بەپەلە

ليست هناك تعليقات

بەهرە حەمە ڕەش
-
ئاڵۆزی و بێسەروبەری لە بواری راگەیاندن، خراپترین جۆرە، کە کاریگەریی درێژماوە و خراپی لەسەر رەوشی کۆمەڵگەدا دەبێت. دەگاتە ئاستێک، کە بە چەندین ساڵ کارکردن برینەکانی بە جەستەی کۆمەڵگەوە ساڕێژ نەبن.

راستە کۆمەڵ و دامەزراوەکانی، ئەگەر لەسەر بنەمایەکی تەندروست دانەمەزرابوون، لە بچووکترین یەکەیەوە، کە خێزانە، دەگوازرێتەوە بوارەکانی تریش، بەڵام دەبێت بزانین کام بوارە خراپترین کاریگەریی هەیە.

راگەیاندن ئاوێنەی کۆمەڵگە، حزبە یان ئەو شوێنەیە، کە پەخشی لێ دەکات و پاڵپشتیی دارایی دەکات. پاشخان و توانا و عەقڵی کۆمەڵگە، لە راگەیاندندا دەردەکەوێت. بەر لە هەر شتێک، پێویستی بە هوشیاری و بەرپرسیارێتی هەیە، چونکە لە هەندێ وێستگەی مێژووییدا هەڵەیەکی راگەیاندن دەستکەوتی گەورە لەدەست دەدات، یانیش بووە بە هۆی دروستکردنی فیتنەگێڕی ئاژاوەی گەورە. لەوانەیە خێزان یان دکتۆر و مامۆستایەک هەڵەیەک بکەن، بەڵام ئەوە دەکەوێتە چوارچێوەیەکی لۆکاڵی، بەڵام هەڵەی راگەیاندن دەبێتە هەڵەی جیهانی، چونکە عەقڵ و ئاستی گەلێک بەئاگا ریسوا دەکات و لە ناوخۆش بەردەوامی بە چەواشەکاری و بێمتمانەیی دەدات.

جاران دەرەبەگ/ ئاغا لەجیاتی خەڵك بیری دەکردەوە، بەڵام ئاغا ئەو توانایەی هەبوو قسەیەک بکات، کە بزانێ چی خزمەتی بەرژەوەندیی ئەو دەکات. ئێستا راگەیاندن لە زۆر رووەوە، کە لەجیاتی حزب یان خەڵك قسە دەکات، بەڵام نەک یارمەتییدەر نییە، بەڵکوو لە دۆخەکان خەڵك تووشی شۆک و ئاڵۆزیی دەروونیی دەکات.

ئەرکی راگەیاندنی کلاسیکیی جاران ئەوە بوو، کە رووداوەکانی دەگواستەوە، بەڵام راگەیاندنی ئەمڕۆ، کە پێی دەڵێن (پۆست میدیا)، خۆی رووداو دروست دەکات. هەروەها لە جیهان وەکوو زمانحاڵی میللەت و وڵاتێک لێی دەڕواندرێت، بۆیە پێویستە رووداوی عەقڵانی و لە بەرژەوەندیی ئەم دۆخ و قۆناغەدا دروست بکەن.

بەداخەوە ئێستا زۆری و بۆرییەکی زۆری راگەیاندن هەیە، هەر حزب و لایەنێک، هەتا کەسانی پارەدار و (بەرپرس) سوود لە سەروەرنەبوونی یاسا وەردەگرن و کەناڵ دادەمەزرێنن، بێ ئاگا لەوەی ئەوانە هەمووی لەدەرەوە وەکوو زمانحاڵی کورد سەیریان دەکرێت. ئیتر راگەیاندنی هەر پارت و لایەنێک بن، یان چۆن ئاراستە دەکرێن، ئەوا لە سنووری کوردستان دەردەچن.

بۆ نموونە، کاتێک تەلەڤزیۆنێکی رووسی، ئەڵمانی و... لەسەر بابەتێک قسە بکات، دەگوترێ تەلەڤزیۆنێکی رووسی وای گوت، نەک تەلەڤزیۆنی فڵان لایەن و حزب، کەواتە دەبێ کەناڵەکان هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکەن.

لە لایەکی ترەوە، زۆر لە کەناڵەکان خەڵکی ناشارەزا تێیدا کراوە بە کاربەدەست، کە هیچ جۆرە ئەزموون و روئیایەکی نەتەوەیی، سیاسی و مرۆیی نییە، بێ ئاگا لە دەروونی ماندووی خەڵک لە هەموو هەواڵێک دەنووسێ "بە پەلە!" بۆ سەرنجڕاکێشان، کاتێک دەیخوێنیتەوە دەبینی هەواڵێکی بێبنەما و سەرچاوەیە. ئەگەر بڵێن ئەوە مافی میدیایە و بۆ سەرنجڕاکێشانە، ئەوا لە وەها دۆخێکدا هەڵەیە، چونکە راگەیاندن بەپرسیارێتیی بەرامبەر کۆمەڵگە هەیە و دەبێ موراعاتی رەوشی کۆمەڵگە بکات.

ئێستا میللەتی کورد لەژێر گوشاری ئابووری، دەروونی و کۆرۆنادایە، دەبێ راگەیاندنی کوردی لەو ئاستەدا بێت، کە بزانێ لەم قۆناغەیەدا بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ سایکۆلۆژیەتی خەڵک بکات. بەداخەوە چەندین هەواڵم خوێندووەتەوە، یان گوێبیستی بووم، کە دەڵێن: "گرانی و برسێتییەکی کوشندە بەڕێوەیە"، "بەغدا و هەرێم رێک نەکەوتن"، "کۆرۆنا تا دوو ساڵی تر بەردەوام دەبێت" و "ڤایرۆسێکی لە کۆرۆنا مەترسیدارتر سەری هەڵداوە". کە لەڕاستیدا بنەمای زانستی و راستییان نییە، وێڕای وێرانکردنی زمانی کوردی لەلایەن هەندێ کەناڵەوە، کە بە ئارەزووی خۆیان پیت زیاد و کەم و وشە دادەتاشن و وشەی‌تر بە هەڵە لە قەڵەم دەدەن. هەرکەس گوێی لەم هەواڵانە بێت دڵەخورپە دەیگرێ و کاریگەریی لەسەر دەبێت.

لەوانەیە تەلەڤزیۆن یان کەناڵێك هەڵەیەک بکات، بەڵام ناکرێت راگەیاندنێکی تر، بە هەڵەیەکی تر وەڵامی بداتەوە. ئەمە دەبێ لەپێناو پاراستنی رەوشی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی کۆمەڵگەدا بکرێت. لەبەرئەوە، دەبێ پێش ئەوەی رەخنە لە کەناڵەکە بگرین، دەبێ رەخنە لەو لایەنانە بگرین، کە لەپشت ئاژاوەی راگەیاندنەکانەوەن. ناکرێت میللەتێک، کە هەموو شتێکی کردووەتە قوربانیی ئازادی و رزگاریی وڵات، لەپەنای ئازادییەوە هەموو مافەکانی پێشێل بکرێن و رۆژانە بە هەواڵی ناڕاست و ناتەندروست بۆردومان بکرێت!

لایەنەکان پارەیەکی زەبەلاح بۆ راگەیاندن خەرج دەکەن، بەڵام بەم شێوەیە، کە ئێستا هەیە زیان لە خەڵک و خودی حزب و سەرچاوە داراییەکەی خۆیشی دەدات. ئایا بێ ئاگان لە بەئەنقەست وێرانکردنی کۆمەڵگە و دەروون و کەسایەتیی خەڵك؟

مادام ئێمە لە رەوشێکی نائاساییدا دەژین، دەبێت راگەیاندنیش بەم پێیە هەنگاو بنێت و هەوڵ بدات پڕۆگرامەکانی بەجۆرێک بێت، کە لە خزمەتی رەوشەکەدا بێت.

نەخۆشییەکی تری کەناڵەکان ئەوەیە، کە زۆربەیان کەسانێک ناکەنە میوانی بەرنامەکانیان، کە بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە قسە دەکەن و خەمخۆری راستەقینەی کۆمەڵگەن، بەپێچەوانەوە، بە رێگای هەڵە بەدوای کۆکردنەوەی بینەرەوەن. بێ ئاگا لەوەی شەڕی دەروونی لە شەڕی ماتریاڵی لەسەر کۆمەڵگە سەختتر دەوەستێ.
ئەو وێرانییەی تا ئێرە باسمان کرد، ئەوە لە بواری راگەیاندن و کەناڵی فەرمی و ئاشکرایە، ئەی "سۆشیال میدیا، بەشێك لە پیاوانی ئایینی، پەیجی سێبەر، ڤیدیۆ تۆمارکردن، لایڤەکان..."، کە دەست لە هیچ قسە و تۆمەت و بوختانێک ناپارێزن! کاتێک سەیری ئەم هەموو ئاڵۆزی و ئاژاوەی راگەیاندن دەکەی، بەزەییت بەم خەڵکە ماندووەدا دێتەوە، کە دەبێ چ گوناهێکیان کردبێ خراونەتە ژێر ئەم هەموو بۆردومانە بێ بەزەییەی جۆرەکانی راگەیاندن!

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif