه‌، ڕه‌خنه‌ی زۆر زه‌وه‌ندو بێشوماری لێگیرا، به‌ڵام ئه‌و قسه‌یه‌ ڕاستیه‌كی تاڵی هه‌ڵقوڵاوی واقیعی هه‌رێمه‌ و هیچ لاریه‌كی تێدانیه‌، ڕاسته‌ نابێت به‌و شێوه‌یه‌ بێت به‌ڵام ئه‌و باسی ئه‌م واقیعه‌ی ئێستای ده‌كرد.
- كاتێك له‌سه‌ره‌تای قه‌یرانی دارایی ئه‌م دواییه‌دا ده‌رباره‌ی ده‌ستكاری كردنی مووچه‌، ئاوات شیخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی ووتی له‌به‌رده‌می هه‌مو ئه‌گه‌رێكداین، ڕوبه‌ڕوی شاڵاوێكی سه‌خت بویه‌وه،‌ له‌كاتێكدا ئه‌و قسیه‌ به‌لێكدانه‌وه‌ی واقیع و دۆخی هه‌رێم ته‌واو ڕاست و هیچ لاریه‌كی تێدا نه‌بوو، به‌ڵام بۆ وایه‌ ئه‌وه‌ بابه‌تێكیتره‌.
- هه‌رچه‌ند له‌ووتاره‌كه‌ی دوێنێی سه‌رۆكی حكومه‌ت ورد ده‌بمه‌وه‌، ووتارێكی ته‌واو واقیعی و ڕاستگۆیانه‌و ده‌ربڕی دۆخی ئێستایه‌، ئه‌م دۆخه‌یش كه‌ڵه‌كه‌بووی هه‌ڵه‌كانی چه‌ندین ساڵی ڕابووردوه‌ هه‌روه‌ك وتاره‌كه‌ ئاماژه‌ی پێداوه‌. به‌ڵام به‌هه‌مان شێوه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ له‌بری گفتی شیرین و به‌ڵێنی درۆینه واقیعی تاڵ ده‌خاته‌ ڕوو، باس ڕێگه‌چاره‌ی دروست به‌ڵام سه‌خت ده‌كات. پێده‌چێ لای به‌شێك له‌خه‌ڵك وتارێكی په‌سه‌ند نه‌بیت!!!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif