عێراق لە ئاستەنگەکان گەورەترە

ليست هناك تعليقات


مستەفا کازمی
-
لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەو وادەی کە لەپێش پەرلەمانە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت رامگەیاند، دەبێ گەلەکەمان و لایەنە نیشتمانییەکانی و گەنجانمان کە داوای مافەکانیان دەکەن، لەو ئاستەنگانە ئاگاداربکەمەوە کە رووبەڕووم بوونەتەوە و پێویست دەکات هەمووان هاوشانبن بۆ زاڵبوون بەسەریاندا، ئەو دانوستاندن و گفتوگۆ ئەرێنی و چڕانەی کە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان ئەنجامیان دەدەم، ئامانجیان گەیشتنە بەوەی جێی رەزامەندیی گەلەکەمان دەبێ، هاوکات متمانە دەگەڕێنێتەوە بۆ توانای پرۆسەی سیاسی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە قووڵەی کە رووبەڕووی بووەتەوە و عێراقمانی دووچاری دووڕیان کردووە. ئەرکەکەم وەرگرت و پێشتر ئاگاداری ئەو ئاستەنگانە بووم کە دێنە پێشم، ئاگاداری ئەو میراتە قورسە بووم کە لە هەموو ئاستێک و لە هەموو بوارە سەرەکییە پەیوەندیدارەکان بە ژیانی هاووڵاتیان و ئاسایش و سەروەریی و سەربەخۆیی وڵاتدا رووبەڕووم دەبێتەوە.

دەمزانی قەیرانەکە گشتگیرە و دەچێتە نێو پێکهاتەی دەوڵەت و دامەزراوەکانییەوە، رێگە لە هێزی ئابووری دەگرێ کە لە ماوەی رابردوو کێشەی هەبوو، بۆیە شتێک بەدینەهات گەشەپێدانی گشتگیری ئاسایشی خۆراک بۆ وڵات دەستەبەربکات، شتێک بەدینەهات گەشەپێدانی پیشەسازی و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دەوڵەت و فراوانکردنی وەبەرهێنان و نوێکردنەوەی ژێرخانی ماندوو دەستەبەربکات. 

ئەوەی ئاستەنگەکانی زیاترکرد، نەبوونی چاوخشاندنەوەی جیدی بوو بە پەیکەربەندیی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و گرنگیدان بە بەرهەمە نەوتییەکان، لە کاتێکدا لە بەرامبەردا قەیرانی گەندەڵی کارگێڕیی و دارایی بەرهەمهێندرایەوە، زۆر لە دامەزراوەکانی تەواوکردنی دەوڵەت و دەزگاکانی هەڵوەشانەوە. لەبری هاندانی وەبەرهێنان و کەرتەکانی کار و کارپێکردنەوەی کارگە وەستاوەکان بەڕێگەی دابینکردنی پێداویستییەکانیان بۆ لەخۆگرتنی دەستیکاری بێکار، ئاستی هەڵاوسانی دامەزراندن لە دەزگاکانی دەوڵەت زیادکرا، کە سەرچاوەکان دەبات و بێکاریی دەمامکدارە.

هەموو ئەوانە ئاستەنگەکانیان لەبەردەم هەر حکومەتێکدا کردە دوو هێندە. لەگەڵ زانینی هەموو ئەم ئاستەنگانە ،بەرپرسیارێتیم هەڵگرت بە پشتبەستن بە تێگەیشتنی لایەنەکان و سەرکردە سیاسییەکان، پێش ئەوانیش جەماوەری گەلە لێقەوماو و ستەملێکراوەکەمان کە داوای مافە سرووشتییەکانی دەکات. بەهۆی زۆر پێویستییەوە، بەتایبەت کەمبوونی مەترسیی سەرچاوەکانی وڵات لەگەڵ داڕمانی نرخەکانی نەوت، حکومەت ناچاردەکات لە هەموو لایەکدا بگەڕێت بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی پەلە بۆ پێدانی مووچەی کارمەندانی دەوڵەت و دابینکردنی خەرجییە پێویستەکان بۆ راپەڕاندنی کاروبار و ئەرکەکانی دامەزراوەکان، لەپێشی هەمووشیانەوە مسۆگەرکردنی سەلامەتیی هاووڵاتییان لە پەتای کۆرۆنا.

من لەو کاتەی ئەم راستییانە بۆ گەلەکەمان و سەرکردە سیاسییەکان دەخەمەڕوو، جەختدەکەمەوە عێراق لە ئاستەنگەکان و قەیرانەکان و کێشەکان هەرچەندێک بن گەورەترە. هەروەها ئێمە پێویستمان بە هاوکاری و یەکدەستییە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی گەلەکەمان لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمان و حیزبە سیاسییەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتی و رۆشنبیرییەکان، لەپاڵ تێگەیشتنی گەنجانی خۆپێشاندەرمان بۆ ئەوەی حکومەت بتوانێت ئەرکی خۆی راپەڕێنێت.

ئەم پاڵپشتییەی لایەنە سیاسییەکان و پەرلەمانییەکان ئێستا پێویستە بۆ هاوکاریکردن بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت بە رێگەی دەنگدان لەسەر لیستی بەربژێرەکان بۆ وەزارەتە بەتاڵەکان، لەپێناو دانانی پلانە کردارییەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی قۆناخی راگوزەر کە بە حکومەت راسپێردراون. هاوکات بۆ بەدیهێنانی داخوازییە رەواکانی هاووڵاتییان بە رێگەی دابینکردنی خزمەتگوزاری و پێداویستییەکانی ژیانی ئاسوودە بەپێی توانا، لە پاڵ راگرتنی پێشێلکاری و زیادڕەوییەکان کە دووچاریان دەبنەوە، لەگەڵ گەڕاندنەوەی رۆڵەکانیان کە دەستگیرکراون و بێسەروشوێنکراون.

پێویستە هەموومان بیرمان نەچێت کە دوای حەڤدە ساڵ خۆما لە رەوشێکدا بینییەوە کەس ناخوازێت لەبری ئێمە تێیدا بێت، چونکە هێشتا سەروەریمان ناتەواوە یان زیادەڕەوی دەکرێتەسەر یان جێی گومانە. ویستێکیش هەیە خاکی وڵاتەکەمان ببێتە گۆڕەپانی ململانێی ئەوانی دیکە، ئاسایشی هاووڵاتییانمان هەڕەشەی لەسەرە، نەک تەنیا بەهۆی بەردەوامیی داعش و شانە نووستووەکانی، بەڵکو بەهۆی چەکی کۆنترۆڵنەکراو لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، بەهۆی هەموو دیمەنەکانی گەندەڵی و تاڵانکردنی سامانی گشتی و بەفیڕۆدانی سامانەکان و ئاستی ناپەسەندی پێناسەی عێراق لە رووی خوێندن و تەندروستی و خزمەتگوزارییەکان. لە کاتێکدا ئیدی بێکاری دیاردەیەک نییە بکرێت کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵکو ژمارەی بێکاران بەتایبەت لە دەرچووان گەیشتووەتە ئاستێک لە هیچ رەوشێکی پێشوو پێی نەگەیشتووین. هێڵی هەژارییش ئێستا دایکان و خێزانی شەهیدانی لەبندایە کە رووحی خۆیان بەخشی بۆ بەرگریکردن لە نیشتمان.

هەرچەندە ئەو سامانەی کە بەدرێژایی 17 ساڵی رابردوو هاتە گەنجینەکانی عێراق، بەشی بنیادنانەوەی وڵات و دروستکردنی سندووقی ئایندەی دەکرد، بەڵام گەندەڵی بردی و بەشێکی بە ئاشکرا بردرایە دەرەوەی وڵات، کاتێکیش من بەرپرسیارێتیم وەرگرت، گەنجینەم بە نیمچە بەتاڵی بینییەوە!

بە ئەرکی خۆمی دەزانم لەم رەوشە ئەستەم و ئاڵۆزەدا ئەو ئاستەنگانە بۆ گەلەکەمان روون بکەمەوە کە رووبەڕوویان بووینەتەوە. لەوانە دژبەریی نێوان بەڵێنە ئاشکراکان کە دڵنیاییاند ا من ئازادبم لە پێکهێنانی حکومەتەکەم و ئەو جووڵانە و بەلاخۆدا راکێشانەی کە کەسانێک لەپشتی پەردە دەیکەن کە رێگرە و رێبڕە لەپێشی تەواوکردنی حکومەت، بۆ ئەوەی بە کارایی دەست بە ئەرکەکانی بکات و هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە راگەیێندراوەکان.

هەندێک جار وادیارە جەختکردنەوەکانمان لەسەر پێویستیی راستکردنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی و دانانی وڵات لەسەر رێگای چاکبوونەوە کەسانێک لێرە و لەوێ گوێبیستی نابن، بەبێ ئەوەی گوێ بەوە بدەن کەوا وڵات هەڕەشەی لەسەرە، بە رادەیەک هەموومان دووچاری چەند بژارەیەک بووینەتەوە کە تێیاندا کەس براوە نابێ و باشترینی چوونە بەرەو پشێوی. خودا نەخواستە ئەمە پاڵنەرە بۆ دووبارە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی ئەوەی هەموان بەرژەوەندییە نیشتمانییە باڵاکان لە سەرووی بەرژەوەندییە لاوەکییەکانەوە دابنێن. هەروەها توانای هەموو فراکسیۆن و حیزبەکان بە تێگەیشتنی گەلەکەمان یەکبخرێن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناخە.

تەنیا بژارەی پێشمان جێبەجێکردنی داواکارییە جەماوەرییە رەواکانە کە بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندان گوزارشتیان لێکرد کە باشترین کچان و گەنجانی گەلەکەمانیان کۆکردەوە. دەبێت بە دڵسۆزییەوە کار بۆ بەدیهێنانی داواکارییەکانیان بکەین بە گەڕاندنەوەی سەروەری و هێز و شکۆی عێراق، لەپاڵ لەناوبردنی میراتی پشکپشکێنەی قێزەون بە هەموو شێوەکانی، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی.

ناشتوانین هیچ هەنگاوێکی جیددی بنێین بەبێ دەستپێکردنی ئەوەی کە شکۆ و سەروەری بۆ دەوڵەت بگەڕێنینەوە، ئەمەش پێویستی بەوەیە هیچ لایەنێک، هەرچییەک بێت، پێگە یان سەرچاوەی هێزی یان دڵسۆزیی لە سەرووی ویستی دەوڵەت و دەستوور و یاساوە بێت. دەبێت چەک و هێز لە دەستی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا بێت.

دەمەوێت جارێکی دیکە بۆ نەهێشتنی هیچ بەهەڵەتێگەیشتنێک جەختبکەمەوە کەوا ئەو ئەرکەی بە من راسپێردراوە بریتییە لە تێپەڕاندنی قۆناخی راگوزەر بەخێراترین کات لەگەڵ راپەڕاندنی ئەرکی راستەوخۆی پێویست کە دیارترینیان بریتین لە:

- تەواوکردنی یاسای هەڵبژاردنەکان بە وردەکاری یان هەموارەکانیەوە تەواوکردنی دوا رەشنووسی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، دابینکردنی هەموو ئەوەی پێویستە بۆ هەڵبژاردنەکان لە نزیکترین کاتی بەردەست، لەپاڵ کارکردن لەگەڵ نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێرانی خۆجێ و نێودەوڵەتی، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر دانانی بناخەی دروست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە کەشێکی سیاسی و ئەمنیی بێگەرد و دادپەروەریی هەڵبژاردنەکان مسۆگەر بکات.

- گرتنەبەری هەموو رێکارەکان و رێوشوێنەکان بە هاوکاری لەنێوان وەزارەتی ناوخۆ و هەموو دەزگا ئەمنییەکان بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران و مسۆگەرکردنی سەلامەتیی گۆڕەپانەکانیان بۆ ئەوەی بە ئازادی و ئاشتییانە رای خۆیان دەرببڕن.

- بە روونی رایدەگەیەنم، من فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان هیچ کات هیچ فەرمانێک دەرناکەم بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز. ئەوەیشی ئەو کارە بکات رادەستی دادگا دەکرێت. ئەرکی وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەکانە رێگە لە هەر لایەنێکی دووەم یان سێیەم بگرن کە تێکەڵی خۆپێشاندەران بێت.

- جارێکی دیکە لێرە جەختدەکەمەوە فەرمان بە هەموو هێزە ئەمنییەکان کراوە کە هەموو خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن و بگەڕێن و بکۆڵنەوە و بەدواداچوون بکەن بۆ دۆزینەوەی رفێنراوان و ئەوانە دەستنیشان بکەن کە خەڵکیان کوشتووە و رادەستی یاسایان بکەن.

- هەموو رێکارە خێراکان بگیردرێنەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئابووری و دارایی و خەرجی کەمکردنەوە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دەستپێکردنی چاکسازییە پێویستەکان و پاراستنی گەلەکەمان لە پەتای کۆرۆنا.

- سەرەتا و لە کاتی هەموو ئەمانە شکۆی دەوڵەت بگەڕێنرێتەوە و جەخت لەسەر سەروەریی نیشتمانیی بکرێتەوە و چەک لە دەستی دامەزراوە فەرمییە پەیوەندیدارەکان کۆبکرێتەوە. هاوکات ئاسایشی وڵات لە هەڕەشە تیرۆریستییەکان بپارێزرێ و سەروەریی یاسا جێگیربکرێت و هەمووان لەپێشی یاسادا یەکسان بن.
بەڵێن دەدەم ئەوەی لێرە رامگەیاند جێبەجێی بکەم. ئەرکی منیشە باسی هەڵسەنگاندنی لایەنەکان و سەرکردەکانیان بکەم کە هاوکارم بوون لە دەنگدان بە کابینەی حکومەتی ناتەواو. چاوەڕوانی پاڵپشتیی هەمووانم بۆ هەوڵەکانمان و دیدارەکانمان و گفتوگۆکانمان بۆ تەواوکردنی حکومەت و ئاسانکردنی ئەرکەکانی لە چوارچێوەی ئەو ئەرکانەی قۆناخی راگوزەر کە دیاریمان کردن.

لە کۆتاییدا بە ئایەتێکی گوتەی خودا وەڵامی ئەوانە دەدەمەوە کە هۆشدارییان دامێ لەبەر ئەوەی حیزبی سیاسی و فراکسیۆنم لە پەرلەمان نییە کە دەمپارێزێت لە کاتی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بۆ خزمەتکردنی گەلەکەم داومن: "مَنْ يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ إِنَّ اللَّهَ بَالِغُ أَمْرِهِ قَدْ جَعَلَ اللَّهُ لِكُلِّ شَيْءٍ قَدْرًا" واتای ئایەتەکە: هەرکەس پشت بە خودا ببەستێت، هەر خودا بەسە. خودا توانای هەموو شتێکی هەیە، خودا بۆ هەموو شتێک وادەی داناوە.

سەرچاوە: رۆژنامەی "الصباح"

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif