كوردپلات - هەواڵ
-
داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر حەوت پەرلەمانتار دەکرێت، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانیش رازی نییە و دەڵێت، رەزامەند نییە بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاران "بەهۆی قسەكردن لەسەر بەرپرسانی دامەزراوە دەستورییەكان و فەرمانبەران".
سۆران عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "لەسەر ئەوەی گوتومە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمپانیا و بانکی هەیە، لەژێر گوشاریشدا دەیانەوێت بەمنزیکانە لە کۆبوونەوەیەکی پەرلەماندا پارێزبەندیم لەسەر هەڵگرن"
سۆران عومەر ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو ماددەیەی سکاڵای پێ تۆمارکراوە تاوان نییە تاوەکو پێویست بە هەڵگرتنی پارێزبەندی بکات. بابەتێکە بەڵگەم هەیە و دەیخەمەڕوو".
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانی کوردستان لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر نامەیەکی کراوە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت "تكایە، با حكومەت و كابینەكەتان كاری وا نەكەن"
مەلا بەختیار ئەو داوایەی لەژێر ناونیشانی "نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز مەسروور بارزانی" لە هەژماری خۆی لە فەیسبووک بڵاوکردووەتەوە، تێیدا هاتووە "یەكەمین نامەشمە لەژیانمدا بۆ جەنابت (مەسروور بارزانی)ـی بنوسم، داوا بكەم، تكایە، با حكومەت و كابینەكەتان، كاری وا نەكەن. ئەم كارە، دەبێتە پێشینەیەكی ناشایستە بۆ سەرۆكوەزیران و حكومەت، بەرامبەر بە پەرلەمان و پەرلەمانتاران!"
لە نامەکەیدا ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو لە رووی ئایدۆلۆژی و سیاسیشەوە "بەڕێز سۆران م قبوڵ نەبووە و نییە"، بەڵام لە ئەنجامدا ناوبراو پەرلەمانتارە و متمانەی بەشێكی دەنگدەری وەرگرتووە.
بەپێی نووسراوێکی حاکم ئازاد حەسەن، سەرۆکی داواکاریی گشتی، کە بە ژمارە 359 لە 2-4-2020 دەرچووە، ئاراستەی سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کردووە، داوایکردووە پەرلەمان ئاگادار بکەنەوە تاوەکو پەرلەمانتار سۆران عومەر بەڵگەی پێویست رادەستی لیژنەی مافی گشتی لە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی بکات لەبارەی ئەوەی کۆمپانیایەک و بانکێک سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان خاوەندارێتییان دەکات. هەروەها داواکاریی گشتی باسی لەوەشکردووە ئەگەر بەڵگەکان نەخرێنەڕوو رێکاریی یاسایی دژی دەگیرێتە بەر.
سۆران عومەر سوپاسی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنەکانی یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو، نەوەی نوێ دەکات و دەڵێت، دژی ئەوەن پارێزبەندی لێوەربگیرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری دیکەش کراوە".
هەروەها د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ بڕیارەکە نییە و لەسەر داواکارییەکە نووسیویەتی "وەك سەرۆكی پەرلەمان رەزامەند نیم بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتار سۆران عومەر و هیچ پەرلەمانتارێكی دیکە، بەهۆی قسەكردنی لەسەر بەرپرسانی دامەزراوە دەستورییەكان و فەرمانبەران"
لەلایەکی دیکەوە عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو ئەو پەرلەمانتارانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵدەگیرێت حەوت پەرلەمانتارن و خۆیشی یەکێکە لەوان. دەڵێت "ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر حەوت پەرلەمانتار و رەوانەکردنیان بۆ دادگا، پێشھاتێکی مەترسیدارە و بۆ چاوشکاندنی پەرلەمانتارە".
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق