ئه‌خلاقی وه‌فاداری

ليست هناك تعليقات

دكتۆر ئەنوەر فرج
-
له‌ بنه‌ڕه‌تدا وه‌فاداری ئه‌خلاقێكی ناوه‌كیه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى مرۆڤ بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌، بۆیه‌ له‌ ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا دوو ده‌ركه‌وته‌ى گرنگی هه‌یه‌:

یه‌كه‌م: وه‌فاداری به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌كان (راستگۆیی):

به‌ڵێندان واته‌ مرۆڤ بڕیار ده‌دات‌ له‌ ئایینده‌دا پابه‌ندبێت به‌ كردارێكه‌وه‌، خه‌ڵكیش متمانه‌ی پێده‌به‌خشن‌و باوه‌ڕی پێده‌كه‌ن‌، ئیتر ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێته‌ به‌نده‌ی به‌ڵێنه‌كه‌ی، متمانه‌ی وه‌ك مرۆڤێك ده‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ وه‌فاداربوون به‌و به‌ڵێنانه‌ی كه‌ خۆی داویه‌تی، پێچه‌وانه‌كه‌شی ده‌بێته‌ درۆكردن، ئه‌و گوفتاره‌ى كه‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ ئه‌خلاقیه‌كان به‌ ناپه‌سه‌ندیان داناوه‌.

دووه‌م: وه‌فاداری به‌رامبه‌ر خه‌ڵك (متمانه‌):

له‌م دۆخه‌دا وه‌فاداری دوو شێوه‌ی هه‌یه‌: یه‌كه‌میان ئه‌رێنی واته‌ كه‌سێك له‌هه‌ر كاتێكدا چاكه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كردوویت، له‌بیرتبێت پاداشتی بده‌یته‌وه‌ به‌ باشتر یان لانی كه‌م وه‌ك خۆی، دووه‌میان نه‌رێنی واته‌ زیانت نه‌بێت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ی چاكه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ كردویت. له‌ هه‌ردوو شێوه‌كه‌شدا مرۆڤ له‌ژێر باری قه‌رزێكدایه‌و پێویسته‌ وه‌فاداربێت‌، پێچه‌وانه‌كه‌شی ده‌بێته‌ خیانه‌تكاری به‌رامبه‌ر كه‌سێك یان راسپارده‌یه‌ك.


 وه‌فاداری پێوه‌ری ئایین و ئیمانه‌:

خوای گه‌وره‌ له‌ سیفه‌ته‌كانی ئیمانداراندا ده‌فه‌رموێت: {بۆ سپارده‌كان ده‌ستپاكن، به‌ به‌ڵێنه‌كانیان وه‌فادارن، وَالَّذِينَ هُمْ لِأَمَانَاتِهِمْ وَعَهْدِهِمْ رَاعُونَ}، پێغه‌مبه‌ري خۆشه‌ویستیش ده‌فه‌رموێت: (لا دينَ لمن لا عهدَ له ولا إيمانَ لمن لا أمانةَ له)، بۆیه‌ ‌خاوه‌نی ناوبانگی‌ (راستگۆی ده‌ستپاك)‌بوو. وه‌فاداری بۆ ئیماندار سه‌نگی مه‌حه‌كه‌، چونكه‌ له‌لایه‌ك ئایین و ئیمانی به‌ستراوه‌ به‌ وه‌فادارییه‌وه‌، له‌لایه‌كیتریشه‌وه‌ دوو دانه‌ له‌ سیفه‌ته‌كانی كه‌سی مونافیق پێچه‌وانه‌ى وه‌فادارییه‌‌ (شكاندنی به‌ڵێن و خیانه‌تی سپارده‌).

ته‌نانه‌ت له‌ سیاسه‌تیشدا كه‌ به‌ كایه‌یه‌كی دوور له‌ ئه‌خلاق داده‌نرێت، هه‌ردوو پێوه‌ری (راستگۆیی و متمانه‌، Truth and Trust) بایه‌خی تایبه‌تیان هه‌یه‌و دوو سیفه‌تى پێویستن بۆ كه‌سی سیاسه‌تكار.

له‌ كۆتاییدا وه‌فاداری خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ى قوتابخانه‌ ئه‌خلاقیه‌كانه‌، به‌پێی ئه‌ركگه‌رایی له‌خودی خۆیدا ئه‌ركێكی ئه‌خلاقیه‌، به‌گوێره‌ى فه‌زیله‌تگه‌رایی فه‌زیله‌تێكی پێویسته‌ بۆ بكه‌ری ئه‌خلاقی، به‌پێی ئه‌نجامگه‌رایی له‌ روانگه‌ی ئه‌نجامه‌كانیه‌وه‌ وه‌فاداری وه‌ك كرده‌یه‌كی ئه‌خلاقی په‌سه‌ندكراوه‌.

#ئه‌خلاقناسی
بابەتە فكریەكانی ناوەندی هەژان

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif