حیزب و میدیای چەواشەکار!

ليست هناك تعليقات


سامان مامڵێسی
-
٭ نەشتەری یەکەم: بە ڕاستی سەیرە، کابرا تا دوێنێ لەگەڵ حکومەتدا بوو، دەیوت: لە مونکەر کەم دەکەینەوە، ناهێڵین یاسای دژە دین دەربچوێنرێت، ئەمەیش هەر عەینی جیهادە!
کەچی ئەوڕۆ، سیکتر کراوە، بووەتە مەهدی مونتەزەر و، لە سیردابە تەپوتۆزاوییەکەی هاتووەتە دەر و، بە تەمای شۆڕشە! یا سەئرەڵڵا. یا قائیمە ئالی موحەمەد، یا فەرەجەڵڵا. قوددیسە سیڕڕوهو. ههههه.

٭ نەشتەری دووەم: بە پارەی سێبەر و، لە پەیج  و ئەکاونتی سێبەرەوە، بڵاودەکاتەوە و، دەنڤیسێت: بڕووخێ حکومەت. داڕزێ دەسەڵات. ئەبێ بار بکات!
ئێ خرپۆڵەکەم، تۆ خۆت و حیزبەکەت - بە لایەنی کەمەوە- زێتر لە 12 ساڵتان لەو (حکومەتە فاشیلە) دا خەبات هەیە. مەنسوولییایەتی زل و گچکەیشتان لەبەردەستدا بووە، خێرە ئەوجا نەتانکردووە و، سیستمتان دانەنا و، ژێرخانی ئابووریتان پتەو نەکرد، چلۆن ئێسە دڵتان دێ ئەو بناغە تەپیوەی خۆتان هەڵتانقەندووە، تێک بدەن و، بینای: عەدالەت و دیموکراسیی، بنیات بنێن؟!

٭ نەشتەری سێیەم: هەتا بۆتان کرابێت، سەرانتان، ئەندامە ناسکۆڵەکانتان، دامەزراند و،  لە هەموو جومگەیەکی ئەم وێرانەیەدا، گریستان لێ ساویوە و، لە گشت قوژبنێکی ئەو دەستگەیانەدا، ئەندامۆچکەیەکتان ڕاسپاردووە. ئیدی بۆ ئێوە نین یارمەتیدەری زاڵم؟
باشە بۆ ئێوە نەبن دەزووچنی زاڵم؟ ئێ بۆ ئێوە نەبن، سەر و قونی زاڵم؟
٭ نەشتەری چوارەم: بۆ لەو ساڵانەی پارە زۆر بوو، کەس متەقی لێوە نەدەهات -ڕووی دەمم لە هەمی حیزبەکانە - تا توانیتان کار و بازرگانی و کۆمپانیای خۆتان دامەزراند؟ دیارە لە کێکەکەدا پشکدار بوون؟ هەی زاڵمانە!
 کەچی ئێستە لەتە کێکتان لێ بڕاوە، جیوەتان تێزاوە!

٭ نەشتەری  پێنجەم: جاران 5 سەرەتان بوون، وەلێ نووکە قوڕەکە خەستتر بووەتەوە، بوونە بە 6 و لەتێکیشەوە!
توخودا پێم ناڵێن: خەمخۆریتان کوامەیە؟
ئەگەر بەکرێگیراو نین، خەمی ناوخۆتان هەبێ و، ئاوڕێک لەو خەڵکە بەشخوراوە بدەنەوە. بڕۆنەوە سەر مێز و، کێکەکە بکەن بە 6 لەت و نیوەوە و، بیرێکیشتان لای میللەت بێت.
ئاخر لە هەموو دنیادا، بیستوومانە، بینیومانە و خوێندوومانەتەوە، ململانێ هەس، بەڵام بەرژەوەندی گەل و وڵات، لەپێش هەموو تشتەوەیە. کەچی لێروکانە، ئەم دەڵێ: با هەر خۆم بم و، ئەویان ئێژێ: بەس منم نیشتیمانپەروەر!

٭ نەشتەری شەشەم: ئەو خەڵکەی خۆمانە،  زۆر خۆشبڕواین، گەلەک سادەگۆین، چەند زوو شتمان لەبیردەچێتەوە!
بابە، وەڵڵا کەس  دۆستی میللەت نییە. دەی با لەجێتی ئەوان، شەڕ نەکەین!
دەی با بۆ خۆشگوزەرانیی ئەوان، کەس لە خۆمان عێدز نەکەین!
دەی با بە هەنگوینی زەهراویی ئەوان، پاروومان چەور نەکەین!
دەی با ئیدی بە تەپڵی هیچ حیزبێک، هەڵنەپەڕین!
دەی با واز لە بەیت و باڵۆرەی ئاینداریی و نیشتیمانپەروەریی، بهێنین!
# گەندەڵیی هەیە؟ بێگومان. ئەرێ گەلۆ، کەس هەیە لەبەر هەتاو بێت و، گومان لە چاوی خۆی بکات؟
#ناعەدالەتیی هەیە؟ ئەرێ وەڵڵا. وەکی مانگی تابان، دەدرەوشێتەوە.
# خزمخزمێنە و حیزبحیزبێنە هەن؟ ئۆباڵت بەم ملەم، بەڵێ. 
#حکومەت پارەی هەیە؟ خوای ئەم شەوە موبارەکە بمگرێ، ئەگەر  بڵێم: نا!

ئێ وا ئەوانەمان زانی.باشە حەل چییە؟ لە میسر، ئیخوانەکان جاران دەیانوت: ئەلئیسلامو هووەلحەل!
بەڵام لێرە: ئەلموخابەراتو هووەلحەل!
کاکە، نە سەری خۆتان بئێشێنن و، نەیش ئەم جەژنەمان لێبکەن بە قوززەڵقورت!
لێمان بگەڕێن و، 2 دوعا و، 2 ئەستەغفیروڵڵا و، 2 ڕکاتی شەونوێژ بکەین.
#ئەگەریش، بەم قسانەی من قەڵسیت، فەرموو ئەوە مەیدان و، ئەوەیش قەیتان!
چی دەکەیت؟ دە پانزە نەخوێنەوارێ ئەگەیەنیتە پەرلەمان.
+ فوویدە بابم فوویدە. پەمپی  بدە ماڵەکەم پەمپی بدە!
- کێ ئەڵێیت قوربان؟
+ دوو سێ سافیلکە و نەزان؟
- ئێ کوا میزەڵان بەساقەو بم؟
+ حەی! مەگەر نابینی هەر حیزبە و هەشت نۆ دەیەکی هێناوەتە سەر شاشە و، داوا لە جەماوەری ڕاپەڕیو دەکات، پەمپیان دەن؟
گاڵتە بە خۆمان و ئەقڵیشمان دەکەن. هههه.
ژێدەر:
کتێبی: گەمەکاران بە ئەقڵ، هێربەرت ئێی شێلەر، عەرەباندنی: عەبدوسسەلام ڕیزوان،  دار المعرفة، کوەیت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif