کەمال ئەمین گوڵپی
-
لە زمانی بەندەییمەوە سوپاستدەکەم پەروەرێنم، لە زمانی وەفاداریمەوە درود بۆ بەحری وەفا و نوری هوما وڕەحمەتەن للعالمینی تۆ یا ئەرحەمەراحیمین.
ـ خودایا!
غەرقی عسیان وگوناهم بەڕێیەکدا نەڕۆم کە تۆم لێون بێت و حەیرانبم، لەم شەوە پڕ قەدر و پڕ شەوق و پڕ ئەوینە پۆشاکی تائیبینم پێ خەڵاتکە، دڵم زیندووبکەوە بەتەوبەو پەشیمانی ئەی ئەوەڵ پەناو ئاخر پەنا هەر تۆیی، سوێند بێت بەزاتی ئەقدەست لە غەیری تۆ شکنابەم بپۆشێ گوناه و عسیانم، کەسێ شکنابەم دڵی شکاوم بەرتیری گوناه تیماربکات وبگاتە فریام، لە بارەگای میهرەبانی و گەورەیی تۆدا گەردەنکەچی خۆم نمایاندەکەم و دانبەبچوکی خۆمدا دەنێم ئەی عەزیم ئەی غافر الذنب، بەحاڵی دڵشکاویمەوە دێمە حزور و لە ئەوجی بێ دەستی و لە لوتکەی بەنداییەتیدا لەدەرگات دەدەم ولە حزورتا ڕادەوستم، دڵخۆشم بەم حاڵەوە دەرم مەکە ئەگەر تۆ دەرم بکەی ئیتر من لەکوێ وچانێک بدەم و ئاهێک هەڵکێشم و ساتێک حەوانەوە بە ڕۆحی شەکەت خواردووی ژێر جەستەی ماندووم بەگوناهبدەم، هاوار لە بێ باکی و بێ ئاگایی و غەفڵەت زەدەی خۆم، هاوار بۆ کاری بەدو نالایەق بەحزوری گەورەیی تۆ پەشێمانم، "پەشێمانی ئەگەر شاخی لە ئینسان دەردەکرد بێ شک لەگەردوون توند دەبوون شاخم بەدڵ هێندە پەشیمانم".
ـ خوادایا!
گەر منی بچوک تۆی گەورەم هەبێت لەم غەریبستانەدا هەرگیز غەریبی ناناسم و خۆم بەتەنها نابینم، گەر تۆ لێمخۆش بیت باکم لەکەس نییەو هەرکیز سڵ لەلۆمەی لۆماکاران ناکەمەوە، ئەی لێخۆشبووی گوناهان و پەناگای دڵشکاوان و ڕۆزی دەری نەداران بمبەخشە، نەمزانی لەناو کۆشک و تەلاری پادشایانی بچوکی ئەم دونیایەدا بۆتگەڕام، بەڵام تۆ بەگەورەیی خۆت لە کوخی منداڵێکی نازدار و لە دڵی هەژارێکی بێ نان و لە حەڵقەی قامەتی پیرێکی چەماوەی ناو رکوع و سجودادابووی، من زۆر دوور بۆ تۆم دەروانی بەڵام تۆ نزیکتر لەخۆم بووی، بمبورە خودایا پەشیمانم من هەرگیز مەکان بۆتۆ بڕیارنادەم پاکوبێگەردی بۆتۆی بێمەکان و بێ میسل و بێ کووفئو هاوشان.
ـ خودایا!
بمبەخشە هەوری ڕەشی گوناهانم بەری پەرتەوی ڕەحمەتی تۆیان تەنیووم، داوادەکەم بەشنەی دەمبەیانی نزولت هەرچی بەربەستی ڕەحمەتت هەیە لەسەرم ڕاماڵی. مەگەر بەندەی هەڵهات و لەخاوەنەکەی سەرەنجام هەر ناگەڕێتەوە ژێر دەستی ئاغاکەی؟ مەگەر پەنایەک هەیە لە غەیری پەنای خۆت کەسێ پەنای بۆببات و خۆی دەربازبکات.
ـ خودایا!
ئەگەر تەوبەو پەشیمانی دەبنە بایسی سڕینەوەی گوناهم سوێند بە عەزەمەتی خۆت هەر ئێستە تەوبەکار و پشیمانم، ئەگەر ئیستغفار دەبێتە مایەیی ئاشنابوونەوە لەگەڵ خۆتدا هەر ئێستا هەزارجار استغفراللە و هەزار بار پشیمانم.
ـ خودایا!
لە کەلامی هەربوو ئەزەلی خۆت لەوەحی کۆتا پەیامی خۆت لەو قورئانەی کە هەر لەشەوێکی لەم شەوانەدا یەکەم لەمعەی داو دونیای بەدواڕۆژ بەستەوە ئاخیرەتی وا ڕۆشنکردەوە ئەوەی پێویست بێت بەپەنهانی نەمایەوە،خۆت فەرمووتە[توبوا الی الله توبة نصوحا] تەوبە خودایا لەو کاتانەی کە بەسەرمدا گوزەریانکردووە و غافڵبووم لەتۆ، تەوبە لەو کە نەم توانیووە حەقی بەندایەتی تۆ بدەم، تەوبە لەو گوناهانە کەدڵمیان ڕەشکردووە و بونەتە بەربەست لە نێوان منی بچوک و تۆی گەورەدا.
ـ خودایا!
ئیتر کەی بیانوو ماوە بۆ کەسێ دوای ئەوەی کە دەرگای گەڕانەوەت واڵاکردووە، ئەی ئەو زاتەی لە براکانی یوسفی جوان خۆشبووی کە دڵی پیرە یعقوبیان پارەپارەکردوو و ڕۆشنایی چاوانیان بردوو هێزی ئەژنۆیان لەناوبرد، قامەتی بەرزو ڕێکیان بەوێنەی نوون کردوو دەست بەئەژنۆ لناو مەجلیسی تەنیایدا هێشتیانەوە.
ـ خوادایا!
ئەگەر گوناهەکانی من گەورە و ناشیرینبین ورووی مەجلیسیان نەبێت ، سوێند بەگەورەی خۆت و سیفەتی هەرەجوانی (العفو)ت گەر شایستەی لێخۆشبوونبم جوانم دەکات، ئەی ئەو زاتەی بیسەری ئاهو نزولەی گوناهبارانی لابەری پەردەی نارەحەتی و ڕاماڵێنەری جورموو تاوانی، ئەی زانا بە ئەسرای بەندەکانت حمدی ئاسا دڵێم:" شەپۆلمدا بەبەحری ڕوڕەشی و عسیانەوە هاتم بەیادی قەترەیەکی لە لوتفی بەحری ئیحسانم.... وەک کێوی گوناهـ هاتومەتە بەرەگاهی تۆ... کە موحتاجی بەقەد یەک پەڕەگاهی عەفوی غوفرانم" دەسا ئەی لێخۆشبووی گوناهان لێمخۆشبە یا ارحم الراحمین.
یەکەم شەوی قەدری ساڵی ۲۰۲۰، خورماڵ.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق