چاوپێكەوتن
-
ئەم دیمانەیە، هەنگاوێكی میدیایی بەڕێز عومەر ڕەشیدە، بە ناونیشانی سەر تەنوور، كە هەر جارە و بە ویستی خۆی كەسێك لە بوارێكدا دەستنیشان دەكات و پرسیارەكانی ئاراستە دەكات
دیمانەی شەشەمی عومەر ڕەشید، لە گەڵ (ڕەوشت محمد)ی شاعیرە
"ئێستا شیعر بۆ من بیرکردنەوەیە وەکو کۆلارە دەبێ بیدەى بەدەم باى خەیاڵ و زمانەوە"
+ ڕەوشت محەممەد کێیە؟
- بارام محەمەد-ە، بارام لە فەرهەنگى هەمبانە بۆرینەدا، بەماناى ئەستێرەى مەریخ هاتووە، ئیتر خۆشحاڵم کە هەر لەناوەکەمەوە شتێ دەمبەستێتەوە بە ئاسمانەوە.
+ ئەڵێن ناوەکەت لە ناسنامەدا کێشەیەکی هەیە، چیە؟
- من باوکم (خوا عافوی بکات) ناوى ناوم بارام، کابراى نفوس (بادام)ى نوسیوە، خۆشم کە دەستم وەردایە قەڵەم (ڕەوشت)م بەکار هێنا، ئیتر بو بەوگوڵمەزبازارەى کە دەیبینى. راستە ئەو پیتەى بەهەڵە نوسراوە، شتێکى خۆش، دەموت باوکە بۆچى منت ناونا بارام؟ تومەز کابرایەک هەبوە ناوى بارام بووە کەتەو باڵابەرزو و چوار شانە ئیتر بەهیواى ئەوەى منیش وادەرچم، کەچى ئەو هیوایەى وابزانم بەدى نەهاتبوو وەک دەمبینن.
+ چۆن ڕەوشتت هەڵبژارد؟
- ناوەڕاستى نەوەدەکان لەگەڵ مامۆستا کاراوانى خوشکەزام دەقێکى شانۆییمان نووسى دوو کاراکتەى سەرەکى تیابوو (ڕەوشت و کەیوان) من دڵم چووە سەر کەسایەتیى رەوشت کەخۆشم نوسیبووم.. ئیتر ئاوا. وابزانم من دەقەکەم نوسیبوو، کاروان دەرهێنانى بۆکرد، گەر سەرنج بدەى تائەم دواییەش بە کاروانیشیان دەوت (کەیوان).
+ لەکەیەوەو بۆچی بویتە هاوڕێی دارشەق؟
- لە تەمەنى دوو سێ ساڵییەوە. بەڵام چیرۆکەکەى درێژە چاوەڕوانم تەواو بێت، هێشتا خۆیشم هەمووى نازانم.
+ باسێکی ئەو خێزانە بکە تیایدا گەورەبوویت، چۆن خێزانێ بوون؟
- شەش براو چوار خوشک و دایک و باوکم (باوکم جێگاى بەهەشتە) کە بیرم کردەوە یەک خوشکم لەماڵى خۆمان بوو، ئەوانەی تر لەماڵى خۆیان بوون. یانى زەماوەندى پێنج براو یەک خوشکم بینیوە، - هى خۆیشم - ئەو خێزانە پێکەوە دنیایەک کاتى خۆش و ناخۆشمان پیکەوە گوزەراند: ڕاکردن و بارکردن و کارکردن و زیندانى (نگرەسەلمان) و خۆشى و ناخۆشى. بەڵام ئەوەى هەموو تاڵییەکى شیرین دەکرد باوکم بوو.. هەمیشە قسەیەکى ئەو لەکاتى مەراقا هەرچى سوپاى خەم بوو تاروتوونى دەکرد، لەکاتى خۆشیشدا کە زۆر کەمبوو دەستەکانى دەخسە بناگوێى و بە ئاوازى (کنالەیل) هەموو شتێکى بیر دەبردینەوە. پێکەوەبوونمان خۆشبوو شەش براى جیاواز پێکەوە لەبەردەم شاشەیەکى قەبارەى 14ى رەشوشپیدا تەماشاى (عەدنان وەلیناو گرنداى زەر و ساندیبێل)مان دەکرد.
+ کەی لەکوێ دەست بەخوێندن کرد؟
- وەک دەوترا لە مجەمەعى زەمەقى، لەتەمەنى 7 ساڵیدا چومە پۆلى یەک، یەکەم رۆژ بیرمە بەهادینى برام بردمى دواى ئەو ڕامکردەوە بۆ ماڵ. مامۆستایەکمان هەبوو ناوى ئەسفەنیدیار بوو ئەوناوە سەیرە واى لیکردم رۆژى دووەم مەکتەب بەجێنەهێڵم.
+ کەواتە ساڵی چەند و لەکوێ لەدایک بوویت؟
- 3ى 4ى 1979 لە ئەحمەد ئاوا.
+ هەورامیت؟
- هەورامیم
+ بۆچی هەورامیەکان کە بەیەک دەگەن یەکسەر دەیکەن بەهەورامی ئەگەرچی لەناو چەند سۆرانیەکیشدابن؟
- لەبەر ئەوەى تۆش ناتوانى بە کرمانجى قسە لەگەڵ هاوڕێ سۆرانی-ەکەتدا بکەیت.
+ من کرمانجی نازانم، بەڵام ئێوە هەردوو شێوەزارەکە وەک یەک دەزانن؟
- بشزانى نایکەى. بەس کاک عومەر شتێکى خۆنەویستانەیە، کە رووت لەیەکێک کرد قسەى بۆ بکەى، ئەو کەسە کە هەورامى بوو ئیتر قسەکە هەر لەمێشکەوە بەهەورامیانە پێکدێ. گەر ئەو کەسە سۆرانى بوو، قسەکە بەسۆرانى دێ، بەراى من ئەمە پرسیارێکى بێتامە، زۆریش دەکرێ.
+ بگەڕێینەوە بۆ خوێندن، ئایا توندوتیژی لە قوتابخانەی سەرەتایی ئێوەشدا پەیڕەو دەکرا؟
- بەڵێ، دارى دەستى مامۆستا هیچ کات وەکو دارەکانى تر میهرەبان و جوان نەبوو، وەکو ئەو دارانەى جۆلانێمان پێ دەکردن، وەکو ئەو دارانەى هەلوکێن و گۆچانمان لێ دروست دەکردن. رەنگە هەر کاریگەرى ئەوەبێ ئەو جیلە کەمتر ڕێزى نەمام و دارەکان دەگرین.
دارى دەستى مامۆستا بیرەوەریەکەى ناخۆشە لەنێو تەمەنێکى خۆشا. بەس ئەوەى من بیرم بێ یەکجار بەردەستم کەوتووە ئەو دارە. ئەویش مامۆستا بریاریدا بەڕیز لەهەموومان بدا. کە گەیشتە لاى من بە چاوەکانیدا هەستم کرد بەدڵ لێم نادا.
+ جیاوازی لێدان و لێنەدانی دڵ چیە؟
- کە بەدڵ لێت دەدا وادەزانێ شتێکى باشى کردوە، کە بێ دڵ لێت دەدا هەست دەکات ئەمە کارێکى خراپە.
+ پێش ئەوەی بڵێم کەی ژنت هێنا، دەڵێن چیرۆکی عەشقی کچێکت هەیە کە دواجار پێی نەگەیشتی، شیعریشت بۆ نووسیوە، شتی وا هەیە؟
- شیعرم نووسیوە بۆ کچێک ئێستەش لایەتى هەڵى گرتووە، جارجارەش دەیهێنێت و لەلاما دادەنیشێت بۆم دەخوینێتەوە، پێم دەڵێ: تۆ ئەوە بووین لەبیرت نەچێ. ئیتر ژیانى گەنجیش پڕە لە چیرۆکى تر. ژیانى کەس خاڵى نیە لە و چیرۆکانە کە دواتر دەزانى چیرۆکى ڕاستەقینە نەبوون. ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە ئێستە دەتوانى تەماشای بکەیت و دەستى لێ بدەیت و بەڕوویەوە پێ بکەنیت و بەڕووتا پێ بکەنێ.
+ کەی ژنت هێناو چەند مناڵت هەیە؟
ساڵى 2003 و چوار کچى جوان، کە رۆژانە بەنازونوک ناهێڵن بمرم.
+ ناویان؟
- نیشان، شیان، ئاشیان، ئیما.
نالى وتەنى : فارسى و کوردى و عەرەب هەرسێم بەدەفتەر گرتووە، ناوەکان فارسى و کوردى و عەرەبین.
+ با پرسیاری تایبەت ئەوەندە بەس بێت، بەکورتی شتێ لە سیاسەت باس دەکەین، پاشان دەچینە لای مەجالە ئەدەبی و ڕۆشنبیریەکە، لەکام دەرگاوە چویتە ماڵی سیاسەت و حیزبەوە؟
- دەرگایەکى گەراجى گەورەبوو لایەکى ئەڵقەرێزى سیاسى پێوەبوو لایەکى ئەڵقەرێزى ئاینى. من لەودەرگایەوە چوومە ژوورەوە، ئێستە دەزانم ئەودوانە پێکەوە لێکراون خراپ کۆکراونەتەوە، من قەت کارى سیاسیشم نەکردووە، یانى ئەوکاتەش کە لەحزبێکدابووم، هەر کارى پیشەییم کردووە، مەسەلەن لە ڕادیۆبووم، لە رۆژنامە، لە تیڤى. ئاوا.
+ کام حیزب؟
- بزووتنەوەى ئیسلامی.
+ پێت وایە نابێت ئیسلام و سیاسەت جەمع کرێ؟
- من باسى ئەزموونى تایبەتى خۆم دەکەم لەگەڵ ئەم دوانە، ئەمە پێویستى بە بەڵگە و سەرچاوە نیە. کاک عومەر کەسێک گەر پانزە بیست ساڵ شوانیش بکات دەبێتە خاوەنى ئەزموونى کارەکەى خۆى، موسوڵمان دەبێ شتێ لەئەزموونى ئایینى کۆکاتەوە و شەرم لەوتنى نەکات. ئەزموونى ئایینى پێوستى بە دەلیل و بەڵگە نیە ئێ خۆ ئاین بەرد نیە هەر لەیەک دۆخابێ بۆهەموان وەک یەک. من وادەزانم کە خەریکى سیاسەتیت جۆرە روئیایەکت دەبێ بۆ پەیوەندیەکان و شتەکانى دەوروبەر. کە کەسێکى گرنگى بە بابەتە ئایینى و رۆحییەکان دەدەیت جۆرێکى ترى روئیا و تێروانینت دەبێ بۆ رووداوەکان و پەیوەندییەکان جۆرێکى تر دەبن کە زۆر جیاوازن. کۆکۆدنەوەى ئەم دوانە شتێک دەردەچێت نە ئایینە نە سیاسەت. کە دوو ژمارە کۆ دەکەیتەوە ژمارەیەکى تر دەردەچێت. من دەڵێم ئەوەى کۆیان دەکاتەوە نە کەسایەتییەکى سیاسی تەواوە نە ئایینییەکى تەواو. شتێکى ترە. وەکو کۆکۆدنەوەى ژمارەکان هەمیشە ژمارەیەکى تر دەردەچێت.
+ بۆچی زۆربەی ئەدیب و شاعرەکانی ناو حیزبە ئیسلامیەکان، ناگەنە سەرکردایەتی، بەڵام مەلاکان ئەگەر بیانەوێ ئاسانتر دەچن؟
- گەر بتوانن بگەنە سەرکردایەتیش ئیتر باسى ئەدەب و شیعر ناکەن. نازانم بۆچى، مەسەلەکە ئەوەیە تۆ گەر نەمامێک دارێک بەریتە ژینگەیەکەوە گونجاو نەبێ ئایا سەوز دەبێ؟ نەخێر. ئەو ژینگەیەى لەوێیە هاوکار نییە.
+ تۆ کەی ئاشنای شیعر یان هەر ژانرێکی تری ئەدەبی بوویت؟ یەعنی کەی هەستت کرد ئەمە ماڵی تۆیە نەک شوێنێکی تر؟
- خۆت دەزانى لەوڵاتى ئێمە هیچ پلان و کارێکى بەبەرنامە بۆ ئەم شتانە نیە. رەنگە کتێبیک لە ماڵێکدا هەبووبێ بووبێ بە جیهانێکى تازە بۆ تۆ و لەرێگەیەوە تۆ خەیاڵ و مێشکت جوڵابێ بۆ ئەو بوارە، منیش وابووم، بە سوتفە کتێبێکى مەولەوی لەماڵمان بووە، لەورێگەیەوە. ساڵى 1995 دەمزانى حەزدەکەم شتێ بنووسم.
+ کەی یەکەم نووسینی خۆت لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا بینی؟
- یەکەم شعرم لە گۆڤارێکى منداڵان بڵاو بووەوە، وابزانم 1994 بوو. ئیتر لە گۆڤارى جەماور شیعرم بڵاو کردەوە. دواتر رۆژنامە و گۆڤارەکانى کوردستان ئەوکات بابەتى ئەدەبى و چپرۆک و شیعرم دەنوسى زۆر. لە فیستیڤاڵەکاندا بەشداریم دەکرد.
+ ڕۆژێک بوو شیعر کچێک بووە، یان تەکیەیەک یان شۆڕشێک، یان و یان، ئەی ئەمڕۆ شیعر دەیەوێ چی بێ؟ یان تۆ ئەتۆ چی بەشیعر دروست بکەی؟
- ئێستا شیعر بۆ من بیرکردنەوەیە وەکو کۆلارە دەبێ بیدەى بەدەم باى خەیاڵ و زمانەوە، گەر باکە هاوکارت بێ کۆلارەکە جوان بەرزدەبێتەوە و نمایش دەکات، گەر خەیاڵ و زمانت سیس و وشک و کورت بوون ئیتر کۆلارە بۆکوێ بڕوا. بەڵێ شیعر تەنیا جوانى و بیرکردنەوە و خەیاڵە.
+ هەست ناکەی وەک هەندێ لە پۆشاکە کۆنەکان، خەریکە مۆدی کلاسیک دێتەوە، یان هەندێ شاعیر لەو ڕیتمە بەردوامن و دەیانەوێ بەنەمری بیهێڵنەوە؟
- کلاسیک تەنیا بە فۆرم و کێشى شیعر کلاسیک نیە، یانى بەڕاى من هیچ یەک لەو شیعرانەى بەناوى کلاسیکەوە دێنەوە ناتوانن کلاسیک بن، کلاسیک وەک چۆن کێشە ئاواش پەیوەندى بە ماناوە هەیە. لە کلاسیکا مانایەک کە بەرهەم هاتووە ئیتر لەلاى ئەوانیتریش پەیڕەو کراوە لادان نەبووە. چۆن لادان لە قاڵب و کێش نەبووە لە ماناشا وابوون. بۆچى ئەوان مەلاش بوون و وشەکان نەترساون. مەلاى ئێستە هەندێکیان زراویان لەهەندێ وشە دەچێ. بڵێ (مەیم بۆ تێکە) ئەڵێ خواپەنامان بدات، ناوى ئیمان و ئەگریجە بەرە سڵ دەکەنەوە. من پێم وایە ئێستا تەنیا بە فۆرم گەرانەوە هەیە بۆ کلاسیک. ئەویش لەبەر ئەوەى پابەندبوون بە کێشەوە مۆسیقا و ریتمێکى جوان دەدا بە خوێندنەوەى شیعرەکە. یانى لە لاوازیمان بۆ بەرهەمهێنانى ماناى جوان دەچینەوە بۆلاى کێشى جوان، ئینجا کلاسیک رۆحە. رۆحى ئەم شیعرانەى ئیستا کۆپى کراوە رۆحیش کۆپى ناکرێ.
+ شیعرەکانت چاپ نەکردوون؟
- نامیلکەیەکم لە ساڵى 1999چاپکرد، (بەسەر رێگاکانى ئەوینەوە) شتێکى سەرەتایی بوو. دواتى ساڵى 2010 کتێبێکم بڵاوکردەوە (دەمەوێ شتێک بگریم). ئێستا هەندێک کارم هەیە خۆم رێکم خستون وەکو کار و روانین لەوانى تر جیاوازن لەژێر ناوى (مەحرەمانە)دا دیزاینیشم کردوون بەس وانازانم لەم کاتەدا پێم باشبێ بڵاویان بکەمەوە.
+ دیزاین، ڕۆژنامە، نووسین، ڕاگەیاندن، لەم مەجالانەدا چیت کردووە؟
- لە ژمارەیەک رۆژنامە و گۆڤار و رادیۆ و تیڤى-دا کارم کردووە. هەندێک جار ستاف و هەندێک جار سەرنووسەر (رۆژنامەکانى کۆمەڵ. بەیان) ستاف بووم. سەرنووسەرى (خورماڵ و گۆڤارى خەندە) بووم. لە گۆڤارى خاڵ بەڕێوەبەرى هونەرى. لە تەلەفزیۆنى کۆمەڵ لە خورماڵ بەرنامەم هەبوو. لە کەناڵى ئاسمانى پەیام بەرنامەى پەیک-م هەبوو. سەدان کتێب و کارى هونەریم دیزاین کردووە، لە دەزگاى چاپ و پەخشی سەردەم کارم کردووە. ئیستاش لەبەشى چاپ و بڵاوکردنەوەى سەنتەرى زەهاویم.
+ ئیشی ڕۆژانەت چیە؟ مەبەستم لایەنی مەعیشیە؟
- فەرمانبەرم لە هۆبەى پەیوەندى و ڕاگەیاندنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن و ڕاپرسى.
+ زۆر بەکورتی وەڵامی ئەم پرسیارانەم بدەوە:
+ دایک یان شیعر؟
- دایک؛ شیعریشە
+ کچ، لەکاتێکدا باوکی؟
-بە زۆر ژیانت لا خۆش دەکات هەر بەزۆر.
+ حەلاج؟
- قوربانیی رێگای ئیمانێكی زیندوو.
+ فەرهاد پیرباڵ؟
- جوانە.. جیاوازە .. چێژبەخشە بۆمن.
+ نەوشیروان مستەفا؟
-خۆزگە دەما.
+ وەسێتت بۆ دوای مردن چیە؟
- نیشان بە بیرەووەریە نووسراوەکانما بگەڕێ. زۆۆۆۆر شتى نەوتراوى خۆمی بەخەتى ناخۆش نوسیوەتەوە.
+ شتێک ماوە بتەوێ بیڵێی؟
- دەڵێم: گەر دەزانى شتێکم وتوە کات لە هاوڕێکانت خەسار ناکا جا دایبەزێنە. گەرنا حسابکە هەنێ چاتمان کردوە بەیەکەوە هەر بۆ خۆشى. ئەوەم کردم بە مەرج بەس قبوڵت نەکرد.
.....
٭سەرتەنوور: کارێکی ڕۆژنامەوانی بەڕێز عومەر ڕەشیدە،هەرجارەی بە ویستی خۆی لەگەڵ یەکێك سازی دەكات و دواتر وەک خۆی و بێدەسکاری هەر دە ڕۆژ جارێک لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاوی دەکاتەوە
عومەر ڕەشید
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق