ڕاپۆرتی گرنگ: ئەو كورسیەی ئارامی بەخۆیەوە نەدیوە

ليست هناك تعليقات



ڕاپۆرت
-
به‌وپێیه‌ى عێراق هه‌ر له‌دواى دروستبوونیه‌وه‌ له‌ ساڵى 1920 هه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌وراز و نشێوى سیاسى زۆرى بڕیوه‌ و چه‌ند جارێك سیستمى سیاسى تێیدا له‌ ریشه‌وه‌ هه‌ڵكێشراوه‌ و كوده‌تا و داگیركارى مێژوویى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، دۆخى حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى كه‌مجار له‌ مێژوودا به‌ ئارامیدا تێپه‌ڕیون و تا ئێستا، 76جارى دیكه‌ ئه‌و پۆسته‌ به‌ كه‌سانى دیكه‌ دراوه‌، واتا به‌ حكومه‌تى كازمییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێكبێت، له‌ماوه‌ى 100 ساڵى ته‌مه‌نیدا به‌ سیستمى پاشایه‌تى و كۆمارییه‌وه‌ 77 جار پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى گۆڕیوه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌و سه‌رۆك وه‌زیرانانه‌ ته‌مه‌نیان ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك یان مانگێك و كه‌متر له‌ مانگێك بووه‌.

عێراق به‌سه‌ر 5 قۆناغى مێژوویدا دابه‌شده‌بێت كه‌ پێكدێن له‌:-
مه‌مله‌كه‌تى عێراق له‌ژێر ئینتیدابى به‌ریتانی
مه‌مله‌كه‌تى عێراق
كۆمارى عێراق
عێراق له‌سه‌رده‌مى به‌عسدا
ئه‌نجومه‌نى حكوم
كۆمارى عێراق "دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا كه‌ ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستایه‌".


به‌پێى قۆناغه‌كان له‌ عێراق پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران گۆڕانكارى به‌سه‌ردا هاتووه‌ و له‌ هه‌ر قۆناغێكیشدا گۆڕانكارییه‌كان لێكه‌وتى تایبه‌ت به‌ خۆیانیان هه‌بووه‌، ئه‌م ریزبه‌ندییه‌ گۆڕانكارییه‌كانى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ له‌ عێراق به‌پێى دابه‌شكارى به‌سه‌ر هه‌ر پێنج قۆناغه‌ مێژووییه‌كه‌ و ساڵان یان رۆژانى ته‌مه‌نى مانه‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كان له‌ پۆسته‌كانیاندا.

قۆناغى یه‌كه‌م:-

مه‌مله‌كه‌تى عێراق له‌ژێر ئینتیدابى به‌ریتانیادا (1920 تا 1932)
له‌م قۆناغه‌دا كه‌ ته‌مه‌نى قۆناغه‌ له‌ رۆژى دامه‌زراندنى عێراق له‌ 1920ه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات و تا ساڵى 1932ى خایاند، له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌مدا عێراق 11 جار پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى گۆڕى، به‌جۆرێك:-

عه‌بدولره‌حمان گه‌یلانى ئه‌لنه‌قیب
یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوو ته‌مه‌نى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ته‌نها 2 ساڵ چه‌ند رۆژێكى خایاند، له‌ به‌روارى 11ى تشرینى دووه‌مى ساڵى 1920 ده‌ستبه‌كاربوو و له‌به‌روارى 20ى تشرینى دووه‌مى ساڵى 1922 كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى هات.

عه‌بدولموحسین سه‌عدون
كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربازى بوو، دواى عه‌بدولره‌حمان گه‌یلانى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى له‌ 20ى تشرینى دووه‌مى 1922 وه‌رگرت و ماوه‌ى ساڵێك له‌ پۆسته‌كه‌یدا بوو و له‌ 22ى تشرینى دووه‌مى 1923 كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى هات، به‌ڵام دواتر 3 جارى دیكه‌ ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرته‌وه‌ جارێكیان له‌ به‌روارى 26ى حوزه‌یرانى 1925 تا 21ى تشرینى دووه‌مى 1926، جارى دووه‌م له‌ به‌روارى 11ى كانونى دووه‌مى 1928 تا به‌روارى 20 كانونى دووه‌مى 1929 و جارى سێیه‌میش له‌ به‌روارى 19ى ئه‌یلولى 1929 تا به‌روارى 13 تشرینى دووه‌مى 1929، واتا به‌ گشتى 4 جار پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌بووه‌.

جه‌عفه‌ر ئه‌لعه‌سكه‌رى:-
كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربازى بوو هاوشێوه‌ى عه‌بدولموحسین سه‌عدون، دوابه‌دواى ئه‌ویش هاته‌ سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران و دووجار ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، جارى یه‌كه‌م له‌ به‌روارى 22ى تشرینى دووه‌مى 1923 تا به‌روارى 2ى ئابى 1924 و جارى دووه‌میش له‌ به‌روارى 21ى تشرینى دووه‌مى 1926 تا به‌روارى 11ى كانونى دووه‌مى 1928 له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیراندا بووه‌.

یاسین ئه‌لهاشمى
سێیه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بوو، به‌ڵام دوو سه‌رده‌مى جیاواز، یان دوو مه‌لیكى جیاوازى بینى و دووجار پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرت، جارى یه‌كه‌م له‌ به‌روارى 2ى ئابى 1924 تا به‌روارى 26 حوزه‌یرانى 1925 و له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵدا بوو، جارى دووه‌م له‌ به‌روارى 17ى ئازارى 1935 تا به‌روارى 30 تشرینى یه‌كه‌مى 1936 و له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك غازیدا سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌.

تۆفیق ئه‌لسوه‌یدى
دووجار پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرتووه‌ له‌ عێراقدا و له‌سه‌رده‌مى دوو پاشاى جیاوازدا و به‌ دوو شوناسى جیاواز، جارى یه‌كه‌م له‌سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵدا له‌ به‌روارى 28ى نیسانى 1929 وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربه‌خۆ بووه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران و ته‌نها چه‌ند مانگێك له‌و پۆسته‌دا بووه‌ و له‌ به‌روارى 19ى ئه‌یلولى 1929 كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى هێنراوه‌، جارى دووه‌میش له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك غازید له‌سه‌ر پشكى حیزبى لیبڕاڵى عێراقى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ش ته‌نها چه‌ند مانگێك له‌و پۆسته‌دا بووه‌ له‌ به‌روارى 23ى شوباتى 1946 تا به‌روارى 1ى حوزه‌یرانى 1946.

ناجى ئه‌لسوه‌یدى
دواى تۆفیق ئه‌لسوه‌یدى وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربه‌خۆ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵدا وه‌رگرتووه‌ و كه‌متر له‌ ساڵێك له‌سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵات بووه‌، له‌ به‌روارى 18ى تشرینى دووه‌مى 1929 ده‌ستبه‌كاربووه‌ و له‌ 23ى ئازارى 1930 كۆتایى هاتووه‌.

نورى سه‌عید "سه‌رۆكى 8 كابینه‌ى حكومه‌ت"
نورى سه‌عید یه‌كێكه‌ له‌ ناوه‌ زه‌قه‌كانى ناو مێژووى عێراق، له‌ هه‌موو ته‌مه‌نى عێراقیشدا خاوه‌نى به‌رزترین ریكۆردى ده‌سه‌ڵاته‌ به‌وپێیه‌ى 8 كابینه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق بووه‌، دوو حیزب و 3 مه‌لیكى عێراقى گۆڕیوه‌ به‌جۆرێك:-
جارى یه‌كه‌م، له‌به‌روارى 23ى ئازارى 1930 تا به‌روارى 3ى تشرینى دووه‌مى 1932.
جارى دووه‌م، له‌ به‌روارى 25ى كانونى یه‌كه‌مى 1938 تا به‌روارى 31ى ئازارى 1940.
جارى سێیه‌م، له‌ به‌روارى 10ى تشرینى یه‌كه‌مى 1941 تا به‌روارى 4ى حوزه‌یرانى 1944.
جارى چواره‌م، له‌ به‌روارى 21ى تشرینى دووه‌مى 1946 تا به‌روارى 29ى ئازارى 1947.
جارى پێنجه‌م، له‌ به‌روارى 6ى كانونى دووه‌مى 1949 تا به‌روارى 10 كانونى یه‌كه‌مى 1949.
جارى شه‌شه‌م، له‌ به‌روارى 15ى ئه‌یلولى 1950 تا به‌روارى 12ى ته‌موزى 1952.
جارى حه‌وته‌م، له‌ به‌روارى 4ى ئابى 1954 تا به‌روارى 20 حوزه‌یرانى 1957.
جارى هه‌شته‌م، له‌ به‌روارى 3ى ئازارى 1958 تا به‌روارى 18ى ئایارى 1958.
به‌مپێیه‌ش نورى سه‌عید له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نیدا كه‌ 8 جار سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌ له‌ سه‌رده‌مه‌كانى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ و مه‌لیك غازى و مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى دووه‌مدا ده‌سه‌ڵاتى هه‌بووه‌، سه‌ره‌تا به‌ناوى "حیزبى عه‌هد" و دواتریش به‌ناوى "حیزبى ئیتیحادى ده‌ستورى" ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رده‌گرت.

قۆناغى دووه‌م:-
مه‌مله‌كه‌تى عێراق (1932 – 1958)
دواى 12 ساڵ ته‌مه‌ن له‌ دروستبوونى و له‌ ئینتیدابى به‌ریتانى، عێراق و حكومه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانى نه‌ك هه‌ر سه‌قامگیر نه‌بوون، به‌ڵكو تاده‌هات ره‌وشیان شلۆقتر ده‌بوو، له‌ قۆناغى دووه‌مى سیستمى پاشایه‌تیشدا كه‌ عێراق هه‌ر سێ مه‌لیك (فه‌یسه‌ڵ و غازى و فه‌یسه‌ڵى دووه‌م)ى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، جارێكى دیكه‌ چه‌ندین كه‌س پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانیان وه‌رگرت، ئه‌مجاره‌ش هاوشێوه‌ى قۆناغى پێش خۆى له‌نێو ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانانه‌دا تێیدایه‌ ته‌نها چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بووه‌ و هه‌شیانبووه‌ چه‌ندین كابینه‌ هه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌ به‌جۆرێك:-

ناجى شه‌وكه‌ت
كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربه‌خۆ بووه‌ و ته‌مه‌نى ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى زۆرى نه‌خایاندووه‌ له‌ به‌روارى 3ى تشرینى دووه‌مى 1932 له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵدا ده‌ستبه‌كار بووه‌ و له‌ به‌روارى 20ى ئازارى 1933 كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى هاتووه‌.

ره‌شید عالى گه‌یلانى
دواى ناجى شه‌وكه‌ت، ره‌شید عالى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرت، له‌ ته‌مه‌نى خۆشیدا ره‌شید عالى 3 جار ئه‌و پۆسته‌ى وه‌رگرتووه‌، جارێك له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى یه‌كه‌مدا له‌ به‌روارى 20ى ئازارى 1933 ده‌ستبه‌كاربووه‌ و له‌ به‌روارى 9ى تشرینى دووه‌مى 1933 له‌گه‌ڵ كۆتایى ته‌مه‌نى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵدا كۆتایى به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى هاتووه‌، له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك غازیدا ده‌سه‌ڵاتى نه‌دراوه‌تێ، به‌ڵام له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى دووه‌مدا دووجار كراوه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك وه‌زیران جارى یه‌كه‌م له‌ به‌روارى 31ى ئازارى 1940 واتا له‌گه‌ڵ هاتنه‌سه‌ركارى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى دووه‌م تا به‌روارى 3ى شوباتى 1941 ده‌سه‌ڵاتى هه‌بووه‌ و جارى دووه‌میش له‌ به‌روارى 13ى نیسانى 1941 ده‌سه‌ڵاتى وه‌رگرتووه‌ تا به‌روارى 30 ئایارى هه‌مان ساڵ.

جه‌میل ئه‌لمه‌دفه‌عى
كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربازى بوو و یه‌كه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانى سه‌رده‌مى مه‌لیك غازى بوو، هه‌ر له‌ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى مه‌لیك غازیدا 3 جار و له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى دووه‌میشدا 2 جار پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرت به‌جۆرێك:-
جارى یه‌كه‌م، له‌ به‌روارى 9ى تشرینى دووه‌مى 1933 تا به‌روارى 27ى ئابى 1934.
جارى دووه‌م، له‌ به‌روارى 4ى ئازارى 1935 تا به‌روارى 17ى ئازارى 1935.
جارى سێیه‌م، له‌ به‌روارى 17ى ئابى 1934 تا به‌روارى 25ى كانونى یه‌كه‌مى 1938.
جارى چواره‌م، له‌ به‌روارى 4ى حوزه‌یرانى 1941 تا به‌روارى 10ى تشرینى یه‌كه‌مى 1941.
جارى پێنجه‌م، له‌ به‌روارى 29ى كانونى دووه‌مى 1953 تا به‌روارى 17ى ئه‌یلولى 1953.

عه‌لى جه‌وده‌ت ئه‌لئه‌یوبى
ئه‌میش كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربازى بووه‌ و له‌ ته‌مه‌نى خۆیدا 3جار له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیراندا بووه‌، جارێكیان له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك غازیدا له‌ به‌روارى 27ى ئابى 1934 تا به‌روارى 4ى ئازارى 1935.
دووجاریش له‌ سه‌رده‌مى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى دووه‌مدا له‌ به‌روارى 10 كانونى یه‌كه‌مى 1949 تا 5ى شوباتى 1950 و جارى دووه‌میش له‌ به‌روارى 20ى حوزه‌یرانى 1957 تا به‌روارى 15ى كانونى یه‌كه‌مى 1957 سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌.

حیكمه‌ت سلێمان
له‌سه‌ر پشكى (حزبى ئیخوه‌ى ئه‌لوه‌ته‌نى) له‌ به‌روارى 30 تشرینى یه‌كه‌مى 1936 تا به‌روارى 17ى ئابى 1937 سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌.

هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى مه‌لیك فه‌یسه‌ڵى دووه‌مدا ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تى كه‌ زۆرینه‌یان سه‌ربه‌خۆ بوون پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانیان وه‌رگرتووه‌ و دواتر لابراون كه‌ پێكدێن له‌:-
ته‌ها ئه‌لهاشمى – له‌ به‌روارى 3 شوباتى 1941 تا به‌روارى 13ى نیسانى 1941.
حه‌مدى ئه‌لپاچه‌چى – له‌ به‌روارى 4ى حوزه‌یرانى 1944 تا به‌روارى 23ى شوباتى 1946.
سه‌ید ساڵح جه‌بر، له‌ به‌روارى 29ى ئازارى 1947 تا به‌روارى 29ى كانونى دووه‌مى 1948.
سه‌ید محه‌مه‌د ئه‌لسه‌در – له‌ به‌روارى 29ى كانونى دووه‌مى 1948 تا به‌روارى 26ى حوزه‌یرانى 1948.
مزاحم ئه‌لپاچه‌چى – له‌ به‌روارى 26 حوزه‌یرانى 1948 تا به‌روارى 6ى كانونى دووه‌مى 1949.
مسته‌فا مه‌حمود ئه‌لعه‌مه‌رى – له‌ به‌روارى 12ى ته‌موزى 1952 تا به‌روارى 23ى تشرینى دووه‌مى 1952.
نوره‌دین مه‌حمود – له‌ به‌روارى 23ى تشرینى دووه‌مى 1952، تا به‌روارى 29ى كانونى دووه‌مى 1953.
محه‌مه‌د فازل ئه‌لجه‌مالى – له‌ به‌روارى 17ى ئه‌یلولى 1953 تا به‌روارى 29ى نیسانى 1954.
ئه‌رشه‌د ئه‌لعه‌مه‌رى – له‌ به‌روارى 29ى نیسانى 1954 تا به‌روارى 4ى ئابى 1954.
عه‌بدولوه‌هاب مه‌رجان – له‌ به‌روارى 15ى كانونى یه‌كه‌مى 1957 تا به‌روارى 3ى ئازارى 1958.
ئه‌حمه‌د موختار بابان – له‌ به‌روارى 18ى ئایارى 1958 ده‌ستبه‌كاربووه‌ و له‌ كوده‌تاى 14ى ته‌موزى 1958 له‌كارخراوه‌.


قۆناغى سێیه‌م:-
كۆمارى عێراق (1958 – 1968)
ئه‌م قۆناغه‌ كه‌ به‌ قۆناغى مێژوویى عێراق ناوده‌برێت و وه‌رچه‌رخانى ته‌واو بوو له‌ سیستمى پاشایه‌تییه‌وه‌ بۆ كۆمارى كه‌ به‌ قۆناغى كوده‌تاكه‌ى عه‌بدولكه‌ریم قاسم ناسراوه‌، پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران هاوشێوه‌ى سه‌رده‌مه‌ جیاوازه‌كانى پاشاكانى عێراق هه‌وراز و نشێو و كه‌سایه‌تى جیاوازى به‌خۆیه‌وه‌ بینى و تێیپه‌ڕاند تا كۆتاییه‌كه‌ى به‌ هاتنه‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى به‌عسییه‌كان كۆتایى هات.
له‌م قۆناغه‌شدا چه‌ند كه‌سێك له‌سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران دانیشتوون و ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه‌، به‌جۆرێك:-
له‌كاتێكدا محه‌مه‌د نه‌جیب ئه‌لروبه‌یعى كرایه‌ سه‌رۆكى كۆماره‌ تازه‌ دامه‌زراوه‌كه‌، عه‌بدولكه‌ریم قاسم پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرت له‌ به‌روارى 14ى ته‌موزى 1958 و تا به‌روارى 8ى شوباتى 1963 له‌ پۆسته‌كه‌یدا مایه‌وه‌ و دواتر كوژرا.
دواتر عه‌بدولسه‌لام عارف پۆستى سه‌رۆكى كۆمارى عێراقى وه‌رگرت و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر كرایه‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ به‌روارى 8ى شوباتى 1963 و له‌ به‌روارى 18ى تشرینى دووه‌مى 1963دا له‌كارخرا.
هه‌ر له‌سه‌رده‌مى عه‌بدولسه‌لام عارفدا كه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراقى هه‌بوو چه‌ند كه‌سێك له‌سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران دانیشتن وه‌ك:-
تاهیر یه‌حیا – له‌ به‌روارى 20ى تشرینى دووه‌مى 1963 تا به‌روارى 6ى ئه‌یلولى 1965.
عارف عه‌بدولره‌زاق – له‌ به‌روارى 6ى ئه‌یلولى 1965 تا به‌روارى 21ى ئه‌یلولى 1965.
عه‌بدولره‌حمان به‌زاز – له‌ به‌روارى 21ى ئه‌یلولى 1965 تا به‌روارى 9ى ئابى 1966.

له‌ سه‌رده‌مى عه‌بدولره‌حمان عارفیشدا كه‌ دواى عه‌بدولسه‌لامى براى هاته‌ سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق، هه‌ریه‌ك له‌ ناجى تالیب له‌ به‌روارى 9ى ئابى 1966 تا 10ى ئایارى 1967 و تاهیر یه‌حیا له‌ 10ى ته‌موزى 1967 تا به‌روارى 17ى ته‌موزى 1968 سه‌رۆك وه‌زیران بوو، تا له‌ كوده‌تاى به‌عسییه‌كاندا له‌كارخرا.

قۆناغى چواره‌م "قۆناغى دیكتاتۆرى خوێناوى"
عێراق له‌سه‌ده‌مى به‌عسدا (1968 – 2003)
له‌دواى گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات له‌لایه‌ن "حیزبى به‌عسى ئیشتراكى" له‌ عێراق، ئیدى هاوشێوه‌ى هه‌موو پۆست و به‌رپرسیارێتییه‌كانى دیكه‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانیش چووه‌ قۆناغى متبوون و له‌ماوه‌ى له‌ماوه‌ى 36 ساڵ ده‌سه‌ڵاتى ئه‌و حیزبه‌دا ژماره‌ى گۆڕانكارییه‌كان له‌ پۆستى سه‌رۆك وه‌زیراندا له‌ په‌نجه‌كانى یه‌ك ده‌ست تێپه‌ڕناكه‌ن.
له‌ سه‌ره‌تادا و دواى گرتنه‌ده‌ستى ده‌سه‌ڵات كه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر بوو به‌ سه‌رۆك كۆمار، عه‌بدولره‌زاق نایف، كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كى سه‌ربازى بوو كرایه‌ سه‌رۆك وه‌زیران، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى ته‌نها چه‌ند رۆژێك ته‌مه‌نى بوو، له‌ به‌روارى 17ى ته‌موزى 1968 پۆسته‌كه‌ى وه‌رگرت و ته‌نها دواى 13 رۆژ و له‌ به‌روارى 30 ته‌موزى هه‌مان ساڵ له‌كارخرا.
به‌دوایدا خودى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر كه‌ هاوكات سه‌رۆك كۆمار بوو، له‌به‌روارى 31ى ته‌موزى 1968 به‌رپرسیارێتى سه‌رۆك وه‌زیرانیشى خسته‌ ئه‌ستۆى خۆى و تا 16ى ته‌موزى 1979 له‌ پۆسته‌كه‌یدا مایه‌وه‌.

سه‌دام حسێن
دواى ناچاركردنى ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر به‌ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌، سه‌دام حسێن ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانى بۆخۆى زه‌وت كرد، ئه‌وه‌ سه‌ره‌تاى كۆتایى پرۆسه‌ى ده‌ستاوده‌ستى ده‌سه‌ڵات بوو له‌ عێراقدا تا كاتى رووخاندنى، ئه‌گه‌ر چه‌ند جارێكیش ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك وه‌زیرانى دابێت به‌ نزیكه‌كانى خۆى، ئه‌وا به‌بڕواى مێژوونووسان ته‌نها جۆرێك له‌ چاوبه‌ست و به‌لارێدابردنى راى گشتى و نێوده‌وڵه‌تى بووه‌ له‌باره‌ى دیموكراسییه‌ت، ده‌نا له‌ورۆژى له‌سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵات دانیشتووه‌، تا ئه‌و رۆژه‌ى ئه‌مریكییه‌كان ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان رووخاندووه‌، سه‌دام حسێن كه‌سى یه‌كه‌مى ده‌سه‌ڵاتدارى وڵات بووه‌ و ئه‌وانى دیكه‌ ته‌نها ناو و پیتى سه‌ر كاغه‌ز بوون.
سه‌دام حسێن له‌ ساڵى 1979 تا ساڵى 2003 به‌رده‌وام سه‌رۆك كۆمار بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دووجار پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ڕێوه‌بردووه‌ كه‌ جارێكیان 12 ساڵ و جارێكیشیان 9 ساڵى خایاندووه‌ به‌ جۆرێك:-
جارى یه‌كه‌م:- له‌ به‌روارى 16ى ته‌موزى 1979 پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرتووه‌ و تا 23ى ئازارى 1991 درێژه‌ى كێشاوه‌.
جارى دووه‌م:- له‌ به‌روارى 29ى ئایارى 1994 ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرتووه‌ و تا 9ى نیسانى 2003 درێژه‌ى كێشاوه‌.

هه‌ر له‌ سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى سه‌دام حسێندا چه‌ند جارێك به‌شێوه‌ى شكڵى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ كه‌سانى دیكه‌ى ناو حیزبى به‌عس دراوه‌، به‌ڵام له‌و كاتانه‌شدا سه‌دام حسێن هه‌ر سه‌رۆك كۆمار و هه‌ر خاوه‌نى ده‌سه‌ڵاتى فیعلى بووه‌، به‌جۆرێك:-

سه‌عدون حه‌مادى، له‌ به‌روارى 23ى ئازارى 1991 تا به‌روارى 13ى ئه‌یلولى 1991 سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌.
محه‌مه‌د حه‌مزه‌ ئه‌لزوبه‌یدى، له‌ 16ى ئه‌یلولى 1991 تا به‌روارى 5ى ئه‌یلولى 1993 سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌.
ئه‌حمه‌د حسێن ئه‌لسامه‌رائى، له‌ به‌روارى 5ى ئه‌یلولى 1993، تا به‌روارى 29ى ئایارى 1994 سه‌رۆك وه‌زیران بووه‌.

قۆناغى پێنجه‌م:-
پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران له‌ سه‌رده‌مى ئه‌نجومه‌نى حكومدا
دواى پرۆسه‌ى ئازادى عێراق له‌ساڵى 2003 و كۆتایهێنان به‌ ده‌سه‌ڵاتى به‌عس، هیچ شتێك له‌ عێراق له‌جێگه‌ى خۆیدا نه‌ما، نه‌ حكومه‌ت و نه‌ سلكى سه‌ربازى و نه‌ دادوه‌رى، ئه‌مریكا كه‌ ئه‌نجامده‌رى هێرشى سه‌ربازى پرۆسه‌ى ئازادى بوو، حاكمێكى مه‌ده‌نى بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى بۆ عێراق ده‌ستنیشان كرد، تا حكومه‌ت و سوپا و دامه‌زراوه‌كان دروستبكاته‌وه‌، ئه‌و ساڵه‌ "ساڵى 2003 – 2004" كورسى سه‌رۆك وه‌زیران زۆرترین گۆڕانكارى به‌خۆیه‌وه‌ بینى، به‌جۆرێك له‌ماوه‌ى 12 مانگدا، 12 كه‌س سه‌رۆك وه‌زیران بوون كه‌ هه‌ریه‌كێكیان ده‌سه‌ڵاته‌كانى ته‌نها یه‌ك مانگ ته‌مه‌نى بوو:-

محه‌مه‌د به‌حرئه‌لعلوم، له‌به‌روارى 13ى ته‌موزى 2003 تا به‌روارى 31ى ته‌موزى 2003 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
ئیبراهیم جه‌عفه‌رى، له‌ به‌روارى 1ى ئابى 2003 تا به‌روارى 31ى ئابى 2003 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
ئه‌حمه‌د چه‌له‌بى، له‌ به‌روارى 1ى ئه‌یلولى 2003، تا به‌روارى 30 ئه‌یلولى 2003 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
ئه‌یاد عه‌لاوى، له‌ به‌روارى 1ى تشرینى یه‌كه‌مى 2003، تا به‌روارى 31ى تشرینى یه‌كه‌مى 2003 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
جه‌لال تاڵه‌بانى، له‌ به‌روارى 1ى تشرینى دووه‌مى 2003، تا به‌روارى 30 تشرینى دووه‌مى 2003 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لحه‌كیم، له‌ به‌روارى 1ى كانونى یه‌كه‌مى 2003، تا به‌روارى 31ى كانونى یه‌كه‌مى 2003 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
عه‌دنان پاچه‌چى، له‌ به‌روارى 1ى كانونى دووه‌مى 2004 تا به‌روارى 31ى كانونى دووه‌مى 2004 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
موحسین عه‌بدولحه‌مید، له‌ به‌روارى 1ى شوباتى 2004، تا به‌روارى 29ى شوباتى 2004 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
محه‌مه‌د به‌حرلعلوم، له‌ به‌روارى 1ى ئازارى 2004، تا به‌روارى 31ى ئازارى 2004، سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
مه‌سعود بارزانى، له‌ به‌روارى 1ى نیسانى 2004، تا به‌روارى 30 نیسانى 2004 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
عێزه‌دین سه‌لیم، له‌ به‌روارى 1ى ئایارى 2004 تا به‌روارى 17ى ئایارى 2004 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
غازى مه‌شعه‌ل عه‌جیل ئه‌لیاوه‌ر، له‌ 17ى ئایارى 2004، تا به‌روارى 1ى حوزه‌یرانى 2004 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.

له‌دواى ساڵى 2004، هه‌وڵدرا كه‌مێك ره‌وشه‌كه‌ سه‌قامگیرتر بكرێت و هه‌ر چه‌ند هه‌فته‌ جارێك سه‌رۆك وه‌زیرانێك نه‌گۆڕدرێت، هه‌ربۆیه‌ له‌ ساڵى 2004 تا ساڵى 2011، سێ كه‌س له‌سه‌ر كورسى سه‌رۆك وه‌زیران دانیشتن، كه‌ دوانیان یه‌كى یه‌ك ساڵ و ئه‌وه‌ى سێیه‌میشیان دواى هه‌ڵبژاردن بۆماوه‌ى 4 ساڵ له‌ پۆسته‌كه‌دا مایه‌وه‌ به‌جۆرێك:-
ئه‌یاد عه‌لاوى، له‌ به‌روارى 1ى حوزه‌یرانى 2004 تا به‌روارى 3ى ئایارى 2005 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
ئیبراهیم جه‌عفه‌رى، له‌ به‌روارى 3ى ئایارى 2005 تا به‌روارى 20ى ئایارى 2006 سه‌رۆك وه‌زیران بوو.
نورى مالیكى، له‌ به‌روارى 20ى ئایارى 2006 ده‌سه‌ڵاتى گرته‌ ده‌ست و له‌ خولى یه‌كه‌میدا تا ساڵى 2010 به‌رده‌وام بوو.

قۆناغى شه‌شه‌م:-
كۆمارى عێراق دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مریكا

له‌ ساڵى 2010 خولێكى دیكه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى له‌ عێراق ئه‌نجامدرا، له‌به‌ر رۆشنایى ئه‌نجامه‌كان و رێككه‌وتنى سیاسى جارێكى دیكه‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق ده‌ستیپێكرده‌وه‌ و حكومه‌تى نوێ پێكهێنرا، ئه‌مجاره‌ش بۆ خولێكى دیكه‌ نورى مالیكى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرته‌وه‌ و له‌ ساڵى 2010 تا مانگى ئه‌یلولى 2014 له‌ پۆسته‌كه‌یدا مایه‌وه‌، هه‌ر له‌م خوله‌ى ده‌سه‌ڵاتیدا هێزه‌كانى ئه‌مریكا به‌پێى رێككه‌وتنێكى ئه‌منى له‌ عێراق كشانه‌وه‌، به‌دواى مالیكیشدا و دواى خولێكى دیكه‌ى هه‌ڵبژاردن، حه‌یده‌ر عه‌بادى له‌ به‌روارى 8ى ئه‌یلولى 2014 پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرت و تا 25ى ئۆكتۆبه‌رى 2018 به‌رده‌وام بوو، به‌دواى ئه‌ویشدا عادل عه‌بدولمه‌هدى، له‌ به‌روارى 25ى ئۆكتۆبه‌رى 2018 پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى وه‌رگرت، به‌ڵام به‌هۆى خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى هاوڵاتیان له‌ نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و ده‌رفه‌تى كار و خراپى گوزه‌ران له‌ به‌غدا و چه‌ند پارێزگایه‌كى ناوه‌ند و خوارووى عێراق، له‌ به‌روارى 30ى نۆڤێمبه‌رى 2019 نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى پێشكه‌ش كرد.

سه‌ره‌نجام دواى چه‌ند مانگێك بێنه‌ و به‌رده‌ و ئالۆزى سیاسى و راسپاردنى چه‌ند كه‌سێك بۆ گرتنه‌ ده‌ستى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیران و نه‌توانینى گه‌یشتن به‌و كورسییه‌ به‌هۆى رێكنه‌كه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى رێژه‌یى یان ته‌نانه‌ت ناچاریش بێت به‌شێكى زۆرى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پشتیوانى مسته‌فا كازمییان كرد، تا وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى ژماره‌ 77 له‌ مێژووى 100 ساڵى عێراقدا پۆسته‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت تا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، به‌ڵام هێشتا دیار نییه‌ ئایا كام رووداوى مێژویى له‌ چاره‌نوسى كازمیدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئایا ئه‌و كورسییه‌ى هیچكات ئارامى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینوه‌ له‌ژێر كازمیدا به‌ ئارامى ده‌وه‌ستێت تا هه‌ڵبژاردنى داهاتوو، یاخود به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ گۆڕینى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌سه‌رى داده‌نیشن و دیاریش نییه‌ ده‌توانێت بگاته‌ كۆتایى ئه‌و زه‌مه‌نى بۆى ده‌ستنیشان كراوه‌ یان هاوشێوه‌ى رابردوو دواى چه‌ند رۆژ یان چه‌ند مانگێك له‌سه‌ر كورسییه‌كه‌ ده‌خرێته‌ خواره‌وه‌.

ڕاپۆرتی پەیسەر پرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif