کۆتایی مۆدێلی ”سەودای دەسەڵاتگەرانە“

ليست هناك تعليقات


مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح
-
ئەوەی ئەمڕۆ لە هه‌رێمی کوردستاندا دەیبینین قەیران نییە بە مانا زانستییەکەی وشەکە، چونکە لەناو قەیراندا ھەمیشە فۆرمێک لە ململانێێ و کۆمەڵێک بکەر و چەندان ئەگەری جیاواز بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە قەیراناوییە لە ئارادایە. درەنگ یان زوو دۆخی قەیران دەگۆڕێت بۆ دۆخێکی تازە کە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی تیادا نابێت کە وەک ژێرخانی قەیرانەکە کاردەکەن و ھەلومەرجێکی نوێ، شوێنی ھەلومەرجە کۆنەکە بگرێتەوە. لە دۆخی قەیراندا ھەمیشە ھێزێک یان چەند ھێزێک ھەن کە ھەم ئامادەگیی دەستکاریکردنی ڕاستەقینەی ئەو دۆخە قەیراناوییەیان ھەیە، ھەم توانای تێپەڕاندانیشیان هه‌یه‌. ئەو دۆخه‌ی لەمڕۆی هه‌رێمی کوردستاندا ئامادە و باڵادەستە، قەیران نییە بەم مانایە، بەڵکو ئیفلاسێکی تەواوەتی مۆدێلێک لە حوکمڕانییە کە توانای خۆدەسکاریکردن و گۆڕانکاریی نییە و لە سەرجەمی ئەو کێشە و گرفت و کارەساتانەش بەرپرسە کە بەرھەمیھێناون و بەرھەمیشیان دەھێنێت. ئەم ئیفلاسەش ھەمەلایەنە، هیچ کایە و ڕەھەندێکی ئەم حوکمڕانییە نادۆزینەوە لەناو ئەم ئیفلاسکردنەدا نووقم نەبووبێت.

ئێمە لە زیاد لە نووسینێکدا ئەم فۆرمەمان لە حوکمڕانیی بە ”ده‌سه‌ڵاتدارێتی سوڵتانیی“ ناوبردوە و بەرگریمان لەوە کردوە کە سەرجەمی سیسته‌مە سیاسیی و ئابوریی و بیرۆکراسیی و سوپایی و میدیاییە دروستکراوەکان، لە دەوری بەئەبەدیکردنی دەسەڵاتی چەند خێزان و بنەماڵەیەکی سیاسیی دەسوڕێتەوە، نەک لە دەوری ئایدیۆلۆژیا و پرۆژەیەکی دەستەجەمعیی ئایندەیی و وێناکردنێکی تایبەت بۆ کۆمەڵگا و دروستکردنی جۆرێکی تایبەت لە کەسایەتیی و سەروەرکردنی فۆرمێک لە خودسازیی و مۆدێلێك له‌ كۆمه‌ڵسازیی. ئەوەی لۆژیکی ئیشکردنی سیسته‌مەکان دەستنیشاندەکات خواست و قازانج و خەونە سوڵتانییەکانی ئەو خێزان و بنەماڵانەیە. ئەوەشی کە بڕیارە سەرەکیی و بنەڕەتییەکان دەستنیشاندەکات، ئەو بڕیارانەی کە دەرەنجامی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان بۆ ژیانی ملیۆنان مرۆڤی ئەم دەڤەرە ھەیە، چ ئەوانەی لە ئێستادا لێرە دەژین و چ ئەوانەشی کە ھێشتا لەدایکنه‌بوون، ستراتیژی مانەوەی ئەم بنەماڵانە و گەورەکردنی دەستکەوت و قازانج و دەسەڵاتەکانیانە. ئینجا بە ئەبەدیکردنی تەوریسی سیاسیی دەسەڵات لە خۆیانەوە بۆ منداڵەکانیان و لە منداڵەکانیانەوە بۆ منداڵی منداڵەکانیان. ئەوەی ئەمڕۆ ئیفلاسی کردوە ئەم مۆدێلە کۆنکریت و تایبەتەیە، سیسته‌مێك کە قازانج و بەختەوەریی و خۆشگوزەرانی ملیۆنان مرۆڤ دەکاتە قوربانیی پاراستنی پێگە سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و بیرۆکراسیی و میدیاییەکانی ئەم بنەماڵانە و ئەو بازنە بچووک و داخراوەی بە دەوری ئەو بنەماڵانەدا دروستکراون.

ئەم سیستمە لە ھەموو ئاستەکانیدا سیسته‌مێکی دەسەڵاتگەرە authoritarian، و ھێزی سوپایی و ئەمنیی و بەڵتەجی تایبەت دەیپارێزێت. بەڵام ھەموو سیسته‌مێک چەند دەسەڵاتگەر و داخراویش بێت، ناتوانێت به ‌تەنھا لە ڕێگای فشار و توندوتیژیی و ترس و تۆقاندنەوە کاربکات و بمێنێتەوە. بۆیە پێوستی بە جۆرێک لە ”ڕێکەوتنێکی کۆمەڵایەتیی“ ھەیە. ئەو ڕێکەوتنە کۆمەڵایەتییە لە ئەزموونی ھاوشێوەی ئەزموونە حوکمڕانییەکەی ئێمەدا ناوی ڕێکەوتن ‌ یان “سەودایەکی دەسەڵاتگەرانە"ی لێنراوە، بە ئینگلیزییه‌كه‌ی پێیدەگوترێت‌”''authoritarian bargain''. خاڵی سەرەکیی لەم ”سەودا دەسەڵاتگەرانە“دا ئەوەیە خەڵک واز لە ژیانی سیاسیی و ئازادییە سیاسییەکانیان دەھێنن، لە بەرامبەردا خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ھەبوونی کار و موچە و خوێندن و دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستیی و خۆراکی مانگانە بە نرخێکی رەمزیی و سیستمی گواستنەوەی گشتیی و دەستەبەرکردنی خانەنشینیی، تا بە وەرگرتنی خانوو و سولفە و قەرز و شتگەلێکی تری لەم بابەتە دەگات، لەلایه‌ن دەوڵەته‌وه‌. بە کوردییەکەی “سەودای دەسەڵاتگەرانە“ مانای وازھێنانه‌ لە ژیانی سیاسیی، بەتایبەتی لە مەسەلەی ئازادیی سیاسیی و ده‌ستاوده‌ستكردنی دەسەڵات و دیموکراسییەت، لە پێناوی وەدیھێنانی دەسکەوتی ئابوریی و دەستەبەرکردنی کار و خزمەتگوزاریی و کۆمەڵێک رەفاھیەتی مادیدا. وڵاتانی خەلیج و سعودیە و بەعسی بەر لە ساڵانی نەوەد و ناسریزم وڕژێمەکەی قەزافیی و زۆرانێکی تر، نموونەی ئەم جۆرە سیسته‌مانه‌بوون كه‌مۆدێڵی ”سەودای دەسەڵاتگەرانە”ی تێدا به‌رقه‌رابوو.

ئەوەی لە ھەرێمەکەی ئێمەشدا ماوەیەک ئامادەبوو جۆرێکی تایبەته‌ لەم ”سەودا دەسەڵاتەگەرانە“یە بوو لەناو ئەو جۆرە لە سیسته‌می دەسەڵاتگەرانەدا کە دەکرێت بە ”دەسەڵاتگەری تەنافوسیی“ competitive authoritarianism، یان بە سیستمی ”دەسەڵاتگەریی ھەڵبژاردن“ Electoral authoritarian ناودەبرێت. لەم جۆرە سیسته‌مانەدا ھەڵبژاردن ھەیە، پارتی سیاسیی جیاواز ھەیە، شتێک لە میدیا و گروپی سەربەخۆی کۆمەڵگای مەدەنی ھەیە، فۆرمێک لە ”ململانێ“ و مونافەسەی ڕووکەش ھەیە، بەڵام ھەموویان لە ڕێگای توانای سەربازیی و ئابوریی و بیرۆکراسیی حوکمڕانان و لە ڕێگای توانا و ھەوڵی سیسته‌ماتیکی تەزویرکردن و فشاربۆھێنان و کڕین و ترساندن و نانبڕین و فۆرمە جیاوازەکانی تری خراپ بەکارھێنانی دەسەڵاتی سیاسیی و ئابوریی و سەربازیی و بیرۆکراسییەوە، بێبه‌رهه‌م و بێئەنجام دەکرێن و به‌م میكانیزمانه‌ش پارێزگاریی لە بنەما سەرەکییەکانی سیستمە دەسەڵاتەگەرەکە دەکرێت. بە کورتییەکەی لەم ئەزموونانەدا ھەڵبژاردن ھەیە، بەڵام بەبێ دیموکراسییەت. ململانێ ھەیە، بەڵام بەبێ دەرەنجام، فۆرمێكی ڕووكه‌شانه‌ لە پلورالیزم و ناڕازیبوونی کۆنترۆڵکراو ھەیە.

ئەوەی لە ھەرێمدا تا دروستبوون و پوکانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەبوو، ئەم فۆرمە بوو لە ”دەسەڵاتگەریی تەنافوسیی“ یان ”دەسەڵاتگەریی ھەڵبژاردن“. ھاوکات جۆرێک لە ”سەودای دەسەڵاتگەرانە“ش بوونی ھەبوو، کە تیایدا بنەماڵە حوکمڕانەکان لە ھەوڵی ئەوەدابوون قەناعەت بە کۆمەڵگا بھێێن کە واز لە خه‌ونی گۆڕانی سیاسیی و مۆدێلی دەستگۆڕکێی دەسەڵات و ڕێکخستنێکی ده‌زگایی سەربەخۆ و بەیاساییکردنی دەزگاکان و پەیوەندییەکان، بە کورتی واز لە خەونی دامەزراندنی ژیانێکی دیموکراسییانەی خاوەن ماف و ڕێز و سەربەخۆیی بھێنن، لە پێناوی دەستەبەرکردنی موچە و نان و خزمەتگوزارییە سه‌ره‌تایی و سەرەکییەکاندا. بێگومان لەڕێگای ئابوریی ڕێنتیی نەوت و سەرجەمی ئەو کێشانەوە کە لە ئابورییەکی ڕێنتیی لەو جۆرەدا دروستدبێت، بە تایبەتی کاتێک تەواو نا شەفاف و پڕ له‌ تاریكیی و دزیی و گەندەڵیی بێت.

ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین کۆتایی ئەم مۆدێلی ”سەودا دەسەڵاتگەرانەیە“ له‌هه‌رێمی كوردستاندا. ئەوەی لە سیستمەکە ماوەتەوە کۆمەڵێک بنەماڵە و خێزانی سیاسیی و چەند بازنەیەکی داخراوی حوکمڕانن کە خۆیان بە شێوەیەکی خەیاڵی دەوڵەمەندبوون، بەڵام توانای دابینکردنی لانی ھەرە کەمی ھیچ خزمەتگوزارییەک و ھیچ بەندێکی ناو ئەو ”سەودا دەسەڵاتگەرانە“یان نەماوە. له‌ كاتێكدا خێزانه‌ ‌سیاسییه‌ حوكمڕانه‌كان و بازنە داخراوەکەی دەوریان هیچ شتێک له‌شێواز و ناوه‌ڕۆكی ژیانی خۆیان نه‌گۆڕیوه‌و مۆدێلی ژیانی خۆیان تووشی ھیچ کێشە و قەیرانێک نەبۆتەوە‌، کەچی سه‌رتاپای ژیانی گروپه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی تر كه‌وتوونه‌ته‌ ناو مه‌ترسی ژێر هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ و چەندان فۆرمی ھەژاریی تازە و تۆقێنەریش لە وڵاتەکەدا دروستبووە. ئەوەی له‌پاشه‌ڕۆی ئه‌م مۆدێلی ”سەودا دەسەڵاتگەرانەیە“ماوەتەوە ته‌نها پاشگری دەسەڵاتگەرەكه‌یه، دەسەڵاتگەرییەکی ڕووت، ‌بەبێ هیچ خزمەت و ھیچ دەسکەوتێک بۆ دانیشتوانەکەی. ھەر ئەمەش ژێرخانی ئەو پەلامارە بەردەوامانەمان نیشاندەدات کە لەم ماوەیەدا دەکرێتە سەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانە ئه‌كتیڤه‌كانی ناو بزاوتی كۆمه‌ڵایه‌تیی کە بەشێک بوون لە پاشماوەکانی ئەو فۆرمە لە ”دەسەڵاتگەریی تەنافوسیی“ یان ”دەسەڵاتگەریی ھەڵبژاردن“ کە لە قۆناغەکانی پێشتردا ئامادەبوو.

به‌ بۆچوونی ئێمه ‌بەبێ کۆتاییھاتنی ئەم لۆژیکە سوڵتانییە له ‌فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی و بەبێ کۆتاییھێنان بەو بونادە دەزگاییەی ئەم لۆژیکە دروستیکردوە، ئەم دۆخە نه‌ چاک ده‌بێت و نه‌ چاكسازییشی تێدا ده‌كرێت. بەبێ ده‌ستكاریكردنی ھەمەلایەنەی کارکردنی ئەم لۆژیکە لەناو سەرجەم کایەکاندا، بە تایبەتی لەناو کایەی سیاسەت و ئابوریی و سوپا و بیرۆکراسییەت و میدیادا، شتێك نییه ‌ناوی نیشتیمانی هاوبه‌ش و حوكمڕانی باش و لانی ھەرەکەمی ئارامیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی بێت. ئه‌م پرۆسه‌ی ده‌ستكارییكردنه‌ش به‌بێ قوربانییدان بە سەرجەمی لۆژیکە سوڵتانییەکە دروستنابێت.

به ‌بۆچونی ئێمه‌ كۆمه‌ڵگای سیاسیی ئێمه ‌له‌به‌رده‌م دوو ئه‌گه‌ر و دوو ته‌حه‌دای گه‌وره‌دا ژیاوه و ده‌ژی؛ یان ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام ده‌بێت له ‌به‌قوربانییكردنی كۆمه‌ڵگا و پایەدارکردنی سیستمە سوڵتانییەکە بە ھەموو خراپه‌کارییەکانییەوە، وه‌ك له‌ماوه‌ی سی ساڵی رابردوودا كردویه‌تی، یانیش ده‌بێت ئیراده‌یه‌كی به‌رپرسانه‌ی سیاسیی و ئه‌خلاقیی هه‌بێت بۆ ده‌ستكارییكردنی هه‌ڵه ستراتیژیی ‌و قه‌یرانه‌كانی سیستمەکە. ئەمەش کارێکە نە بارزانییەکان ئامادەن ئەنجامی بدەن و نە تاڵەبانییەکان و نە خێزانه ‌سیاسییه‌كانی تر كه ‌له‌و سیسته‌مه ‌ره‌یعییه ‌سوڵتانییه‌ سوودچنن‌.
Awena

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif