هەواڵ
-
ڕۆژی سێ شەممە ١٢ی ئایار، لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، مەراسیمێكی ماتەمەنی و ماڵئاوای بۆ كۆچی دوایی پێشمەرگەی دێرین و ڕەخنەگر (مستەفای حەسەنە گەورە) ڕێكخرا، كە لە بەرواری ٧/٥/٢٠٢٠ لە وڵاتی دانیمارك بە نەخۆشی پەتایی كۆرۆنا كۆچی دوایی كرد.
دڵشاد میرانی، یەكێك لە ڕێكخەرانی ماتەمینیەكە و هاوڕێی كۆچكردوو بە كورد پلاتی ڕاگەیاند: ئەوەی كرا وەفایەكی بچوك بوو بۆ بوێری و هەڵوێستی ئەو پیاوە و بەشداربوونی هاوڵاتیان و كەسایەتیەكان و پەرۆشیان نیشانەی ئەوە بوو كە كاك مستەفا لە دڵی خەڵك و لە سەنگەری خەڵكدابوو.
نەبەز محمد علی، كە یەكێكە لە ڕەخنەگرە جدیەكان و هاوڕێی نزیكی مستەفای حەسەنە گەورە ڕایگەیاند: سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستە سەرجەم هاووڵاتیان و خەمخۆران و ئامادەبوان دەكەین، کە بە وشەیەک یان دێڕێک نوسین یان ئاماژەیەک ، هاوغەمی و دڵگرانی بۆ کۆچی لەناکاوی کاکە (مستەفا) دەربڕیوە و غەمبار بووە ،
لێرەشەوە بەڵێن و پەیمان بە ( کاک مستەفا ) دەدەین ، کە درێژە پێدەری ڕێبازەکەی بین كە بەرەی خەڵكە ، دژی نادادی و ستەم ، چیا ئاسا ڕاوەستین و کۆڵنەدەین و بەردەوام بین .
بەهەمان شێوە زمناكۆ علی یەكێك لە ڕێكخەرانی ماتەمینیەكەی ڕۆژی سێشەممە دەنوسێت: مستەفای حەسەنە گەورە هەموو کات، بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئەو شوینەی هەڵدەبژارد، ئێمەش ئەمڕۆ ئەو جێگایەمان کردە دوا دیداری ماڵئاوایی و پێمان گۆت " تۆ لەناو دڵماندا دەمێنیت، گوڵی وەفاو مۆمی هاوڕێیەتیت بۆ دادەگیرسێنین، ئێمە هاوڕێ و هاوپیشەو هاوخەمی خەڵک و خاک و میللەت و نەتەوەکەمانین".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق