هەواڵ
-
بەرپرسانی نەوتی عێراق رایدەگەیێنن، حکومەت 300 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە کەمدەکاتەوە، ئەوەش دوای قسەکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی لە کێڵگەکانی ئەو پارێزگایەدا کاردەکەن.
ئەو بەرپرسانەی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن، حکومەت بەرهەمهێنانی نەوت لە شوێنەکانی دیکەش کەمدەکاتەوە و بەو جۆرەش رۆژانە نزیکەی 700 هەزار بەرمیل نەوت کەمدەکاتەوە.
مانگی رابردوو وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت رێککەوتن کە بۆ دوو مانگی ئایار و حوزەیران 9.7 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە.
لەسەر بنچینەی ئەو رێککەوتنە، دەبوایە عێراق 1.06 ملیۆن بەرمیل نەوتی کەمبکردایەتەوە، بەڵام ئەو کۆمپانیایانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراقدا کاردەکەن رەتیانکردووەتەوە لەوە زیاتر کەمبکەنەوە کە ئێستا رەزامەندییان لەسەر نیشانداوە.
ژمارەیەک کۆمپانیای گەورەی وەکو بی پی بەریتانی، ئێکسن مۆبیلی ئەمریکی، ئێنی ئیتاڵی و لوکئۆیڵی رووسی لە کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای بەسرە کاردەکەن.
بەرپرسێکی کۆمپانیای نەوتی بەسرە گوتی "ئەو کۆمپانیایانە رازیبوون تەنیا نزیکەی 300 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەمبکەنەوە. ئێمە لە بارودۆخێکی هەستیارداین، ناتوانین گوشار لەسەر کۆمپانیا بیانییەکان دروستبکەین، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێت رێز لە رێککەوتنەکەی ئۆپێک بگرین، ئەمەش واتای ئەوەیە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بەتەواوی زەحمەتە".
بەرپرسێکی دیکەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە ئاماژەی بەوە کردووە "گەشبینین بەوەی کە ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانی دیکەی نەوت لە بارودۆخی عێراق تێبگەن، ئەوەش لە مانگی داهاتوو کاتێک کۆدەبینەوە".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق