فەتحوڵا گولەن دەیەوێت ئیمپراتۆریەتێك دروست بکات

ليست هناك تعليقات


نوسینی-  بڕوا كمال
-
فەتحوڵا گولەن کەسایەتی دیاری تورکیاو ڕێبەری ڕەوتی گولەنیەکان لەجیهان، دۆستەکانی بە گاندی وەسف دەکەن و دژبەرەکانی بە ئیمام خومەینی تورکیا ناوی دەبەن. ئەو یەکێکە لەسەد کەسایەتییە کاریگەرەکانی جیهان و بە ملیۆنان خەڵک لەسەرتاسەری جیهان شوێنی کەوتون، فەتحوڵلا گویلەن هەرلەسەرەتای دروستکردنی ڕێکخراوی گولەنەکان ئامانجی ئەوەبوو کە ئیمپراتۆریەتێک دروست بکات، لەیەکێک لە کتێبەکانی بەناوی ( پارچەئاڵتونیەکانی کات ) باسلەوە دەکات کەبەڕوونی باسی ئامانجەکەی دەکات، کە دروستکردنی “ئێمپراتۆریا”یەکە، کە خاوەنی دەسەڵاتێکی خودایانە بێت.

هەروەک چۆن باسی شێوازی ژیانی “موریدان و شوێنکەوتوان”ی ئەکات، کە گوایە کەسانی د‌‌ڵ‌فراوان و بەخشندە و دونیانەویستن، بەشێوەیەک باسیان ئەکات، کە ئەم موریدانە، بەڕاستی پیاوانی خودان!

فەتحولا گولەن کێیە؟

محەمەد فەتحوڵڵا گولەن، کوڕی ڕامز ئەفەندییە کە کەسایەتییەکی ناسراو بووە بە زانست و ئەدەب و ئایین، و دایکی ڕەفیعە خانم خانمێکی ناسراو بووە بە خواناسی و ئایین پەروەری، دایکی ھەڵساوە بە فێرکردنی قورئان بە کوڕەکەی کە چووە سەروو چوار ساڵییەوە، و لە نیوەی شەودا لە خەو بێداری ئەکردەوە و قورئانی فێر دەکرد. ماڵی باوکی میوانداری ھەموو زانا و سۆفیگەرە ناسراوەکانیان ئەکرد لە ناوچەکەدا، بەمەش فەتحوڵڵا گویلەن لەناو کۆڕی زانایاندا دادەنیشت و گوێی لێئەگرتن، و باوکی فارسی و عەرەبی فێرکرد.

لە خوێندنگەی ئایینیدا ئەیخوێند لە مناڵی و گەنجیدا و ئەڕۆیشتە تەکییەوە و لەگەڵ زانستە ئایینییەکاندا پەروەردەیەکی ڕۆحی کرا، ھەروەھا خوێندنی زانستەکانی تر و فەلسەفەی لە بیر نەکرد، لە ماوەی ساڵەکانی خوێندنییدا بە پەیامەکانی نوور ئاشنا بوو و زۆر کاریگەر بوو پێی، کە بزوتنەوەیەکی نوێخوازی و نوێکەرەوەی گشتگیر بوو و بەدیعوزەمان سەعید نوورسی پێشەوایەتی ئەکرد. لەگەڵ زیادبوونی تەمەنیدا تێروانینەکانی زیادبوون و ڕۆشنبیرییەکەی ھەمەچەشن بوو و ڕۆشنبیری ڕۆژئاوایی ئەخوێندەوە لەگەڵ بیرۆکەو فەلسەفەکانیان ھاوکات لەگەڵ فەلسەفەکانی ڕۆژھەڵات، ھەروەھا زانستە دانراوەکانی ئەخوێند وەک فیزیا و کیمیا و زانستی گەردوونناسی و زیندەوەرزانی و ھتد.

کاتێک فەتحوڵڵا گولەن گەیشتە تەمەنی ٢٠ ساڵی دانرا بە ئیمامی مزگەوتی ئوج شەرەفلی لە شاری ئەدەرنە، کە دوو ساڵ و نیوی تێدا بەسەر برد. دەستیکرد بە ئیشی بانگەوازەکەی لە ئیزمیر لە مزگەوتی «کە‌ستانە پازاڕی» لە خوێندنگەیەکی لەبەرکردنی قورئانی تایبەت بە مزگەوتەکە، پاشان وەک ئامۆژگارێکی گەڕۆک ئیشی ئەکرد، و ھەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ گەڕان لە وتار و ئامۆژگارییەکانیدا ڕێگەی ئیسلامی بۆ خەڵک ڕوون دەکردەوە. کەوتە گەڕان بە ھەموو وڵاتدا و لە مزگەوتەکاندا ئامۆژگاری و وتارەکانی ئەوترایەوە، ھەروەھا چەندین وانەی زانستی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و فەلسەفی و ئایۆلۆژیی ڕێکخست.

کۆڕ و کۆبوونەوە و دیداری تایبەتی ئەبەست و لەسەر بێباوەڕی و گومان وەڵامی خەڵک و بە تایبەت گەنجانی ئەدایەوە، لەبەرئەوەی وەڵامەکانی کاریگەر بوون، خەڵک لە دەوری کۆ بوونەوە و ئەوانەی لە بیرۆکەکانی سوودمەند بوون لە سنووری یاسا ڕێپێدراوەکانی تورکیادا ھەستان بە بنیاتنانی چەندین خوێندنگە و بەشی ناوخۆیی، و دەرکردنی گۆڤار و ڕۆژنامە و دەرکردنی کتێب و دانانی دەزگای ڕاگەیاندن و تەلەڤیزیۆن، و لە دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت٩ ئەم خوێندنگانە لە ھەموو جیھاندا بڵاوبوونەوە، بە تایبەت لە وڵاتەکانی ئاسیای ناوەڕاستدا و لە ئێستادا لە زۆربە‌ی وڵاتانی جیھاندا بوونیان ھە‌یە

دامەزراندنی بزوتنەوەیەکی پێشڕو بۆ گفتوگۆکردن و لێکتێگەیشتن فەتحوڵڵا گویلەن بە تایبەت لە دواسی ساڵی ١٩٩٠ ھەستا بەدامە‌زراندنی بزوتنەوەیە‌کی پێشڕەو لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لە نێوان ئایینەکاندابە میانڕەوی و دوور لە تورەبوون و گرژی، و ئەم بزوتنەوەیە لە تورکیادا ناوبانگی درکرد، پاشان لە دەرەوەی تورکیا.
،،بۆ زیاتر سە‌لماندن و بڵاوکردنە‌وە‌ی ئاشتی لە ئیسلامدا لەسە‌رداوای پاپا، فەتحوڵلا گویلەن گە‌یشتە ڤاتیکان و لە‌گە‌ڵ پاپادا کۆبووە‌وە. ئەم بزوتنەوەیە بە پێویستی ئەزانێت بە ڕووی ھەموو جیھاندا بکرێتەوە و چەندین بواری ھاریکاری ھەبێت لە نێوان ئیسلام و ئایینەکانی تردا.
ئە‌مە‌ش لە‌سە‌ر بنە‌مای ئە‌و وتە‌ی «بە‌دیعوزە‌مان سە‌عیدی نورسی» ە کە‌دە‌ڵێت لە ئاخیرزە‌ماندا نە‌ک تە‌نھا موسوڵمانان بە‌ڵکو دە‌بێت ئیسلام و ھە‌موو ئاینە‌کانی تر دژی بێ دینی یە‌ک بگرن. بزوتنەوەی «خزمە‌ت» لە بزوتنەوە ئیسلامییەکانی تر بە‌وە جیادەکرێتەوە کە پێشوازییەکی گەرمی لەلایەن ڕۆژئاواوەوە لێدەکرێت، بە ھۆی کرانەوەیەی بە ڕووی جیھاندا بە نموونەیەک دادەنرێت کە چاوی لێبکرێت، بانگەشەی ھاریکاری و لێک تیگەیشتن دەکات لە نێو ھەموو ئایینەکان و ھەموو جیھاندا، لە بابەتە سیاسییەکاندا، دیموکراسی بە باشترین چارەسەر دادەنێت. بزوتنە‌وە‌کە خۆی بە‌دور لە سیاسە‌ت دە‌گرێت و ھیچ دە‌ست تێوە‌ردانێکی سیاسی ناکات، لە‌و کاتە‌دا کە «فە‌تحوڵا گولە‌ن» بە کامپی خوێندنە‌وە و خوێندکارانە‌وە سە‌رقاڵبوو لە ئیزمیر لە ساڵی ١٩٦٩، نە‌جمە‌دین ئە‌ربە‌کان سە‌ردانی کرد و داوای لێکرد بچێتە ڕیزی پارتە‌کە‌یە‌وە و واز بھێنێت لە پە‌روە‌ردە‌کردنی منداڵ و واز لە خوێندن و خوێندنگە بھێنێت چونکە بە‌بڕوای ئە‌و خزمە‌تی ئیسلام لە ڕێگە‌ی سیاسە‌تە‌وە دە‌کرێت بۆیە بە «فەتحوڵڵا گویلەن» ی وت: «واز لە‌م خوێندکارانە بھێنن چونکە خزمە‌تی وڵات لە ڕێگە‌ی سیاسە‌تە‌وە دە‌بێت»، گولە‌ن داواکە‌ی پە‌سە‌ند نە‌کرد و بە‌ردە‌وام پێی ڕاگە‌یاند کە سیاسە‌ت بە گوێرە‌ی ئە‌و نییە و بە‌ردە‌وام دە‌بێت لە ڕێبازە‌کە‌ی خۆی. چەند تایبەتمەندیەکی بزتنەوەی گولەنیەکان لە تەواوی جیهاندا، شوێنکەوتوانی گویلەن، باردۆخی گوزەران و ژیانیان لە ڕوی ئابووری‌و داراییەوە زۆرباشە. یان بازرگان و خاوەنی کۆمپانیا، یان ئابوورییەکی باشیان هەیەو موحتاج نین. ڕادەی چێژپەرستیی لەناو ئەندامانی گولەن، بە ئەندازەیەکە، جێگای سەرسوڕمانە! وەک هێنانی ژنی جوان و بونی ماڵ و سامان و پێداویستی وەک سەیارەو خانوو کاری باش. خۆ پاراستنی ئەندامان و موردان لە هەموو کێشەوگرفتێکی کۆمەڵگا، بۆ ئەوەی نەکەونە بەرچاوی “میدیا” یاخود خاڵی لاوازی خۆیان نادەن بەدەستەوه. زۆربەی منداڵەکانیان لە زانکۆ ناودارەکانی ئەمەریکاو ئەوروپا دەخوێنن. کارکردن لەسەر هەستی خەڵکی هەژار، بۆ ئەوەی وا نیشاندەن کە پشتوانی لە هەژاران دەکەن، کە لە ڕاستی‌دا ئەمانە هەمووی وەسیلەیە بۆ پڕوپاگەندەو ڕیکلامەکانیان.

مرۆڤی هەژارونەدار، زۆر جێگای قێزەونیی و بێزلێهاتنەوەیە لەلایەن موریدانەوه دەرچوونی لەتورکیاو ئەو تۆمەتانەی کە خرایە پاڵی بە‌ھۆی نە‌خۆشییە‌کانییە‌وە چە‌ند جارێک سە‌ردانی نە‌خۆشخانە‌کانی وڵات و دە‌رە‌وە‌ی وڵاتی کردوە و سە‌ردانی ئە‌مریکا لە‌ساڵی ١٩٩٩دا بوو بە دواین سە‌ردانی گولە‌ن و جارێکی تر نە‌گە‌ڕایە‌وە بۆ تورکیا و وە‌ک خۆی دە‌لێت مانە‌وە‌ی لە ئە‌مریکا پێویستە وگە‌ر تە‌مە‌ن ڕیگە‌ی بدات ماوە‌یە‌کی تریش لە‌وێ دە‌مێنێتە‌وە، ھە‌روە‌ھا دە‌شڵێت کۆچکردنی بۆ ئە‌مریکای ھیچ پە‌یوە‌ندییە‌کی بە بارودۆخی تورکیا و ڕوداوە‌کانی تورکیاوە نییە. زۆرێکیش ئەڵێن بەھۆی ئەو داوا سیاسیانەوە لە تورکیا دەرچوو کە تۆمەتبارکرا بە ڕووخاندنی دەوڵەت.

فەتحوڵا گولەن تۆمەتبار ئەکرێت لە لایەن زۆرێک لە نەیارانەوە بە شێوازی شاراوەی کارکردن بە جۆرێک ھەندێ ئەڵێن «کۆمەڵگاکەی گویلەن وەک خێو وان، لەھەموو جێگایەک ھەن و نیشن. مایەی ترسن بۆ کۆمەڵگا چونکە ئەوان کۆنترۆڵی پۆلیسیان کردوە». لایەنگرانی گویلەنیش بە شێوازێکی بەربڵاو دژی ئەم جۆرە تۆمەتانە ڕا ئەوەستن. فەتحوڵا گویلەن ھەروەھا تۆمەتبارە لەلایەن نەیاران و ڕەخنەگرانەوە بە ئەنجامدانی کاری سیخوڕی لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەکاندا وەک سی ئای ئەی. ئەم تۆمەتە لەلایەن سەرۆکی پێشوی دەزگای سیخوڕی تورکیا (MIT) خۆیەوە خراوەتە ڕوو کە گوایە لە ساڵەکانی ٩٠دا لە قرغزیستان جێگای ھەندێ سیخوڕی سی ئای ئەی کردۆتەوە لە قوتابخانەکانیدا.
لەساڵی ١٩٩١ دوای ئەوەی گویلەن دەچێتە ئەمریکا لەگرتەیەکی ڤیدۆی داوا لەلایەنگرانی دەکات بێ ئەوەی خۆیان بناسێنن لەفەرمانگە حکومەیەکان ڕەخنەبگرن و چاوەڕوابن لەکات و ساتی گونجاو دەسەڵات بگرنەدەست لەوساڵەدا حکومەتی تورکیا فەتحوللەگویلەنی بەناپاک تۆمەتبارکرد ،
بۆزیاتر لە ١٠ساڵ فەتحووللاگویلەن پشتگری حیزبی داد و گەشەپێدانی کرد بەڵام لەساڵی ٢٠١٣ ژمارەیەک داواکراو ڕایگشتەیەوە بەرپرسانی تورکیا وەدەیان کەس لەکەسەنزیکەکانی ئۆردوگان تۆمەت بار کران ئەردوگان ئەم کارەی بەکودەتای سپی دژی گولەن ناوزەندکرد .

جیابوونەوەی فەتحولا گولەن لە ئەردۆگان

لەگەڵ ئەوەی ئامانجی بزووتنەوەی گویلەن وەک لەپێناسی خۆیاندا کراوە کە دوورن لەسیاسەت، بەڵام لەدوایین ڕووبەڕووبوونەوەکانیدا بزووتنەوەکە کەوتە بەر لێکۆڵینەوە و ئۆپراسیۆنەکانی دژ بەگەندەڵی لەتورکیا. حکوومەتی تورکیا بەسەرکردایەتی ئاکپارتی چەندین خوێندنگای و زانکۆی تایبەتی سەر بە بزووتنەوەکەی گولەی داخست. وە حکوومەتی ئەردۆگان ئەو ئۆپراسیۆنانەی ئەنجامدا بەبیانووی بوونی ئەجێندای سیاسیی لەپشت کارەکانی کۆمەڵەی خزمەت و ھەروەھا سیخووڕیکردن بەسەر تورکیاوە. ئەم پڕۆسەی حکوومەتی تورکیا بەتەواوی ئەو دۆستایەتییەی پێشووی ئەردۆگان و گویلەنی لەناوبرد.
لەبەرامبەردا گویلەن لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەی وال ستریت جۆرنالدا لە کانوونی دووەمی ٢٠١٤ وتبووی «تورکەکان… ھەست بەنیگەرانی دەکەن کە دووساڵە سیستەمی دیموکراسی وڵاتەکە گەڕاوەتەوە دواوە».
لەتەمموزی ٢٠١٦دا، ھەوڵی کودەتا درا بەسەر حکوومەتی ئاکپارتی، لەدوای شکستی کوودەتاکە ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆککۆماری تورکیا تۆمەتی ھەوڵدانی کوودەتاکەی بەڕووی گولەن سەپاند لەبەرامبەردا گولەن بەناڕاستەوخۆ ئەوەی ڕاگەیاند کەئەگەری ھەیە کوودەتاکە لەلایەن خودی ئەردۆگانەوە ئەنجامدرابێت.


سود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:

کتێبی: عەولەمەیەکی مرۆڤایەتی نوێ
کتێبی : گفتوگۆبکە لەگەڵ بەرامبەر تێگەێنە
کتێبی : تورکیا لەئەتاتورکەوە تاکو ئەردۆگان
کتێبی : پارچەئاڵتونیەکانی کات
ڕۆژنامەی شەرقی ئەوسەت ٢٥ی تشرینی ساڵی ٢٠١٧


#دیبلۆماتیك مەگەزین

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif